Back

ڕۆڵ و ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستانی عێراق

 

لەم دیبەیتەدا،  سەرۆکی ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دلاوەر عەلائەددین گفتوگۆیەکی چڕوپڕی لەگەڵ عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەری کوردستان (کۆمەڵ) ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی پێگە و ڕۆڵ و داهاتووی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.  گفتوگۆکە هەڵسەنگاندنێکی ڕاشکاوانەی بۆ دیمەنی سیاسی و ئاڵۆزی ناوچەکە پێشکەش کرد، تیشکی خستە سەر بەربەستە بنچینەییەکان و لاوازییە ناوخۆییەکان کە کاریگەریان هەبوە لەسەر ئۆپۆزسیۆن، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا.

کۆمەڵ کە لە سەرەتای ساڵی 2000 دامەزراوە، پارتێکی سیاسی ئیسلامییە کە ڕۆڵێکی چالاک لە دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە. کۆمەڵ خۆی وەک بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخواز داکۆکی لە حوکمڕانی باش و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لێپرسینەوە دەکات و لە نێوان بەشداریکردن لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن، لە هەردوو گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و فیدراڵیدا ڕۆڵی گێراوە.

ئۆپۆزسیۆن وەک پێوانەیەکی تەندروستی سیاسی

لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا، دلاوەر عەلائەددین جەختی لەسەر گرنگی دەنگی سەرکردە سیاسییە ناوخۆییەکان کردەوە کە نوێنەرایەتی دەنگە جیاوازەکان دەکەن لە هەرێمی کوردستان و دەوروبەری. ئەو گفتوگۆکەی لە دەوری پرسیارێکی سەرەکی داڕشت: بۆچی ئۆپۆزسیۆن سەرەڕای گرنگی مێژوویی، شکستی هێناوە لە دۆزینەوەی بەدیلێکی باوەڕپێکراو بۆ پارتە دەسەڵاتدارەکان؟

عەلی باپیر لە وەڵام دا،جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ئۆپۆزسیۆن لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا،  زۆر گرنگە. خۆ هەر کۆمەڵگایەک بەبێ ڕەخنە یان مردووە یان سەرکوتکراوە. بۆ ئەو بوونی ئۆپۆزسیۆن هەرچەندە ئەگەر پەرتەوازەش بێت گوزارشت زیندوێتی سیاسی و توانای دیموکراسی دەکات. لەسەر ئەم خاڵە عەلی باپیر گوتی “بەبێ ئۆپۆزسیۆن، هەر کۆمەڵگایەک یان قەوارەیەکی سیاسی یا سەرکوتکراوە یان ناتەندروستە.” عەلی باپیر دووپاتی ئەوەی کردەوە کە کۆمەڵ وەک پارتێکی سیاسی خاوەن مەبدەئی پتەو،  ستایشی سیاسەتی دروست دەکات و ڕەخنە لە کەموکورتیەکان دەگرێت، لە هەر کوێوە بێت. هەر بۆیە ئەو، ئاماژەی بە چەند دەستپێشخەرییەکی  رابردوو دا، کە بوونە هۆی دروستبوونی هاوکاری بنیاتنەرانە لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا، بەتایبەتی پرۆگرامی  تواناسازی، کە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای توێژەر و خوێندکاران بوو لە کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

مامۆستا عەلی باپیر پاشان باسی لە حوکمڕانی کرد لە هەرێمی کوردستان، گوتی پارتە سیاسییەکان، دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتیان بەزاندووە، “حیزبەکان لە حکومەت بەهێزترن و حیزبە بچووکەکانیش دەخۆن.” ئەو ژینگەیەکی سیاسی وەسف کرد کە پەرلەمان کاریگەری نەبووە، دانیشتنەکانی سنووردار بووە، چەند مانگێک دوای هەڵبژاردنەکان تێپەڕێوە و هێشتا نەتوانراوە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت. بەبۆچوونی ئەو هەر سێ بەشی حوکمڕانی، جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری، لە ژێر دەسەڵاتی بەرژەوەندیە حزبییەکاندان. ئەو هۆشداری دا کە ئەمە هەموو سیستەمی سیاسی دەخاتە دۆخێکی ناتەندروستەوە و بوارێکی کەم بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و سەربەخۆ دەهێڵێتەوە.

دلاوەر عەلائەددین هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە پەیوەندی نێوان پارت و دامەزراوەکان کرۆکی کێشەی حوکمڕانیە، بەڵام زیاتر جەختی لەسەر جوڵەی ناوخۆی بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد. سەرەڕای ناڕەزایی خەڵک لە حکومەت، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان نەیانتوانیوە ناڕەزایی خەڵک بەکاربهێنن یان خۆیان وەک بەدیلێکی یەکگرتوو نیشان بدەن بۆ لایەنەکانی دەسەڵات. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای ڕووخانی بزووتنەوەکانی ئۆپۆسیزیۆن، وەک بزوتنەوەی گۆڕان، سەرهەڵدانی ئەکتەرە سیاسیە نوێیەکان، هێزی ئۆپۆسزیۆن گۆڕانکاری بەسەریدا نەهات، بۆ ئەوەی ببێتە توانایەکی بەرهەڵستی  تۆکمە و بەردەوام.

پەرتەوازەبوون، تێکەڵبوون و دەستێوەردانی دەرەکی

لە وەڵامدا، عەلی باپیر ڕەخنە لەخۆگر بوو، دانی بەوەدانا کە بەشێک لە کێشەکە لە خودی ئۆپۆزسیۆندایە کە بە دەست پەرتەوازەیی و نەبوونی دیدێکی یەکگرتوو دەناڵێنێت. سەرباری بوونی پارتی ئۆپۆزسیۆنی دروستکراو. لەسەر ئەم بابەتە، ئەو وتی”هەندێکیان وەک کۆلارە وان”، کۆلارەش، “کاتێک پێویست بێت بۆ فڕین هەڵی دەدەیت، و کاتێک ئێشت پێی نەما دەینیشێننەوە.” لە درێژەی قسەکانی، ئەو باسی لەوە کرد کە هەندێک لە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن گۆشەگیر بوون و نایانەوێت پەیوەندیان بە کۆمەڵگا وە هەبێت و بەرهەڵستی کاری بەکۆمەڵ دەکەن. ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کوتلەێکی ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتوو بەتایبەتی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان چەندین جار شکستیان هێناوە بەهۆی دوودڵی سیاسی و بەرژەوەندیە ناکۆکەکانی نێوان پارتەکانەوە.

هەروەها عەلی باپیر لاوازی ئۆپۆزسیۆنی گەڕاندەوە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی. هێزە هەرێمییەکان، بەتایبەتی تورکیا و ئێران، پشتگیری پارتە سیاسییەکانی نزیک لە خۆیان دەکەن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیە ئابووری و ئەمنیەکانی خۆیان. ئەو پێشنیاری کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەندێک بەرپرسیارێتی لە بەردەوامبوون دۆخی ئێستا لە ئەستۆیە. ئەو باسی کۆبوونەوەیەکی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کرد کە تێیدا پرسیاری لە ئەمریکییەکان کردبوو بۆچی ئەکتەرە ڕۆژئاواییەکان نایانەوێت پشتگیری چاکسازی سیاسی ڕاستەقینە بکەن لە کوردستان و تبووی: “بۆچی ناتەوێت ئێمە وەک ئێوە بین لە شتە باشەکانتاندا؟”

بەرپرسیارێتی و دەستپاکی و سنوورەکانی چاکسازی

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت خۆی لە نوخبەی فەرمانڕەوا جیا بکاتەوە؟، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لە ئەندامەکانی پارتەکانی ئۆپۆسزیۆن بە کۆمەڵیشەوە هەندێک جار بەشداری حکومەتیان کردووە. عەلی باپیر بەرگری لە تۆماری دەستپاکی حزبەکەی کرد، نموونەی ئەندامانی کۆمەڵی هێنایەوە کە بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی و ڕەخنەگرتن لە حکومەت ڕووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەتەوە، لەوانە ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لێسەندراوە و یەک دوویەکیان فەرمانی دەستگیرکردنی بەسەردا سەپێنراوە. گوتی “ئێمە لەگەڵ خۆمان و خەڵکەکەمان ڕاستگۆ بووین. ئێمە باجێکی قورسمان داوە لەبەر ئەو ڕاستگۆییە.”

ئەو باسی لەوە کرد کە ئۆپۆزسیۆن تەنها بەند نیە بە پارتە سیاسیە فەرمییەکانەوە ، بەڵکو هەموو هاووڵاتییان، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و چالاکوانان دەگرێتەوە. بۆ ئەو، نەگۆڕی بەها و ڕاستگۆیی لەبەردەم خودا و خەڵکدا، هۆکاری بەردەوامبوونی ئۆپۆزسیۆنە. عەلی باپیر ستایشی نەوشیروان مستەفای سەرکردەی کۆچکردووی گۆڕان کرد و وەک نموونەیەکی سەرکردایەتی خاوەن پرەنسیپی پتەو وەسف کرد. نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە جێگرەوەکانی نەیانتوانیوە تێڕوانینی ڕیفۆرمخوازانەی ئەو جێبەجێ بکەن.

کشانه وه له پرۆسه ی سیاسی

باپیر باسی کشانەوەی پارتەکەی لە پەرلەمانی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە بەهۆی ئەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پرۆسەی هەڵبژاردن دەستکاری کراوە. بە وتەی ئەو نوێنەرایەتی پەرلەمانی کۆمەڵ بە ئەنقەست لە حەوت کورسیەوە بۆ سێ کورسی کەمکراوەتەوە بەهۆی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا. “ئێمە ڕەوایەتی بە حاڵەتێکی ناڕەوا نادەین ” . هەر بۆیە کشانەوەی لە حکومەت و بەشداری نەکردن، بۆ ئەو نیشاندانی ناڕەزایەتیە و ئەرکێکی ئەخلاقیە.

ئەو ئاماژەی بەوەدا کە پارتەکەی سەرەڕای دەستکەوتەکانی لەکاتی بەشداریکردنیان لەحکومەت، لە حکومەت کشایەوە بۆ دەڕبڕینی هاوسۆزی لەگەڵ ناڕەزایی جەماوەری بەرامبەر کەمکردنەوەی مووچەی خەڵکی. بەڕای عەلی باپیر، شەرعییەتی سیاسی دەبێت لەسەر ڕەزامەندی خەڵک دابمەزرێت، نەک لە وەرگرتنی پلە و پۆست. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تەئکیدیکردەوە کە کۆمەڵ بەنیازە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی فیدراڵی بەغدا بکات، بە مەرجێک پرۆسەکە شەفاف و دادپەروەرانە بێت. هۆشداری دا ئەگەر بۆمان دەربکەوێت کە هەڵبژاردنەکان داڕێژراون یان دەستکاری کراون، ئەوا تەنانەت لە دوایین خولەکیشدا پاشەکشە دەکەن.

گفتوگۆی نێوان دلاوەر عەلائەدین و مامۆستا عەلی باپیر، ئەو ناکۆکیە بنچینەییانەی نێوان حکومەت و و ئۆپۆزسیۆن ئاشکرا کرد، کە بەردەوامە لە پێناسەکردنی دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستان. ووتەکانی عەلی باپیر  تێکەڵەیەک بوو لە ڕەخنەی توند و رەخنە لەخۆگرتن. جەختیان لەوە کردەووە، کە لاوازی ئۆپۆزسیۆن تەنها بەهۆی کۆت وفشاری دەرەکیەوە نیە، بەڵکو پەرتەوازەیی ناوەکی و نەبوونی دیدگای یەکگرتووش ڕۆڵیان هەیە لەو لاوازیە. دوا داواکاری مامۆستا عەلی باپیر بۆ ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتی و یەکڕیزی جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستی بەپەلەی چاکسازی هەم لەنێو  پارتە دەسەڵاتدارەکان و هەم لەنێو ئۆپۆزسیۆندا.

دیداری مێری 2025

ڕۆڵ و ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستانی عێراق

پانێڵی دەیەم

8 ئۆكتۆبەری 2025

Comments are closed.