- ئیگناتیۆس ئەفرایمی دووەم، بیشۆپی ئەنتاكیا و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرثەدۆكسی، سوریا
- نەجیب غەدبیان، راوێژكاری وەزیری دەرەوە و كۆچبەرانی و سوریا
- زۆزان عەلووش، سەكۆی دیفاكتۆ بۆ دیالۆگ، سوریا
- پاتریک هاینی، راوێژکار لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی
گەڕان بەدوای یەکگرتندا لەنێو پەرتەوازەیی
ئەم دیبەیتە سێ دەنگی زۆر جیاوازی سوری کۆکردەوە, کە بریتین لە ڕاوێژکارێکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی نوێی سوریا. چالاکوانێکی کورد کە نزیکە لە ئیدارەی سەبەخۆی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و پاتریارکی ئۆرسۆدۆکسی سریانی، لەگەڵ بەڕێوەبەری دیبەیتەکە، کە کەسایەتێکی بەنێوبانگە لە بابەتی چارەسەری ناکۆکیەکان. لە دوای نزیکەی دە مانگ لە روخانی رژێمی ئەسەد و دامەزراندنی قۆناغی گواستنەوە لەو وڵاتە ، گفتوگۆکانی ئەم دیبەیتە تیشکیان خستە سەر چۆنیەتی بنیاتنانەوەی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی هەمەچەشنی و ئیدارەکردنی دینامیکەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دوای ململانییە سەخت و درێژخایەنەکان. ئەوەی لەم دیبەیتەدا دەرکەوت لێک نزیکبوونەوەیەکی هەستیارانە و هەندێک جار لاواز لەسەر سێ خاڵ: پاراستنی دەوڵەت لەدۆخێکدا کە ڕژێمی وڵاتەکە بەگۆڕانکاری دەروات، قبوڵکردنی لامەرکەزیەت وەک پێویستییەکی پراگماتیکی، و وەبەرهێنان لە سیاسەتی هاووڵاتیبوونی گشتگیر و ئاشتەوایی نەک پاراستنی تایەفەگەری.
لە ململانێی بەستووەوە بۆ گواستنەوەی شۆڕشگێڕانە
پاتریک هەینی، بەڕێوەبەری پانێلەکە، بە بەراوردکردنی کەشی “خەمگیناوی” پارساڵ دەستیپێکرد، کە تێیدا ململانێیەکان چەقیان بەستوبوو، ئاسۆی چارەسەریان ڕوون نەبوو، بە دۆخی ئێستا کە بە “گۆڕانکارییەکی بنچینەیی” تێدەپەرێت. لەم چوارچێوەیەشدا، ئەو”شۆڕشەی” کە ڕویدا تەنها بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی نەبوو، بەڵکو بەمانای وشە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی دەوڵەتێکی دیکتاتۆری و هەوڵدانە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێیە. لە پانێلەکەدا، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد وەک وەرچەرخانێک نیشان درا: سوریا لە قۆناغی نوێبوونەوەدایە لە دوای نزیکەی 10 مانگ لە سیستەمێکی تازە و سەرکەوتنی سەربازی شۆڕشگێڕانە لە مانگی کانوونی یەکەمدا، کە خاڵی وەرچەرخان بوو.
هەرچەندە هەر لە سەرەتاوە هەینی ئاماژەی بە گرژییەکی چارەسەر نەکراو کرد: سەرکەوتنی سەربازی “لایەنە شۆڕشگێڕەکان” نەک تەنها ڕژێمی ڕووخاند بەڵکو هەندێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتیش. هەر بۆیە ئەو پرسیارە ڕاستەوخۆیەی کە ئەو ئاراستەی نەجیب غەدبیانی کرد سەبارەت بەسەرکەوتن شۆرش نەبوو، بەڵکو پرسیارێکی بنەڕەتیە: ئایا سەرکردایەتییەکی شۆڕشگێڕ بە ئەزموونێکی کارگێڕی سنوورداروە دەتوانێت دامەزراوەکانی دەوڵەت بپارێزێت و چاکیان بکاتەوە و دووبارە بەکاریان بهێنێت؟
هەڵبەتە سیاقی پرسیارەکە گرنگە. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دوو بابەت ڕەت دەکاتەوە: گەڕانەوەی بۆ سیستەمی پێش 2011 و قبووڵکردنی داڕمانی دەوڵەت. لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ئەوەش دەردەخات کە شەڕ و پەرتەوازەیی و دەستێوەردانی دەرەکی لە ماوەی چواردە ساڵی حکومڕانی ئەسەد دا بناغەی دەوڵەتی سوریایان داڕماندووە.
نەجیب غەدبیان وەک ئەکادیمی و کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی کۆن کە ئێستا ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی نوێی وڵاتەکەی دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی ڕوویداوە گۆڕانکارییەکی قووڵ و گشتگیرە کە تێچوونی مرۆیی و ماددی زۆر گەورەبووە. ئەو بەبیری ئامادەبووانی هێنایەوە، کە هەر لە سەرەتاوە زۆرێک لە ئۆپۆزسیۆن سوور بوون لەسەر گۆڕینی ڕژێم، نەک ڕووخاندنی دەوڵەت. ئەزموونی عێراقی وەک نموونەیەکی ئاگادارکەرەوەبەکارهێنا. بە خوێندنەوەی ئەو، ئەوە خودی ڕژێمی ئەسەد بوو کە بە شێوەیەکی سیستماتیک دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی وێران کرد و سوریای کرد بە دیمەنێکی وێران: نزیکەی ملیۆنێک کوژراو، نیوەی دانیشتوان ئاوارە بوون، ژێرخانی ئابووری ڕووخاو، لە سەدا نەوەدی سورییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدان و ملیۆنەها منداڵ لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش بوون.
لەم سیاقەدا، نەجیب ئاسایش و سەقامگیری وەک ئەولەویەتی یەکەمی حکومەتی نوێ دەستنیشان کرد، هەندێک لە هۆکاری کەمکردنەوەی خوێنڕشتن خستە پاڵ سەرکردایەتی سەربازی. ئەو ئەگەری گواستنەوەی سەرکەوتووی بەستەوە بە ناتوندوتیژی لە گواستنەوەی دەسەڵات و دەڵێت بوونی ئاستی کەمی توندوتیژی لە گۆڕانکاریەکان چانسی پتەوکردنی دەوڵەت زیاد دەکات. ئەمە تێڕوانینێکی گشتی گونجاوە لە ئەدەبیاتی بەراوردکاری لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات، هەرچەندە ئەم تێروانینە لەوانەیە ئاستی توند و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی پێشوو و برینە کۆمەڵایەتیەکانی دوای خۆی بەکەم بزانێت.
غەدبیان تیشکی خستە سەر سێ تەحەدای ئەمنی دەستبەجێ. یەکەم، هەڕەشەی بەردەوامی داعش کە هێشتا توانای ئەنجامدانی هێرشی گەورەی هەیە، کە دەتوانێ گرژی تائیفی دووبارە بکاتەوە و گورز لە پێکەوەژیانی بدات. دووەم، سنوورەکان ناتۆکمەیە بەرامبەر بە ماددە هۆشبەرەکان، کە ڕژێمی پێشوو پشتی بە قاچاخچێتی ئەو ماددە هۆشبەرانە دەبەست وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات. سێیەم، تەحەدای بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، یەکسانی لەبەردەم یاسا و ئیدارەدانی هەمەجۆری کۆمەڵایەتی. لێرەدا غەدبیان دانی نا بە زەحمەتی هاوسەنگی ڕاگرتن لە نێوان ئاشتی مەدەنی و دادپەروەری ئینتقالیدا. دەسەڵاتدارانی نوێ ڕەخنەیان لێ دەگیری بەوەی زیاتر ئەولەویەت دەدەن بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، بەروارد بە سەقامگیری ناوخۆیی و لەگەڵ ئەو کەسانە ڕێککەوتن دەکەن کە بە هاوبەشی تاوانەکانی ڕژێم تێوەگلاون. بۆ زۆرێک لە سووریەکان ئەم جۆرە سازشانە لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە، قبوڵکردنی قورسە.
لێرەدا کێشەیەکی سەرەکی سەرهەڵدەدات: دەسەڵاتخوازی توندوتیژ بە دەگمەن ڕێگە بە سەپاندنی “سەرەتا ئاسایش، دواتر دادپەروەری” دەدات.خۆ دواخستنی دادپەروەری دەتوانێ شەرعییەتی دامەزراوە نوێیەکان بنکۆڵ بکات. بەدواداچوونی زۆر توندوتیژانە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ودروستبوونی سیستەمێکی لاواز. غەدبیان درکی بەمە کرد ، بەڵام پانێڵەکە نەیتوانی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکان پێشکەش بکات.

باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، خۆبەڕێوەبردن و سیاسەتی لامەرکەزیەت
زۆزان عەلوش لە ڕوانگەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەزموونی لایەنی کوردیەوە قسەی کرد و بە دژایەتیکردنی پێشنیارەکەی بەڕێوەبەرەکە دەستی پێکرد کە دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشداریان لە ئازادکردنی سوریا نەکردووە. جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ساڵی 2013 ەوە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ئازادکردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی ڕژێمی ئەسەد و بەشێکی زۆری وڵاتەکەی لە دەستی داعش و نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ئاسایشی بەعس و جیهادییەکان ئازاد کردووە. ئەو ئازادکردنی وڵاتی سوریای لەنێو قاوخێکی کۆمەڵایەتی قووڵ دانا : دیاسپۆرا لۆبی دەکات لەنێو وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانا، کۆمەڵگە خۆجێییەکان بەرهەڵستی دەکەن، و گروپە چەکدارەکان ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوا و ڕێگای دیمەشق ئازاد دەکەن.
سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق، عەلوش باسی پرۆسەیەکی درێژ و سەختی نێوان ئەو دوو لایەنەی کرد، کە بۆ ماوەی 13 ساڵ دووچاری کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بینیووە. سەرەڕای ئەوەش، ئەو تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنی گرنگ: سەرکردایەتی دیمەشق و باکووری ڕۆژهەڵات ئێستا دیالۆگ، نەک توندوتیژی، وەک ئامرازی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی ململانێ و هەمەچەشنی کۆمەڵایەتی دەبینن. هەروەها ئەو ڕێککەوتنی 10 ی ئاداری وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێکهاتەی کوردی ناساند. هێزەکانی سوریای دیموکراتی وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و چەسپاندنی بنەما هاوبەشەکانی وەک یەکڕیزی ناوچەیی، ناساند.
بەبڕوای زۆزان لامەرکەزیەت چارەسەرێکی نەتەوەییە، نەک داواکاری لایەنی کوردی. بە بەکارهێنانی نموونەی سوریا و چەند نموونەیەکی دی وەک بەراوردکاری (ئیسپانیا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەرێمی کوردستانی عێراق). ئەو باسی لەوە کرد کە لامەرکەزییەتی تۆکمە تاکە ڕێگای ڕاستەقینەیە بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی وڵاتێک کە هەر ناوچەیەکی – باشوور و باکووری ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵات و ناوچە کەنارییەکان – بە گەشەی ڕێڕەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا چووە. ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کەسانەی کە 13 ساڵە دەسەڵاتی خۆجێییان دامەزراندوە و دامەزراوە خۆجێییەکانیان پەرەپێداوە، بە ئارەزوومەندانە دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتانە نابن. 0pبەبۆچوونی ئەو سیستەمێکی نەرم و زیرەکانە، تاکە ڕێگایە بۆ ئاوێتەبوونی یەکڕیزی و هەمەچەشنی، نزیکی ئیداری و کاریگەری لە حوکمڕانیدا.
لێرەدا مەبەستی زۆزان هەم پراگماتیک و هەم نۆرماتیڤ بوو. پراگماتیک، چونکە دانی بە پەرتەوازەیی دیفاکتۆی دەسەڵات نا و هەوڵی دا بیخاتە ناو پێکهاتەیەکی جێگیر و یاسایی بنچینەییەوە. نۆرماتیڤ، چونکە لامەرکەزیەت بە بەشداری دیموکراتی، یەکسانی جێندەر لە حوکمڕانیدا و گرتنەخۆی بنەڕەتی کەمایەتیەکان دەبەستێتەوە. ئەو ڕەخنەی لە پرۆسەی نوێی هەڵبژاردن گرت کە تەنها شەش نوێنەری ژن لەسەر ئاستی وڵاتەکە دەرچواندووە، دەڵێت لەم قۆناغەدا پشکی دیاریکراو (کۆتا) پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی کەمترین ئاستی بەشداری ژنان لە حکومەتدا. هەروەها سوور بوو لەسەر دانپێدانان بە ناسنامەی کورد و ڕاستکردنەوەی نادادپەروەرییە مێژووییەکان. لە کاتێکدا پێشبڕکێی “ئۆڵۆمپیادی قوربانی” ڕەتدەکاتەوە: هەموو سورییەکان ئازاریان چەشتووە، بەڵام هەندێکیان تەنانەت لە پێگەی یاسایی سەرەتایی خۆیان وەک هاووڵاتی بێبەش بوون.
هەروەها عەلوش تا ڕادەیەک گەشبین بوو سەبارەت بە ژینگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی. ئەو ئاماژەی بە پشتیوانی بەهێزی ئەمەریکا و فەڕەنسا و لایەنەکانی دیکە کرد بۆ پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان رۆژاواو دیمەشق. جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا و ئێران و ئوردن دەبێت بخرێنە ناو چوارچێوەێکی چارەسەری فراوانترەوە بەهۆی نزیکی سنوورەکان و تێوەگلانی قووڵیان لە ناوخۆی سوریادا. لە قسەکانی زۆزاندا گرژییەکی ورد هەبوو لە نێوان جەختکردنەوەکەی لەسەر دەسەڵاتی ناوخۆیی و دانپێدانانەکەی بەوەی کە سپۆنسەری نێودەوڵەتی بۆ هەر چارەسەرێکی بەردەوام پێویستە.

جیاوازی، کەمایەتییەکان و ئەخلاقی ئاشتبوونەوە
پاتریارک ئیگناتیۆس ئەفریمی دووەم، روانگەێکی جیاوازی پێشکەش کرد، خۆی وەکو ڕێبەرێکی ئاینی دانا کە سوورە لەسەر قسەکردن نەک تەنها بەنوێنەرایەتی چینی کەمایەتیەکان، بەڵکو وەک سووریەک کە خەمی چارەنووسی هەموو هاونیشتیمانەکانیەتی. ئەو کۆمەڵگەی ئۆرسۆدۆکسی سریانی وەک بەشێکی کۆن و ڕەسەنی کۆمەڵگای سووری وەسف کرد. لەمیانی قسەکانی بە نەرمی بەرەنگاری زمانی “کەمایەتیەکان” و “پاراستن” بووەوە. هەروەها پاتریارک جەختی لەوە کردەوە کە مەسیحیەکان پێویستیان بە پاراستنی دەرەکی نیە، چونکە ئەمنیەتی ئەوان لە موسڵمان و جوولەکەکان و دراوسێکانی ترەوە دێت. بە بڕوای ئەو مۆزایکی عەرەب و کورد و سریانی و شەرکس و ئەرمەنی و سوننە و عەلەوییەکان و شیعە و دروز و مەسیحی و ئێزیدی و ئەوانی تر، سەرچاوەی دەوڵەمەندییە بۆ سوریا نەک هەڕەشە بە مەرجێک هەمەچەشنی بە باشی بەڕێوە ببرێت.
پاتریارک دانی بەوەدا نا، کە لە ڕژێمی بەشار دا جۆرێک لە “ئیدارەدانی” کەمینەکان بەدی دەکرا کە ئاشتی مەدەنی تا ئاستێک دەپاراست، هەرچەندە پرۆسەکە بەشێوازێک بوە کە تێوەگلانی لێدەکەوتەوە لەسەرەوی سیستەمە بەرەوە خوارەوە، ئەمەش لەخۆگرتنی ڕاستەقینە نیە. کەسایەتیە مەسیحییەکان زۆرجار لەڕووی سیمبولیەوە پۆست و پلەیان پێ دەبەخشرا، بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ خودی کۆمەڵگاکانیان. هەر بۆیە کاریگەری ڕاستەقینەی ئەوانە سنوورداربوو. سەربارەت بەدۆخی تازەی سوریا، ئەو دۆخەکەی بە”دەرفەتێکی ڕاستەقینە” زانی، نەک تەنها بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی کەمینەکان لەسەر خاکەکانیان، بەڵکو بۆ ئەوەی کارلێککردن و هاوکاری قوڵتر لە نێوان هەموو سورییەکاندا بڕەخسێنێت. بەڵام لەهەمان کاتددا، ئەو هۆشداری دا لەوەی کە نائارامی گەورە و قەیرانی ئابووری هاندەری بەهێزن بۆ کۆچکردن، بەتایبەتی لە نێو توێژی گەنجانی شارەزادا.
سەبارەت بە پرسیاری لایەنە دەرەکیەکان و کاریگەریەکانیان، پاتریارک هەڵوێستێکی هۆشیارانە، بەڵام ڕەخنەگرانەی گرتەبەر. ئەو پێشوازی لە یارمەتی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی نوێی بێ ئەزموون کرد، بەڵام ترسی لەوە هەبوو کە دەستێوەردانەکان بەهۆی بەرژەوەندیە دەرەکییکانەوە بێت، نەک لەبەر پێداویستیەکانی سوریا. ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی دابەشبوون و تەنانەت دروستبوونی ململانێی ناوخۆیی درێژخایەن. بۆیە پاتریارک داوای پەیڕەوکردنی هاوسەنگیەکی وریایینەی کرد: نواندنی کراوەیی بۆ بەشداری و پشتیووانی، هاوکات پێداگری بەهێز لەسەر ئەولەویاتی نەتەوەیی.
ڕەنگە بەهێزترین ئەو خاڵانەی کە باسی کرد سەبارەت بە بابەتی ئاشتەوایی و لێبوردەیی هەبێت. بە پشتبەستن بە ئایینی مەسیحی، پاتریارک باسی لەوە کرد کە سوریا پێویستی بە پرۆسەیەکی ئاشتەوایی هەیە کە لێبوردەیی لەخۆ بگرێت، بەبێ ئەوەی دادپەروەری و لێپرسینەوە پشتگوێ بخات. ئەو ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەک کرد کە لەلایەن خۆیانەوە بەرێوەچوبوو لە دیمەشق، کە تێیدا میوانداری چل و پێنج بۆ پەنجا نوێنەری کۆمەڵگە جیاوازەکانی کردبوو، لەوانە سوننە، شیعە، عەلەویی، دروز، کورد، تورکمان، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی، ئێزیدی و ئەوانی تر. ئەم دیدارە پەیوەندی نوێی بنیات ناوە، بیرۆکەی کۆنکرێتی بۆ هاوکاری داهاتوو بەرهەمهێناوە. پاتریارک ئەم دەستپێشخەریەی وەک نموونەیەکی پرۆسەی ئاشتەوایی فراوانتر ناساند.
جەختکردنەوەی پاتریارک لەسەر لێبوردەیی، لە ڕووی ئەخلاقیەوە داوایەکی قورسە، لەڕووی سیاسییەوە جێگەی مشتومڕە. بۆ زۆرێک لە قوربانیان، لێخۆشبوون وەک فشارێک وایە بۆ “بەردەوام بوون” بەبێ لێپرسینەوەی گونجاو. پاتریارک ئاگاداربوو بەرامبەر ئەم هەستیاریانە. هەر بۆیە جیاوازی نیشاندا لە نێوان لێبوردەیی و دادپەروەری. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هیچ میکانیزمێکی نیشان نەدا کە ئەو هەستیاریانە لەخۆبگرێت. هەرچەند هێنانەوەی نموونەی کۆمیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی ئەفریقای باشوور وەک پێشنیازێک بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو هەستیاریانەی سوریا گرنگە. بەڵام دینامیکی ململانێی سوریا کە فرە ئەکتەر، فرە چین و لەژێر کاریگەری نێودەوڵەتی، لەوانەیە هەر مۆدێلێکی لەو بەکارهێنانی نموونەی باشوری ئەفریقیا ئاڵۆز بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، پێداگریی پاتریارک لەسەر ئەوەی کە تۆڵەسەندنەوە بۆی هەیە سیستەمی نوێ لەناوببات. وەبیرهێنانەوەیەکی گرنگە کە چاکسازی دامەزراوەیی بەتەنیا ناتوانێت ئەو کۆمەڵگایانەی بەهۆی جەنگەوە تێکشکاون، ساڕێژ بکات.

پەرەسەندنی حوکمڕانی ئیسلامی و پرسی شەرعییەت
لە وەڵامی پرسیاری هەینی سەبارەت بە پەرەسەندنی هەیئەت تەحریر ئەلشام ) HTS( و سەرکردایەتیەکەی، غەدبیان ڕوونیکردەوە کە ئەو وەک ئەکادیمیەک قسە دەکات، نەک نوێنەری گروپەکە. ئەو ئاڕاستەی پەرەسەندنی هەیئەت تەحریر ئەلشامی کێشا: جیابوونەوە لە داعش، گۆڕینی ناوەکە لە جەبهەت ئەلنوسرە، جیابوونەوەی فەرمی لە ئەلقاعیدە و دواجار گۆڕان بەرەو پرۆژەیەکی پراگماتیکی تر و نەتەوەیی لە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد ئەلشەرع و هاوکارەکانی.
غەدبیان ئاماژەی بەوەدا کە حوکمڕانی HTS لە ئیدلب وای لەو گروپە کرد، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دانیشتوانێکی زۆر جیاواز دروست بکات. لەوانە ئاوارەکانی هەموو کۆمەڵگاکانی سوریا و کۆمەڵێکی بچووکی خەڵکی مەسیحی و دروز. بە بڕوای ئەو، ئەم ئەزموونە بزووتنەوەکەی لە ئایدیۆلۆژیای جیهادی سەلەفی توند دوورخستەوە بەرەو شێوازێکی حوکمڕانی پراگماتیک و “مەدەنی”، پەیرەوکردنی خیتابێک کە جەخت لەسەر بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی مۆدێرن بۆ هەموو هاوڵاتیان دەکات. غەدبیان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم گۆڕانکاریانە هێشتا جێی مشتومڕە تەنانەت لەناو بازنەی خودی ئەلشەرع دا، کە لەوانەیە لایەنەکان ئاسوودە نەبن لەگەڵ لابردنی ئایدۆلۆژیا و بە نیشتیمانی کردنی پرۆژەکە.
هەڵبەتە لەوتەکانی غەدبیاندا ناکۆکی هەیە لە نێوان وەسفکردنی شەخسی و ڕاستی حاڵەتەکەدا لەسەر ئەرزی واقیعدا. لە لایەکەوە، شیکردنەوەی غەدبیان دان بە گۆڕانی ئایدۆلۆژی و ڕێکخراوەیی ڕاستەقینەی ناو HTS دەنێت. لەلایەکی ترەوە، ئەم گۆڕانکاریە مەترسی ئەوەی هەیە کە تا چ ڕادەیەک پێکهاتەکانی دەسەڵات و هێزەکانی لەژێر هەژموونی چەکداری گروپەکە دەمێنێتەوە. هەروەها قسەکەران باسی چەند پرسیارێکی وەک مافەکانی مرۆڤ لە ئیدلب، سروشتی پلۆرالیزمی سیاسی لە ژێر دەسەڵاتی HTS و پەیوەندیە درێژخایەنەکانی گروپەکە لەگەڵ ئەکتەرەکانی دیکەی سوریا، نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا خاڵە سەرەکیەکە ئەوەیە کە هەر پڕۆژەیەکی نەتەوەیی گشتگیر دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانە مامەڵە بکات کە لەڕابردوویاندا کێشەی قووڵیان هەیە، بەڵام هەڵسوکەوت و هەڵوێستی ئێستایان لە پەرەسەندن دایە.

داڕشتنی دەستوور، بەشداری سیاسی و پرسی جێندەر
لە بەشی کۆتایی گفتوگۆکەدا، تیشک خرایە سەر داڕشتنی چوارچێوەی ئینتیقالی: ڕاگەیاندنی دەستوور، پرۆسەی دیالۆگی نیشتمانی، هەڵبژاردن و دادپەروەری ئینتقالی. عەلوش جەختی لەوە کردەوە کە هۆکاری ڕاپەڕینی سووریەکان لە سەرەتاوە پەیوەندی بە نان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە نەبوو، بەڵکو هۆکاری سیاسی پێکهاتەیی بوون: دوورخستنەوەی هاوڵاتیان و پارتە سیاسیەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لە بەشداری مانادار لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ئەو دەڵێت هەر گفتوگۆیەک دەربارەی سەقامگیری، ئاسایش و دووبارە نەبوونەوەی توندوتیژی دەبێت بگەڕێتەوە سەر هۆکاری سیاسی سەرەکی ڕاپەڕین.
بۆ ئەو، ڕاگەیاندنی دەستووری پێنج ساڵە دەکرێت رێکخستنێکی راگوزەر و قبوڵکراو بێت، بەڵام تەنها ئەگەر گەرەنتی ڕوونی سیستەمی حوکمڕانی و سروشتی هاووڵاتیبوون و مافەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکان لەخۆ بگرێیت، نەک تەنها پێکهاتە نەتەوایەتیەکان، بەڵکو تەوژمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش. ئەو داوای مافی ئەوەی کرد، کە وەک هاووڵاتیەکی کوردی سووری، بزانێت دەوڵەت چۆن مامەڵە لەگەڵ لایەن و بۆچوونی ناڕازی و تێڕوانینی بەدیل دەکات. جەختی لەوە کردەوە کە لامەرکەزیەت وەک بنەمایەکی گشتی گەشەپێدان و بەڕێوەبردن بچەسپێت، نەک وەک “داواکارییەکی تایبەتی” کورد.
هەروەها زۆزان تیشکی خستە سەر پێویستی ناوگۆڕین و داڕشتنەوەی کۆماری سووریا، بە شێوەیەک کە هەموو پێکهاتەکان بگرێتەوە. ڕوونی کردەوە کە ناساندنی ناسنامەی کوردی مانای نکۆڵی کردن لە کەلتوور و زمانی عەرەبی ناگەیەنێت. بە ارەخنەگرتن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە کە تێیدا ژنان تائاستێک دورخرابوونەوە لە نوێنەرایەتیکردن،زۆزان جەختی لەوە کردەوە: بەبێ ڕێوشوێنی تایبەت بە ژنان (وەک پشکی کۆتای ژنان) لەم قۆناغە گواستنەوەیەدا، ئامرازەکانی دوورخستنەوە بە ئاسانی خۆیان لەژێر ناوی نوێدا بەرهەم دەهێننەوە.
لە پانێڵەکە دا بۆچوونەکانی دژ بەیەکیەکانی قۆناخی پاش گۆڕینی دەسەڵات ئاشکرا کرد: نیشاندانی چاکسازی دەستووری “تەکنیکی”، بەبێ چارەسەرکردنی خووە بنچینەییەکانی مەرکەزییەت و زاڵبوونی پیاوسالاری و زۆرینە. بۆچوونەکانی عەلوش بەرەنگاری ئەم دژبەبەیەکانە بووەوە بە بەستنەوەی داڕشتنی دامەزراوەکان بە ئەزموونی خەڵک و شێوەکانی دەسەڵات.

خۆجێکردنەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتی
لە وەڵامی پرسیاری کۆتایی هەینی سەبارەت بەوەی بۆچی تا ئێستا وڵاتانی ناوچەکە کاردانەوەیان نەنواندوە بەرامبەر سوریا بەرامبەر بەو دژە شۆڕشەی سوریەکان هەڵگیانگیرساند، غەدبیان ڕوونی کردەوە کە سەرکردایەتی نوێ بە ئاگایی هەوڵی داوە خۆی لەو گۆڕانکارییانە بەدوور بگرێت کە لە رابردوودا لەلایەن ئەکتەرە ئیسلامییەکان پێشڕەویان دەکرا. خۆ ئامانجی بزوتنەوەکە هەر لەبنەچەدا ئایینی، لە ڕووی سیاسییەوە میانڕەو، لە ڕووی ناوچەییەوە قبوڵکراو بووە، نەک ئەجێندایەکی جەمسەرگیری ئیسلامی بوبێت کە دژایەتییەکی توندی لێبکەوێتەوە لە لایەن دراوسێکانەوە.
غەدبیان سیاسەتی دەرەوەی بەشێوازێک وەسف کرد، کە ئەولەویەتی دەستبەرداربوونی ڕۆڵی پێشووی سوریایە وەک سەرچاوەی ناسەقامگیری بۆ دراوسێکانی، لەوانەش کۆتایی هێنان بە هەناردەکردنی چەک و میلیشیا و ماددە هۆشبەرەکان. ئەم گۆڕانکارییە لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر لابردنی سزاکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە، یارمەتیدەر بوو بۆ کردنەوەی دەرگا لەبەرامبەر سووریادا. پشتیوانی و ئاسانکاری سعودیە، قەتەر، تورکیا و ئەوانی تر وایکردوە پەیوەندییە ئاست باڵاکان دروست ببنەوە، لەوانە کۆبوونەوەیەکی بەرچاو لەنێوان ئەحمەد ئەلشەرع و سەرۆکی ئەمەریکا، کە غەدبیان وەک پەسەندکردنێکی نائاسایی بەڵام سوودبەخش ئاماژەی پێکرد.
لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتدارانی نوێ لەسوریا دەیانەوێت کەناڵەکان لەگەڵ ڕوسیا بەکراوەیی بهێڵنەوە. لە کۆتاییدا پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی بکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێران بە دۆڕاوێکی ڕێژەیی لە پێکهاتەی نوێی ناوچەکەدا دادەنرێت. پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل هێشتا کێشەی قووڵیان هەیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هێرشە ئاسمانیەکان و هەوڵدان بۆ دەستتێوەردان لە ناوچەکانی باشووری سووریا. لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت دەیەوێت خۆی لە شەڕ دوور بخاتەوە و تەرکیز لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ناوخۆ بکات. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە سووریا وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بەستنەوەو و ئاڵوگۆڕی کەلتووری بێت نەک شانۆی ململانێی بەوەکالەت .
ئەم تێڕوانینە لە سیاسەتی دەرەوە ئەگەرچی گرنگە بەڵام لەوانەیە ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی گەورە ببێتەوە، بێ متمانەیی درێژخایەن لە نێوان ئەکتەرە ناوچەییەکان، ناکۆکییە ناوچەییە چارەسەر نەکراوەکان، تێکەڵبوونی نیگەرانیەکانی ئاسایشی و ناسەقامگیری دیمەنی ناوخۆیی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە سیاسەتە بەمەبەست دارێژراوە بۆ دوورکەوتنەوە لە شێوازی مامەڵە و رەفتاری تێکدەرانەی رژێمی پێشوو لەناوچەکەدا.
لێکنزیکبوونەوە، خاڵە لاوازەکان و ئەگەرەکان
سەرەڕای جیاوازیە قووڵەکان و خاڵەکانی جەختکردنەوەدا، پانێلەکە بەڕوانگەێکی تاڕادەیەک هیوابەخشەوە کۆتایی پێهات. هەینی تێبینی ئەوەی کرد کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوودا، ئێستا هیچ ناکۆکیەکی بنەڕەتی لەسەر شێوازی چارەسەری سیاسی بەدی ناکرێت: لامەرکەزیەت وەک پرەنسیپێک پەسەند کراوە، دیالۆگ وەک پێویست دانپێدانراوە و زمانی هاووڵاتیبوونی گشتگیر بووەتە خاڵێ هاوبەشی نێوان لایەنەکان. ململانێی ڕاستەقینە و کێشە، وەک ئەو ئاماژەی پێکرد، لە وردەکارییەکان و جێبەجێکردندایە نەک لە بابەتە گشتیەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆکە چەند درزێکی ئاشکرا کرد، کە ڕەنگە ببنە هۆی دیاریکردنی ڕێڕەوی سیاسی لە سووریادا. دیارە کە هێشتا کێشەکانی نێوان ئاشتی مەدەنی و دادپەروەری ئینتقالی چارەسەر نەکراون و مەودا و شێوەی لامەرکەزیەت هێشتا جێی مشتومڕە، تەنانەت ئەگەر بابەتەکە بە گشتیش پەسەند کرابێت. شوێن و ڕۆڵی ئایین لە ژیانی گشتی و ناسنامەی دەستووریدا بەردەوامە لە دروستکردنی دڵەڕاوکێ لە نێوان کەمایەتیەکان و کۆمەڵگای زۆرینە. وە بوونی ئەکتەرە دەرەکیە بەهێزەکان، تەنانەت ئەگەر وەک پاڵپشتیکەریش بن، بە دڵنیاییەوە کارلێک لەگەڵ دابەشکارییە ناوخۆییەکان دەکات بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو.
سەرباری ئەو ئەو درزانە، لە پانێڵەکەدا دانپێدانانێکی هاوبەش بەدیدەکرا کە گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەتی دیکتاتۆری نە گونجاوە و نە خوازراوە، کە هەمەچەشنی سوریا وەک سەرمایە دەمێنێتەوە ئەگەر ژیرانە بەڕێوە ببرێت، هەرچەندە سەخت بێت، گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە پەلکێشانی چواردە ساڵی ڕابردوو بەرەو پەرتەوازەیی هەمیشەیی. پانێلەکە بە گەشبینییەکی مامناوەندانەوە بە بەراورد بە نائومێدی ساڵی پێشوو کۆتایی پێهات: کرانەوەیەکی سەرەتایی بەڵام ڕاستەقینە بۆ وێناکردنی سووریایەک یەکگرتوو بێت، نەک یەک ڕەنگ ، لامەرکەزییەت نەک پارچەپارچە بوون، سووریایەک کە ڕەگی لە هاووڵاتیبووندا چەقیبێت بەشێوەیەک کە تەنها خەیاڵێکی یاسایی نەبێت.
دیداری مێری 2025
سوریا: گەڕان بەدوای یەکڕیزی لە نێو لێكترازاندا

