Back

دیموکراسی ڕاستەقینە پەیوەستە بە سەروەری یاسا

لە چوارچێوەی سەردانێکدا بۆ ئینستیتیوتی مێری بەمەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە هەڕێمی کوردستان، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لینکۆڵین دەیڤس ئاماژەی بەوەکرد کە ” خواستێکی زۆر هەیە لەسەر ڕەوتی پێشکەوتن لە هەرێمی کوردستان وە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ ڕازیکردنی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکان تا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

IMG_5698-1024x6831-1024x534لەو دیدارەدا گۆنگرێسمان دەیڤس و شاندی یاوەری لەگەڵ ستافی توێژینەوەی مێری ئاشنابوون و بەڕێزیان هیوای خواست کە سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر نزیک و ‌هاوڕێ بێت لەگەڵ کوردستان و دان بەو هەوڵانە بنێت کە کورد دەیدات لە شەڕی دوژمنێکی جیهانی.

لەوکاتەی کە بەشێکی زۆری گفتوگۆکان تایبەت بوون بە پرۆسەی دیموکراسی و فەرمانڕەوایەتی، کۆنگرێسمان دەیڤس گوتی، “دیموکراسی ڕاستەقینە پەیوەستە بە سەروەری یاسا” و تیشکی خستەسەر چەند سەرکەوتنێک لە بەڵکان وەک مۆدێلێکی گونجاو بۆ داهاتووی عێراق. بەهەمان شێوە، مێژووی کوردی وەک فاکتەرێکی گرنگ لەقەڵەم دا و گوتی کورد هیچ کات “کاراکتەرێکی خراپ” نەبووە و توانیویانە ئەمە بپارێزن سەرەڕای چەوسانەوە و ستەم لە دژیان. بەبڕوای ئەو دەبێت ئەو هەڵوێستە ببێتە هۆکارێک بۆ پەیوەندی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بەهەمان شێوە گوتی “وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵساون بە پشگوێخستنی گەلێک کە لە توانایدابوو سەرکردایەتی پرۆسەی دیموکراسی لە ناوچەکە بکات”.

لەگەڵ ئەوەی کۆنگرێسمان دەیڤس گەشبین بوو بە داهاتووی هەرێمی کوردستان، هۆشیاری دا لەوەی کە ئەگەر بێت و خەڵک هەست بە بەشداربوون نەکات لە پرۆسەی سیاسی، داهاتووی کوردستان ئەستەم دەبێت. لەکۆتاییدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە پارتە کوردییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان پەیوەندی زیاتریان هەبێت لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس، و میکانیزمەکانی گەیشتن بەو مەبەستەش خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کۆنگرێسمان دەیڤس پەیوەندی پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە و دامەزرێنەری کۆمەڵەی کوردی ئەمریکییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەهەمان شێوە سەرکردایەتی یەکەم شاندنی کۆنگرێسی بۆ کوردستان کردبوو.

Comments are closed.