Back

بیگ هاڕت فاوەندەیشن و مێری تاوتوێی بەدەنگەوە هاتنی مرۆیی دەکەن

دکتۆر جێنیفەر کۆلیدج، سەرۆکی ڕێکخراوی بیگ هاڕت فاوەندەیشن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕۆژی پێنجشەمە، ١ تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند “بەو هیوایەین لە داهاتوودا بەشداریەکی ئەرێنیمان هەبێت بۆ قەیرانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگای خانەخوێ”.

هەریەکە لە لاورا جاکۆبی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عێراق، و ڤیکی ئاکین، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یاوەری دکتۆر جێنیفەر کۆلیدج بوون.

شاندی ناوبراو پەڕۆشی بۆچوونەکانی ئینستیتیوتی میری بوون دەربارەی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم دابینکردنی پێویستی ئاوارەکان. ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی مێری دەربارەی بنیاتنانی بنەماکانی خۆژیاندن لەنێوان ئاوارەکان و کۆمەڵگای ناوخۆیی تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان بوو، هەروەک هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێشنیازکردنی چارەسەری پتەو بۆ بەدەنگەوەهاتنی پرسی ئاوارەکان.

IMG_7034

لە دوای دامەزراندن و فراوانبوونی سەرکەوتوویان لە سوریا، تیمی ناوبراو بەنیازی فراوانکردنی پرۆگرامی کۆمەکی مرۆیین بۆ هەرێمی کوردستان بە هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە لە قەیرانی مرۆیی دەرکەوتوون. بۆ نموونە، هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داڕێژتنی ستراتیژی درێژخایەن و یارمەتیدانی ئاوارەکان و پەنابەران ، بەهەمان شێوە کۆمەڵگای خانەخوێ و لە بەدەنگەوە هاتنی بەپەلە لە ئەگەری شەپۆڵەکانی داهاتووی ئاوارەکان.

خاتوو لاورا جاکۆبی گوتی “توێژینەوەی ئینستیتیوتی مێری دەربارەی بنیاتنانی بنەماکانی خۆژیاندن لە نێو ئاوارەکان و کۆمەڵگای خانەخوێ دەبنە هۆکاری دەوڵەمەندکردنی پلانەکانمان لەوکاتەی کە بەنیازین کارەکانمان فراوان بکەین بۆ هەرێمی کوردستان”.

پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، جەختی لەسەر قەیرانی مرۆیی لە هەرێمی و پێویستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاریکاری مرۆیی بۆ بەردەوامبوون بە یارمەتیدانی پەنابەر و ئاوارەکان کردەوە.

پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین ئاماژەی بەوەدا کە “توانای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگرە لەبەردەم پلانی بەدەنگەوەهاتنی بەپەلە بۆ قەیرانی مرۆیی، بۆیە حکومەتی هەرێمی پاڵپشتی بەپەلەی پێویستە بۆ ئەوەی ستانداردی گوزەرانی ئاوارەکان و کۆمەڵگای خانەخوێ بگەیەنێتە ئاستی پێویست بەگوێرەی مافەکانی مرۆڤ”.

ڕێکخراوی بیگ هاڕت فاوەندەیشن لە لایەن کوردێکی سوریا کە لە ئەمریکا دەژیت لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و فراوانبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی سوریا و نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلاری وەک هاریکاری مرۆیی بەخشیووە.

هەردوولا هاوڕابوون کە هاریکاری یەکتر بکەن لە بوارەکانی توێژینەوەی پەیوەست بە قەیرانی مرۆیی و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ گرانتی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە.

Comments are closed.