Back

پانێڵی دووەمی کۆنفرانسی ده‌وڵه‌تسازی لە هەولێر

پانێلی دووه‌می كۆنفرانس ته‌راخانكرابوو بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر “سیستەمی یاسا داڕێژتن: بەدامەزراوەییكردن و  بەرزكردنەوەی كواڵیتی”، ئەویش به‌ به‌شداری هه‌ریه‌كه‌ له‌ تاوتوێكاران : ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران؛ شوان محێدین، سەرۆكی ئەنجومەنی شوورا؛زانا روستایی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق. مەولوود باوەموراد؛ وەزیری پێشووی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، وە فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان.

سەرەتا ئامانج ره‌حیم جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نه‌بوونی ده‌ستورێكی نووسراو وایكردووه‌ كه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی سیاسه‌تێكی ته‌شریعی نه‌بین،دواتریش هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی حوكمڕانیدا لە ئاستی خوازراودا نیە، بۆیە‌ زۆر زه‌روره‌ بۆردێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئالۆزیه‌ نه‌مێنیت. له‌ خالێكی تریشدا پێی باش بوو گرنگی به‌ ده‌سته‌ی راوێژكاره‌كان بدرێت بۆ دارشتنی یاساكان بۆ ئه‌وه‌ی یاساكان له‌ كاتی جێبه‌جیكردندا كێشه‌ دروست نه‌كه‌ن.

مەولوود باوەموراد، وەزیری پێشووی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان جەختی له‌سه‌ر  ئەر‌كه‌كانی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان كرده‌وه‌و چه‌ند پێشنیارێكی خسته‌ڕوو بۆ كاراكردنی ئه‌دای ئه‌و  وه‌زاره‌ته‌. زانا رۆستایی، جه‌ختی له‌سه‌ر گونجان ‌و پێداچوونه‌وه‌ی یاساكان كرده‌وه‌ له‌گه‌ل گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگاو پێشهاته‌ جیهانیه‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای گشتگیری یاساكان كه‌ هه‌موو لایه‌ك بگرێته‌وه‌. شوان محێدین په‌نجه‌ی خسته‌ سه‌ر چه‌ند خالێك و گووتی كه‌ ئه‌نجوومه‌نی شورا ته‌نیا ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی بۆ دێت كه‌ له‌ حكومه‌ته‌وه‌و بۆی ده‌نێردرێن. ئەوانەش كرچ و كاڵن ‌و زۆربه‌یان كۆپی وڵاتانی ترن، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و شوێنانه‌ كار ده‌كه‌ن شاره‌زایی یاساییان نیه‌. خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان هیچ پرۆژه ‌یاسایه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی لێكه‌وته‌ی ته‌شریعی بۆ ناكرێت ( تقیم اثر التشریعی) به‌و واتایه‌ی ئایا ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ واقیعدا قابیلی جێبه‌جێكردنه، یان لێكه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئابوریه‌كانی چین، وە ئایا حكومه‌ت تێچووی ماددی جێبه‌جێكردنی هه‌ڵده‌گرێت؟ له‌ كوردستان جورێك له‌ زۆروبۆری ته‌شریعی هه‌یه‌، بێ ئه‌وه‌ی بە قووڵی بیر له‌ جێبه‌جێكردنیا كرابێتەوە، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئیستا دامه‌زراوه‌یه‌ك نیه‌ پێداچوونه‌وه‌ی ته‌شریعی بكات. له‌ كۆتای پانێله‌كه‌دا ئاماده‌بووان به‌ چه‌ند سه‌رنج‌و تێبینیه‌ك به‌شدرایان كرد كه‌ ده‌كرێت له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا چریان بكه‌ینه‌وه‌:

  • گرنگی دروستكردنی بۆردێکی ته‌شریعی.
  • گونجاندنی یاساكان له‌گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵگادا.
  • زۆروبۆری پرۆژه‌ پێشكه‌شكردن له‌ په‌رله‌ماندا له‌ لایه‌ن فراكسێونه‌كانه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی حسابی ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژانه‌ بکرێت.
  • بوونی بۆشاییكی دستوری كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و دادوه‌ری.
  • دارشتنی یاساكان پێویسته‌ له‌ لایه‌ن ستافێكی شاره‌زاو پرۆفیشنالەوە بێت نه‌ك په‌رله‌مانتاره‌كان كە زیاتر ئه‌كی متمانه‌دانیان به‌ پرۆژه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

نه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌یێكی سیاسی روون له‌ لایه‌ن سیستمی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، بۆ نموونە له‌ لایه‌ك ئاراسته‌ی سیستمی سیاسی ڕوو له‌ بازاری ئازادو لیبرالیزمه‌ له‌ لاییكی تریش زۆربه‌ی یاساكان بونیادێكی سۆشیالستانه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سەردەمی رژێمی به‌عسی پێشوو.

Comments are closed.