Back

رێککەوتنی شەنگال: پێشکەوتن و بەربەستەکان

رێککەوتنی شەنگال: پێشکەوتن و بەربەستەکان

ئەم پانێڵە شیکارییەکی قووڵ دەخاتە روو لە ئاست ئالنگاری و دەرفەتەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەژێر ڕۆشنایی وتەکانی  هەردوو بەڕێز رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی بۆ کاروباری سیاسی و هاوکاری هەڵبژاردنەکان.

  • رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم
  • کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری سەرۆکی یونامی
  • خۆگر وریا، توێژەر لە ئینستیتیوتی مێری   (بەڕێوەبەری پانێل)

وەزیری ناوخۆی هەرێم هۆکار و ئالنگاریەكانی بەردەم دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەی شنگال و هەوڵە سیاسییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالی کە زەمینەی بۆ رێککەوتنی شنگال خستە ڕوو. بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد ئەو رێککەوتنەی بە “دەستکەوتێک” وەسف کرد و جێبەجێکردنی وەک “نەخشەڕێگایەک و هەنگاوێک بەرەو جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ لەو ناوچە جێناکۆکەکان ناوهێنا.”

بەرێز رێبەر ئەحمەد پێی وابوو کە ئەم ڕێککەوتنە هەموو ئەو  کێشانە چارەسەر دەکات کە رووبەڕووی شنگال بووەتەوە و چارەسەریان بۆ دابین دەکات. بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەکراوە بەهۆی، بەوتەی ئەو، نەبوونی ئیرادەی سیاسی لە بەغدا بۆ جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێم یان هەریەک لە یاسا دەستوورییەکان کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە . دواتر گوتیشی “هەرچەندە لێک تێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرالی هەیە، بەڵام کاتێک باس لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و یاسایانە دەکرێت، ئیرادەیەکی دیکە لە پشت پەردەوە هەیە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی عێراقە، کە بەربەست لەبەردەم ئەم هەوڵانە پێکدەهێبێت.” بەڕێز رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان لە عێراق پێویستیان بە یەکگرتوویی هەیە بۆ دروستکردنی گفتوگۆی ئاشتیانە و جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەو یاسا و رێککەوتنانە.

بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، رێککەوتنی شەنگال لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە بریتین لە کارگێڕی، ئاسایش، ئاوەدانکردنەوە ودروستكردنەوەی ژێرخان و پێکهێنانی لیژنەیەکی یەکگرتوو لە نوێنەرانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. ئەو پێی وابوو کە بەشی چوارەم گرنگترین بەشە، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەم رێککەوتنە لە نێوان دوو حکومەتدایە. گوتیشی “بەغدا پابەند نەبووە بەم بەشە و بە شێوەیەکی تاکلایەنە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی بڕگەیەك لە بڕگەكانی رێککەوتنەکە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی حکومەتی هەرێم. ئەمەش پێچەوانەی رێکەوتننامەکەیە. ناکرێت حکومەتی هەرێم لەکاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا پشتگوێ بخرێت، چونکە یەکێکە لە لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان”.

پاشان بەڕێز رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە ئەکتەرە سیاسییەکان و گروپە چەکدارەکانی شنگال کرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ناوچەکەدا چالاکی دەکەن و بەربەست بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئێزدییەکان بۆ ناوچەکانیان دروست دەکەن. دانى بەوەدا نا کە محەمەد شیاع ئەلسودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڕیارە کۆتایی بە بۆشایی ئەمنى شنگال بهێنێت و رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، بەڵام گروپە چەکدارەکان لەسەر مەیدان دژایەتی دەکەن و رێگە نادەن رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

بەپێی لایەنی ئەمنیی رێککەوتنەکە، پێویستە سەرجەم هێزە چەکدارەکان بە هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و گروپە سەربەخۆکان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق ناوەندی قەزاکە  چۆڵ بکەن و بچنە دەروەی سنووری ئیداری قەزای شنگال. پێویستە پۆلیسی فیدراڵی جێگەی ئەو هێزانە بگرێتەوە ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات. بەپێی  ڕێککەوتنامەکەش دەبێ 2500 پۆلیس دابمەزرێنرێن و بە شێوەیەکی پیشەیی راهێنانیان پێبکرێت. بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، لایەنی ئەمنی مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو و ژێرخانەکان، چونکە دەبێت دۆخی ئەمنی ئاسایی بکرێتەوە و هەموو هێزە چەکدارەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن.

بەڕێز کلاودیۆ کۆردۆن، سەر بە یونامی، ڕێککەوتنامەی شنگالی بە بەشێک لە چارەسەرێکی گەورەتر بۆ کێشەی شەنگال وەسف کرد و پێزانینی خۆی بۆ پابەندبوونی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەربڕی. هەروەها هۆشیاریدا لە پێشوەنەچوون لەجێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیە و لەوەی کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان (ناحكومیەكان) بەربەستی سەرەکین لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال. ناوبراو گووتەیەكی جنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنایەوە کە: “ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە ئێستادا دەستی باڵایان لە کێبڕکێی دەسەڵاتدا هەیە.”

بەڕێز کۆردۆن تیشکی خستە سەر ئاستەنگە تایبەتەکانی پەیوەست بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێککەوتنەکە، لەوانە دەستنیشانکردنی قایمقامی شارەوانی شنگال و دامەزراندنی هێزێکی پۆلیس بۆ جێگرتنەوەی گروپە چەکدارەکانی وەک پەکەکە و حەشدی شەعبی، لەگەڵ پێشوەنەچوونی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە، سەرەڕای تەرخانكردنی بودجە لە بەغدا و تەمویلی نێودەوڵەتیەوە. بەڕێز کۆردۆن جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئالنگاریانە لەگەڵ ململانێی دەسەڵات و دوودڵی گروپە چەکدارەکان بۆ کشانەوە، کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە هەیە کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە.

بەڕێز کۆردۆن باسەکەی فراوانتر کرد بۆ دەرەوەی ڕێککەوتنی شنگال و جەختی لەسەر رۆڵی ڕێکخراوەکەی کردەوە وەک بەشێک لە چارەسەرێکی گەورەتر بۆ ئالنگاریەكانی تری سەقامگیری عێراق. بە گوتەی کۆردۆن، ئامانجی رێککەوتنەکە هێنانەدی سەقامگیری بووە بۆ ناوچەکە، و پێویستی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئێزیدی بووە، بە ئاماژەدان بە یاسای رزگاربووانی ئێزیدی و هەوڵەکانی قەرەبووکردنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوانەی جینۆسایدیان ئەنجامداوە،  پێویستە دادگایی بکرێن. پێویستە ئەوەشیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئەنجامبدرێت. لە کاتێکدا دان بەوەدا دەنێت کە گرنگە پرۆسەکە بۆ هەموو قوربانییەکان گشتگیر بێت، بەڵام گرنگە دوور بکەونەوە لە لۆمەکردنی بەکۆمەڵ لەسەر کۆمەڵگەیەک، بە تایبەتی سوننەکان. جەختیشی کردەوە: سوننە هەبوون کە لە داعشدا چالاک بوون، سوننە هەبوون هەوڵیاندا لە ژیان بمنێننەوە، هەندێکیش هەبوون کە لە راستیدا یارمەتی ئێزدییەکانیان داوە بۆ  پاراستنیان”.

بەڕێز کۆردۆن باسی لە نیگەرانییەکانی کرد سەبارەت بە گشتگیربوونی رێککەوتنەکە و جەختی لەسەر پێویستی گفتوگۆ کردەوە. وێڕای درککردن بە ناڕەزایەتییەکانی پەیوەست بە راوێژنەكردنەوە، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە سەرنجیان لەسەر جەوهەری رێککەوتنەکە بێت. ئەو بانگەشەى کرد بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە خاڵە تایبەتەکان لە ناو رێککەوتنەکەدا بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆیەکی بنیاتنەر کە باس لە نیگەرانییەکان بکات و گشتگیری بەرەوپێش ببات.

دامەزراندن لە کەرتی ئەمنی لە شنگال

سەبارەت بە دامەزراندنی 2500 کەس بۆ کەرتی ئەمنی شەنگال، بەڕێز کۆردۆن پشتگیری لە بیرۆکە کرد و جەختی لە گرنگی وەرگرتنی پێوەرەکانی هەڵبژاردنی شەفاف کردەوە، لەوانەش پرۆسەی پشکنینی باوەڕپێکراو بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردنی ئەو کەسانەی کە پابەندن بە مافەکانی مرۆڤ و هەمەجۆرکردنی جێندەری. ناوبراو تیشکی خستە سەر دەرفەتی دابینکردنی بەدیلەکانی دامەزراندن بۆ ئەو گەنجانەی کە بە هۆکاری ئابووری مەترسی پەیوەستبوونیان بە گروپەکانی دیکەوە هەیە.

بەڕێز کۆردۆن دانی بە گرنگی داهێنانی ژینگەیەکدا کە هانی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بدات و جەختی لەسەر رێوشوێنی هەمەلایەنەی وەک ئاوەدانکردنەوە و پشتگیری بژێوی و دڵنیابوون لە ژیانێکی ئاسایی بۆ دانیشتوانی گەڕاوە کردەوە.

پاشان هەردوو بەشداربوو جەختیان لەسەر پێویستی گفتوگۆی شەفاف و گشتگیری و چارەسەرکردنی پرسە فراوانەکان لە عێراق کردەوە. داوای لابردنی ئەو بەربەستانەیان کرد کە رێگری لە هەوڵەکانی قەرەبووکردنەوە دەکەن. دامەزراندنی پۆلیسی ناوخۆ وەک هەنگاوێکی ئەرێنی ئەبێت، بە مەرجێک بە شێوەیەکی شەفاف و گشتگیر جێبەجێ بکرێت، کە ببێتە هۆی بەجێگەیاندنی ئامانجی گشتی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا.

ديداری مێری 2023

گەنگەشەی سیاسەتە دەستبەجێكانی عێراق

11-10 ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم

پانێڵی 13: رێککەوتنی شەنگال: پێشکەوتن و بەربەستەکان

ڤیدیۆی پانێڵ

Comments are closed.