پێشەکی: دوو دەیە دوای 2003 – هێشتا لە قۆناخی پێناسەکردنی دەوڵەت
ئەم پانێڵە عەممار ئەلحەکیم، سەرۆکی بزووتنەوەی حیکمە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ فوئاد ئەحمەد، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان، کۆکردەوە بۆ ڕاڤەکردنی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقی. گفتوگۆکە پێداچوونەوە بە قۆناخەکانی گۆڕانکاریی دوای ساڵی 2003 کرد، وەک تێکچوونی باری ئەمنی، دروستبوونی توندوتیژی تایەفەگەری، گەندەڵی، ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر. ئەم پانێلە و پرسیاری کرد لەوە کرد کە ئایا عێراق هێشتا لە قۆناغی ململانێ و ناکۆکی گیری خواردووە یان لە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
هەر لە سەرەتاوە، حەکیم ساڵی 2003 ی وەک قۆناخێکی گواستنەوەی پێکهاتەیی دانا، نەک تەنها قۆناخێکی سیاسی: گۆڕانکاری بەسەر سیستەمێکی دیکتاتۆرییەکی تاک حیزبی رویدا بۆ سیستەمێکی دیموکراسی فرەیی لە کۆمەڵگایەکدا کە لە ڕەگەز، مەزهەب، ئایین، هۆز و ناوچەدا زۆر جیاوازە. بە بڕوای ئەلحەکیم ئەم جۆرە گۆڕانکارییە پێکهاتەیە هەمیشە کاتی دەوێت. هەربۆیە بیست ساڵی ڕابردوو نەک تەنها بە قەیرانی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری تێپەری، بەڵکو بگرە مایەی نادڵنیایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی چونکە سیستەمێکی نوێی هاتە کایەوە لە ناوەڕاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرەڕای ئەم دۆخە، ئەلحەکیم دەڵێت هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025 سەرەتان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە. خۆ ئەگەر هەڵبژاردنەکانی 2005 بنەمای سیستەمێکی دیموکراسی دامەزراند لەو وڵاتەکەدس، ئەوا هەڵبژاردنەکانی 2025 دەبێت بناغەی “سەقامگیریی بەردەوام” دابنێت. بە خوێندنەوەی ئەو، ئەم ساڵانەی دوایی، یەکەم نیشانەی گواستنەوە بوو لە ناسەقامگیریی درێژخایەنەوە بۆ حوکمڕانی جێگیر لەبەر بەدیکردنی جێگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر، هەنگاوی خێراتر بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پێشوو، وە باشتربوونی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ عێراق، تەنانەت کاتێک کە عێراق لە ژێر فشاری ئابووری و جیۆپۆلەتیکی چڕوپڕدا بوە.
سەروەری و کاریگەری دەرەکی: ناوەندێکی بەهێزتر، دەستتێوەردانی کەمتر
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا عێراق توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان پرۆسەی بڕیاردان وسەروەری خۆی لەگەڵ شەراکەتی ناوچەیی و جیهانیدا هاوسەنگ بکات، حەکیم بنەمایەکی سادە بەڵام ڕوونی خستەڕوو: هەرچەندە دەوڵەت و دامەزراوەکانی بەهێزتر بێت، دەستێوەردانی دەرەکی لاوازتر دەبێت. دەوڵەت چەندە لاوازتر و لەرزۆک بێت، دەستێوەردانی دەرەکی قوڵتر دەبێت.
بە ئاوڕدانەوە بۆ ساڵی 2003، حەکیم دانی بەوەدا نا کە ئەو کات عێراق دەستێوەردانی دەرەکی بەرچاوی لە پرۆسەی سیاسیدا بەخۆوە دەبینی. ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەک تەنها تەماشەکەری دیمەنەکە نەبوون، بەڵکو هەوڵیان دەدا بچنە ناو وردەکارییەکانەوە لە ڕێی ئامۆژگاریکردن، لۆبی کردن یان فشار خستنە سەر هێزە سیاسیەکان و هاندانی هەڵوێست و ڕێرەوی تایبەت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەو باوەڕی وایە، ئەم رەفتارانە کەم بوونەتەوە. ئەمڕۆ، کاتێک هێزە سیاسییەکانی عێراق پێکەوە دادەنیشن بۆ داڕشتنی یاسای هەڵبژاردن و یان بۆ دانوستاندن لەسەر هاوپەیمانێتییەکان یان بۆ دیاریکردنی قۆناغی داهاتوو، هێزە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئەم کارانە دەکەن نەک بۆ وەڵامدانەوە خواستە دەرەکییەکان.
هەروەها ئەلحەکیم ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە دەرەکییەکان خۆیان بۆچوونەکانیان گۆڕاوە. لە کاتێکدا هەندێکیان هەوڵیان دەدا کاریگەری لەسەر وردەکارییە سیاسییەکانی ڕۆژانە لە بەغدا هەبێت، ئێستا خۆیان دووردەگرن و ڕێزی زیاتر بۆ قەوارەی عێراقی نیشان دەدەن. ئەمە مانای ئەوە نییە کە بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەماون، بەڵکو پتەوبوونی ناوخۆی عێراق وردە وردە بۆشایی کەمکردۆتەوە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە وردەکاری نێوخۆیی ئەم وڵاتە. بەڵام، دەشێت دیمەنەکە بە شێوەیەک گۆڕابێت کە کاریگەری دەرەکی بەهونەرمەندانە ئەنجام بدرێت و بە زەقی نەبینرێت، خۆ کاریگەری دەرەکی دەتوانێ لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە خۆی بخزێنێتە نێو دینامیکیە سیاسیەکانەو و دوورەپەرێزی بکات لە فەرمانی ئاشکرا. ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لەشێوازی دەستێوەردان نەک دوورکەتنەوە لە گاریگەری ودەستێوەردان.

دەسەڵاتی ناوخۆیی، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و تێکەڵاوبوونی وردە وردە
لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆکەدا، فوئاد بابەتێکی هەستیار وناسراوی خستەڕوو: بوونی هێزی ناوخۆیی “لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت” کە زۆرجار میدیا و چاودێرانی نێودەوڵەتی وەک بەربەست لەبەردەم دروستبونی بڕیاری سیاسی یەکگرتوودا باسی دەکەن. ئەلحەکیم نکۆڵی لە بوونی ئەم بابەتە نەکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەنانەت ئەو هێزانە ئێستا زیاتر دەچنە ناو سیستەمی سیاسی و ئابووری فەرمی وڵاتەکەوە.
لەم میانەدا، ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لەو گروپانەی کە پێشتر بە “گروبی نادەوڵەتی” ناودەبران، ئێستا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و لە لیستە فەرمییەکاندا دەردەکەون و پێکهاتەی حیزبی و بەرژەوەندی ئابوورییان هەیە. بەتایبەتی لەبەر پاراستنی نوێنەرایەتی سیاسی خۆیان، بەرژەوەندی ئابووری و کاریگەری ناوخۆیی، ئەم هێزانە وردە وردە بەپەرۆشن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ سیستەمی دامەزراوەیی و چوارچێوەی یاسایی، بگونجێنن. بەبۆچوونی ئەو ئاڕاستەی ئەو هێزانە ئەرێنیە: یەکخستنی زیاتر، نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەت و ئارەزووی زیاتر بۆ کارکردن لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە. لەگەڵ ئەوەی تێڕوانینی ئەلحەکیم بۆ ئەم ڕێڕەوە دەشێت یەکگرتنوێک بێت تەنها لە ڕووی ڕێکخستنەوەوە، بەڵام خۆ دەکرێت ئەم هێزانە دوای یەکخستنەوەشیان، پابەند نەبن بە یاسا و ڕێساکانەوە.
فیدرالیزم و دەستوور و پێویستی خوێندنەوەیەکی پێگەیشتووانە
سەبارەت بە سیستمی فیدراڵی عێراق و دەستوور وەک بناغەی پەیمانی کۆمەڵایەتی، فوئاد ئاماژەی بەوەدا کە عێراق بە توندی پابەند بووە بە خشتەی هەڵبژاردنەکانەوە و هەڵبژاردنەکانی شەشەمین خولی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام سەرباری ئەمانە، پەرلەمان شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی تەواوی زۆرێک لە بڕگە دەستوورییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییەکانی ناوەند و هەرێم ڕێک دەخات وەک دامەزراوە فیدراڵییەکان و ئەنجوومەنی فیدراڵی.
حەکیم دەستووری بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی وەسف کرد کە ئیرادە و بەرژەوەندی و تێروانینی عێراقییەکان لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا بەرجەستە دەکات. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، هەر لایەنێک جەختی لەسەر ئەو برگانە کردەوە کە مافەکانی مسۆگەر دەکەن و ئەو برگانەی پشتگوێ خستووە کە پابەندبوون و بەرپرسیارێتی دەسەپێنن. کورد، عەرەب، سوننە، شیعە و پێکهاتەکانی تر، هەریەکەیان تیشک دەخەنە سەر چەند بڕگەێکی دەستووری دیاریکراو و زۆرجار ئەرکی هاوبەش لە بڕگەکانی تردا پشتگوێ دەخەن.
هەر بۆیە، بە بڕوای ئەلحەکیم، یەکەم داواکاری ئەوەیە کە دەستوور وەک بابەتێکی گشتی دابەشنەکراو قبوڵ بکرێت بە “هەموو ئەوەی “بۆ تۆیە ” و “لەسەر تۆیە” ، و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت وەک گرێبەستێکی تەواو و ئیلزامی، نەک بەهەڵبژاردەیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا دانی بەوەدا نا کە دوای زیاتر لە دوو دەیە لە بوونی سەقامگیریی سیاسی و سیاسی و دەروونیدا، ئاساییە پێداچوونەوە بە دەستووردا بکرێت و بپرسین ئایا ئەوەی لە کەش و هەوای ترسناکی دوای ڕووخانی دیکتاتۆریدا نووسراوە هێشتا بە تەواوی خزمەت بە پێداویستییەکانی ئێستای عێراق دەکات یان نا.
ئەو باسی لەوە کرد کە وڵاتە دیموکراسیە پێگەیشتووەکان، ناوبەناو پێداچوونەوە بە دەستوورەکانیان دەکەن و نابێت عێراق بەدەر بێت لەمە، بە مەرجێک ئەم پێداچوونەوە لە هەلومەرجێکی سەقامگیر و لەژێر رۆشنایی کۆدەنگییەکی فراواندا ڕووبدات. هەرەوەها ئەلحەکیم چەند یاسایەکی ستراتیجی دەستنیشان کرد کە پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی هەیە وەک یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، یاسای دادگای باڵای فیدراڵی، و یاسای نەوت و گاز، ئەمانەش ئامراز گەلێکی سەرەکین بۆ رێکخستنی شێوازی پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەنددا. ئاماژەشی بەوەدا کە خولی داهاتووی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنەکانی 2025 دەتوانێ پەنجەرەیەکی گرنگ بێت بۆ رێککەوتن لەسەر ئەم ئەم بابەتە هەڵپەسندراوەنە و پتەوکردنی بابەتە دامەزراوەییەکان کە هەموو پێکهاتەکان قبوڵی بکەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا لە خولی داهاتوودا بەرەوپێشچوون بەدی دێت یان نا.بەڵام ئەوەی ڕوونە کە ئابووری سیاسی کاریگەری زۆر دەبێت کە کێ قازانج دەکات لە جێبەجێکردن یاخود هەموارکردنەوەی یاساکان.

پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و دابەشکردنی داهات و پرسی مووچە
لەسەر بابەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی داهات، ئەلحەکیم جەختی لەوە کردەوە کە لە سەدا 94ی بودجەی عێراق له داهاتی نەوتەوە دێت. بۆ ئەوەی ئەم جۆرە سیستەمە پشت بەستوە بەیەک سەرچاوە بە دادپەروەرانە خزمەتی هەموو هاوڵاتیان بکات، دەبێت هەموو داهاتی نەوت لە هەر شوێنێک بەرهەم بهێنرێت، لە یەک سەبەتەی نەتەوەیی کۆبکرێتەوە و پاشان بەپێی پشکی دانیشتوان و هاوکێشە ڕێککەوتوولەسەرەکان دابەش بکرێتەوە.
پاشان ئەلحەکیم ڕوونکردنەوەێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە هەڵە تێگەیشتنێکی دووبارەوەبوو: لەسەر ئاستی فیدراڵی، هیچ بڕگەیەک نییە بەناوی “مووچەی” فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نەلەدەستوردا و نە لە وەزارەتی داراییدا . بۆ ئەو 15 پارێزگای کە ڕێک نەخراون لە چوارچێوە هەرێمێکدا، وەزارەت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایاندە دەکات و مووچە دەگوازێتەوە سەر حسابی فەرمانبەران. بە پێچەوانەوە، حکومەتی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ ڕێژەیەکی کۆی بودجەی هەرێمی کوردستان دەکات و دواتر ئەو ڕێژەیە دەگوازرێتەوە بۆ سەر حیسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان وئەم حکومەتەش بەپێی میکانیزمی ناوخۆی ئەم ڕێژەیەی بوودجەیە بۆ مووچە و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان دابەش دەکات.
کاتێک هەرێمی کوردستان تاک لایەنانە دەستی کرد بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، ناکۆکی دروست بوو لەسەر چۆنیەتی گونجاندنی هەناردەکردن لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەی نیشتمانی. بەغدا پێی وایە هەموو داهاتی نەوت دەبێت بخرێتە ناو سەبەتەی نیشتمانی و حیساب بکرێت وەکو بەشێک لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەژمارکردنی پشکی بودجەی هەرێم. لەبەرامبەر ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باس لە گوشار و لۆژیکی دارایی جیاواز دەکات. بەبۆنەی ئەم دوو ڕوانگە ناکۆکەوە کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گیریان خواردوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان ” هیچ پەیوەندییکیان بەم وردەکارییانیەوە نییە. ئەوان مووچەی خۆیان دەوێت.”
ئەلحەکیم ڕێکەوتنی نەوتی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خاڵی وەرچەرخان زانی کە دەتوانێت لە کۆتاییدا “کۆتایی بەو کێشە درێژخایەنە بهێنێت” و چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتنی قوڵتر لەنێوان بەغدا و هەولێر دروست بکات. کاتێک هەموو نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری فیدراڵییەوە دەگوازرێتەوە و لە ڕێگەی SOMO دەفرۆشرێت، داهاتەکان ڕاستەوخۆ دەڕژێتە ناو سەبەتەی نیشتمانی و دەتوانرێت بە شێوەیەکی شەفافتر و پێشبینیکراوتر دابەش بکرێن. ئەو پێی وایە ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها دەرگای دەرکردنی یاسای نەوت و گاز دەکاتەوە بەڵکو دەرگا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، واڵا دەکات.
ڕاستە ئەم ڕێککەوتنە لەوانەیە چۆنیەتی کۆکردنەوە و دابەشکردنەوەی داهاتەکان ڕوون بکاتەوە، بەڵام خۆی لە خۆیدا بێ متمانەیی سیاسی و ئەگەری دووبارە بەکارهێنانەوەی بڕگەکانی بودجە وەک کارتی فشاری سیاسی لە داهاتوودا لەناونابات. ئەزموونی ڕابردوو دەریدەخات کە تەنانەت هاوکێشە ڕوونەکانیش هەڵئەپەسڕدرێن، ئەگەر بەسیاسی بکرێن. هەر بۆیە بۆ ئەوەی هەر بڕگەیەک سەربگرێت، پێویستە هەردوولا متمانە بە یەکتر بکەن و میکانیزمێکی چاودێری و ڕوون و بەهێز بەکاربهێنن بۆ پتەوکردنی متمانە.
دواتر ئەلحەکیم جیاوازی لە نێوان “ئیختیلاف” (جیاوازی) و “خیلاف” ( ناکۆکی) کرد. ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم ئاساییە و تەنانەت تەندروستە لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا. دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگ و پەنابردن بۆ دامەزراوە دادوەرییەکان بەڕێوە ببرێن، نەک بە بڕینی مووچە یان زیان گەیاندن بە هاوڵاتیان. ئامانج بەردەوامێتی دیالۆگ و چارەسەکردنی یاسایی و کەمکردنەوەی گرژییەکانە، بۆ ئەوەی جیوازیە سیاسییەکان نەبنە هۆی ناخۆشی و ناکۆکی کۆمەڵایەتی.
گەندەڵی و دژە گەندەڵی: لە بەدواداچوونی فایلەکانەوە بۆ ڕێگریکردن لە پنەچەیی
سەبارەت بە پرسی گەندەڵی کە لە ساڵی 2003 ەوە بە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم بنیاتنانی دەوڵەت دادەنرێت، حەکیم جەختی لەوە کردەوە کە کاری ڕاستەقینەی دژە گەندەڵی پێکهاتەیەیی وبنچینەیی نەک حالەتی تاکی. دەستگیرکردنی خەڵک دوای سکاڵا بەس نییە. دەبێت خودی سیستەمەکە دووبارە دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی دزینی پارەی گشتی ئەستەم بێت.
بەبۆچوونی ئەلحەکیم، ئەمە خاڵەی بە لێکچونێکی سادە ڕوون کردەوە: ئەگەر شتێکی گرانبەها بە ئاشکرا دابنرێت و پارێزراو نەبێت و پاشان کەسێک بیدزێت، ئەوا تاوانی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی کە بە ئاشکرایی ئەو شتەی بەجێی هێشتووە ولە قاسەیەکدا داینەناوە. لە سیستەمە پێشکەوتوەکاندا، خەڵک قاسە سندوقی بە قفڵ و دەکڕن بۆ پاراستنی شتە بەنرخەکان. هەربۆیە، حوکمڕانی عێراق دەبێت “قاسەی دامەزراوەیی” تێبێت بە چەشنێک کە شەفاف بێت و ڕێوشوێنی ڕوونی تێدا پەیڕەو بکرێت و کەمترین دەرفەت بۆ بڕیاری تاکەکەسی بهێڵێتەوە.
ئەلحەکیم بیروکراسیەت و “ڕاڕەوی تاریک” و ڕێوشوێنی ئاڵۆز و ناڕوونی وەک خاکێکی بەپیت بۆ گەندەڵی ناساند. ئەگەر پێویست بکای هەر وەبەرهێنەرێک دەیان یان سەدان ئیمزا لە چەند دەزگایەکەوە بەدەست بهێنێت، ئەوا هەر دەرگاوانێکو ئەو دەزگایانە توانای دواخستن و زۆرلێکردن و ڕێککەوتنت ژێربەژێر هەیە. بەبۆچوونی ئەو وەڵامەکە دامەزراندنی حکومەتی ئەلیکترۆنی و بەئەلیکترۆنیکردن وبەکارهێنانی پەنجەرەی یەک وێستگەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی وەبەرهێنان. بەمانە پرۆسەکان ڕوون دەبن وئەگەری سەرهەڵدانی کێشە و کارتێکردنیان کەم دەبێت.
سەرۆکی رەوتی ئەلحیکمە باسی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکێکی پێشووی کۆمیسیۆنی نەزاهە کرد کە بە شانازییەوە پێی وتبوو کە لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 30 هەزار کەیسی گەندەڵی چارەسەر کردووە. کاردانەوەی ئەلحەکەم لەمەڕ ئەم حاڵەتە ڕاشکاوانە بوو: قەبارەی گەندەڵیەکان و کاردانەوەی کۆمسیۆن، ئاماژەیە بە ڕێچکەی هەڵە. خۆ دەیان هەزار دۆسیەی بچووک ئاماژە بەوە دەکەن کە تیشک خراوەتە سەر سەرپێچییە بچووکەکان لە کاتێکدا گەندەڵی گەورە و مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە. بەبڕوای ئەلحەکیم، چارەسەرکردنی 10یان 50 یان 100 کەیسی گەورەی بنچینەیی باشترە لەو ژمارە زۆرە چونکە چارەسەرکردنی کەیس گەورە دەبنە هۆی لەناوبردنی دەیان هەزار کەیسی بچووکتر. هەڵبەتە بەبێ ئەنجامدانی چاکسازی لەسەر ئاستی هەیکەلی و ئاستی و ڕیشەیی، ئەنجامدانی چاکسازی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و دووبارە داڕشتنەوەی ڕێوشوێنەکان، ڕەنگە هەوڵەکانی دژە گەندەڵی ببنە تەنها پینە و پەرۆکردن.
دواتر ئەلحەکیم وتی کێشەی گەندەڵی لە شێوازی داڕشتنی حوکمڕانیدایە و تەنها شکستێکی ئەخلاقی تاکەکان نیە. بەڵام ئەوی باسی نەکرد ئەوەی کە خودی ئەم داڕشتنە کاریگەری بەرژەوەندییە چەسپاوەکانەوە لەسەرە کە بەرگری لە گۆڕانکاری و ریفۆرم دەکەن. خۆ لە زۆر شوێندا، پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و “یەک وێستگە” دانراون کەچی ئەوی رویداوە ئەوەیە کە گەندەڵی لەشوێنێکەوە بۆ شوێنیکە گوازراوەتوە، نەک کەمبۆتەوە یان لەناوبردراوە. هەڵبەتە بەبێ دادگای سەربەخۆ، دەزگای چاودێری پارێزراو و سنووردارکردنی دارایی پارتە سیاسیەکان، سودی ئامرازە دیجیتاڵییەکان لەقەبارەی راستەقینەی خۆیان زۆر زیاتر دەردەچێت. سەرەڕای ئەوەش، ئەوە ڕاستە کە ئاڵۆزی ڕێوشوێنەکان ڕێگە بە گەندەڵی و مامەڵەی ژێربەژێر دەدات، بەڵام ئاڵۆزی هەندێک جار بە ئەنقەست لەلایەن لایەنەکان دادەنرێت و دەپارێزرێت. بۆیە گرنگە نەک تەنها ڕێگە لە “ڕێگا تاریکان” بگیرێت بەڵکو ڕووبەڕووی ئەوانەش بکرێت کە ئەم ڕێگایانەیان دروستکردووە و لەسەریان گەشە دەکەن.

هەڵبژاردنەکانی 2025: چوارڕیانێکی گرنگ و سیاسەتی هەڵسوکەوت
دواتر گفتوگۆکە گەڕایەوە سەر هەڵبژاردنەکانی 2025 و گرنگی ئەم پرۆسەیە. ئەلحەکیم پێی وابوو کە عێراقی لەبەرامبەر چوارڕیاندایە. هەرچەندە عێراق دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە لە ڕووی فەراهەمکردنی ئاسایشێکی ڕێژەیی و بەردەوامی دامەزراوەیی و باشتربوونی پەیوەندییە دەرەکییەکانی، بەڵام هێشتا ڕێگایەکی دوورودرێژی لەبەردەمدایە. بۆیە ئەرکی ئێستا پاراستنی ئەم دەستکەوتانە نیە بەو ئاستەی بنیاتنان و پتەوکردن و پاراستنی ئاراستەیێک بەرەو سەقامگیریی بەردەوام، پێویستە.
بەلای ئەوەوە ئەمە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەت گرنگ دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری هەڵبژاردنەکان تەنها پەیوەستە نیە بە ئەنجامەکانیەوە بەڵکو بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەشەوە. ئەو ئەو بیرۆکەی ڕەتکردەوە کە لە سیاسەتدا “هەموو شتێک مومکینە” چونکە “ئەخلاقی کێبڕکێ،” شەرەفی ململانێ” و بەهاکانی بەڕێوەبردنی میدیا و هەڵسوکەوتی سیاسی، هەموویان کۆمەڵێ بابەتێکی گرنگن لەو مەیدانی سیاسەتدا. دەبێت سەرکردە سیاسییەکان ئەوەیان لەبیر بێت کە ڕۆژی پاش دەنگدان، هێشتا پێویستیان بە دانیشتن و پێکهێنانی حکومەتێک هەیە بۆ خزمەتکردنی عێراقییەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو. ڕۆژی هەڵبژاردن “کۆتایی مێژوو نییە”، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە.
ئەلحەکیم ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە نیشانەکانی بوژاندنەوەی دامەزراوەکانی عێراق خێرایی پێکهێنانی حکومەتە لە دوای دەنگدان. خولەکانی پێشوو، هەندێک جار هەشت بۆ دە مانگی دەویست. ئەگەر دوای 2025 بتوانرێت لە ماوەی 3 بۆ 4 مانگدا حکومەت پێکبهێنرێت لە ڕێگەی دانوستاندنێکی تاڕادەیەک ئاسانەوە، ئەوە نیشانەیەکی گرنگی پێگەیشتنی سیاسی دەبێت. هەر مانگێک لە دانوستداندنی پاش هەڵبژاردن، بەڕای ئەو مانگێکە لە ناکۆکی و دواکەوتنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری. سەرەڕای ئاستەنگەکان، ئەلحەکیم گەشبینییەکی هۆشیارانەی دەربڕی بەوەی ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت سەقامگیری بەهێز بکات و یارمەتی عێراق بدات بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو بنێت.
هەرێمەکان، فیدرالیزمی مەزهەبی و پرسی “هەرێمێکی شیعە”
لە کاتی پرسیار و وەڵامدا، خوێندکارێک پرسیاری کرد کە ئایا بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی حەشدی شەعبی ، دروستکردنی هەرێمێکی شیعە لەسەر نمونەی هەرێمی کوردستان باشتر نیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شیعە و بەدامەزراوەییکردنی حەشدی شەعبی؟
حەکیم بە توندی بیرۆکەی ناوچە مەزهەبی و نەتەوەیی ڕەتکردەوە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئامرازی دەستووری بۆ دامەزراندنی هەرێم لە عێراقدا کارگێڕی و ناوچەییە نەک تایەفەگەری. هەر هەرێمێکی نوێ دەبێت لەسەر بنەمای ئیرادەی پارێزگاکان و لۆژیکی کارگێڕی بێت نەک لەسەر بنەمای ناسنامە. ئەو بەبیری پرسیارەکەرەی هێنایەوە کە پێشتر لە دوای ساڵی 2003، ئەلحیکمە و هێزەکانی هاوپەیمانان بیرۆکەی هەرێمیان بەرز کردبۆیەوە، بەڵام ئەوە لە هەلومەرجێکی ناوخۆیی و ناوچەیی زۆر جیاوازدا بوو. ئەمڕۆ، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییە کەڵەکەبووەکان و ناسەقامگیریی ناوچەیی، هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناوچەی نوێ ڕەنگە بریارێکی بە پەلە بێت.
بەڵام سەرباری ئەوەی کە بەفەرمی هەرێمی مەزهەبی بوونی نیە، خۆ لە عێراقدا زۆرێک لە ناوچە هەن کە نەک تەنها مۆرکی تایفەگەریان پێوەیە بەڵکۆ لەژێر کۆنترۆڵی گروپی چەکداردەکاندان. هەربۆیە دژوەستانەوە بەرامبەر دروستبوونی ناوچەی مەژهەبی و نەژادی خۆی لەخۆیدا چارەسەری کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ناوچەیی ئەو لایەن و پارتە جیاواز و تۆڕە چەکدارەکان، ناکات.
لە جیاتی ئەوە، ئەلحەکیم ئێستا پشتگیری بەهێزکردنی سیستەمی پارێزگاکان و قوڵکردنەوەی لامەرکەزیەتی کارگێڕی دەکات، لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان وەک واقیعێکی دەستووری ئێستا وەسفکرد. بژاردەی پێکهێنانی هەرێمی نوێ مافێکی دەستووریە و دەتوانرێت “کاتێک بارودۆخەکە ئارام بێت و رێکوپێکتر بێت” باسی لێوە بکرێت، بەڵام ئەو ، ئەم بژاردەیە لە ئێستادا بە گونجاو نازانێت.

گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ: لە پێکهاتەکانەوە بۆ هاووڵاتیبوون
لە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە دەستکاریکردنی هەڵبژاردن و بانگەوازەکەی پێشووی بۆ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ و پەرەسەندن لە دۆخی پێکهاتەکانەوە بۆ دۆخی هاووڵاتیبوون، حەکیم چەند خاڵێکی ڕوون کردەوە. یەکەم، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، گوتی لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەکانی 2025 گرنگن و بڕیاردەرن، دەبێت هەموو هەنگاوەکان لەژێر چاودێریدا بن بۆ دڵنیابوون لەوەی ساختەکاری کەمبکرێتەوە و هەموو ئەکتەرەکان دەرفەتێکی دادپەروەرانەیان هەبێت. ئەم یاسای ئێستای هەڵبژاردن پێشتر لە دوو خولدا بەکارهێنراوە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەرکەوت کە ڕێژەیەکی کەمی دەستکاریکردن هەبوە، هەر بۆیە زۆربەی هێزە سیاسییەکان ئەنجامەکانیان پەسەند کردووە. ئەگەر هەڵبژاردنەکانی 2025 بە هەمان شێوە بەڕێوەبچێت، ئەوە واتات ئەوەیە کە یاساکە پەسەند دەکات. بەڵام، یاساکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە بەهۆی خواستی پارتە گەورەکانی فەرمانڕەوا و هیچ گرەنتییەک نییە کە ئەمە یاسایە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هەموار نەکرێتەوە.
دووەم، ئەلحەکیم داکۆکی کرد لە دروستبوونی گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ کە لەسەر بنەمای پێداچوونەوەیەکی ورد بە دەستوور و گونجاندنی لەگەڵ واقیعی گەشەسەندوی عێراقدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هەر گرێبەستێکی لەو شێوەیە دەبێت لە ڕێگەی کۆدەنگیەوە ئەنجامبدرێت نەک فەرزکردن. گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە لەلایەن لایەنێکەوە سەپێنراو بێت، یان بە دوورخستەنەوەی لایەنێکی تر تێپەڕیبێت، ئەوە بە گرێبەستی کۆمەڵایەتی دانانرێت. دەستووری ئێستا خۆی لەسەر هاوکێشەیەکی گشتگیر بنیاتنراوە: دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا دەیانتوانی ڕێگری لێبکەن، بەڵام نەیانکرد. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کۆمەڵگەی عەرەبی سوننە کە سەرەتا بە گومان بوو یان بانگەوازی بایکۆتکردنی دەستوریان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەوان زیاتر پابەندن بەم دەستوورەوە وەک لەوانەی کە یارمەتی داڕشتنی دەستووریان دا لەسەرتادا.
سێیەم، سەبارەت بە گۆڕان لە “دۆخی پێکهاتەکان” بۆ “دۆخی هاووڵاتیبوون”، ئەو تێڕوانینێکی دووپاتکردەوە کە لە ساڵی 2016 ەوە دایڕشتووە وباسی لێوە دەکات. ئەیش ئەوەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی عێراق، ئەستەمە لەناکاو دوو حیزبی گەورەی نەتەوەیی دروستببێت کە بەتەواوی تایفە ونەتەوە تێپەڕێنن. بەڵام ئەو پێی واقیعیە کاربکرێت بۆ درستکردنی دوو هاوپەیمانی “ستوونی” کە لە باکوورەوە بۆ باشوور فراوان بێت و هەریەکەیان پارت و کەسایەتی تێدابێت کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکەن. ئەو دوو کوتلە نەتەوەییە دواتر کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکەن و هەرکامیان زۆرینەی سادە بەدەست بهێنێت، ئەوا دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. لەبەرامبەردا، هاوپەیمانێتی دووەم سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرایەتی لایەنەکانی دیکە دەکات. لەم سیستەمەدا هەموو کۆمەڵگایەک لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا بەشدارن و هیچ گروپێک هەست بە پەراوێزخسبوون ناکات.
ئەلحەکیم ئاماژەی بەوەشدا کە عێراق هێواش هێواش بە ئاراستەی دروستبوونی ئەو دوو هاوپەیمانیتیە دەڕوات. پێشتر، هاوپەیمانێتییەکان بە ڕوونی لەسەر بنەمای پێکهاتە بوون: هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی کورد، بەرەی سوننە و کوتلەی شیعە. ئەمڕۆ، جیاوازی نێوان شیعەکان و سوننەکان و کوردەکان بەدی دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری لە شووناس بۆ ناکۆکی سیاسی و پرۆگرامی. ئەم پەرەسەندنەش بە بۆچوونی ئەو بناغەی هاوپەیمانی داهاتوو دادەنێت کە هاووڵاتیبوون و سیاسەت لە سەرووی مەزهەب یان نەتەوە دادەنێت.
دەرئەنجام: ڕێڕەوێکی سەخت بەڵام بەرەو پێشەوە دەڕوات
گفتوگۆکە لەگەڵ عەممار ئەلحەکیم وێنەی عێراقێک دەکێشێت کە نە لە سەرەتای ململانێی دوای ساڵی 2003 دایە و نە بەتەواوی لە دۆخە دەرچووە. وڵاتەکە لە جەنگی بوون، تیرۆر و داڕمانی دامەزراوەکان ڕزگاری بووە. ئەوەی ئێستا نیشانی دەدات بەردەوامێتی وئاساییبوونی هەڵبژاردنەکانە و ئاستێکی بەرزتری سەربەخۆیی بڕیاردانی ناوخۆییە و بەرەوپێشچوونی هۆشیارانەیە لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و دانپێدانانێکی زیاترە بەوەی کە گەندەڵی دەبێت لە ڕووی سیستەمەوە چارەسەر بکرێت، نەک تەنها سزا.
لە هەمان کاتدا، عێراق هێشتا بەدەست جێبەجێکردنی ناتەواوی دەستوور و دۆخێکی هەڵپەسێردراوی فیدرالی و دینامیکیەتی تاک داهات و و گرژی نێوان سیاسەتی ناسنامە و خواستی دەوڵەتێکی هاووڵاتیبوون، دەناڵێنێت. هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025 بە قسەی ئەلحەکیم وەک لەساتەوەختەکی گرنگ بەڕێوەدەچێت: دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی ڕێڕەوێک بەرەو “سەقامگیریی بەردەوام” ،یان بەفیڕۆدانی ئەو دەستکەوتانەی کە بە زەحمەت بەدەستهاتوون.
ئەو ڕێچکەیەی ئەلحەکیم دەکێشێت ڕوونە بەڵام پەیتا پەیتا دروست دەبێت: مامەڵە لەگەڵ دەستوور بەکۆی گشتی، پاشان پێداچوونەوە هێمنانە؛ دەرهێنانی یاسای ستراتیجی کە دامەزراوە فیدراڵییەکان پێناسە دەکات؛ بەکارهێنانی ڕێککەوتنامەی نەوتی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ سەقامگیرکردنی بابەتی دابەشکردنی داهات؛ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ڕێگەی شەفافییەت و سیستەمی ئەلیکترۆنی؛ بەرزراگردنی زۆرینەی دیموکراسی لە دژی درەستبوونی دیکتاتۆری؛ وەهەروەها و دروستکردنی پەیتا پەیتای هاوپەیمانی ستوونی کە پێکهاتە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت. ئەم خاڵانەش پێویستن بۆ دروستبوونی “دەوڵەتی هاووڵاتیبوون” کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بێ گوێدانە ناسنامە خۆیان لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەبینن و خزمەتیان دەکات.
دیداری مێری 2025
دەوڵەتسازی لە نێو داینامیکی سیاسی ئاڵۆزدا B

