Back

راپۆرتی كۆنفرانسی عەممان بۆ كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق

پوختەی راپۆرت

ناوچەی لێڤانت و عێراق یەکێک لە ئاڵۆزترین و دەوڵەمەندترین هەرێمەكانی جیهانە و لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە یەکێکیە لە ناوچە هەرە لێكترازاوەکان. ئەو ناوچەیە بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدای بەرفراوان دەبێتەوە، لەوانە ململانێی درێژخایەن، ناسکی و لەرزۆكی دەوڵەت، گەشەنەکردنی ئابووری و دابەشبوونی قووڵی کۆمەڵایەتی. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی رەوتی کاردانەوەکان تێپەڕێندرێت و لەبری ئەوە دیدێکی بنیاتنەر و پێشبینیکراو بۆ داهاتووی ناوچەکە لە قاڵب بدرێت.

ئەمە بنەما و پاڵنەری پشت دامەزراندنی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق بوو، كە لە 30 ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری هەولێری هەرێمی كوردستانی عێراق و لە میانی دیداری ساڵانەی ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (دیداری مێری) راگەیەندرا. ئەو كۆڕبەندەی لەلایەن کۆمەڵێک دامەزراوەی بیرکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتانی لێڤانت و عێراقەوە پێکهێنراوە، و دەستپێشخەرییەکی مەزن و هەوڵێکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری ناوچەیی و کاریگەریی سیاسەتی پێكڕایی.

کۆڕبەندەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ببێتە تۆڕێکی گەشەسەندوو بۆ لێكبەستنەوەی دامەزراوەکانی بیرکردنەوە و پۆڵەسی، و ببێتە سەکۆیەکی ناوازە بۆ دیبەیت و كاری هاوبەشی نێوان داڕێژەرانی سیاسەت، توێژەران، سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. ببێتە مایەی دابینكردنی كەشێكی زیندوو بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر و داڕشتنی پۆڵەسی لەسەر بنەمای بەڵگە و چارەسەرکردنی کێشەی هاوبەش. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و دیبەیت و داهێنانی هاوبەشەوە، كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق كار بۆ پێشخستنی ئاشتی، خۆڕاگری و گەشەپێدانی بەردەوام لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەكات.

ئامانجە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە بریتین لە برەودان بە پێشوەچوونی کۆمەڵایەتی و ئابووری و یەکگرتنی قووڵتری ناوچەیی. هەوڵدەدات بۆ: (أ) دەستنیشانكردنی بەها، ئاوات و تەحەددیاتی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکەدا، ئەویش بۆ داهێنانی ئاستێكی بەرز لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ناسنامەی هاوبەش؛ و (ب) پێشخستنی ستراتیژی گشتگیر بۆ گفتوگۆ، هاوکاری ئابووری، ئەنجامدانی پڕۆژەی سنووربەزێن و داهێنانی پۆڵەسی.

كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق لە رێگەی سەرکردایەتی خۆماڵي (ناوچەیی) و ڕێکخەرانی نیشتمانی بە شێوەیەکی خولاو بەڕێوەدەچێ، هاوكات لەسەر بنەمای سەربەخۆیی دامەزراوەكان، هاودەنگی و دیدی هاوبەش کاردەکات. كۆڕبەندەكە پشتگیری لە دەستپێشخەرییە نەرمەكان دەکات کە ئەندامان سەرپەرشتی دەکەن و پێشوازی لە دامەزراوە هاوكارەكان دەكات كە ببنە ئەندامی فیعلی (بۆ ئەوانی ناوچەكە) یان فەخری (بۆ نێودەوڵەتیەكان). لە ڕێگەی كۆنفرانسی ساڵانە و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە هاوبەشەکانەوە، کۆڕبەندەکە برەو بە کاریگەرییەتی پێكەوەیی دەدات و هەماهەنگی و هاوكاری ناوچەیی بەهێز دەکات.

قۆناخێكی گرنگ لە گەشەی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق بریتی بوو لە کۆبوونەوەی یەكەمی دوای راگەیاندن، كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە 2 ی حوزەیرانی 2025 بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە بە هاوبەشی لەلایەن ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە و سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی زانكۆی ئوردون و کۆنراد ئەدیناوێر شتیفتونگی ئەڵمانیەوە ڕێکخرا. ئەو كۆنفرانسە بژاردەیەكی فراوانی هاوبەشە ناوچەییەكانی کۆکردەوە بۆ داڕێژتنەوەی دیدگای درێژخایەنی کۆڕبەندەکە، چەسپاندنی چوارچێوە ڕێکخراوەییەكەی، لێکۆڵینەوە لە تەحەددا سیاسیە هەنووكەییەكان و نەخشەكردنی ڕێگایەک بۆ پڕۆژەی هاوبەش.

لێڤانت و عێراق

درێژەی راپۆرتی كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق لێرەوە دابەزێنە

Comments are closed.