- حەیدەر ئەلعەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی پێشووتر
- زەینەب رەبیع، میدیاكاری كەناڵی ئەلشەرقیە (دوێنەر)
پێشەکی: هەڵبژاردن، دەوڵەتسازی و هاوسەنگییەکی لەرزۆک
لەم پانێڵەدا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرکردەی هاوپەیمانی نەسر، دکتۆر حەیدەر عەبادی، لەگەڵ زەینەب ڕەبیع، بێژەری هەواڵی شەرقیە کۆبووەوە، گفتوگۆیەکیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگەکانی بنیاتنانی دەوڵەت لەم دۆخەی سیاسیە نالەبارەی عێراقدا. هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025 و پرسیارە بەردەوامەکان لەسەر ڕەوایی پرۆسەی ئەو هەڵبژاردنە، سروشتی دۆخی حوکمڕانی و ڕۆڵی ئەکتەرە دەرەکییەکان، بابەتی گفتوگۆی ئەم دیبەیتە بوون. گفتوگۆکە بە چڕی باسی لە نیگەرانیەکانی هەڵبژاردن و کێشە پێکهاتەیێکان کرد. لەوانەش دادپەروەری و نایەکسانی، تائیفەگەرێتی و شوناس، میراتی بەعس و و گرژیە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان ئایین و یاسا و پلۆرالیزمی دیموکراسی.
زەینەب رەبیع هەر لە سەرەتاوە چوارچێوەی گفتوگۆکەی بەچەند بابەتێیک داڕشت: بوونی کەشێکی هەڵبژاردنی توند، سەردانەکەی ئەم دواییەی عەبادی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە کوردییەکان، و ڕوانگەی لایەنی سیاسی کورد بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
سیاسەتی پرۆسەی هەڵبژاردن: لەنێوان ئەرکی دەستووری و کرداری “شێواو”
عەبادی بە دووپاتکردنەوەی هەڵبژاردن وەک ئەرکێکی دەستووری دەستی پێکرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوە بچێت بێ گوێدانە ئاستی پەرۆشی و گومانی ئەکتەرە سیاسییەکان. ئەو باسی ئامادەباشییەکی ڕوونی کرد بۆ هەڵبژاردن لە هەولێر و سلێمانی، بەڵام جەختی لەسەر بوونی دڵەڕاوکێیەکی قووڵ کردەوە لەنێوان نوخبەی سیاسی و هاوڵاتیان و ئەوان. وەک یەک دەپرسن ئایا چی ڕوودەدات؟ و چاوەڕێی چ ئەنجامێک بکەین؟ بەبڕوای عەبادی ئەم نادڵنیاییە بەهۆی مەترسی دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکانەوە سەریهەڵداوە.
بەبۆچوونی ئەو دەستکاریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەڕەشەیەکی وجودییە بۆ سەر ئەزموونی دیموکراسی عێراق. شانازی وڵات بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، کە بووتە هۆی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی پێشوو بەئازادانە بمێننەوە و سەرقاڵ بن بە ژیانی گشتی خۆیان و بەندە بە متمانە بە هەڵبژاردنەکانەوە. ئەگەر ئەم متمانەیە بە ساختەکاری، کڕینی دەنگ و خراپ بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت لاواز ببێت، ئەوا تەواوی بناخەی دیموکراسی لاواز دەبێت، یان لەدەست دەچێت. عەبادی بەتایبەتی ڕەخنەی لە زۆربوونی بێ شوماری پارەی سیاسی لەم خولەی هەڵبژاردندا گرت و باسی لە خەرجییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن کرد کە “خەیاڵیان تێپەڕاندووە” و کڕینی دەنگ بە شێوەیەکی بەربڵاوە کە زۆر زیاترە لە خوولەکانی هەڵبژاردنی پێشوو. بۆ ئەو ئەمە دیموکراسی نییە بەڵکو شێواندنێکە کە دەبێت ڕاست بکرێتەوە.
وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەم شێواندنە، عەبادی ڕایگەیاند کە بە ئەنقەست خۆی لە کاندیدبوون لەم خولەدا دوورخستووەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی دژایەتی هەڵبژاردن دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕەتی دەکاتەوە ببێتە بەشێک لە “پرۆسەیەکی شێواو”. ئەو لە ناو هاوپەیمانێتییەکی هەڵبژاردنی فراوانتردا دەمێنێتەوە بەڵام سوورە لەسەر تۆمارکردنی ناڕەزایی ئاشکرا بەرامبەر بە شێوازەکانی هەڵبژاردنی ئێستا، بەتایبەتی بەکارهێنانی پارە و دەسەڵات کە متمانەی خەڵک دادەبەزێنێت.

پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و تێڕوانینی فیدراڵی
سەرەڕای نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، عەبادی گەشبینییەکی هۆشیارانەی سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەربڕی، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی نەوتی ئەم دواییانە کە ڕێگە بە حکومەتی فیدراڵ دەدات مووچەی هەرێمی کوردستان بدات لە چوارچێوەی بودجەی نیشتمانی و هەناردەکردنی نەوت لەڕێگای سۆمۆە. ئه مه ی به سه رکه وتنێک بۆ هه موو لایه ک وه سفکرد : هاوڵاتیانی هه رێمی کوردستان و عێراقییه کان به گشتی و ده سه ڵاتدارانی فیدراڵ و هه رێم.
لەوەش گرنگتر، ئەو باوەڕی خۆی بە عێراقێکی فیدرالی لامەرکەزی دووپات کردەوە. بۆ ئەو لامەرکەزیەت “دیاریەک” نیە کە بەغدا دەیبەخشێت، بەڵکو پێویستییەکی دەستووری و کردارییە. هەرێم و پارێزگا جیاوازەکان پێداویستی و تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە کە ناتوانن بە تەنها لە ڕێگەی مەرکەزیەتەوە بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە ببرێن. ئەو دەڵێت، کلیلەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتە نامەرکەزییەکان لە چوارچێوەی دەستوور و میکانیزمی دروستدا کاریان پێ بکرێت، نەک وەک مامەڵەێکی سیاسی یان کاتی. عەبادی لەگەڵ ئەوەشدا دانی بەوەدا نا کە بۆشایی نێوان خیتابی سیاسی و واقیع بەردەوامە. دواکەوتنی بەردەوامی تێپەڕاندنی یاسا سەرەکیەکان وەک یاسای نەوت و گاز، ئەوە دەردەخات کە چۆن کێشە پێکهاتەییە چارەسەرنەکراوەکان بەردەوامن لە دروستکردنی بارگرانی لەسەر پەیوەندییەکانی ناوەند و هەرێم.
دەستکەوتە لاوازەکان: ئاسایش، خۆشگوزەرانی ڕێژەیی و مەترسی پاشەکشەکردن
بەتێرامان لە ئاراسەت فراوانی وڵات لە ساڵی 2003 وە ، عەبادی ئەم ساتەوەختەی لەگەڵ قۆناغە سەخت و نائارامەکانی پێشوو، بەراورد کرد. ئەو ساڵانی 2006 تا 2007 ی بەبیری ئامادەبوانی هێنایەوە کە هاتوچۆ لە نێوان لایەنی کەرخ و ڕوسافەی بەغدا مەترسیدار بوو بەهۆی توندوتیژیی تیرۆریستی کە لە شەڕی تایفەگەرییەوە سەرچاوەی گرتبوو. هەروەها باسی هەڕەشەی وجودی داعشی کرد کە ناوچەیەکی فراوانی کۆنترۆڵ کرد و بوونی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە. بە بەراوردکردن، عێراقی ئەمڕۆ تا ڕادەیەک پارێزراوە و چالاکی ئابووری بەرچاوی تێدا بەدی دەکرێت: شەقام و بازاڕەکان پڕن و ئاستێکی دیاریکراوی خەرجی بەکاربەر ئاماژە بە خۆشگوزەرانی ڕێژەیی دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕوونی کردەوە کە ئەم دەستکەوتانە پتەو نین و پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا ئەمڕۆ ئەمنیەت ئەمنی و ئابووری بەرقەرارە یان نا، بەڵکو ئایا عێراق دەتوانێت ئەم دەستکەوتانە بپارێزێت و قووڵتری بکاتەوە. ئەگەر وانەبێت وڵات جارێکی تر تووشی قەیران دەبێت. بۆ عەبادی، مەترسیەکە کەمتر لە نەبوونی سەرچاوەدایە و زیاتر لە نەبوونی دادپەروەری لە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی ئەو سەرچاوانەدایە.

دادپەروەری و نایەکسانی و سیاسەتی دابەشکردن
زەینەب رەبیع تەحەدای بیرۆکەی “خۆشگوزەرانی” کرد و ئاماژەی بە ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پلاندانان دا کە باس لە بوونی ئاستێکی گەورەی هەژاری دانیشتوان دەکات. عەبادی هاوڕا بوو، بەبۆچوونی ئەو کێشەی سەرەکی نەبوونی دادپەروەریە. ئەو دەڵێت هاوڵاتیان دەتوانن ئارام بگرن کاتێک دەوڵەت سەرچاوەی کەمە بەڵام ناتوانن نایەکسانی ئاشکرا لە دابەشکردنی کار و دەرفەت و ساماندا قبوڵ بکەن.
ئەو ئەمەی بە چیرۆکێک دەربارەی یەکێک لە سەرۆک وەزیرانی ڕابردوو ڕوون کردەوە کە بەڵێنی دامەزراندنی حکومی بە کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە دەرەوەی ناوچەی سەوز دابوو، چوار سەد و پەنجا کەس کە توانای گەیشتنیان بە بەغدا هەبوو دامەزران، لە کاتێکدا ژمارەیەکی بێشوماری تر لە گوندەکانی دەورو بەری بەغدا ڕەنگە نەیانتوانیبێت بێن بۆ بەغدا و بێ ئاگابن لەو دەرفەتە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە دادپەروەری نییە. هەڵمەتی دامەزراندنی گەورە وەک دامەزراندنی نزیکەی یەک ملیۆن کارمەند لە ماوەی دوو ساڵدا، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی داواکارییەکان ئارام بکاتەوە، بەڵام ئەمە نادادپەروەری دەرحەق بە خەڵک. لە داهاتوودا دەرچووانی نوێ پرسیار دەکەن بۆچی دەرچووانی ڕابردوو دامەزرێنراون لە کاتێکدا ئەوان دەرفەتیان نییە، هەرچەندە ئەوان بە هەمان شێوە عێراقین.
عەبادی هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگی یەکسانی لە دابەشکردنی ساماندا. لە هەندێک خێزاندا پێنج یان شەش ئەندام لە کەرتی گشتی دادەمەزرێن، لە کاتێکدا هەموو خێزانەکان یان چەند هۆزێک لەوانەیە هیچ کەسێکیان لە دەوڵەتدا نەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نزیکەی لە سەدا 95 ی داهاتی عێراق لە نەوتەوە دێت، هیچ گروپێک ناتوانێت بە شێوەیەکی شەرعی ئەم سەرچاوانە وەک موڵکی تایبەتی خۆی بزانێت. ئەو هۆشداری دا لەبەردەوامبوونی ئەم دۆخە، لەدەرئەنجامدا دۆخێک دێتە پێشەوە کەتێیدا هەندێک داهاتێکی زۆر وەردەگرن و هەندێکی تر هەوڵ دەدەن پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین بکەن. ئەم نادادپەروەرییە، بە بۆچوونی ئەو، هۆکارە بۆ یاخیبوون، و شۆڕشێک کە “جیاوازی لە نێوان باش و خراپ ناکات”؛ ئەگەر شۆڕشێک ڕووبدات، هەموو شتێک دەڕوخێت.
شوناسی نەتەوەیی و حوکمڕانی و سنوورەکانی زۆرینە
پاشان گفتوگۆکە گۆڕا بۆ بابەتی کاریگەری هەڵبژاردن لەسەر شوناسی نەتەوەیی و سەرهەڵدان یان نەمانی شوناسی مەدەنی عێراقی یەکگرتوو. پاش زیاتر لە دوو دەیە لە گۆڕانکاری سیاسی. عەبادی دەڵێت دیمەنی حوکمڕانی عێراق فرە و پەرتەوازەیە. هیچ ئەکتەرێک ناتوانێت بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو بانگەشەی کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت بکات، بەتایبەتی لە بەغدا. دەسەڵات بەسەر دەزگاکانی جێبەجێکردندا و پەرلەمان و دادوەریدا دابەش دەکرێت و هەر بوارێک کێشەی ئەدای خۆی و بۆشایی لێپرسینەوەی هەیە.
ئەو پرسیاری کرد کە ئایا سیستەمی سیاسی لە دوای هەر خولێکی هەڵبژاردن، حوکمڕانی باشتر و نوێنەرایەتی باشتری بەرهەم هێناوە؟. هەڵبژاردن لە جیاتی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان قەیرانی نوێی لێکەوتەوە. بۆ نموونە هەڵبژاردنەکانی 2021 ناکۆکی سیاسی توند و تەنانەت پێکدادانی چەکداری لەناو ناوچەی سەوز لێکەوتەوە، بە ئاستێک کە تەنانەت لە سەختترین ساڵانی هێرشە تیرۆریستییەکاندا، ڕووی نەدا. جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردن دەبێت کێشەکان یەکلایی بکاتەوە نەک ناکۆکی زیاتر دروست بکات.
عەبادی بە گومان بوو لە مۆدێلی سادەی زۆرینە و کەمینە لە چوارچێوەی عێراقدا. لەو کۆمەڵگایانەی کە حیزبەکان سنوردارن و لەسەر یەک گروپ و نەتەوە و و پرۆگرامیان هەیە، حوکمی زۆرینە دەتوانێت بە ئاڵوگۆڕی جێگیری دەسەڵات کار بکات. بەڵام لە عێراق، لایەنگری تایەفەگەری و نەژادی حوکمی یەکلایەنە مەترسیدارە. حکومەتێکی زۆرینە کە کەمایەتیەکان بەتەواوی پەراوێز بخات، مەترسی نائارامی جەماوەری دروست دەکات. بۆ عەبادی “چارەسەری ستراتیژی” بریتییە لە پێکهێنانی کوتلەیەکی سیاسی کە مەزهەب و شوناس تێپەڕێنێت و جەخت لەسەر پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بکاتەوە. دامەزراندن، ژیانێکی شکۆمەند، پەروەردەی ئاست بەرز و خزمەتگوزاری تەندروستی. تا ئێستا عێراق سەرکەوتوو نەبووە لە دامەزراندنی کوتلەیەکی وەها.

تایەفەگەرایی، لایەنگری دەرەکی و شەڕ لەسەر گێڕانەوەکان
زەینەب رەبیع سەرنجی خستە سەر ڕەهەندێکی تری سیاسەتی شوناس: هەندێک سیاسەتمەدارانی عێراق کەوا دەردەکەون زیاتر دڵسۆزن بۆ هێزە هەرێمییکان، وەک لە شوناسی عێراقیبوونی خۆیان، هەندێک جار وا قسە دەکەن وەک ئەوەی “ئێرانی ترن لە ئێرانیەکان” یان “تورکتر لە تورکیەکان” و لایەنگرانیان ئاڵای بیانی بەرز دەکەنەوە تەنانەت لە بۆنە نیشتمانییەکاندا. عەبادی وەڵامی دایەوە کە هاوڵاتیانی ئاسایی هۆشیارتر و بەرهەڵستکارتر بوون بەرامبەر بە گوتاری تائیفی و دووبەرەکی لە هەندێک سیاسەتمەداران. ئەو لوتکەی شەری تائیفەگەری لە ساڵی 2006 وەبیرهێنایەوە، کاتێک سیاسەتمەداران لایەنگرانی خۆیان لە ڕێگەی وتاری میدیایی ئاژاوەگێڕەوە کۆدەکردەوە، تەنانەت لە کاتێکدا پەیوەندییەکی دۆستانەیان لە نێوان خۆیاندا لە پەرلەماندا هەبوو. ئەو دەڵێت ئەمە زۆر مەترسیدارە، چونکە کۆمەڵگا دابەش دەکات و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی خوێنڕشتن.
عەبادی هۆشداری دا لە دووبارەبوونەوەی شەپۆلەکانی میدیا کە خەڵک لەسەر بنەمای تایەفەگەری و نەژادی و ناوچەیی هاندەدەن. جەختی لەوە کردەوە کە دابەشکردنە کارگێڕییەکان دەبێت خزمەتی گەشەپێدان بکەن نەک پەرتەوازەبوون. بەڕای ئەو عێراق چەندین فاکتەری سەرکەوتنی هەیە، بەڵام ئەکتەرە سیاسییەکان زۆرجار جەخت لەسەر شکست دەکەنەوە و سیستەمی خۆیان لاواز دەکەن. داوای لە سەرکردە سیاسییەکان کرد لەوە تێبگەن کە بەرژەوەندییەکانیان دەتوانرێت بەشێوازێکی یاسایی و لە سیستەمێکی جێگیردا باشتر فەراهەم بکرێن، نەک لە ڕێگەی کێبڕکێی زیانبەخش. ئەو ووتی، گۆڕانکاری سەرەکی ئەوەیە کە لە عەقڵییەتی “کامە هی منە و کامە هی تۆیە” بیگۆڕین بۆ عەقڵییەتی “کامە هی نیشتمانە”.
لەسەر حوکمی شیعە و یاسادانانی ئایینی: هاووڵاتیبوون بەرامبەر هەژموون.
یەکێک لە بەشە هەستیارەکانی گفتوگۆکە باسی چەمکی “حوکمی شیعە” یان هەژموونی مەزهەبی لە وڵاتێکی فرە ڕەگەز و فرە ئاییندا کرد. عەبادی بە تەواوی ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە کە هەر مەزهەب، نەتەوەیەک یان ئایینێک دەبێت بانگەشەی دەسەڵات بکات بەسەر ئەوانی تردا. لە ڕووی ئایینییەوە دەڵێت، سەروەری تەنها هی خودایە و هیچ کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو بانگەشەی ئەوە بکات کە نوێنەرایەتی خودا دەکات لەسەر زەوی، بە شێوەیەک کە باڵادەستی سیاسی پێ ببەخشێت. چ وەک سوننە بێت یان شیعە یان کورد، ئەم جۆرە بانگەشانە لە کۆمەڵگایەکی هەمەجۆردا ناشەرعییە.
لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا زۆرینە حکومەت هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەمە مافی پێشێلکردنی مافە بنچینەییەکانی کەمایەتییەکان نادات. زۆرینە دەتوانێت فەرمانڕەوایی بکات، بەڵام ناتوانێت کەسانی تر بچەوسێنێتەوە یان بێبەش بکات. بۆ ئەو دەوڵەت بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی.
کاتێک زەینەب رەبیع ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە یاساکان لە عێراق بەپێی شەریعەتی ئیسلامی داڕێژراون و ئایین توخمێکی بنچینەیی دەوڵەتە، عەبادی جیاوازی لەنێوان دوو بابەتدا کرد: باوەڕی شەخسی و زۆرەملێی گشتی. لە بابەتەکانی وەک باری کەسی، ئەو دەڵێت، دەبێت تاکەکان ئازاد بن لە پەیڕەوکردنی ئەو چوارچێوە ئاینییەی کە باوەڕیان وایە لە خودا نزیکیان دەکاتەوە. هەروەک چۆن لە سیستەمە ئەوروپییەکاندا تاکەکان دەتوانن میراتی خۆیان لە ڕێگەی وەسیەتنامەوە بە ئارەزووی خۆیان دابڕێژن. هاووڵاتیانی عێراقی کە پابەندن بە نەریتێکی یاسایی دیاریکراو دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت خۆبەخشانە خۆیان ملکەچی ئەو نەریتانە بکەن. ناڕەزایی ئەو لەسەر هەژموونی ئاین نەبوو لە یاساکانی باری کەسییدا، بەڵکو لەسەر شێوازی داڕشتن و دەرچواندنی هەندێک یاسا بە”سەفقە” یان ڕێوشوێنی ناڕوون. ئەگەر ناوەڕۆکەکە ڕاست بێت، پێویست بە مامەڵەی نهێنی ناکات. یاساکان دەبێت لە ڕێی یاسادانانی شەفاف و گونجاودا تێبپەڕن.

میراتی بەعس : فریودانی دیکتاتۆری و دادپەروەری ئینتقالی
پاشان گفتوگۆکە گۆڕا بۆ سەر بابەتی میراتی ڕژێمی بەعس و دیاردەی بەرزکردنەوەی دروشمی بەعسی یان وێنەی سەدام حوسێن لەلایەن هەندێک گەنجانی عێراقیەوە. عەبادی جیاوازی نێوان دەیەکانی پێشووی عێراق کرد، کاتێک ئەو وڵاتە لە بواری پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و کەلتووردا لە پێش هاوتاکانی ناوچەکە بوو، لەگەڵ سەردەمی دوای ساڵی 2003 کە عێراق لە چەندین ڕووەوە کەوتە دواوەی دراوسێکانی. ئەو پێشنیارێکی ئەوەی ڕەتکردەوە کە ڕژێمی پێشوو “سەرکەوتوو” بووبێت. گۆڕی بەکۆمەڵ و هێرشی کیمیایی بۆ سەر هاوڵاتیان و قۆرخکردنی دەسەڵات و سامان لەلایەن نوخبەیەکی تەسکەوە بەبیری ئامادەبووان هێنایەوە. بەبڕوای ئەو، تەنانەت ڕێکخراوەکانی مافیاش هەندێک لە کردارەکانی ڕژێمی پێشوو ناکەن.
لە هەمان کاتدا، دانی بەوەدا نا کە هەندێک لەوانەی ئەمڕۆ سیمبولی بەعس بەرز دەکەنەوە لەوانەیە کەمتر بەهۆی خولیای ڕاستەقینەوە بێت، بەڵکو زیاتر بەهۆی تووڕەیی لە چینی سیاسی ئێستاوە بێت. ئەوان دەیانەوێت فەرمانڕەواکانی ئێستا تووڕە بکەن و ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن. لەگەڵ ئەوەشدا. عەبادی بەعسی بە “مەترسیدار و پیلانگێڕ” وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەرگیز نەیبیستووە بەعسیەک داوای لێبوردن بکات لەسەر تاوانەکانی ڕژێم. بەبێ لێپرسینەوە، لایەنگرانی پێشوو لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە بەکارایی دەمێننەوە و دەتوانن تاوانی نوێ ئەنجام بدەن و بەباوەڕی ئەوەی کە کاری باش دەکەن.
عەبادی هەروەها ڕەخنەی لە شێوازی بەکارهێنانی میکانیزمی لێپرسینەوەی بەعس و لێپرسینەوە بەگشتی گرت لە دوای ساڵی 2003 ی عێراق. وەک بەشێک لە دادپەروەری ئینتقالی، لە سەرەتادا ئەم ئامرازانە کاتی بوون. بەڵام بەکارهێنران بەمەرامی سیاسی بۆ لەناوبردنی ڕکابەران یان خەڵاتکردنی هاوپەیمانەکان. ئەمە، بە بۆچوونی ئەو، شەرعیەتی دەوڵەتیان لاواز کردووە و کاریگەری هەبووە لەسەر شێواندنی ژینگەی سیاسی.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی رابردوو، هۆشداریشی دا کە نەخۆشی بەعس تەنها بە ئەندامانی ڕژێمی پێشووەوە نابەسترێتەوە. ئارەزووی دەسەڵاتداری، ئارەزووی بوون بە سەرکردەیەکی ڕەها کە دەورەدراوە تەنها بە شوێنکەوتووانی، فریودانێکی دووبارەبووە لەنێو هەندێک لە سیاسەتمەدارانی هاوچەرخ. ئەو پێی وایە کە دەبێت ڕێگە لەم کەلتوورە بگیرێت و پێویسته عێراق خۆی له بەرهەمهێنانی به عسی نوێ به جلوبەرکێکی جیاوازەوە به دوور بگرێت. عەبادی ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ حکومەت بەلایەنی کەم ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت و ڕۆژنامەنووسان دەتوانن بە ئاشکرا بەرەنگاری دەسەڵات ببنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەراسانکردن، داوا یاساییە بێزارکەرەکان و فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەردەوامن و دەبێت ڕووبەڕوویان ببینەوە، ئەگەر قەرار وایە عێراق دەوڵەتێکی دیموکراتی بەهێز بێت نەک بەرەو شێوازێکی جیاواز لە دیکتاتۆرییەت بچێت.
ئازادییەکان و دامەزراوەکان و قەیرانی بەشداریکردن
لەمیانەی قسەکانی، زەینەب ئاماژەی بە جۆرەها گوشار کرد بۆ سەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی ئاسایی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی بەعس. عەبادی جیاوازی کرد لە نێوان سەرکوتکردنی سیستماتیک لە سەرەوە وەک سەردەمی ڕژێمی پێشوو و بارودۆخی ئێستا، کە تیایدا تاک یان گروپێکی دیاریکراو لەناو دەوڵەتدا پێشێلکاری دەکەن. بەڵام هەندێکی تر لەناو سیستەمەکەدا دژی ئەو جۆرە کارانەن. ئەرکەکە، ئەو دەڵێت، ڕەتکردنەوەی هەر دەستدرێژییەکە بۆ سەر ئازادییە گشتییەکان و مافەکانی هاوڵاتیان بە هەر بیانوویەک بێت. ئەگەر سەرپێچی بەرامبەر هەندێک کەس قبوڵ بکرێت، ئەوا زیانەکە لە کۆتاییدا دەگاتە هەمووان.
جەختی لەوە کردەوە کە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت کلیلی پاراستنی هاووڵاتیان و پرۆسەی سیاسییە. کاتێک دامەزراوەکان بەهێز دەبن، هەموومان بەهێزتر دەبین، بە هێزە سیاسییەکانیشەوە. کاتێک دامەزراوەکان لە بەرژەوەندی پارت یان تاکەکان بەکاردەهێنرێن، تەواوی سیستەمەکە لاواز و مەترسیدار دەبێت. گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی پێویستی بە سەرخستنی دەوڵەت هەیە وەک لایەنێکی باوەڕپێکراو و بێلایەن بۆ ماف و خزمەتگوزاریەکان.
بەگەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردن، عەبادی باسی بوونی قەیرانێکی جددی بەشدارنەکردن و نەبوونی متمانە کرد. ڕێژەیەکی بەرچاو لەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، تەنانەت کارتی هەڵبژاردنیان وەرنەگردۆتەوە، و لەنێو ئەوانەشدا نزیکەی نیوەیان دەنگ نادەن. خۆ ئەگەر دەستوور پێویستی بە کەمترین ڕێژەی بەشداری هەڵبژاردن نەکات، بەڵام ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئایا حکومەتێک کە تەنها بەشێکی کەم لە هاوڵاتیان هەڵیدەبژێرن دەتوانرێت وەک نوێنەر تەماشا بکرێت. فراوانکردنی بنکەی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە ڕێگەی هاندانی ڕەخنەگران و نەیاران بۆ بەشداریکردن، زۆر گرنگە ئەگەر سیستەمەکە بیەوێ شەرعیەتێکی مانادار وەربگرێت. بیرۆکەی “دەنگدانی سزا” کە بەهۆیەوە هاوڵاتیان دەنگ دەدەن بە کەمترین بژاردەی خراپ بۆ ڕێگەگرتن لە کاندیدە گەندەڵەکان، میکانیزمێکە کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەنگدەرانی نائومێد دەتوانن بگەڕێنەوە ناو پرۆسەکە.
داینامیکی ناوچەیی، کاریگەری ئێران و سەروەری عێراق
لە کۆتاییدا، گفتوگۆکە باسی دینامیکیەتی ناوچەکەی کرد، بەتایبەتی ڕۆڵی ئێران باش گەمارۆ نوێیەکان و فشاری ئەکتەرە ڕۆژئاواییەکان وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل. زەینەب پرسیاری کرد کە ئایا توانای ئێران بۆ داڕشتنی سیاسەتی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران لە هەلومەرجی ئێستادا لاواز بووە یاخود نا؟. عەبادی وەڵامی دایەوە کە بارودۆخەکە هێشتا ناڕوونە، بەڵام بێگومان ئێران هەوڵ دەدات قەرەبووی فشارە دەرەکییەکان بکاتەوە بە قۆستنەوەی کرانەوەی ئابووری و سیاسی وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق. ئەمە لەوانەیە بارگرانی زیاتر بخاتە سەر عێراق چونکە دەبێتە کەناڵێک بۆ ئەکتەرە ناوچەییەکان کە داوای کەمکردنەوەی سزاکان دەکەن.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەبوو: “عێراق لە کوێی ئەم هەموو پەرەسەندنانەدایە؟” عەبادی ئەو لۆژیکەی ڕەتکرده که بەرژەوندی نەتەوەکانی دیکه لەسەرووی بەرژەوەندی عێراق دادەنێت، هەر بۆیە سەرکردە سیاسیەکان نابێت بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان بکەنە قوربانی ئەجێندای دەرەکی. عێراق بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان زۆرە، بەڵام سیاسەت دەبێت جەخت لەسەر تێکەڵبوونی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان بکات، نەک ملکەچی ئەوانی تر بێت. ئەو دەڵێت، پشتبەستن بەلایەنێکی تر، یاخود باوەڕبوون بەوەی کە مانەوەی سیاسی زیاتر پشت بە پاڵپشتی دەرەکی دەبەستێت، نەک پشتگیری ناوخۆیی ڕاستەقینە، دەرئەنجامی بێ ئاگای ونەزانیە.
لە پرسیارێکی کۆتاییدا، زەینەب ئەو پێشبینیە بەردەوامەی میدیاکانی خستەڕوو کە ناوی عەبادی لە نێو ئەو کەسانەدایە کە پێشنیار کراون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا. وەڵامەکەی عەبادی هیچ ناڕەزاییەکی دەرنەبڕی و ئاماژەی بە کراوەیی کرد بۆ ئەو پۆستە بەبێ ئەوەی درێژە بە میکانیزمی هەلبژاردنی بۆ ئەو پۆستە، بدات.
ئەنجام: لەنێوان دەرفەت و دووبارەبوونەوە
گفتوگۆ لەگەڵ دکتۆر حەیدەر عەبادی وێنەیەکی ئاڵۆزی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقی کێشا لە قۆناغێکی هەستیاردا. لەلایەکەوە عێراق لە ململانێی وجودی دەرچووە و ئاسایشێکی بەدەست هێناوە و فەزایەکی سیاسی فرەیی بە هەڵبژاردن و ڕەخنەی ئاشکرا لە دەسەڵات پاراستووە. لەلایەکی ترەوە، کێشە پێکهاتەییەکان بەردەم دەوڵەت بەردەوامن وەک کێشەکانی هەڵبژاردن، نایەکسانی قووڵ و نادادپەروەری، چیرۆکی شوناس، سێبەری بەعسی، و ناکۆکیە چارەسەرنەکراوەکان لەنێوان نۆرمە ئایینییەکان و پلۆرالیزمی دیموکراسی.
لەنێو قسەکانی عەبادی بابەتێک دەردەکەوێت: بەبێ دادپەروەری و دەستپاکی دامەزراوەیی و سیاسەتی پشتبەستوو بە هاووڵاتیبوون، عێراق مەترسی بەفیڕۆدانی دەستکەوتەکانی و گەڕانەوەی بۆ قەیران لەسەرە. دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان، نادادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی گشتی و ملکەچبوون بە سیاسەت و ئەجێندای دەرەکی و تایەفەگەری،نەک تەنها نائومێدی خەڵک قوڵتر دەکاتەوە، بەڵکو بەشداری خەڵک کەم دەکاتەوە لە پرۆسەی سیاسی، ناسەقامگیری دێنێتەکایەوە.
ئەو جێگرەوەیەی کە عەبادی باسی لێوە کرد، هەرچەندە قورس بێت، پشت بەستوو بە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بنیاتنانی پێکهاتەێکی سیاسی نێوان مەزهەبەکان و نەتەوەکان، دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان، و چەسپاندنی سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان نەک پشتبەستن بەلایەنی دەرەکی. ئاخۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2025 دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ جێبجێکردنی ئەم ڕوانگەیە، یان دەبێنە ئەڵقەیەکی تر لە بازنەی قەیرانە دووبارەبووەکان، بەندە بە بڕیاری چینی سیاسی عێراق و ئەو ڕادەیەی کە هاوڵاتیان ئامادەن و توانایان هەیە لەگەڵ سیستەمێکدا تێکەڵ ببن کە هێشتا پڕە لەکێشە.
دیداری مێری 2025
دەوڵەتسازی لە نێو داینامیکی سیاسی ئاڵۆزدا

