Back

ڕۆڵی دامەزراوەکانی توێژینەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق

گرنگی دامەزراوەکانی توێژینەوە لەڕووی کاریگەری دروستکردن لەسەر پرۆسەی داڕشتنی سیاسەت و بڕیاردان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتدەبەستێت بە گرنگیدانی کۆمەڵگا بە توێژینەوە و میتۆدە ئەکادیمیەکان. یاخود، هەڵسوکەوتی کۆمەڵگا و بوونی متمانە بۆ داهێنانی چارەسەری بۆ کێشە ئاڵۆزەکان نیشانیدەدات کە ئاخۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە دەتوانن جیاوازی دروستبکەن.

ئەمە پوختەی ئەو بۆچوونانە بوون کە چەندین نوێنەری کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری “ئایا دامەزراوەکانی توێژینەوە پێویستن؟” لە چوارچێوەی چالاکیەکی ئینستیتیوتی مێری لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ کانوونی دووەم، کە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ی ئیندێکسی ڕیزبەندی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە کە پرۆگرامی دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی لە ئینستیتیوتی لاودەر لە لە زانکۆی پینسێلڤانیا ساڵانە دەریدەکات. بەشداربووانی چالاکیەکە پێکهاتبوون لە ئەکادیمیستان و ڕێکخراوە ناحکومەتیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان و داڕێژەرانی سیاسەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

thinktankmatters-header-image

تانیا گیلی، سەرپەرشتیاریی کۆبوونەوەکە و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە دەستپێکی گفتوگۆکان پرسیاری ئاراستەی ئامادەبووان کرد. گرنگی دامەزراوەکانی توێژینەوە دەوەستێتەسەر بەرهەم و توانایان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەکادیمی پێویست لە کاتی گونجاو. لەو کاتەی کە زانکۆکان هێواشن لە بەرهەمهێنانی توێژینەوە و بڵاوکراوە؛ داڕێژەرانی پۆڵەسی زیاتر پێویستیان بە توێژینەوەی تاقیکاری و پێشنیاز هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانکاری خێرا لە بواری ئابووری و سیاسەت. ئەمەش ئەو بوارەیە کە دامەزراوەکانی توێژینەوە دەتوانن پێگەی خۆیانی تێیدا بەدیاربخەن بە دروستکردنی گۆڕانکاری، بەگوێرەی وتەکانی خافێیر برۆڵۆ، ئەکادیمیست و شیکەرەوەی داتا لە دامەزراوەی یوگۆڤ.

چەندین بەشداربووی تر جەختیان لەسەر پێویستی شافافیەت لە ڕووی تەمویل و سەربەخۆیی کرد بۆ بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگا. پێویستە دامەزراوەکانی توێژینەوە بەردەوام سەرچاوە دارییەکان و ئامانجەکانیان بۆ ئایندەی درێژخایەن ئاشکرا بکەن. دکتۆر سامان شاڵی پێی وایە کە دامەزراوەکانی توێژینەوە دەبێت وردبن لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی: دەتەوێ کاریگەری لەسەر کێ دروستبکەیت؟ لەسەر چ بنەمایەک؟ بەهەمان شێوە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە هیواخوازبوون کە ئینستیتیوتی مێری بایەخی زیاتر بە “پرسە گەرمەکان” بدات کە ئێستا لە کۆمەڵگا ڕوودەدەن بۆ نموونە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، بارودۆخی سەروەری یاسا لە هەرێم و قەیرانی ئابووری. ژمارەیەک لە بەشداربووان پێیان وابوو کە توێژینەوەی دامەزراوەکانی هاوشێوەی ئینستیتیوتی مێری ئاراستەکراو بێت بۆ ئاگادارکردنەوە و فێرکردنی حکومەت و کۆمەڵگا.

گرنگی دامەزراوەکانی توێژینەوە لەڕووی کاریگەری دروستکردن لەسەر پرۆسەی داڕشتنی سیاسەت و بڕیاردان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتدەبەستێت بە گرنگیدانی کۆمەڵگا بە توێژینەوە و میتۆدە ئەکادیمیەکان.

پرسیاری سەرەکی تەوەری دووەمی چالاکیەکە بریتیە بوو لەوەی کە ئاخۆ کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان کاریگەری هەیە لەسەر سیاسەت و پۆڵەسی حکومەت. هەندێک لە ئامادەبووان بێهوایی خۆیان لە بەرامبەر پرۆسەکە دەربڕی، بەڵام چەندین نموونەی ئەرێنیش باسیان لێوەکرا. یەکەمیان، ئاماژە بە کەمکردنەوەی تەمەنی بوون بە ئەندام پەرلەمان لە ٣٠ ساڵ بۆ ٢٥ ساڵ، کە ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی لە دەرئەنجامی فشاری چەندین گروپی کۆمەڵگای مەدەنیەوە بوو، بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان. دووەمیان، سڵاح فەتاح، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی جێندەری لە زانکۆی سۆران، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئینستیتیوتی مێری هاریکاری ڕكێخراوە ناحکومەتیە بچووکەکان بکات لە ڕێگەی توێژینەوە و بەرزکردنەوەی تواناکانیان، چونکە ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن گۆڕانکاری ئەنجامبدەن لەسەر ئاستی کۆمەڵگا.

ژمارەیەک لە بەشداربووان تیشکیان خستەسەر گرنگی پەروەردە و بەشدریپێکردنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان. ئەگەر خەڵک متمانە بە کاری دامەزراوەکانی توێژینەوە بکەن و بەهەند وەریبگرن، ئەوکاتە کاریگەری دەبێت. زیاد مەحموود، ڕاگری پێشووی کۆلیژی سەربازی لە عێراق، پێیوابوو کە پەروەردە زۆر گرنگە چونکە لە ڕێگەی توێژینەوەوە دەتوانرێت ئیتیکی کۆمەڵگا پەرەی پێبدرێت.

ئۆلیڤیا ئەلیاس، چالاکوانی مەدەنی لەبواری پرسی یەزیدیەکان، وتی پێویستە تەنیا لە سیستەمی پەروەردە نەڕوانین، بەڵکو بەهەمان شێوە لە پرسی ئاین و خێزان؛ چونکە ئێستا دامەزراوەکانی توێژینەوەی هاوشێوەی ئینستیتیوتی مێری، زیاتر ڕەنگدانەوەی چینی پرۆفێشناڵە نەوەک کۆمەڵگا.

لە کۆتاییدا، بەشداربووان هەڵسان بە پێدانی چەندین پێشنیار بۆ باشترکردنی کارەکانی ئینستیتیوتی مێری. لەنێویاندا، خافێیر برۆڵۆ پێشنیازی ئاڵوگۆڕی ئەجێندای کرد لەنێوان دامەزراوەکان بۆ خۆ بەدوورگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەمان کار و پڕۆژە، وە بۆ بنیاتنانی هاوبەشی لە بڕی پێشبڕکێ کردن. دەکرێ هاوبەشی گرنگ و بەسوود لە ڕێگەی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەجێندا دروستبکرێت. لە کۆتایدا، سامان شاڵی پێشنیاری کرد کە ئینستیتیوتی مێری هەڵبستێت بەسازدانی دیبەیت و گفتوگۆ لە زانکۆکانی هەرێم بۆ لەیەک نزیککردنەوەی خەڵک و هاندانیان بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە گرنگانەی کە تا ئێستا بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە لە کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

Comments are closed.