Back

کۆنسوڵی گشتی ئێران لە مێری: کارەکانتان مایەی دەستخۆشیە

لە سەردانێکیدا بۆ ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ ئەیلول ٢٠١٥، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران مورتەزا عەبادی گوتی “دلخۆشین بە بوونی دامەزراوەیەکی گرنگی وەک ئینستیتیوتی مێری لە کوردستان کە توێژینەوەی ورد دەکات و هەوڵدەدات بۆ کۆکردنەوەی کاراکتەرە سەرەکییەکان لە ئاستی جیاجیا”.

لەمیانی سەردانەکەیدا، کونسوڵی گشتی چاوی کەوت بە تیمی ئینستیتیوتی مێری بۆ گفتوگۆکردنی پرسە پەیوەندیدارەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و بایەخدان بەو بوارانەی کە دەبنەهۆی پتەوکردنی هاریکاری نێوان هەردوولا.

وەک ئاماژەدان بە سەرچاوەی کێشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری ئاماژەی بەوەدا کە “سیستەمی سیاسی پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵپشتی ڕژێمە ستەمکارەکان بوو کە ڕێگربوو لە یەکگرتوویی و بنیاتنانی نيشتيمان . لەوکاتەی کە ئەم ڕژێمانە لابران، کاراکتەرە کێبڕکێکەرەکان سەرکەوتوو نەبوون لە بەديهێنانی یەکگرتوویی بەڵکو بوونە هۆی لێکترازانی کۆمەڵگاکان و بۆشاییان دروستکرد کە دواتر گروپە توندڕەوەکان پڕیانکردەوە”. هەروەها گوتی کە “دەتوانرێت سەقامگیری لەناوچەکە لەڕێگەی برەودان بە دیالۆگ و بەشداریپێکردن، و دروستکردنی متمانە لە نێوان کارەکتەرەکان بەدیبهێنرێت”.

IMG_6989

هەردوولا هاوڕابوون کە بنیاتنانی پرد لە نێوان ئەکادیمیستان و بڕیاردەران و دیپلۆماتکاران و ڕاوێژکاران و شارەزایانی ئێران و هەرێمی کوردستان پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە. دامەزراوەکانی توێژینەوە دەتوانن ژینگەیەکی بێلایەن و دروست بێننە ئاراوە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان و پتەوکردنی پەیوەندیەکان، وە هەروەها بۆ شارەزایان بەمەبەستی فەراهەمکردنی تێگەیشتنی دروست کە زۆرگرنگە بۆ داڕشتنی سیاسەتی و بڕیاڕی دروست.

کونسوڵی گشتی مورتەزا عەبادی، پاڵپشتی خۆی بۆ بۆچوونەکان دەربڕی و گوتی “لە بەرژەوەندی ئێرانە کە هەرێمی کوردستان سەقامگیر و گەشەسەندووبێت. ئێران یەکەم وڵات بوو کە بەهانای هەرێمی کوردستانەوە هات لە شەڕی دژ بە داعش.” بەهەمان شێوە، ئارەزووی خۆی بۆ هاریکاریکردن لە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئینستیتیوتی مێری هاوشانەکانی لە ئێران، بەتایبەتی ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی (The Institute for Political and International Studies).

 

Comments are closed.