Back

فێربوون لە ئەزموونی ژاپۆن: “نهێنی بووژانەوەی ئابووری ژاپۆن لەدوای جەنگ پشت بەستن بوو بە پسپۆڕی ناوخۆ و تەکنەلۆژیا”

“کەیسی ژاپۆن، وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین ئابووری تەکنەلۆژی لە جیهان، نموونەی کەیسێکی سەرکەوتووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ و ئەو وڵاتانەی لەقەیران دان دەتوانن وانەی لێوە فێربن”. یوکیۆ ئۆکامۆتو ئەمەی لە سیمینارێکی ئینستیتیوتی مێری دەربارەی “ئەزموونی ژاپۆن لە ئاوەدانکردنەوە لەدوای جەنگی دووەمی جیهان” دووپاتکردەوە. ئۆکامۆتۆ دیپلۆمات و شارەزای ئابووریە و ڕاوێژکاری پێشووی حکومەتی ژاپۆنە و توێژەرە لە ئینستیتیوتی تەکنەلۆژیی ماسەشوسێتس بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی.

لەکۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، ژاپۆن بەگشتی وێران بوو بوو بە ئاستێک کەوا بەشێکی بەرچاوی شارەکانی خاپور کرابوون. لەو شەڕە ژمارەێکی زۆری ژاپۆنیەکان بوون بە قوربانی بەهۆی برسێتی و نەخۆشی. تەحەددای سەرەکی لەو کاتەدا بریتی بوو لە چۆنیەتی گۆڕینی ئەو “کۆمەڵگایە جەنگاوەرە” بۆ “کۆمەڵگایەکی کارکەر”. لەو سەردەمەدا ژاپۆن هیچ سەرمایەکی نەبوو جگە لە خەڵکێکی ماندوو نەناس و هێزێكی کاری دەگمەن. ئەمە خاڵی بەهێزی ئاوەدانکردنەوەی ژاپۆن بوو: کرێکارەکان زۆر بەجدی و خۆشەویستییەوە کارەکانیان ئەنجام دەدا بۆ بنیات نانەوەی ووڵات و کۆمەڵگاکەیان. سەرمایەکانی کۆمەڵگا دووبارە وەدستهێنرانەوە و توانای پیشەسازی پەرەی پێدرا و تەکنەلۆژیا و پسپۆری ناوخۆ ئاوێتەی یەکترکران. ئابووری ژاپۆن بوژایەوە. بە شێوازیكی ئەوەندە خێرا و کاریگەر کە ٢٠ ساڵ لەدوای جەنگ، ‌ژاپۆن توانی میوانداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بکات.

IMG_5767 (1024x683)

ئامادەبووانی سیمیناری ئینستیتیوتی مێری

بەڵام،بەگوێرەی قسەکانی ئۆکامۆتۆ، سەرەڕای پرۆسەی دوای جەنگ، هەندێک برین بە سارێژ نەکراوی ماونەتەوە. ژاپۆن وەک داگیرکەر دەستیپێکرد بەڵام پاشان دۆڕا و سزادرا. خەڵکی ژاپۆن لە بارودۆخەکە تێگەیشتن و داوای لێبووردنیان کرد. لە ئێستادا ئەو کارانەی ژاپۆن کردی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣١ هەتا ١٩٤١ وەکو وانە بە منداڵانی ژاپۆن دەوترێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە. بەڵام، هەستی تۆڵەسەندنەوە لەو کۆمەڵگایانەی کە نەهامەتیان کێشا وەک چین و کۆریا هەرماوەتەوە. ئەمساڵ ٧٠ هەمین ساڵوەگەڕی جەنگی دووەمی جیهانە و چین کەمپینێکی دژ بە ژاپۆن دەستپێکردووە بۆ ئەوەی پیشانی ئەو کارانە بدات کە ژاپۆن لەدژی کردوویەتی لە ساڵی ١٩٤٠. ئۆکامۆتۆ پێداگیری لەوە کرد کە پێویستە هەموومان بتوانین زاڵبین بەسەر ئەو ستەم و زوڵمانەی کە نەوەیەک یان دوونەوە لەمەوبەر ئەنجام دراون. بۆ ئەوەی ئاشتەوایی بەتەواوی بەرپابێ، پێویستە لە لایەنی بەرامبەر تێبگەین و خۆمان بخەینە شوێنی ئەوانی تر بۆ ئەوەی لە هەڵوێستیان تێبگەین.

IMG_5824 (1024x683)

کازویا ناشیدا، باڵیۆزی ژاپۆن، لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ ساماڵ سەردار وەزیری پیشەسازی و ووزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەهەمان شێوە، سیمینارەکە هەندێک بەراوردکاری لەنێوان ئەزموونی ژاپۆن و عێراق پیشاندا. بۆ نموونە، بۆ پرۆسەیەکی سەرتاسەری ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ، بوونی ئاسایش و یەکگرتوویی نێوان کۆمەڵگا جیاکان زۆر پێویستن. یەکگرتوویی خەڵک هۆکاری یارمەتیدەر بوو بۆ ئاوەدانکردنەوە لە ژاپۆن، دەکرێت عێراق نموونەیەکی هاوشێوە بێت. ئۆکامۆتۆ هیوای ئەوەی خواست کە سەرچاوەی هێز لە عێراق لەدەستی چینی سەرەوەی حکومەتی ناوەندی نەبێت، بەڵکو لە دەستی چینی پرۆفیشناڵی ناوەڕاست وەک پارێزگار و مامۆستا و پارێزەر و دکتۆر و سەرکردەکانی تری کۆمەڵگا بێت. ئەمەش هەنگاوی سەرەکی یەکەمە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات، لەسەر هەردوو ئاستی ژێرخان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ئۆکامۆتۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە “پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەبێ بە‌هێزکردن و بەشداری چینی ناوەڕاست سەرکەوتوو نابێت”. شایەنی باسە کە ئامادەبووانی سیمینارەکە پێکهاتبوون لە بەرپرسان و ئەکادیمیستان و بازرگانان، لەنێوانیان دا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساماڵ سەردار؛ سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری، عوسمان شوانی و ئەکادیمیستان و توێژەرانی زانکۆکانی سەڵاحەددین و كوردستان.

ژاپۆن ئامادەیە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق

ئۆکامۆتۆ پێداگیری لەسەر ئەوە کرد کە ژاپۆن دەتوانێت ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و دووپاتیکردەوە کە پێویستە کۆمپانیاکانی ژاپۆن بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن. پێویستە ژێرخانی پیشەسازی پەرەی پێبدرێت و دەرفەتی کارکردن لەسەر بنەمای پێشبڕکێ زیادبکرێت. کازویا ناشیدا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، کە ئامادەی سیمینارەکە بوو پێداگیری لەسەر ووتەکانی ئۆکامۆتۆ کرد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئینستیتیوتی مێری و گوتی بەدڵنیاییەوە ئاشتی و سەقامگیریی مەرجی سەرەکین بۆ کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنان.

ناشیدا بەهەمان شێوە ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرەنجی وەبەرهێنەرانی بیانی ڕابکێشن، پێویستە گۆڕانکاری لە دامەزراوەکان و ڕێفۆرم لە پەیکەری دامەزراوەکان ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە، بۆ دروستکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان، دەکرێت پرۆسەی بە لیبڕالیکردن و هەروەها ڕیفۆرم لە ڕۆلی کەرتی گشتیدا، ئەنجام بدرێت.

بابەتی پەیوەندییدار: چاوپێکەوتن لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق

Comments are closed.