ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI) لە دیبەتێکی تایبەتیدا، میوانداریی کلێمنس سێمتنەری باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و ڕادو بوتوم سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر کرد. ئەم دوو دیبلۆماتە ئاشناییەکی درێژخایەنیان هەیە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان چونکە باڵیۆز سێمتنەر لە نێوان ساڵانی 2020 و 2022 کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بووە لە هەولێر, بوتوم لەماوەی دوو ساڵی رابردوو سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا بووە لە هەولێر .
ئەم دیبەیتە بەرپرسانی باڵا حکومی وحیزبی و دیپلۆماتکاران و کارمەندانی بانکی و ڕۆژنامەنووسان و بژاردەێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆکردەوە. بەشی یەکەمی دانیشتنەکە کراوە بوو و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوماڵیان کرد. بەشی دووەمیش داخراو بوو لە ژێر یاسای چاتام هاوس بەڕێوەچوو.* دیبەیتەکە گەنگەشەی کۆمەڵێک بابەتی کرد لەوانە پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و داماڵینی چەک لە دەستی گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان، کشانەوەی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پرسی کۆچبەران، چاکسازی ئابووری، یەکخستنی پێشمەرگە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
چوارچێوەیەکی هاوبەشی کە دواجار کەوتە کار
باڵیۆز سێمتنەر ئاماژەی بە رێککەوتنی هاوبەشی و هاوکاری کرد کە لە ساڵی 2012 واژۆ کرا لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و عێراقدا، واتە دوو ساڵ پێش سەرهەڵدانی داعش. بەگوێرەی وتەکانی باڵوێز، ڕێککەوتنەکە گشتگیرە و بابەتی بازرگانی و پیشەسازی و وزە لەپاڵ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە، سەرباری ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم رێککەوتنە “نەکەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە”. بەڵام کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاری وەزاری کە لە تشرینی یەکەمی 2025 لە لوکسەمبورگ بەسترا، هاندەرێک بوو بۆ چالاککردنەوەی ئەم چوارچێوەیە.
هەر لە میانی وتەکانی، باڵیۆز ئاماژەی بەوەدا کە ئەو چالاککردنەوەیە هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی گۆرانکاریەکی قۆناخ بەقۆناخی مامەڵەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراق. خۆ لەمەودای 10 ساڵی رابردوودا،هاوکاریەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر بنەمای بەدیهێنانی سەقامگیری بونیاتنرابوون. هەر بۆیە هاوکاریەکان بریتی بوون لە پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی، گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی دووچاری شەڕ بوون وەکو موسڵ. بەڵام هەم عێراق و هەم یەکێتی ئەوروپا پێیان باشە ئەو قۆناغە کۆتایی پێبێت. وادیارە کە جێگرەوەی ئەم قۆناغە ئەجێندایەکی ئابووریە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری وڵات. بەڵام تەحەددیەکانی بەردەم ئەم ئەجێندایە ئاشکران و بریتین لە پشت بەستن بە داهاتی نەوت و قەبارەی زۆری کەرتی گشتی و لاوازی ئاستی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت و سستی و دواکەوتووی کەرتی بانکی، ڕانەهێنراوی هێزی کاری گەنجان و فروانبوونی گەندەڵی. ئەم خاڵانە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم بەدیهێنانی داهاتوو و گەشەی وڵات دروست دەکەن. هەڵبەتەش ناجێگیری ناوچەیی ئەم دواییە و بەتایبەتی ئەوەی لە گەرووی هورمز بەدی دەکرێت، نیشاندەری گرنگی چارەسەرکردنی ئەم کێشانەیە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری وڵات.
گۆڕانکاری لەمامەڵەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، واتە ئەرکێکی زۆر زیاتر بۆ سەر شانی دامەزراوەکانی عێراق بەراورد بەوەی دەگوزەرا لەکاتی قۆناخی ئاوەدانکردنەوە و بەدیهێنانی سەقامگیری. چونکە ئەوەی بەدی دەکرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەکان دەکرێت، بەڵام لە پرۆسەی گەشەپێداندا مامەڵە لەگەڵ هۆکارە بنەڕەتییەکانی ناسەقامگیری دەکرێت. هەر بۆیە پرۆسەی گەشەپێدان کار لەسەر بابەتکانی بودجە و سیاسەتی دامەزراندن و یاسا و ڕێساکان و چۆنیەتی دەستکەوتن و دابەشکردنی داهات دەکات. سەبارەت بە یاساو ڕێسا، وادیارە کە کە لەئێستادا نزیکەی 250 پڕۆژە یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەران کەڵەکەی کراون و دەرنەچوێندراون، زۆربەی ئەم یاسایانەش ڕاستەوخۆ کاریگەریان هەیە لەسەر پرۆسەی گەشەپێدان. زیاتر لەوەش، خۆ لە کۆی 70 بۆ 80 بانک لە عێراقدا، زۆربەیان ناتوانن قەرز یا تەمویل یا ناوەندگیری بانکی بکەن و لە ڕاستیدا وەک ئۆفیسی ئاڵوگۆڕی دراو کار دەکەن. بەڵام پێشبینی دەکرێت کە ئەو پرۆگرامە چاکسازیەی بانکی ناوەندی دەستیپێکردوە ببێتە هۆی کەمکردنەەی ژمارەیەکی زۆری بانکەکان و ببێتە هۆی مانەوەی ئەو بانکانەی کە توانای مامەڵەکردنی ڕاستی بانکیان هەیە. سەبارەت بە یارمەتیە داراییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ عێراق، وادیارە کە بڕەکانی خولی 2021-2027 تەرخانکراوە و کۆتایی پێدێت، و هێشتا بڕی خولی 2028-2034 لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا لەژێر گفتوگۆدایە.
بەهاکان و سنوورەکانی هاوبیری
بەڕێز بوتوم باسی ئەزموونی خۆی کرد لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە بوونی عەقلیەتی هاوبەش کرد لەنێوان ئەوروپیەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتیش لەئاستی بەهاکان. هەر لە درێژەی قسەکانی، نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا باسی بوونی ئاستەکی بەرزی هەماهەنگی لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ مافی مرۆڤ کرد، بەتایبەت لەدوای چاوپێخشانەوەی وەرزی ئەمساڵدا بەسەر ئەو ستراتیژیە. سەبارەت بە دۆخی ئەمنیش، بۆتوم ئاماژەی بە بوون و لێکچونێکی دیکەی دا: هەرێم بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کەنابێتە لایەن لە ململانێی ناوچەکە و یەکێتی ئەوروپاش کە تووشی کێشەی ئەمنی بۆتەوە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و روسیا، هەڵوێستێکی هاوشێوە گرتۆتەبەر بە ئاشکرا پەسەندی کردووە. ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ئەوروپا لە هەولێر پێکدێت لە ئۆفیسی پەیوەندی و نێردەی راوێژکاری یەکێتی ئەوروپا کە تایبەتە بە چاکسازی کەرتی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو و فەرمانگەیەکی مرۆیی تایبەت بە ئاوارەکان و گروپە لاوازەکان و کەمایەتییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، لێکچوونی عەقلیەت لە ئاستی بەهاکاندا، مانای لێکچوونی نییە لە ئاستی دامەزراوەکاندا. پابەندبوونی هاوبەش بە ماف و پلۆرالیزم لە هەرێمی کوردستاندا دووچاری کێشەی نەبوونی دەستووری بوونی هێزە ئەمنیە جیاواز و ناکۆکی سیاسی ناوخۆیی دەبێتەوە.
چەک داماڵین و نەبوونی پرۆسەیەکی سیاسی
سەبارەت بە گروپە چەکدارە نادەوڵەتیەکان، باڵیۆز بە ڕوون و ئاشکرا ئاماژەی دا کە دەوڵەت دەبێت کۆنترۆڵی تەواوی چەک بکات. وتی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و دامەزراوە حکومییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی سیاسەتمەدارانی کورد “بەهیچ شێوەیەک قبوڵ نیە.”
هەروەها ئەو ڕوونی کردەوە کە پرەنسیپ نابێتە جێگرەوەی پرۆسە. تێگەیشتن لە هۆکاری بوونی گروپە چەکدارەکان، کە زۆر جار خۆیان دەیبەستنەوە بە مێژووی دوورودرێژی پەراوێزخستنی شیعەکان و وەک پاساو بەکاری ئەهێنن بۆ کارەکانیان، ئەمە پاساو نیە بۆ بوونیان، لەکاتێکدا هەندێکیان بە ئاشکرا لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن. بەڵام پرۆسەی هاوشێوەی چەک داماڵین لە شوێنەکانی تری دونیادا پێویستی بە ڕێکەوتنی سیاسی بووە لە نێوان هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوەی چی ئەنجام بدرێت بەدیاریکراوی. بەڵام وادیارە کە لە ئێستەدا هیچ ڕێکەوتنێکی لەو شێوەیە لە عێراقدا بوونی نییە. بە بۆچوونی باڵوێز، رۆژی 30 ی ئەیلولی ٢٠٢٦ لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە وەک سەرەتایەک تەماشا دەکرێت نەک کۆتاییهێنان بە قۆناخی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان.
ئەوەی باوە ئەوەیە، کەئەم پرۆسەی چەک داماڵینە دەست پێ دەکات و پاشان جیابوونەوە لەگروپەکان، و دواتر تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگا. ئەوروپاش لەم پرۆسەیەدا شارەزایی قوڵی هەیە و چەند جارێک ئەم هاوکاریەی پێشکەش کردوە. ئەوەی کە بە ئاشکرا لەم پرۆسەی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی عێراقدا بەدی دەکرێت نەبوونی خاڵی سێیەمە. وادیارە مەبەست لەم پرۆسەیە هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لەو گروپانەیە وەک یەکە و کردنیانە بە بەشێک لە هێزە ئەمنیەکانی دیکە،یان خانەنشینکردنی هەندێکیان، بەبێ بوونی پرۆسەیەک بۆ ڕاهێنان و ئامادەکردنی ئەندامانی ئەم گروپانە بۆ نێو کەرتی گشتی. ئەم کەم وکورتیە شایەنی سەرنجە: تێکەڵبوون بە لایەنە ئەمنیە جیاوازەکانی حکومەت یان خانەنشینکردن تەنها واتای دابەشبوونی ئەم چەکدارانەیە لەنێو دام و دەزگاکاندا، بەبێ گۆڕینی دڵسۆزی سیاسی ئەم چەکدارانە.
ئەو بۆشاییەی کە نابێت پڕبکرێتەوە
لەگەڵ کۆتایهاتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، قسەکەران چەند جارێک پرسیاری ئەوەیان کرد، کە ئایا ئەوروپا دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ئەمریکا بەجێی دەهێڵێت. باڵیۆز سیمتنەری بنەمای پرسیارەکەی پێ سەیر بوو چونکە سەرباری ئەوەی کە ئەوروپا تووشی کێشەی تیرۆرزم و پەناهەندەیی دەبێتەوە بەبۆنەی ناسەقامگیریەوە لە عێراق ، بەڵام سەبارەت بوون بە جێگرەوەی ئەمریکا ئەو ڕوون و ئاشکرا بوو و گوتی “من نایبینم.” خۆ حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت کە تەنها دەوڵەت دەتوانێت چەکی هەبێت. گروپە چەکدارەکانیش پاساوی چەک هەڵگرتنیان بەستۆتەوە بە بوونی هێزی بییانی لە عێراقدا. هەر بۆیە بە ڕاگەیاندنی ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمەریکا و جێگۆرکێیان بە ئەوروپیەکان، پاساوی گروپە چەکدارەکان هەر دەمێنێت.
سەبارەت بە هێزی ناتۆ لە عێراقدا، باڵیۆز ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمریکادا لەفەراهەمکردنی ژێرخانێک کە ئۆپەراسیۆنەکان پشتی پێ دەبەستن و کاری گواستنەوەی ئاسمانی، هەواڵگری، چاودێری، لۆجستیک و سیستەمی فەرماندەیی پێ دەکەن. لە کاتێکدا ئەندامە ئەوروپییەکان بەشداری هێزەکانیان لەچوارچێوەی ئەم هێزەدا. بەگشتی، وڵاتانی ئەوروپا ئێستا بە دابینکردنی بەرچاوی خەرجی بەرگری و پرۆگرامەکانی بەرزکردەوەی توانای هاوبەش بەشدارن، ئەمەش زیاتر بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا بووە نەک هەر پەرەسەندنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەڵبەتە عێراق داوای لە هاوپەیمانان کرد کە بکشێنەوە، ئەم داواکاریەش بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ لابردنی ئەو شێوازانەی کە بە دەستێوەردانی دەرەکی دەخەمڵێنرێن. عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆنترۆڵی تەواوی دۆخی ئەمنی خۆی کردووە و هەوڵی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی توانای پێویست بۆ وەدیهێنانی کۆنترۆڵی تەواو. بەڵام لە کوردستاندا لەوە ناچێت هێزی ناتۆ و ئەمریکا جێگرەوەیان هەبێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
کۆچکردن: نیشانەیە، نەک کێشەی پۆلەسی
کێشەی کۆچکردن وەک پرسێکی حوکمڕانی تاوتوێ کرا، نەک پرسێک سەبارەت بە سنووری وڵاتان. سەرەڕای ئەوەی داواکاریەکان لە عێراقەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام عێراق لە ساڵی 2024 دا دووەم سەرەکیترین سەرچاوەی پەناهەندە بوە لە یەکێک لە وڵاتەکانی ئەوروپا. لە نێو وڵاتانی ئەوروپا باوەڕ وایە کە سێ لەسەر چواری یان زیاتری پەناهەندەیی لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە، زۆرینەی داواکارانیش خەڵکی زاخۆ و چەمچەماڵ و ڕانیەن.
لە کۆبوونەوەکە پێشنیارەی کۆچکردنی یاسایی کرا لە ڕێگەی گرێبەستی کارکردنەوە وەک چارەسەرێک بۆ ڕێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی. باڵوێزی بەگومانەوە ڕوانیە سەر ئەم پێشنیازە، ئەو پێی وابوو کە ئەم جۆرە پلانانە لەسیاسەتی وڵاتانی ئەندام یەکێتی ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت نەک خودی یەکێتێیەکە. هەروەها ئەو پێی وابوو کە ئەم جۆرە پلانانە جێبەجێکراون و دەرئەنجامی باشیان نەبوە بوونەتە هۆی رۆیشتنی توانا و کارامەی تۆکمە بۆ دەرەوەی وڵاتی خانەخوێ. خۆ پرۆگرامێکی هاوشێوە لە تونس و ڤێتنام جێبەجێکرا و شکستی هێنا چونکە دەستەبەرکردنی کار دوای چەندین ساڵ لەکارکردن لەدەرەوەی وڵات لەخودی وڵاتی سەرەکی زۆر ئەستەم بوو. لە ژێر ئەمەشدا نەگونجانی نێوان خواست و شارەزایی و بازاڕی کار هەیە. لە عێراق زۆرێک داوای دامەزراندن دەکەن لە کەرتی گشتی وەزارەتەکانیش دەڵێن دامەزراندن نیە. پرۆگرامەکانی ئەوروپا ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە و تیشک دەخاتە سەر کاری بچووک و مامناوەند، دەستگەیشتن بە دارایی، فەراهەمکردنی شارەزایی دیجیتاڵی ژینگە پارێز، و کۆمەڵێک دەستپێشخەری دیکە وەک پڕۆژەی MOVE لە دهۆک کە ڕاهێنان و خواستی بازاڕ بە یەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها پرسی پەنابەرانی سووری لە ناوچەکە وروژێنرا، ئاماژە بەوە درا کە بەشداریان لە بازاڕی کاردا زۆرە، هەربۆیە گەڕانەوەی بەزۆر بۆ ئەم توێژە نە یاساییە و نە کرداریە. هاوکاری ئەوروپا لەم پرسەدا جەخت دەکاتە سەر پەیداکردنی بەڵگەنامە و پرۆسەی پشتراسکردنەوەی بەڵگەنامە چونکە پەنابەران ناتوانن بڕیاری گەڕانەوە بدەن تاوەکو وڵاتەکانیان سەقامگیر نەبێت.
کوردستان : شەرعییەت و دەنگ و کێشەی متمانە
بە ئاگاداری لە دینامیکیەتی سیاسی ناوخۆیی، بەڕێز بوتوم بەڕوونی روناگەی خۆی پێشکەش کرد سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. یەکێتی ئەوروپا کاری دەستنیشانکردنی چارەسەر نیە و کاتێک کۆمەڵێک سیناریۆ بە کراوەیی دەمێننەوە گرنگترین شت دابینکردنی بەرچاوڕوونیە لەسەر ئاستی سیاسی ناوخۆیی، ئەمەش بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە. هەڵبژاردن دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدرا و ئەو کاتەی بەدوایدا هات بۆ دروستبوونی حکومەت بە شێوازێکی ئاسایی بەرتەسک بووەوە و نەما، هەر بۆیە و سەقامگیری و شەرعییەت لەم دۆخەدا زۆرتر پێویستە. ئەو شەرعیەتی بەستەوە بە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی کە دامەزراوە ڕەواکان دەیپارێزن و نادڵنیایی درێژخایەن دەیخاتە ژێر مەترسییەوە. هەر بە بڕوای ئەو توێژی گەنجی بەتوانا گەورەترین سەرچاوەی هەرێمی کوردستانە و ئەرکی حکومەتیش ڕەخساندنی هەلومەرجێکە کە بتوانن تێیدا زۆرترین سوود بگەێینن.
باڵیۆز سێمتنەر بەلای خۆیەوە تێڕوانینێکی مێژوویی بەڵام ڕەخنەگرانە پێشکەش کرد. کاتێک لە ساڵی 2008 دەستی بە کارکردن لەسەر عێراق کرد، ئەوەی دەیبینی ئەوە بوو کە لایەنی کوردی یاریکەرێکی سەرەکی بوو لە بەغدا. ئەو چیتر ئەوە ڕۆڵە نابینیت لە حاڵی حازردا و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ لاوازبوونی پەیوەندی نێوان دوو پارتە دەسەڵاتدارە سەرەکیەکەی هەرێم. ئامۆژگاری ئەو ئەوە بوو، کە هەردوولا دەبێت لە بەغدا یەکگرتووبن و دەنگیان یەک بێت و لەو بابەتانەی کە بە ڕوونی پەیوەستە بە بەرژەوەندی نەتەوەییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت دەستپێشخەر بێت. باڵوێز سێمتنەر سیستەمی گومرگی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) کە لە نەوەد وڵات جێبەجێ کراوە، وەک نموونە بۆ ئەم بابەتە هێنایەوە. لەهەمان کاتدا باڵوێز ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد، بەوەی کە بۆڕی نەوتی جەیهان کە بە کوردستاندا تێدەپەڕێت لە ئێستادا تاکە هێڵی داهاتە کە بە کارامەیی لە عێراق کار دەکات.
سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، لەگفتوگۆکە ئاماژەی بەوەدا، کە قەبارەی هەوڵەکانی پێشوو بە بەشداری فراوانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و ڕۆژئاوا و دارشتنی پلانی ورد و سیستماتیک، لەسەرەتادا زۆربوون بەڵام پاشان وەستا. لەسەرتای ئەو هەوڵانەوە تا ئێستا نۆزدە یەکە یەکخراون بەڵام وادەی یەکخستنی کۆتایی ساڵی پار تێپەڕی و بۆ ساڵێکی دیکە درێژکرایەوە. باڵوێز هەروەها باسی لەگرنگی یەکخستنی دەزگا هەواڵگریەکان و هێزە تایبەتەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵات کرد کە یەکنەخراون بەهۆی سست بوونی متمانەوە. لێرەدا، هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن یارمەتی پێشکەش بکەن لە رووی ڕۆڵ و لایەنی تەکنیکەوە، بەڵام وادیارە لەم دۆخەدا یاسا بەتەواوەتی جێبەجێ ناکرێت. دیبەیتەکە پاشان تەرکیزی خستە سەر گروپەکانی سەر بە ئێران و لایەن و پێکهاتەکانی بزووتنەوەی سەدر: هەڵوەشانەوەی بزووتنەوەی سەدر دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هەڵوەشانەوەی فەرمی وڕێکخستنەوەی کارمەند نابێتە هۆی لابردنی دڵسۆزی و وەلائی سیاسی.
هەمان کێشە دەرکەوت کاتێک پرسیارێک کرا سەبارەت بەوەی ئایە یەکێتی ئەورپا هیچ میکانزمێکی هەیە بۆ ڕیگریکردنی لە ئەگەری یارمەتیدانی گروپە ناحکومیەکان کاتێک ئەوروپا یارمەتی پێشکەش بە دام و دەزگاکانی حکومەت دەکات؟ چونکە شاراوە نیە ئەو لایەنانە دەسەڵاتی خۆیان گەیاندۆتە نێو دامەزراوە حکومیەکان. وەڵامەکە بە ڕاشکاوای سنووری یارمەتیەکانی دەستنیشان کرد: ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکان ئەکات نەک لەگەڵ تاکەکان، نێردەی راوێژکاری یەکێتی ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی ناکات لە کاری چاکسازی کەرتی ئەمنی، بەڵام کاتێک خزمێکی بەرپرسێکی باڵا سەر بە گروپێکی چەکداری دەبێت، ئاستی کاریگەری بەردەستی یەکێتی ئەوروپا سنووردارە. ئەمەش سنووری ئەو هاوبەشیە دامەزراوەییە دیاری دەکات لەو شوێنانەی کە لایەنە نادەوڵەت یەکان دەست بەسەر دامەزراوە حکومییەکان دەگرن.
لە سەقامگیربوونەوە بۆ هاوبەشی دامەزراوەیی
یەکێتی ئەوروپا لە سەقامگیریەوە بەرەو هاوبەشی گەشەپێدان دەڕوات لە کاتێکدا کە پرسیارێکی گرنگ بەبێ وەڵام ماوەتەوە: ئایا دەوڵەتی عێراق دەتوانێت کۆنترۆڵی ئەو گروپە چەکدارانە بکات کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن؟ چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە کاریگەری دروست دەکات لە سەر پرۆسەی سیاسی و کەش و هەوای وەبەرهێنان و دروستبوونی متمانە بە هەموو ئەو چاکسازییانەی کە لە گفتوگۆکەدا باسیان لێکرا.
بۆ بەغدا، ئەو سەروەریەی کە باسی لێوەدەکرێت دەبێت لە ڕاستیدا رەنگ بداتەوە . چەک داماڵین بەبێ رێککەوتنی سیاسی و بەبێ سەرلەنوێ تێکەڵبوونەوەی ئەندامانی ئەو گروپانە بۆ نێو کۆمەڵگادا، تەنها ڕاگەیاندنی چەکداماڵینە نەک سەپاندنی قۆرخکاری چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.
بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو قسەکەر هاوڕا بوون، کە شەرعییەت و کارایی تەنها کاڵای ناوخۆیی نین، بەڵکو ئامرازی کاریگەری دەرەیین. سەرباری تێپەرینی دوو ساڵ پاش هەڵبژاردن، هێشتا کێشە ناوخۆییەکان چارەسەرنەکراون و ئەمەش دەنگی هەرێم لە بەغدا لاواز دەکات، پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان ئاڵۆزتر دەکات و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسیەوە.
بۆ هاوبەشە ئەوروپیەکان، ئەلەنگاریەکە ئەوەیە کە چۆن بتوانن کاریگەر بن دوای نەمانی هێزی هاوپەیمانێتی نێودەڵەتی. بۆ ئەوروپا ئەمە مانای هەماهەنگی و دەرکەوتنی سیاسی زیاترە نەک پڕکردنەوەی جێی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. هەروەها یەکێتی ئەوروپا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە بابەتی کۆچ و وەبەرهێنان و ئەمنیەت وحوکمڕانی هەمووی بەیەکەوە بەستراونەتەوە بەڵام لە ڕوانگەی جیاوازەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
خاڵی هاوبەش لەلایەن خودی باڵیۆزەوە بەپوختی ڕوونکرایەوە: ئەرک دوای شێوە ناکەوێت. بە واتایەکی دیکە. عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتن و ستراتیژ و هەماهەنگیان کەم نیە. ئەوەی دەگمەنە ئەو متمانەیەیە کە وا لە دامەزراوەکان دەکات وەکو ئەوەی دیزاین کراون کار بکەن، ئەو متمانەیەش تاکە شتە کە هیچ هاوبەشێکی دەرەکی ناتوانێت دابینی بکات.
* یەشی یەکەمی دانیشتنەکە بەکراوەیی بەڕێوەچوو و تۆمارکراوە. جگە لە لێدوانەکانی باڵیۆز سێمتنەر و بەڕێز بوتوم لەو دانیشتنە کراوەیەدا، هەموو لێدوانەکانی تر ناخرێتە پاڵ هیچ بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە .





