ساموێل هانتینگتۆن، هاو دامەزرێنەری (فۆرین پۆڵیسی Foreign Policy) و دامەزرێنەری بەناوبانگی پرۆسەی بەدیموکراسیکردن، لە یەکێک لە نووسینەکانی دەڵێت: بنەمای ‘باج نهدان بەبێ نوێنەرایەتی’ داخوازیەکی سیاسی بوو، بەڵام دروشمی ‘نەبوونی نوێنەرایەتی بەبێ باج’ زیاتر هاوشانە لەگەڵ واقیعی سیاسی زۆربەی وڵاتان لە دوونیای هاوچەرخ. ئەوەی کە هانتینگتۆن تێبینیکردبوو بریتیە لەوەی کە بەبێ باج دان، پاڵنەرێکی ئهوتۆ نادرێته هاوڵاتیان تاوهكو داوای نوێنەرایەتی له بڕياری فهرمانڕهوايهتی بکەن. هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکە بۆ ئەم لێکدانەوەیە و ئەوەش نیشاندەدات کە چەندە ئەستەمە بۆ دیموکراسیهت کە تەواو گەشە بستێنێ و لە سایەی ئابووریەکی پشت بەستوو بە نەوت جێگەی خۆی بگرێت.
باج ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە مێژووی پەرەسەندنی دیموکراسیهتدا بينیووە. لە ئینگڵتەرا، بنەمای ‘باجنهدان بەبێ نوێنەرایەتی’ لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەم لە ماوەی هەڵگیرسانی شۆڕشی لەدژی پادشایەتی بووە هاواری خەڵک. واژۆکردنی ياسای مافەکان (The Bill of Rights) لە ساڵی ١٦٨٩ لە دەرئەنجامدا بووە هۆی دامەزراندنی پەرلەمانێکی بەهێزی ئەوتۆ کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن سنووردار بکات. بەهەمان شێوە، بووە پاڵنەری بەشداری سیاسی و چەسپاندنی لێپرسینەوە لە پادشاكهيان، کە دوای ئەوە پابهند كرا بهوهی كه پێش هەڵگیرساندنی شەڕ و زیادکردنی باج یاخود لەخۆگرتنی تێچووە سەرەکییەکانی تر، دهبێ رهزامهندی پەرلەمان وهدهست بێنێ. بهوه دانی باج بەپێی ڕەزامەندی پهرلهمان نەوەک بە زۆرداری هاتەکایەوە. شەڕی ئینگلتەرا لەگەڵ فەڕەنسا لە ساڵانی دواتر سەلماندی کە خەڵک لاری نیە لە دانی باجی زیاتر بەمەرجێک بتوانن قسەیەکیان هەبێت لەوەی کە ئەم داهاتە لەچی خهرج دهكرێت.
لە ماوەی ساڵانی جەنگ لەگەڵ فەڕەنسا، ئینگلتەرا توانی نزیکەی ٣٠% داهاتی له ڕێگهی باجی تاکەکەساندا مسۆگهر بكات، کەچی فەڕەنسا توانی تەنها ١٢% مسۆگهر بکات. بەم چەشنە ئینگلتەرا باڵادەستیەکی بەرچاوی بهسهر فهڕهنساوه بەدەستهێنا و لە دەرئەنجام بووه یەکەم وڵات کە سەروەری یاسا و بیرۆکراسیەت و لێپرسینەوە لە یەک پاکێجی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە. پێکەوەبەستنەوەی ئەو سێ چەمکە (توخمە) وڵاتێکی ئەوەندە بەهێز و شیاوی بۆ گەشەی ئابووری دروستکرد کە هێندهی پێنەچوو بووه مۆدێلێک کە لەسەرانسەری جیهان، و لە نێویاندا لە ئەمریکا لاسایی کرایەوە.
زۆر ئەستەمە کە پێشبینی بكرێت لهوهی کە چۆن دیموکراسیەتێکی تەندروست دەتوانێت بێتە ئاراوە لە سیستەمێکی ئابووری کە به زيادهوه پشتی بە حکومەت بهستووه.
بۆیە پەیوەندیەکی گرنگ هەیە لە نێوان داهاتی وڵات و دروستکردنی دەوڵەت، کە تێیدا ئاستی پشتبەستنی ئابووی دەوڵەت وێنای هەڵسوکەوتی حکومەت و پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا دیاری دەکات. بەو مانەیە بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازە لە زۆربەی مۆدێلە دیموکراسیەکان چونکە بۆ زیاتر لە ٩٠% بوودجەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت. ئەو جۆرەی داهات بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن حکومەتەوە مسۆگهر دەکرێت و وا لە حکومەت دەکات کە تەمویلی کارەکانی خۆی بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆکردنەوەی باج لە هاوڵاتیان. ئهوهش وا له هاوڵاتيان دهكات كه پشت به دهوڵهت ببهستن و دواتر دەبێتە هۆی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و حکومەت و پچڕاندنی پرۆسەکانی دیموکراسیهت.
لە دۆخی ئاساییدا، داهاتی دەوڵەت پشت بە داهاتی هاوڵاتیانی دەبەستێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە و داهاتی هاوڵاتیان پشت بە داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبەستێت. لەبری ئەوەی بهشێك بودجهی حكومهت لە ئابووری ناوخۆ دەربهێندرێت، كهچی نزیکەی تەواوی بوودجەی حکومەت دەچێتە ناو ئابووری ناوخۆ، دوای ئەوەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت، تەنیا ڕێگاش بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دەستیان بگاته ئهو داهاتە بريتيه لە ڕێگەی دامەزراوەکانی حکومەتەوە. ئەمەش رۆڵێکی زیاد لە پێویست ناوەندیانه و بەهێز لهبواری ئابووری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا کاری سەرەکی بریتیە لە دابەشکردنی داهاتی نەوت.
ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تۆڕی زەبەلاحی خزم خزمێنە (نيپۆتيزم) و هاوڕێيهتی (كرۆنيزم) له نێو دامهزراوهكانی حکومەت. لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی کار و دامەزراندنی فەرمانبەر بونەتە ئامانج چونکە مووچەی حکومەت بۆتە داهاتێکی ئەوەندە ئاسان کە هیچ پەیوەندیەکی بە پێویستی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە نهماوه.
لەوکاتەی کە نزیکەی ٥٠% ی هێزی کار لە لایەن حکومەتەوە دامەزرێندراوە و زياتر له یەک ملیۆن خەڵک مووچەیان لەسەر داهاتی حکومەتە، دەکرێت ئەو خەمڵاندنە بکرێت کە داهاتی هەموو خێزانێک لە کورستان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر کاریگەری حکومەتە. سەرەڕای ئەوە، تەنانەت کەرتی تایبەتی گرنگی وەک بنیاتنان بەزۆری پشت بە گرێبەستی حکومی دەبەستێت.
گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە وا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی له لێپرسینەوە لە بەرامبەر پێدانی مووچە و خزمەتگوزاریدا دەرباز بکات؛ لە بنەمادا پێچەوانەی خواستە دیموکراسیەکانی هەرێمی كوردستانە.
زۆر ئەستەمە کە پێشبینی بكرێت لهوهی کە چۆن دیموکراسیەتێکی تەندروست دەتوانێت بێتە ئاراوە لە سیستەمێکی ئابووری کە به زيادهوه پشتی بە حکومەت بهستووه. لەوکاتەی كهسێك کە ڕەخنە لە حکومەت بگریت، ترسی له لەدەستدانی داهاتەکەی دهبێت. بژاردەی عەقڵانی تاکەکەسەکان لەم دۆخەدا بەشێوەیەکی ئاسایی وا دهكات كه خۆ لەگەڵ سیستەمەکە و لێسوودمەندبوون لێی تهريب بکات، لەجیاتی ئەوەی بەرەنگاری ببێتەوە. پێویست بە گوتن ناکات، کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە وا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی له لێپرسینەوە لە بەرامبەر پێدانی مووچە و خزمەتگوزاریدا دەرباز بکات؛ لە بنەمادا پێچەوانەی خواستە دیموکراسیەکانی هەرێمی كوردستانە.
بەدڵنیاییەوە، لە دیداری مێری ئەمساڵ، سەرکردایەتی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ دانیان بە لاوازی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و نەبوونی سیاسەتی گشتگیر لە لایەن پارتە سیاسییەکانەوە دانا. کە نرخی نەوت لە سەرووی ١٠٠ دۆلارەوە دابەزی بۆ تەنیا ٤٠ دۆلار و بەغدا هەڵسا بە بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم، بووە هۆی هەژاندنی تۆڕی زەبەلاحی مووچەخۆران. ئاستی داهات لە نێوان ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ بۆ نزیکەی ٥٠% دابەزی، لەو کاتەی کە خەرجیەکانی وەک مووچە و دهرماڵه و پاڵپشتيهكانی خزمەتگوزاری (subsidies) وەک خۆیان ماونەتەوە.
لەو کاتەی کە هیچ داهاتێکی ئەوتۆ بۆ فرەییکردنی سەرچاوەکانی داهات لەبەردەستدا نیە، بە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی خێرا کورتهێنانی بوودجە گەیشتە نزیکەی ٨ تریلیۆن دیناری عێراقی. لە دەرئەنجام، لەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات لە پاراستنی سنوورەکانی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ شەپۆلی ئاوارە و پەنابەران، چیتر نەتوانرا مووچە لە کاتی خۆی بدرێت، پچڕانی کارەبا زیادی کردووە.
کەواتە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان چی بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی دارایی؟ وەک یەکەم هەنگاو، پێویستە حکومەتی هەرێم دامەزراندن لە کەرتی گشتی بەهەموو شێوەیەک ڕابگرێت. لە هەبوونی ٧٠٠ هەزار فەرمانبەر، بەدڵنیایەوە بوار دەبێت بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران لە کاتی هەبوونی هەر بۆشاییەک لە شوێنێکی تر. دووەم، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای دامهزراوهكان بهرز بكاتهوه، ئهويش بە گرتنەبەری ڕێکاری جياواز لە بەرامبەر ئەو فەرمانبەرانەی کە پێویست نین. ئەمەش نەهێشتنی فەرمانبەری یەدەگ و گونجاندنی دەرماڵە بەگوێرەی پێویست. سێیەم، کەمکردنەوەی زێدهخهرجی و پالپشتێتيهكان، بۆ خاتری هاوسەنگ کردنی خەرجی و داهات. توێژینەوەی پێشووتری ئینستیتیوتی مێری دەریدەخات کە هاوڵاتیان، بەهەمان شێوە ئاوارەکان، ئامادەن تێچووی خزمەتگوزاریهكانی وهك کارەبا، لە ئەستۆ بگرن ئەگەر ئهو كاره ببێتەهۆی باشترکردنی خزمەتگوزاری.
وەرگرتنی باج دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ لە نێوان حکومەت و کۆمەڵگا کە زۆرتر هاوچەشنە لەگەڵ ئەو بەها دیموکراسیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازیان پێوەدەکات
سەرەڕای ئەم ڕێکارانەش، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبستێت بە دانانی بناغەی ژێرخانێک کە لەتوانایدابێت زانیاری ئەوتۆ دەربارەی کەرتی تایبەت کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی سیاساتی پشت ئەستوور بەو زانیاریانە پەیڕەوبکات و توانای شیاو بۆ داهاتوو بەرهەم بهێنێت. بۆ نموونە، ڕێکخستنی بازاڕی کار لە کەرتی تایبەت لە ڕێگەی یاساوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە دامەزراندنی نافەرمی بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیەنەدات.
لە کۆتاییدا، چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کەموکوڕییە دارایی و دیموکراسییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە، ئهويش بە پشتبەستن بە فرەییکردنی سەرچاوەکانی داهات. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرچاوەی داهاتێکی جێگیر و خولاوە هەیە هاوشان لەگەڵ سوود وەرگرتن لە داهاتی فرۆشتنی نەوت. وەرگرتنی باج لە کەرەستە (commodity-tax) و موڵکی ئەهلی یاخود باجی دەرامەت (income tax) دەبێتەهۆی دابینکردنی بەشێکی زۆری بوودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەبێتەهاندەرێک بۆ حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەم لە کەرتی تایبەت بەبەردەوامی. لەهەمووی گرنگتر، وەرگرتنی باج دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ لە نێوان حکومەت و کۆمەڵگا کە زۆرتر هاوچەشنە لەگەڵ ئەو بەها دیموکراسیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازیان پێوەدەکات. ئهوانهش بهو مهرجه دابهێندرێن كه حكومهت به شهفافيهت مامهڵه لهگهڵ شێوازی خهرجكردنی داهات و بوودجه بكات و ههوڵدات متمانهی خهڵك وهدهست بهێنێ.