Back

ئینستیتیوتی مێری يه‌كه‌م بوو لە عێراق

ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ئینستیتیوتی مێری) لە پێشەنگی ڕیزبەندی دامەزراوەکانی توێژینەوەیە لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، وە لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیەکە دێت لە نێو دامەزراوەکانی توێژینەوە‌ی ستراتيژی لە عێراق؛ بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی (Think Tanks and Civil Societies Program) کە ئینستیتیوتی لاودەر لە زانکۆی پینسێلڤانیا دەریدەکات.

ئینستیتیوتی لاودەر گەورەترین و گشتگیرترین داتابەیسی بۆ زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ دامەزراوە و داڕێژەری سیاسەت و گروپی کۆمەڵگای مەدەنی لەبواری پۆڵەسی لەخۆگرتووە؛ وە ساڵانە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ڕیزبەندی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکان. ئەمساڵ، نۆیەمین ساڵی هەوڵە بەردەوامەکانی ئینستیتیوتی لاودەرە بۆ بەرزڕاگرتن و پێزانینی کاری دامەزراوەکانی توێژینەوە لەسەرانسەری جیهان.

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥، دوای کارابوونی بۆ ماوەی تەنیا ١٢ مانگ، ئینستیتیوتی مێری بۆ يه‌كه‌مجار له‌ لايه‌ن ئينستيتيوتی لاوده‌ره‌وه‌ ناوی خرايه‌ ريزبه‌نديه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ سه‌ربه‌خۆيی و به‌بێ ئه‌وه‌ی كارمه‌ندانی مێری له‌ پرۆسه‌ی كانديدكردنه‌كه‌ وه‌يان ريزبه‌ندكردن ئاگادار بووبن. لە ڕیزبەندیەکەدا، ئینستیتیوتی مێری به‌ پلەی ٥٨ لە کۆی ٣٩٨ دامەزراوە دێت لە سەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا. بەهەمان شێوە، ئینستیتیوتی مێری لە پلەی یەکەمی دامەزراوەکانی توێژینەوەی عيراقه‌، لە کۆی ٣١ دامەزراوەی هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاته‌.

TTCSP-letterhead

وەک بەشێکی تر لەو پرۆسەیە، ٦٨٤٦ دامەزراوە و زیاد لە ٤٧٥٠ ڕۆژنامەنووس و داڕێژەری سیاسەت و توێژەر و پسپۆڕانی تایبەتمەند بە ناوچەکان ڕاپرسیان پێکراوە بۆ کاندیدکردن و ڕیزبەندی کردنی دامەزراوە پێشەنگەکانی توێژینەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥. ليسته‌كردنی ڕیزبەندیەکە لە لایەن بۆردی پسپۆڕان، کە لە چەندین بواری توێژینەوە کاردەکەن، بڕیاری لەسەر دراوە.

بەشێک لە بنەماکانی ئەو ڕیزبەندیە جیهانیە بریتیە لە کواڵیتی و سووربوونی توێژەرانی دامەزراوەکە، کواڵیتی و چەندایەتی و ڕووماڵی بڵاوکراوەکانی، وە هەروەها کارامەیی ئەکادیمی و ناوبانگی ئەو دامەزراوەیە و کاریگەری بڵاوکراوەکانی لەسەر داڕێژەرانی سیاسەت.

وەک بەشێک لە پرۆگرامی دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی، ئینستیتیوتی مێری بەشداری لە چالاکیەکی نێودەوڵەتی كرد (لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ کانوونی دووەم) کە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی. لە چالاکی ئەمساڵ، ١٠٧ دامەزراوەی توێژینەوە لەنێویاندا بانکی نێوده‌وڵه‌تی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٧٠ شار و ٦٠ وڵات بەشدار بوون، بە لەخۆگرتنی چالاکی پەیوەندیدار. لەم سۆنگەیەوە، ئینستیتیوتی مێری هەڵسا بە کۆکردنەوەی ئەکادیمیستان و ڕێکخراوە ناحکومەتیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان و داڕێژەرانی سیاسەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ تاوتوێکردنی گرنگی رۆڵی دامەزراوەکانی توێژینەوە. دەتوانن زانیاری زیاتر دەربارەی بەشداری ئینستیتیوتی مێری لەم چالاکیە نێودەوڵەتیە لێرە بەدەست بهێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

Comments are closed.