Back

باشترین هەنگاوی داهاتووی هەدەپە

هەڵبژاردنی ئەم دواییەی تورکیا دەنگۆیەکی گەورەی لە داینامیکی سیاسی ئەو وڵاتە دروست کرد بەهۆی دوو هۆکار. یەکەم، هاوڵاتیانی تورکیا بەجۆرێک لە جۆرەکان ناڕەزامەندی خۆیان پیشانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) کرد. بۆ یەکەم جار لە دوای ١٣ ساڵ، ئەکەپە خۆی لەبەردەم کورتهێنانی ئەوتۆی دەنگەکانی دەبینێتەوە کە ناتوانێت بەتەنیا حکومەت پێک بهێنێت. بەهەمان شێوە، ویستی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری لەکاتی بردنەوەی زۆرینەی ڕەها لە لایەن ئەکەپەوە، شکستی هێنا. دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە ئاستەنگێکی گەورە بۆ ئەکەپە دروست دەکات، چونکە ئەکەپە لە دروستکردن و ڕابەرایەتیکردنی حکومەتی هاوپەیمانی ڕانەهاتووە و کلتوری سیاسی تورکیا بە زۆرینە دژی حکومڕانیەتی حکومەتی هاوپەیمانییە.

دووەم، کوردەکان گەیشتن بە خاڵیکی مێژوویی لە ڕێگەی ئەو پارتەی کە نوێنەرایەتی زۆرینەیان دەکات، کە بریتیە لە پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە)، کە توانی بگات بە پەرلەمان بە تێکشکاندنی بەربەستی ١٠%. بەو چەشنە، دەرفەتێکی بێ وێنەیان بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی دۆزەکەیان بۆ دیموکراسی زیاتر لە تورکیا و بە جموجۆڵدان بە پرۆسەی ئاشتی و بردنەوەی مافی دەستووری زیاتر بۆ کوردەکان.

پرسیاری سەرەکی لە کاتی ئێستا ئەوەیە کە ئایا هەدەپە ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە یان لەدەستی دەدات؟ بەپێچەوانەوە، ئایا ئەکەپە بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی زیاتری سەقامگیریی لە تورکیا، هاوشێوەی بەرەوپێشچوونی ئابووری و گەیاندنی پرۆسەی ئاشتی بە خاڵی مەبەست؟

جێگەی سەرنجە، دوا بەدوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە شەوی یەکشەمە، (٧ی حوزەیران)، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە، دەرگای بەڕووی بەشداریکردن لە هەرجۆرە هاوپەیمانێتیەک لەگەڵ ئەکەپە داخست. هەرچەندە ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ پێويست نه‌بوو بەڵام تێگەیشتن لێی ئاسانە، چونکە ده‌رهاويشته‌ی ئه‌و بەڵێنە بوو کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا ده‌ميرتاش بە دەنگدەرانی دابوو؛ یاخود هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لە لەسەرەتادا یاریەکە بۆ ئه‌كه‌په‌ زەحمەت بکات. بەڵام، ڕۆژی دواتر، لە ئیستانبوڵ ده‌ميرتاش وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی دا کە دەرگاکە بەتەواوی دانەخراوە، وەک هێشتنەوەی هیوایەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەکەپە.

هاوكات، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیری کاربەرێکەر، روكه‌شێكی پۆزه‌تيڤی له‌خۆ گرت و پێداگیریی کرد لەوەی ئەکەپە گەورەترین پارتە لە ناو پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی بەبێ ئەکەپە ئەستەم دەبێت. بەڵام، ئەکەپە، بەهەموو پێوانەکان دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیە چونکە لە دۆخێکی یەکجار ناسک دایە. لەبەردەم بژاردەی سەختدايه‌، لەنێوانیاندا پێکهێنانی حکومه‌ەت لەگەڵ یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانیان، يان پێکهێنانی حکومەتی کەمینە، يان دەستەوەستان لەبەردەم پارتی کۆماری گەلان (جەهەپە) بۆ دروستکردنی حکومەتی کەمینە، وه‌یاخود سه‌رله‌نوێ ئەنجامدانه‌وه‌ی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە.

بە بڕیاردان لەسەر هەڵمەتی ئەو دواییەیان و هەوڵەکانیان بۆ بردنەوەی دەنگی ناسیۆنالیستەکان، ئەکەپە زیاتر بەرەو پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستەکان (مەهەپە) هەنگاو دەنێت نەوەک به‌ره‌و نه‌ياره‌ ته‌قليديه‌كه‌يان، جەهەپە، یاخود هەدەپە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی. ئەمەش هەواڵێکی خراپە بۆ کوردەکان، و هەدەپە و زۆرینەی دەنگدەرانی ئەکەپە. ئەو كاره‌ نەک تەنیا هاوپەیمانیەکی لاواز و تەمەن کورت دەبێت. بەڵکو ڕێگر دەبێت لەبەردەم ئەکەپە لە پتەوکردنی دەستکەوتەکانی پێشووتريان، وه‌ك پرۆسەی ئاشتی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق. دياره‌ كه‌ یەکێک لە مەرجە هەرە سەرەکییەکانی مەهەپە بۆ هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئەکەپە (یاخود پاڵپشتیکردنی جەهەپە بۆ پێکهێنانی حکومەتی کەمینە) بریتیە لە دەستبەرداربوون لە پرۆسەی ئاشتی، کە بە دڵنیاییەوە جۆرێكه‌ له‌ کارەسات بۆ سەقامگیریی و دیموکراسیی لە تورکیا و میراتی ئەکەپە و ئاواتەکانی کورد لەو وڵاتە. ئەمەش مەترسی گەڕاندنەوەی تورکیای بۆ دۆخە کۆن و بەرزبوونەوەی تەنگەژە سەربازییەکانی لێ دەکەوێتەوە.

AKP-HDP

بۆیە پێویستە لەسەر سەرکردەکانی هەدەپە کە بەڕەکە لە ژێر پێی مەهەپە دەربێنن و دەست بە زنجیرەیەک دانوستان دەربارەی دەرئەنجامێکی سوودبەخش بۆ هەردوولا (هه‌ده‌په‌ و ئه‌كه‌په‌) بکەن. پێویستە هەدەپە بەڕوونی و بە ئاشکرا داخوازییەکانی بۆ گۆڕانکارییەکان لە دەستووری تورکیا بخاتە سەرمێزی گفتوگۆکان، کە دەتوانن لە ڕێگەیەوە دواتر پاڵپشتی دەنگدەرانیان بۆ بەشداربوون لە حکومەتی هاوپەیمانی بەدەستبهێنن. بەهەمان شێوە، ئه‌و كاره‌ دەرفەتێکی چوار ساڵيی لەبەردەم هەدەپە بۆ بەردەوامیدان بە کامپەینی ڕیفۆرمی دامەزراوەیی و دیموکراسی واڵا دەکات.

هاوپەیمانی هەدەپە و ئەکەپە نەک تەنیا سوودبەخشە بۆ سیاسەتی ناوخۆیی توركيا، بەڵکو بەردەوامیدەرە بەو سەرکەوتنانەی کە تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەدەستی هێناون. له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حکومەتی هەرێمی کوردستاندايه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆيانه‌دا تورکیایەکی سەقامگیر و له‌چه‌ك داماڵراو بێته‌ كايه‌وه‌، کە تێیدا کوردەکان مافەکانیان بەدەستبهێنن. وه‌ ده‌رفه‌تی بەردەوامیدان بە توانا ئابوورییەکانی هه‌رێم وەک ده‌روازه‌يه‌كی مه‌زنی بازرگانی و هەناردە کردنی نەوت و گاز بۆ تورکیا و ئه‌ولاتريش. هاوپەیمانی هەدەپە و ئەکەپە بەهەمان شێوە یارمەتیدەر دەبێت لە بونیاتنانی هەنگاوی ئەرێنی لەبەردەم کێشە ناوخۆییەکانی عێراق کە تورکیا تێیدا سوودمەند دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی کەرکووک و پێکهاتەی تورکمان لەو وڵاتە. لە کاتی بەشداربوونی مەهەپە لە حکومەت ئەم پرسانە بەدڵنیاییەوە ئاڵۆز و دژوار دەبن، ئه‌ويش بەهۆی لەخۆگرتنیان له‌ بیروبۆچوونی بەرتەسکی ناسیۆنالیستی تورکی.

لە کۆتاییدا، پێویستە ئەکەپە، وەک پارتێکی خاوەن زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان، ئەوە بزانێت کە هاوپەیمانی هەدەپە و ئەکەپە‌ی پشتئەستوور بە متمانەی هاوبەشی نێوان هەردوولا زۆر دڵنیاکەرەوەترە لە نزیکبوونەوە لە پارتێکی موحافیزکاری وەک مەهەپە، یاخود پێدانی دەرفەتێک بە جەهەپە بۆ دروستکردنی حکومەتێکی کەمینەی دژبە ئەکەپە. هاوڵاتیانی تورکیا قسەی خۆیان کرد، بۆیە پێویستە نوخبەی ئەو ووڵاتە ڕێگایەکی کاریگەر بدۆزنەوە بۆ دڵنیاکردنەوەی دەنگدەران لەوەی کە دەنگیان بیستراوە و ڕێزی لێ دەگیرێت بۆ ئەوەی تورکیا بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت و دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی پتەوتر بکات.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارەی ئەمڕۆی (٣٦٢) هەفتەنامەی ڕووداو بڵاوکراوەتەوە و هەروەها بە زمانی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی حوڕیەت دەیلی نیوز بڵاوکراوەتەوە.

Comments are closed.