Back

عێراق و هەرێمی کوردستان: چووت لاوازی و داهاتووی هاوبەش

ئەم پانێڵە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، و وەزیری پێشووی حکومەتی عێراق و ئەکادیمی تورهان موفتی کۆکردەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندیە گۆڕاوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لاوازییە پێکهاتەییە چارەسەرنەکراوەکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق و ئایندەی سیاسی و کارگێڕی ناوچە گرنگەکان، وەک کەرکوک. لەم پانێڵەدا، ئەوەی دەردەکەوێت لاوازی هەردولایە: ناوەندێکی فیدرالی پشت بەستوو بە نەوت و گیرخواردوو بە یاساگەڵێکی ناتەواو، هەرێمێکی فیدرالیش کە ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەندە بە یەکڕیزی ناوخۆیی و بەستنەوەی بە بەغداوە. ئەم گفتوگۆیە ڕەخنە لە خۆگرە. جەخت لەسەر بە دامەزراوەییکردن، لامەرکەزیەت و یەکڕیزی کورد دەکاتەوە، وەک پێکهاتەی پێویست بۆ داهاتوویەکی هاوبەشی سەقامگیرتر.

بەدەر لە گۆڕانی مەزاج: بەدامەزراوەکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، قوباد تاڵەبانی بە کێشانی جیاوازییەکی ورد لە نێوان مەزاجی گشتی ئێستا و ئەو واقیعە پێکهاتەییەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەبەستێت، دەستی پێکرد. لە ئێستادا، هەماهەنگی و تێگەیشتن لەنێوان هەردولا هەیە: مووچە ئامادە دەکرێت و گرژییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن، بەڵام  قوباد تاڵەبانی هۆشداری دا کە ئەم دۆخەی ئێستا لەوانەیە “سبەینێ” بگۆڕێت. کێشەی ڕاستەقینە، بە بڕوای ئەو،  لە پەیوەندییەکدایە کە لە ڕێگەی مەزاجی کەسیی، لێکتەگەیشتنی کاتی و مەزاجی سیاسیەوە بەڕێوە دەچێت، نەک لە ڕێگەی دامەزراوە جێگیرەکانەوە.

بۆ تاڵەبانی تەنانەت دەستەواژەی “پەیوەندیەکانی بەغدا و هەولێر” بەشێکە لە کێشەکە. هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە نەک حیزب و کوتلەێکی سیاسی. بەغدا پایتەختی هەموو عێراقە نەک پایتەختی یەک کوتلە یان مەزهەب. لەگەڵ ئەوەشدا لە پراکتیکدا هیچ کام لەم دوو پایتەختە بە تەواوی نوێنەرایەتی پێکهاتەی ڕەسمی خۆی ناکات. چارەسەرەکە، بە بۆچوونی ئەو، لەوەدایە :

  • چەسپاندنی پەیوەندیەکان بەگوێرەی دەستووری عێراقی.
  • بەدامەزراوکردنی پەیوەندی نێوانیان لە ئاستی وەزارەت بە وەزارەت، پەرلەمان بۆ پەرلەمان، نەک تێگەیشتنی سەرکردە بۆ سەرکردە کە “ڕۆژێک باشە و ڕۆژێکی تر خراپ”.

هەر لەمیانی قسەکردنیدا قوباد تاڵەبانی چەمکێکی ستراتیژی سەرەکی پێشکەش کرد: بەغدا وەک “قووڵایی سیاسی” هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەو دەڵێت ئاسۆی ستراتیژی هەرێم لە پێکهاتەی هاوتەریب یان جیادا نیە، بەڵکو لە دروستکردنی کاریگەریە لەسەر بڕیارەکانی ناوەندی فیدراڵی. ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوەدا کە حزبەکەی خۆی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (PUK) هۆشیارانە هەنگاوی ناوە بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە بەغدا بۆ ئەوەی لەوێ بەرژەوەندییەکانی کورد داکۆکی لێبکرێت و دانوستان بکرێت، نەک تەنها لە هەولێر و سلێمانی. لەهەمانکاتدا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت عێراق ئەو ڕاستیە لەخۆبگرێت کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری فیدراڵیە و ماف و بەرپرسیارێتی دیاریکراوی هەیە.

هەڵبەتە دەقی دەستووری بەتەنیا بەس نییە چونکە زۆرێک لە یاساکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە پێویستن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەستووری، هێشتا لەلایەن پەرلەمانەوە دەر نەکراون و ئەم یاسایانە لە هەولێر و سلێمانیدا نانوسرێن، بەڵکو لە بەغدا دەردەکرێن، ئەمەش پێویستی بە هێز و یەکڕیزی کورد هەیە لەوێ.

یاسای نەوت و گاز: “بنەمای پێکهاتەی ئابووری” عێراق

هەردوو قسەکەر کۆک بوون لەسەر مەرکەزییەتی یاسای نەوت و گاز وەک بناغەی پێکهاتەیی ئابووری عێراق. تۆرهان ئەو یاسایەی بە دەستووری ئابووری وڵات وەسفی کرد: چوارچێوەیەک کە خاوەندارێتی و بەڕێوەبردن و دابەشکردنی داهاتی نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکانی تر ڕوون دەکاتەوە. بەبێ ئەو یاسایە، ناڕوونی حکومڕانی دروست دەبێت ، و “پەنجەرەکە بە کراوەیی” بۆ مامەڵەی تایبەت و لێکدانەوەی ناکۆک و دەستکاریکردنی سیاسی، دەمێنێتەوە.

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە چەندین هەوڵ بۆ دەرکردنی یاسایەکی لەو شێوەیە لە ساڵانی 2007 و 2010 و 2012 و 2018 دا هەبووە، بەڵام هەموو حکومەتەکان لە کۆتاییدا ئەو بابەتەیان بۆ حکومەتەکانی دوای خۆی بەجێهێشتوە. هۆکارەکان لەوانەیە زۆر بن: دوودڵی لە دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی ناوەندی، ترس لە بەهێزکردنی هەرێم و پارێزگاکان، یان بوونی وێستێکی سیاسی گشتی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەتا یاسا شەفافەکان. هەڵبەتە هۆکارەکان هەرچییەک بن، دەرەنجامەکانی زۆر خراپ بوون:

  • عێراق کە نزیکەی 46 ملیۆن کەسە و یەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەیە بەڵام هیچ یاسایەک نییە کە ئەو یاسایە ڕێک بخات و تاڵەبانی ئەمەی بە “کارەسات” ناوبرد.
  • نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون کە بوەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی دووبارەی نێوان بەغدا و هەرێم.
  • کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی نادڵنیایی و مەترسی زیاتر دەبنەوە. هەندێکیان لە عێراق کار دەکەن، بەڵام “تێچووی بیمەی” بۆ ئەوان زۆرە لە غیابی ژینگەیەکی یاسایی بەهێز بۆ پاراستنی گرێبەست و وەبەرهێنان.

بۆ تاڵەبانی یاسایەکی گونجاوی نەوت و گاز نەک تەنها خزمەت بە کوردستان دەکات، بەڵکو ناوچەکانی تری دەوڵەمەند بە سەرچاوەی نەوت و گاز وەک بەسرە و ئەنباریش دەوڵەمەند دەبن. بوونی ئەو یاسایە نیشانەی جدی بوونە و ڕاکێشانی وەبەرهێنان زیاد دەکات و عێراق لە حوکمڕانی بە لێکدانەوەو “مەزاجی تاکەکەسی”  دووردەخاتەوە، بەرەو حوکمی یاسای دەبا. موفتی هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی تا ئەو کاتەی نەوت و گاز نزیکەی 88 بۆ 89٪ ی بودجە پێک بهێنێت، ویستی دواخستنی یاسایەکی لەو شێوەیە بەهێز دەبێت، ئەم دواخستنەش لەوانەیە تەنها وابەستەیی پێکهاتەیی و لاوازی ئابووری قوڵتر بکات.

تاڵەبانی ڕاستەوخۆ ئەمەی بە پێویستی هەمەچەشنکردنی ئابووریەوە بەستەوە. کاتێک یاسای نەوت و گاز جێبەجێ کرا، دەبێت عێراق وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ و وزەی پاک و کەرتەکانی تر بکات. هۆشداریشی دا ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت بۆ 40 بۆ 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوا قەیرانەکە تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت، بەڵکو بەسرە و تەواوی عێراق دەگرێتەوە. بۆیە دەبێت سیاسەتمەدارانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ، پلانی درێژخایەن بۆ ئەم جۆرە سیناریۆیانە دابڕێژن و حکومەتەکانیش دەبێت جێبەجێیان بکەن.

مووچە و سەروەری و کەلتووری فیدرالیزم

کاتێک موفتی جەختی لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی کرداری کرد بۆ دڵنیابوون لە ناردنی ئاسایی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، تاڵەبانی ئاماژەی بە بێمانایی و لاوازی شێوازی ئێستا کرد. هەموو مانگێک لیستەکان دەنێردرێن و پێداچوونەوە دەکرێن، پاشان دەنێردرێنەوە بۆ ڕاستکردنەوەی لیستەکە.  ئەمەش بەردەوام دڵەڕاوکێ دروست دەکات لەنێو کارمەندانی حکومەت. نە بەغدا و نە هەولێر بەم پرۆسەیە ڕازی نین، کەچی بەردەوامە.

تاڵەبانی ئەمەی بە پرسیارێکی قوڵترەوە بەستەوە: ئایا عێراق بەڕاستی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە کە بتوانێت لە بەرژەوەندی خۆیدا بڕیار بدات؟، یان بە توندی لەلایەن سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە سنووردارکراوە؟ تا ئەو کاتەی سیاسەتی بودجەی عێراق بارمتەی حساباتی سیاسی کورتخایەن و لایەنگری دەرەکی بێت، پێگەی دارایی هەرێمی کوردستان بە ناجێگیری دەمێنێتەوە. وەڵامەکە جارێکی تر لە تواناو هێزی سیاسی کورددایە لە بەغدا، کە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە “ئێمە بەشێکین لە عێراق” و دەبێت گرنگی بە ئاراستەی گشتی عێراق بدەین نەک تەنها هەرێمی خۆمان.

موفتی بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی لە حکومەتدا ئاماژەی بەوەدا کە لە سیستەمێکی فیدراڵیدا کە لە چەندین ئاستی بڕیاردان و دەسەڵات پێکدێت، دروستبوونی کێشە و ناکۆکی نێوان ناوەند و یەکە لاوەکیەکان ئاساییە. هەرچەندە لە عێراقدا، ئەم ناکۆکییە بەتایبەتی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا توندترە بەڵام دەگمەن نیە. پارێزگاکانی وەک بەسرە هەست بە فەرامۆشکردن دەکەن. ئالەنگاری ڕاستەقینە بنیاتنانی کەلتوورێکی فیدراڵییە کە وەزیرەکانی بەغدا تێبگەن کە عێراق ئێستا نۆزدە پارێزگای هەیە کە هەریەکەیان حکومەت و دەسەڵاتی خۆی هەیە، لەگەڵ هەرێمێکی فیدرالی کە پەرلەمان و کابینەی تایبەتی خۆی هەیە.

بە وتەی تاڵەبانی ئەمەش پێویستی بە :

  • جێبەجەکردن تەواو و ناسینی چوارچێوەی دەستووری و دەسەڵاتەکانە.
  • دامەزراندنی کەسانی لێهاتوو و شارەزا لە هەموو ئاستەکاندا، وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار، کە لە فیدرالیزم تێبگەن و بزانن کە هەماهەنگی پێویستە نەک بڕیاردانی تاکلایەنە.

بەبێ ئەم توانا مرۆیی و دامەزراوەییە، فیدراڵیزم وەک دەقێک لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە وجێبەجێ ناکرێت.

لامەرکەزیەت لە هەرێم: هەڵەبجە و ڕانیە و سنووردارێتی سیمبولیزم

پاشان گفتوگۆکە بەرەو ناوەوەی هەرێم گەڕایەوە، بۆ پرسی لامەرکەزییەت لەناو خودی هەرێمی کوردستاندا. تاڵەبانی بە ڕوونی گوتی کە هەرێمی کوردستان: “100٪” پێویستی بە لامەرکەزییەتی زیاتر هەیە. هەروەک چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای گواستنەوەی دەسەڵات لە بەغداوە دەکات، دەبێت دەسەڵاتەکانیش لە هەولێرەوە بۆ پارێزگا و قەزاو ناحیەکان شۆربکاتەوە.

تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە زۆرێک لە ئاستەنگەکان سیاسی نین، بەڵکو کارگێڕین. بەرپرسێکی ناوخۆیی وەک نوخشەخان کە سەرۆکی شارەوانی پێشووی هەڵەبجە بوو زۆر باشتر لە وەزیرەکانی هەولێر دەزانێت کە قەزایەک پێویستی بە چی هەیە. ئەو دەڵێت، هیچ مانایەکی نییە کە دەسەڵاتدارانی ناوەند بڕیار بدەن کام کارمەند لە بەشێکەوە بگوازرێتەوە بۆ بەشێکی تر لە ناوچەیەکی دوور و دوورە دەست، یان کام پڕۆژەی ناوخۆیی لە کوێ جێبەجێ بکرێت.

ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی “لامەرکەزیەتی سیمبولی”. بەرزکردنەوەی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و ڕانیە بۆ ئیدارەیەکی سەربەخۆ بە مانای دەسەڵاتێکی زۆرتر نەبووە. هەڵەبجە پلەی پارێزگا و تابلۆی ئۆتۆمبێلی تایبەتی هەیە، بەڵام بەبێ بودجەی تەرخانکراو و دامەزراوەی تەواو و کارمەند و ئاسانکاری، مەترسی ئەوە هەیە کە گۆڕانکارییەکە تەنیا لە ڕوی ڕەمزیەوە بێت. تالەبانی ئاماژەی بەوەدا کە کاتێک ڕانیە هێشتا قەزایەک بوو، دەسەڵاتی زیاتری هەبوو لەوەی کە ئێستا  هەیەتی وەک “ئیدارەیەکی سەربەخۆ”. بەڕای ئەو دەبێت ڕیزبەندییەکە پێچەوانە بکرێتەوە. سەرەتا دەسەڵاتە لامەرکەزیەکان بە ڕوونی پێناسە و ڕێک بخرێن، بودجە دابڕێژن، پاشان بیر لە زیادکردنی یەکە کارگێڕییەکان بکەنەوە. شکستهێنان لە ئەنجامدانی ئەم کارە دەبێتە هۆی لاوازکردنی حوکمڕانی خۆجێی و بارگرانی لەسەر پارێزگا تازە دروستکراوەکان. هەروەها قوباد تاڵەبانی بەبیری ئامادەبووانی هێنایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 ەوە بودجەی فەرمی نەبووە، ئەمەش مەرجێکی سەرەکی دیکەی حوکمڕانی باشە، کە پێویستە بگەڕێتەوە.

موفتی هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە ئەگەر بڕیار بێت پارێزگایەکی تر دروست بکرێت وەک چەمچەماڵ یان زاخۆ ،کە لە رابردوودا خراونەتە ڕوو، ئەوا دەبێت ژێرخانی پێویست و دەسەڵات و چوارچێوەی دارایی پێش ڕاگەیاندنە سیاسییەکان بێت نەک بەپێچەوانەوە.

کەرکوک وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ حوکمڕانی گشتگیر

لە کۆتاییدا، قسەکەران ڕوویان کردە کەرکووک ، ئەم شارەش پێگەیەکی تایبەتی بۆ تۆرهان هەیە، چونکە ئەو خەڵکی ئەوێیە. دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئەم دواییانە، حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی پارێزگارێکی کوردی سەر بە یەکێتی و بە بەشداری چەند ئەکتەرێکی عەرەب پێکهێنرا. تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان و هەندێک لە گروپە عەرەبیەکان لە دەرەوەی حکومڕانیەتی کەرکوودا ماونەتەوە و بایکۆتی حکومەتەکەیان کردووە.

تاڵەبانی وەک سەرکردەێکی سیاسی و “قوتابی مام جەلال” وەڵامی دایەوە. گوتیشی بۆ یەکێتی، تێڕوانینی جەلال تاڵەبانی بۆ کەرکوک وەک بنەمایەکی سەرەکی دەمێنێتەوە، کە حوکمڕانی دەبێت لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کورد، تورکمان، عەرەب و مەسیحی هاوبەش بێت. پارێزگار لەوانەیە کورد بێت، بەڵام تەنها پارێزگاری کوردەکانی کەرکوک نیە. پارێزگاری کەرکوکە بەگشتی.

تاڵەبانی ئاماژەی بە چەند نیشانەیەکی پێشکەوتن کرد لە ژێر سەرکردایەتی پارێزگاری نوێی کەرکووک، وەک شەقامی پاکتر، ڕوخساری شارستانی پاکتر، خزمەتگوزاری باشتر و دامەزراوەی کاریگەرتر. جەختی لەوە کردەوە کە تیمی پارێزگار بە مەبەست پێکهاتوە لە عەرەب و تورکمان و کوردی سەربەخۆ. پرۆژەکان بە بێ جیاوازی بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێن. موفتی لای خۆیەوە دانی بەوەدا نا کە پارێزگار هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بەردەوامبوونی بایکۆت ، تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە “دەرگا هەرگیز دانەخراوە.” ئەو پێی وابوو ئەگەر ئەکتەرەکان واز لە عەقڵییەتی کۆن بهێنن و بە چاوێکی تازە دینامیکی ئێستا بخوێننەوە، ئەوا بۆ تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوانی تر زەحمەت نابێت بچنە ناو حکومەتی کەرکووکەوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، کە پەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان باشتر بووە، ئەمەش کەشێکی گونجاوتر هێناوەتە دی بۆ رێکخستنێکی گشتگیر لە کەرکوک.

گرنگتر ئەوەیە کە نابێت کەرکوک ببەسترێتەوە بە دانوستانەکان لەسەر کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەبۆچوونی ئەو بڕیاری بایکۆتکردنی ئیدارەی کەرکوک لەلایەن پارتیەوە زیاتر زیانی بە پارتەکە گەیاندووە وەک لەوەی یارمەتی بدات. خەڵکی ئاسایی کەرکووک خۆشحاڵن بەوەی کە کوردێک پارێزگارە بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ حزبێک. پێویستە پارێزگاکە لە ئیتیفاقی حزبی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و هەموو ئەکتەرەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بەگوێرەی ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە.

بەم شێوەیە کەرکووک وەک مۆدێل و تاقیکردنەوەیەک دەرکەوت: شوێنێک کە تێیدا حوکمڕانی گشتگیر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باش دەتوانێت سوودی هاوکاری نێوان لایەنەکان نیشان بدات، بەڵام هەروەها کەرکووک شوێنێکی هەستیارە کە بایکۆت و بیرکردنەوەی سفری (دوڕانی هەموو لایەنەکان) تێیدا بە ئاسانی دەستکەوتەکان پێچەوانە دەکاتەوە.

یه کگرتوویی کورد و ئاینده ی هاوبه شی عێراق و هه رێمی کوردستان

پانێلەکە بە تێڕامان لە هەڵسوکەوتی سیاسی کورد بەرامبەر بەغدا و پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهات تاڵەبانی مێژوویەکی دوورودرێژی لە یەک دێڕدا کورت کردەوە: هەرکاتێک حزبە کوردییەکان دابەش دەبن، لاواز دەبن. هەرکاتێک یەکبگرن، بەهێز دەبن. ئەو گوتی هیچ شتێکی ناسروشتی نییە لە بوونی ڕکابەریی لە نێوان یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا لەناو هەرێمی کوردستاندا. بەڵام لەسەر مەسەلە ستراتیژییەکانی وەک پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، یاسا فیدرالییەکان. ئایندەی کەرکوک و سیاسەتی ئابووری نیشتمانی دەبێت ڕێگە چارە بدۆزنەوە بۆ پێشکەشکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو.

ئەم یەکگرتنە تەنیا لە بەرژەوەندی کورد نییە. کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سەقامگیری عێراق و ئەگەری کارکردنی فیدرالیزم لەڕاستیدا. هەڵبەتە پەرتەوازەیی کورد،  دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە داراییەکان،  یان دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی فیدرالی هاوسەنگتر، قورستر دەکات. بە پێچەوانەوە، پتەویی کورد لە بەغدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیەکان کە سوودی بۆ بەسرە و ئەنبار هەبێت هەر وەک هەولێر و سلێمانیدا.

لەم ڕوانگەیەوە، “جووت لاوازی” عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە گرێدراون. ناتەواوی پەیکەری فیدرالی بەغدا، نەبوونی هەمەچەشنی ئابووری و بڕیاردانی سیاسی، ڕاستەوخۆ سەقامگیری دارایی و سیاسی هەرێمی کوردستان سنووردار دەکات. مەرکەزییەتی ناوخۆیی هەرێم، ڕکابەرییە حزبیەکان و جاروبار بە ئامرازکردنی ناوچەکانی وەک کەرکووک، توانای ئەو وڵاتە لاواز دەکات. بۆ ئەوەی وەک هاوبەشێکی فیدرالی بنیاتنەر ڕۆڵ بگێڕێت. پەیامی سەرەکی پانێڵەکە ئەوەیە کە داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان لەیەک جیانەکراوەن، تەنها لە ڕێگەی پەیوەندیە دامەزراوەییەکان، یاسادانانی جددی، لامەرکەزییەتی ڕاستەقینە و یەکڕیزی ستراتیژی کورد، دەتوانرێت ئەم دوو لاوازییە بگۆڕدرێن بۆ داهاتوویەکی هاوبەش و پتەوتر.

دیداری مێری 2025

عێراق و هەرێمی کوردستان: چووت لاوازی و داهاتووی هاوبەش

پانێڵی نۆیەم

8 ئۆكتۆبەری 2025

Comments are closed.