Back

ئێران و پارتە کوردیە ئۆپۆزیسیۆنەکانی: پێویستی گفتوگۆ

ئێران و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکانی چەندین دەیەیە لە شەڕی ناوبەناودان. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تازەی سیاسی ناوچەکە وە سەرکەوتنی کۆماریەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئێران پێویستە کە گفتوگۆ بکات لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان.

ئەو ڕاپۆرتە لێرە بە فایلی پی دی ئێف دابەزێنە

سەرەتا
سەرەڕای ئەوەی کە ئێران و پارتە کوردیەکانی ئێران چەندین دەیەیە لە شەڕی ناوبەناودان، ئێران نەیتوانیەوە کە کۆتای بەم پارتانە بهێنیت. بە هەمانجۆر، پارتە چەکدارە کوردیەکانی ئێران نەیانتوانیوە کە داواکانی خۆیان بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنن وە کەواتە پێویستی سازانێک لە ئارادایە. پارتە کوردیەکان نکوڵی لەوە ناکەن کە دانوستان و دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتی ئێران بکەن بەڵام بە مەرجێ کە دەوڵەتیش جدی بێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن.

پارتە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان
چەندین پارتی کوردی هەن کە لە کۆمەڵگەی کوردی ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتوە. لەناو ئەمانەدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە ١٩٤٥ دامەزراوە، حیزبی دیموکراتی کوردستان، کە ساڵی ٢٠٠٤ لەوەی پێشو جیابووەتەوە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستانی ئێران (کۆمەڵە)، کە لە ١٩٦٩ دامەزراوە وە ئێستا بووە بە سێ بەش : حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان. پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەم دواییانە ڕایگەیاند کە چالاکی سەربازی دەست پێ دەکاتەوە لە ئێران تا زۆر لە دەوڵەتی ئێران بکات کە مافی یەکسان بدات بە کورد لەو ووڵاتە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش کە نزیکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئێران چالاکە. چەند ڕیکخراوێکی تری بچوکتریش هەن وەک سازمانی خەبات.

پارتە کوردیەکانی ئێران بەکۆ لەسەر ئەوە سورن کە هەوڵدانی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مافە سیڤیل و سیاسیەکانی میللەتی کوردە لەو ووڵاتە. ئەوان دەڵێن کە سیاسەت لە ئێران لەلایەن یەك قەومیەت و لایەنی ئاینیەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە ئەوانیش فارس و شیعەن. بەم جۆرە ئەوان ئەوە دوپاتدەکەنەوە کە تێکۆشانی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسانە بۆ قەوارەو ئاینە جیاوازەکانی ئێران.

هەروەها ئەوان ئەوە دوپاتدەکەنەوە کە ئێران بەڕاستی و بەچاوی بایەخەوە لە گفتوگۆی ئاشتیانە ناڕوانێت. بۆ نمونە، ئەوان ئێران بەوە تاوانبار دەکەن کە عەبدولرەحمان قاسملۆو سادقی شەرەفکەندی کوشتبێ لە ساڵی ١٩٨٩ و ١٩٩٢ کە ئەم دوو کەسەش دوو سەرۆکی ئەوانبوون. ئەوان جەختدەکەنەوە کە قاسملۆ بە نیەتێکی باشەوە بەشداربوو لە دانوستانی نهێنی لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کە کاتێک کوژرا، ئەمەش لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی وە لەسەر مێزی گفتوگۆ کوژرا.

دیوی ناوخۆ
سەرەڕای داواکاریەکانیان، پارتە کوردیەکانی ئێران لە ناو خۆیاندا بەشبەشن. ئەوان تا ئێستا نەیانتوانیەوە کە پێکەوە لەسەر یەك نەخشەڕێگا یان بڕیار ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی کە چ هەنگاوێک پێکەوە بگرنە بەر. ئەم تەفرەقەیە کاریگەری خراپی لەسەر ئاواتەکانی ئەوان هەبووە. لە ناوەڕاستی ١٩٨٠دا، سەدان کەس کوژران لە شەڕی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەدا. ئەم بەشبەشیە بەو لەتبونانەشدا دیارە کە بەسەر کۆمەڵەش و پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیشدا هاتووە. کەواتە پارتە کوردیە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێویستە کە دەسپێشخەری واقیعیانە بەرهەمبهێنن وە ڕێگای ئاشتەوای بگرنە بەر. ئەوان پێویستیشە کە یەك پرۆژەی یەکگرتوو پەرەپێ بدەن کە چۆن لەگەڵ ئێراندا مامەلە بکەن وە بە یەکگرتووی یەك ڕێگا بگرنەبەر کە ئەمەش قورسایی زیاتری دەبێ.

لە لایەکی ترەوە، ئێران، ئەم پارە کوردیانە بە یاساغ و دوژمنی دەوڵەت دەزانێ کە گوایە ئاشتی و ئارامی ووڵاتەکە تێکدەدەن. ئێران بڕوای وایە کە کورد لەو ووڵاتە ئازادە کە بەشداری سیاسەت بکات بەپێی یاسای ووڵات. لە ڕاستیشدا چەندین کورد بۆ پەڕلەمانی ئێران هەڵبژێردراون و پۆستی دەوڵەتیشیان بە دەستەوەیە بەڵام تەنانەت بەم دواییەش لێپرسراوان لە پەڕلەمانی ئێران پێکهێنانی بەرەیەکی کوردیان لە پەڕلەمانی ئیران ڕەتکردەوە.

ووڵاتە یەکگرتووەکان: هاتنی ترەمپ
هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی ئەمریکا پێدەچی کە کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وە بەتایبەتی دەربارەی ئێران. داڕێژەرانی سیاسەتەکانی ئێران ڕەنگە بۆیان باشبێت کە سیاسەتەکانی سەرۆکی تازەی ئەمریکا دەربارەی ئێران لەبەرچاو بگرن. سەرۆکی تازە دۆناڵد ترەمپ گفتی داوە کە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە وە ئەو بیر لە دانانی توندئاژۆکان دەکات لە ئیدارەکەیدا وەك جۆن بۆڵتن و ڕوودی جولیانی و میت ڕۆمنی. ئەو مایکڵ فلین و ڕێنس پریبەسی داناوە وەك دوو ئەندامی ئیدارەکەی کە دوو کەسی توندئاژۆن. ترەمپ ئەوانی وەك ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەمریکا داناوە. کەواتە لە جێی خۆیدایە کە چاوەڕێی بەرزبونەوەی گرژیەکان بکەین لە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا لە ماوەی ئەم ئیدارە تازەیەدا. لەمەش زیاتر، کۆنگرێسی ئەمریکا ئێستا پرۆژە یاسایەکی پەسەندکرد کە ڕێگە بە تازەکردنەوەی یاسای سزاکانی سەر ئێران دەدات کە لە کۆتای ئەمساڵدا ماوەکەی بەسەر دەچوو. هەرچەندە، ئەمە دەبێ سەرۆكیش واژۆیکات تا ببێتە یاسا. ئەوەی ئەم گۆڕانکاریانە نیشانی دەدەن ئەوەیە کە تەرکیزێکی زۆری ئیدارەی تازە لەسەر ئێران دەبێت. کەواتە بە ئاشتەوایی لەگەڵ کورد ئێران ئەگەری ئەم کێشەیە کەم دەکاتەوە کە سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشێت و ببێتە هۆکارێکی تر کە ئیدارەی ترەمپ بتوانێت بیکاتە ئامانج.

هەڵومەرجی سیاسی ناوچەیی
بەشێکی زۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا بە تەنگژەی سیاسی و وە یان شەڕی چەکداریدا تێپەڕ دەبێت، ئێران بەشی هەیە لە هەموو ئەمانەدا هەر لە کێشەی یەمەنەوە تا شەڕی دژی داعش لە عێراق و شەڕی چەند لایەنەی سوریا. کورد لە عێراق و سوریا لە پێشی پێشەوەی شەڕی داعشن، وە ئەمەش کارێکی گەورەی کردوەتە سەر پلەوپایەی ئەوان. کورد لە عێراق قەوارەیەکی فیدراڵیان هەیە لەو ووڵاتەدا (هەرێمی کوردستانی عێراق) کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەستوری عێراقەوە دانی پێدا نراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی سوریاش بەشێوەیەکی دیفاکتۆ بووەتە هۆی دامەزراندنی قەوارەیەکی تری کوردی لەو ووڵاتەدا کە بە هەرێمی فیدراڵی ڕۆژاڤا ناسراوە. ڕۆاڤاش بە هاوپەیمانێکی سەرەکی شەڕی دژی داعش دادەنرێت لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە (بێجگە لە تورکیا) بە ڕادەیەك کە ئەمریکا تا ئێستا داواکانی تورکیای ڕەتکردوەتەوە کە لە نێوان ئەوو ڕۆژاڤادا یەکێکیان هەڵبژێری. بەمجۆرە ئێران و پارتە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان دەبێت ئەو گۆڕانە سیاسیانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن لەبەرچاو بگرن چونکە دەرفەت هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان کورد لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئێران. لە ڕێگەی پەیوەندی باشترەوە لەگەڵ کورد لە عێراق، ئێران دەتوانێ دەنگێکی باشتری هەبێت لە داهاتووی عێراقی دوای داعش. بە هەمانجۆر، داهاتووی دەوڵەتەکەی ئەسەد لە سوریا هەرچییەك بێت، پەیوەندی باشتر لە نێوان ئێران و ڕۆژاڤادا دەبێتە هۆی بوونی کاریگەری زیاتری ئێران لە داهاتووی سوریادا. بەڵام سەرهەڵدانەوەی ڕووبەڕووبونەوەی چەکداری وە خراپبوونی دۆخەکە لە نێون ئێران و پارتە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان نەک تەنها ڕەنگە ڕێ لە پەیوەندی باشتر بگرێت لە نێوان ئێران و کوردەکانی دەڤەرەکە بەڵکو دەکرێ کە کاریگەریەکی نەرێنی قوڵی لەسەر ئەم پەیوەندیانە هەبێت.

بە پێچەوانەوە، ڕێککەوتنێکی ڕەوا لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان وە یان لەگەڵ پێدانی مافی یەکسان بە کوردەکان، دەبێتە هۆی هێنانەدی پەیوەندی باشتر نەك تەنها لەگەڵ کورد لەو ووڵاتە، بەڵکو لەگەڵ ئێران و کورد لە دەڤەرەکە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکێتی ناوخۆی ئێران وە بەهێزترکردنی پایەی ئێران لە ناوچەکەدا. ئێران ناتوانێ سەرۆکایەتی ناوچەکە لە ئەستۆبگرێ وەك ئەو دەیەوێ بەبێ ئەوەی بە ڕاستی دەست بۆ کورد درێژ بکات لەناو خۆیدا وە وەك شەریك مەمەڵە لەگەڵ کورد نەکات.

ئیران و پارتە کوردیەکان بە دڵنیاییەوە دەتوانن چاو لە چارەسەری شەڕەکانی تر بکەن وەك ئەو ڕێکەوتنەی بەم دواییانە کرا لە نێوان کۆلۆمبیاو هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا کە بە ‘فارك’ ناسراون. ئەم ڕێکەوتنە شەڕێکی ٥٢ ساڵە کۆتای پێ دێنێ کە هەزاران قوربانی لێ کەوتوەتەوەو ملیۆنان کەسیشی ڕاگواستوە. وە هەروەها دەتوانن وانە لە ئەو ڕێکەوتنانەشی کە کۆتاییان بە شەڕی ٣٠ ساڵەی ئایرلەندی باکورهێنا وەرگرن (ڕێکەوتنی گود فرایدەی، ١٩٨٨، لەگەڵ سەینت ئاندروس). گرنگیشە کە ئەوە بوترێ کە لەکاتی شەڕی چەکداریدا ڕیکەوتن زەحمەتە وە ئەمەش خاڵێکە کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پێشچاوی بگرێ.

پێشنیارەکان
لە ئاکامی گۆڕانی بارودۆخی سیاسی ئێستای ناوچەکە وە ئەو گۆڕانانەش کە دەکرێ ڕووبدەن، گرنگە بۆ ئێران کە دانوستانی ڕاستەقینەی ئاشتی بکات لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێك کە سودمەند بێت بۆ هەردوولا. ئەمە پلەی ئێران بەرزدەکاتەوە وەك هێزیكی هەرێمی. کەواتە ئێران خۆی یەکەم سودمەند دەبێت لەمە. بە پێەچەوانەوە، فەرامۆشکردنی ئەم بابەتە ڕەنگە ئاکامی خراپی هەبێت بۆ ئێران وە بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەرێمەکەش. هەروەها دەکرێ کە کاریگەریەکی خراپی هەبێت لەسەر پەیوەندیەکانی ئێران لەگەڵ کورد لە ناوچەکە. ڕێگای پەیوەندی باشتر لە نێوان ئێران و کورد لە دەوروبەری ئەو ووڵاتە یەکەمجار لە کوردستانی ئێران خۆیەوە سەرهەڵدەگرێت. دەربارەی پارتە کوردیەکانیش خۆیان، گەر ئەوان بیانەوێت کە بە جدی وەربگیررێن، ئەوا دەبێت کە جیاوازیەکانیان بخەنە لاوە، شەڕی چەکداری بوەستێنن وە بە یەك پرۆژەی واقیعیەوە بێنە مەیدان کە بتوانن هەموو بەیەك دەنگ کار بۆ بەدەستهێنانی بکەن.

 

ئەو ڕاپۆرتە لێرە بە فایلی پی دی ئێف دابەزێنە

  بۆ بەکارهێنان وەکو سەرچاوە: Ali, H. (2016) Iran and its Opposition Kurdish Parties: The Need for Dialogue, MERI Policy Brief. vol. 3, no. 22.


ئەو بیروڕایانەی لەم بابەتەدا خراونەتەڕوو بیروبۆچونی نوسەرن و مەرج نیە کە بیروبۆچونی ئینستیتیوتی مێری بن.

Comments are closed.