Back

توندوتیژی دژی ئافرەتان لە کاتی جەنگ و ململانێ

توندوتیژی سێکسی لە دژی ئافرەتان لە کاتی جەنگ و ململانێ، پرسێکە کە بەدرێژایی مێژوو پشتگوێ خراوە. تەنانەت لە ئێستاشدا، ئەم بابەتە پێدەچێت بەهەند وەرنەگیرێت، سەرەڕای سەرنج و بۆچوون لە ساڵانی ڕابردوو. لە ڕاستیدا، توندوتیژی لە دژی ئافرەتان لە کاتی جەنگ گەیشتۆتە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر و بۆتە بەشێكی دانەبڕاو لە جەنگ لە زۆربەی ململانێکاندا.

دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی لە کاتی ململانێکان وەک نیشاندانی سەرکەوتن و تۆقاندنی دانیشتوان و پەرتەوازەکردنی خێزان و لە هەندێک کاتیش، گۆڕینی پێکهاتەی ئێتنی دانیشتووان. هەندێکجار دەستدرێژی سێکسی بە ئامانجی توشکردنی ئافرەتان بە نەخۆشی ئایدز ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵگایە لە نانەوەی منداڵ بێبەشبکەن، یاخود بە پێچەوانەوە، لەو کاتەی کە باری ئێتنی لە ڕێگەی نەوەی ڕەگەزی نێر دەگوازرێتەوە، ئافرەت ناچار بە نانەوەی منداڵ. زۆرکات بۆ زەلیلکردنی کەس و کارە ڕەگەز نێرەکانی ئافرەت، مێرد یاخود کەسانیتر، دووچاری دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە. ڕاپۆرتە یەک لەدوای یەکەکان باس لە دەستدرێژی سێکسی سەر ئافرەتان بە بەرچاوی پیاوەکانیان تەنانەت منداڵەکانیشیان دەکەن.

نادیە موراد تەها، قوربانیەکی یەزیدی ژێردەستەی تیرۆریسانی داعش، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی ڕفاندنی ئافرەتان لە کاتی جەنگ.

لە مانگی ئابی ٢٠١٥، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە، لە عێراق و سوریا، توندوتیژی سێکسی وەک تاکتیک بەمەبەست بەکارهاتووە، ئەم کارانەشی بە تاوانی جەنگ لە قەڵەم داو، لەگەڵ دەنگۆی ئەوەی کە داعش “دەستدێژی سێکسی” بەهەمان شێوە کۆیلەی سێکسی وەک ئاینزا داهێناوە. بەڵام توندوتیژی لە دژی ئافرەتان لەم جۆرە بەهیچ جۆرێک نامۆ نیە.

هەر بارودۆخێکی جیاواز تایبەتمەندی خۆی هەڵدەگرێت و زۆر گرنگە کە شێوازێکی شیکاری هەمەلایەنە بەکار بهێندرێت، بۆ خۆ بەدوورگرتن لە گشتاندن. بەڵام بەگوێرەی مەزەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان:

  • لە ڕواندا، نزیکەی ٥٠٠ هەزار ئافرەت لە جینۆسایدی ساڵی ١٩٩٤ دەستدێژی سێکسیان کراوەتەسەر، لە کردەوەیەک کە بە “جینۆسایدی دەستدێژی سێکسی” دەناسرێتەوە.
  • لە سیرالیۆن ٦٠ هەزار ئافرەت لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆ ١٩٩١ – ٢٠٠٢ دەستدێژی سێکسیان کراوەتەسەر.
  • لە لیبیریا، ٤٠ هەزار ئافرەت دووچاری دەستدرێژی سێکسی و خەتەنەکردن بوونەتەوە لە ساڵانی ١٩٨٩ – ٢٠٠٣.
  • لە بۆسنیا (ئەوروپا) ٦٠ هەزار ئافرەت ەستدێژی سێکسیان کراوەتەسەر لە ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٥.
  • لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ئافرەت دەستدێژی سێکسیان کراوەتەسەر لە ملانێکان کە زیاتر لە دەساڵیان خاندووە.
  • ڕێژەیەکی بەرز لە توندوتیژی سێکسی لە ململانێ شاراوەکان ئاشکرابوون (بۆ نموونە لە ململانێ ڕابردووەکانی مەینەمار و جەزائیر).

ئافرەتانی تاوانلێکراو لەم وڵاتانەدا بوێرانە بەڵگەی دەستدێژی سێکسیان لە دادگاییکردندا پێشکەشکردووە بۆ نموونە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و شوێنی تریش، کە تەنانەت هەندێکجار بە تەواو خۆیان داپۆشتووە لە دادگا بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە چونکە دەستدرێژیکەران لە نێو ئامادەبووان بوونە.

لە مانگی ئابی ٢٠١٥، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە، لە عێراق و سوریا، توندوتیژی سێکسی وەک تاکتیک بەمەبەست بەکارهاتووە، ئەم کارانەشی بە تاوانی جەنگ لە قەڵەم داو، لەگەڵ دەنگۆی ئەوەی کە داعش “دەستدێژی سێکسی” بەهەمان شێوە کۆیلەی سێکسی وەک ئاینزا داهێناوە.

لەبارەی بەکۆیلەکردنی سێکسیەوە، داعش نامۆ نیە (هەرچەندە زۆر سەیرە کە هەست بە شەرمەزاری ناکەن، بەڵکو ئەو تاوانانە بڵاودەکەنەوە). بەڵگەی بەکۆیلەکردنی سێکسی لە گواتیمالا، ئەمریکای ناوەڕاست لە ساڵانی هەشتاکان، هەروەها لە ململانێکانی ئەم دواییە لە باشووری سودان، هەیە. لە وڵاتی چاد لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، دادگای دەستدرێژی سێکسی گوێبیستی بەڵگەی ئەو ئافرەتانە بوو کە وەک کۆیلەی سێکسی براون لە ماوەی ساڵانی هەشتاکان لە لایەن سوپای دیکتاتۆری ئەوسا، بەهەمان شێوە لە ئافرەتانی تەمەن ١٣ ساڵ و لەوانەی کە ناچارکراون سەیری دەستدرێژیکردنە سەر کچەکانیان بکەن.

نموونەی تر بریتیە لە ئافرەتانی ئاسوودەیی “Comfort Women” لە ژاپۆن و کۆریا لە ساڵانی چلەکان – بەکارهێنانی ئافرەت و کچانی ڕفێندراو بەزەبری هێز و وەک کۆیلەی سێکسی لەگەڵ خۆیان بردوون بۆ وڵاتانی داگیرکراو لە لایەن ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهان. هەندێک لەم ئافرەتان ئێستا توانیویانە قسەبکەن دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ و لە کۆتایی تەمەنیان، وەک شکاندنی “بێدەنگیەکی زۆر درێژ و قسەکردن لەسەر پر ئازارترین شت”.

توندوتیژی سێکسی زۆرکات بەردەوامە تەنانەت لە قۆناخی دوای جەنگیش. پیاوان ناچارکراون کە بە توندوتیژی مامەڵە بکەن، هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە زۆربوونی توندوتیژی جێندەری و کاریگەری زیانبەخشی بەسەر پەیوەندیە خێزانیەکان دەکەن. کاریگەریەکانی ئەم توندوتیژیە بەردەوامە لە دوای جەنگ، وەک راتەکانی دەروونی “trauma”، ڕەتکردنەوە لە لایەن خێزان و کۆمەڵگا، سکپڕی و منداڵی نەویستراو لە سەرئەنجامی دەستدرێژی سێکسی، ڕەتکردنەوەی ئەو منداڵانە، لەکەدارکردن و دوورخستنەوەی ئەو ئافرەتانە، بڵاوبوونەوەی توشبوون بە نەخۆشی گوازراوەی سێکسی و ئایدز، خۆکوشتن و ناچارکردن بە خۆکوشتن (بەهۆی فشاری مێرد و ئەندامانی کۆمەڵگا)، دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ئافرەتانی ئاوارە بەهۆی جەنگ کە بێبەشبوون لە پارێزگاری پیاوانیان، لە کەمپی ئاوارەبوون.

کاریگەری ئەو وەحشیگەریە ئەوەندە گەورەیە کە بۆ هەندێک لەو قوربانیانە ڕزگاربوون خراپترە لە مەرگ.

بۆیە، ململانێ و شەڕانگێزی توندڕەوان، کە ئێمە لەم ناوچەیەدا [ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیبینین]، دەبێتە سەرچاوەی توندوتیژی زیاتر و کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندی خێزانیەکان، هاوشێوەی زۆرداریەکانی تر، تراژیدیای جەنگ لە جەستەی ئافرەتان لە ئایندەدا ڕەنگدەداتەوە.

لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێری مافەکانی مرۆڤ، بەشی هەرە زۆری ئەوەی کە توێژەران بەچاوی خۆیان دیویانە دۆخی تۆقاندن و کونکردنی ڕەحم بە گوللە و پارچەکردنی بەشە هەستیارەکانی ئافرەت بە شووشە و چەقۆ و تێهەڵدانی بێرەحمانەی ئافرەتی دووگیان تا لەبارچوونی کۆرپەکانیان و دەستدرێژی سێکسی بەکۆمەڵ و کەمپی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی و فرۆشتنی ئافرەتان لە پیاوێک بۆ پیاوێکی تر بۆ چەندین جار، لەخۆ گرتووە. کۆمیسۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت “کاریگەری ئەو وەحشیگەریە ئەوەندە گەورەیە کە بۆ هەندێک لەو قوربانیانە ڕزگاربوون خراپترە لە مەرگ”.

هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە جەنگ کاری ئازایانەی چەندین ساڵە لەخۆدەگرێت لە لایەن چالاکوانان کە پێشەنگی ئەو تێگەیشنە جیهانیەن کە دەستدرێژی سێکسی تاوانی جەنگە، بەهەمان شێوە بەگوێرەی زۆربەی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان، کە گرنگترینیان بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ژمارە ١٣٢٥ کە ١٥ ساڵ لەمەوبەر دەرکراوە و وە چەندین بڕیاریتری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمانەش چوارچێوەی ئاشتی و ئاسایشی ئافرەتانیان لە جیهان پێکهێناوە، بە جەختکردنەوە لەسەر بەشدری ڕزگاربووان و چالاکوانان لە بنیاتنانی چارەسەری. ئەم ڕێکارە نێودەوڵەتیانە زۆر گرنگن و کاریگەری ئەرێنیان دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی ریتۆریکیش بێت. بەڵام لەهەمان کاتدا، ڕەخنەیان لێگیراوە وەک باوکسالاری و دەسەڵاتی کەم بۆ جێبەجێکردن و نەبوونی تەمویلی پێویست.

بەدلنیایەوە، ئافرەتان تەنیا قوربانی نین. دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی لە شەڕ بۆ ئاشتی وەک شەڕڤان ببینن. (بۆ نموونە ئافرەتە بوێرە پێشمەرگەکان) و بنیاتنەرانی ئاشتی (بۆ نموونە لە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ سێ ئافرەتی بنیاتنەری ئاشتی لە لیبیریا و یەمەن). کۆمیسۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی دا دەلێت: “لەهەموو کیشوەرەکان، لە کەمپی پەنابەران، مەیخانەکان، شوێنەکانی لەشفرۆشتن، گرتووخانەکان، ئافرەتە ڕزگاربووەکان باسی مەینەتیەکانی خۆیان بۆ چاکبوونەوە لە توندوتیژی و ئازاری دەروونی کرد بۆمان. زۆر ئەستەمە بتوانرێت لە ئاستی ئەو توندوتیژیە تێبگەین کە چۆتە نێو ژیانیانەوە…بەڵام لەگەڵ ئەوەش شتێکی ترمان بەرچاوکەوت. چەندین ئافرەتمان دیت کە لە ڕاتەکانی دەروونی ڕزگاریان بووە، وە ویست و ئازایەتی پێویستیان دۆزیوەتەوە بۆ پەیوەستبوونەوە بە ژیان…بە دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا”.

بەدڵنیایەوە وێنای توندوتیژی سێکسی لە کاتی جەنگ یەک ڕەنگ نیە. ئافرەت و خەڵکانی تریش – دەتوانن بەسەر ئەو وەحشیگەریە سەرکەون لەوکاتەی کە ئازار و مەینەتیانەی چەشتوویانە دەبنە قێزەونترین و بێویژدانیترین تاوان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی.

بەرگەگرتن و بوێری ئافرەتان و ڕۆحیەتی مرۆڤ هەندێک جار هەر سەردەکەوێت.

Comments are closed.