Back

دەوڵەت و ڕکابەرەکانی لە ناوچەی شام و عێراقدا

راپۆرتی كۆبوونەوەی دووەمین ساڵیادی كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق

هەولێر، هەرێمی كوردستان عێراق
١١ ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

پوختەی راپۆرت و راسپاردەکان بە کوردی

لە نێوان ململانێی جیۆپۆلیتیکی و قۆناخی ڕاگوزرەی سیاسی ناجێگێر و بەرزبوونەوەی فشار لەسەر دامەزراوە ناحکومییەکان، کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق (LIF) لە هەولێر, دیبەیتی تێروتەسەلی لەسەر سێ پرسی بەیەکەوە گرێدراوی کرد, کە بریتیبوون لە: (أ) چۆنیەتی گێرانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی کاریگەر، هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی گشتگیریی و هەمەلایەنی سیاسی؛ (ب) چۆنیەتی پشتگیریکردن لە ئەنجامدانی کاری پۆلەسی تۆکمەتر و باشترکردنی کار و چالاکی سنووربەزێن لەلایەن دامەزراوە توێژینەوەییەکانەوە. (ج) چۆنیەتی تەمویلکردنی پرۆسەی بوژانەوە بەبێ چەسپاندنی نایەکسانی و حوکمڕانی خراپ کە هۆکارن لەدرووستبوونی قەیرانەکان.

هەڵبەتە وەڵامی ئەو سێ پرسە لەوەدایە کە دەوڵەت لە ناوچەی شام و عێراق چیتر تاكە خاوەن دەسەڵات نییە، بەڵکو یەکێکە لە نێوان چەندین لایەنی ململانێکەرانی دەسەڵات، لەوانە: گروپە چەکدارەکان، کاریەگەری دەرەکی، وڵاتانی کەنداو، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕەوەندەکان. سەرجەم ئەم لایەنانە لەکێبڕکێدان لەسەر بەکارهێنانی هێز و بژێوی خەڵک و سەرمایە و زانیاری. شاراوە نیە، بۆ نموونە، کە گروپە چەکدارەکان پارەی زیاتر دەدەنە گەنجان لەوەی دەوڵەت پێی دەدرێ بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ ڕیزەکانیان. حیزبوڵڵای لوبنانیش جۆرێک خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکات کە لە ئێستادا دەوڵەتی لوبنان ناتوانێت بە ئاسانی پێشکەشی بکات یان جێگرەوەی بۆ دابین بکات. لە سوریاش وەبەرهێنەران مایەی مەترسیە چونکە، چوارچێوەیەکی یاسایی نیە بۆ ڕێکخستنی ئەو پرۆسەیە. ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئاستی ناوچەکە دەکرێن زیاتر لەلایەن ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانەوە بەکاردەهێنرێت و کەڵکیان لێوەردەگیرێت نەک حکومەتەکانی ئەو ناوچەیە. هەر بۆیە بەبێ فەراهەمکردنی بژاردەی تۆکمە و باشتر، ئەوا حکومەتەکانی ئەم ناوچەیە لەچەسپاندنی ڕۆڵ و پێگەیان فەشەل دێنن.

تۆڕێکی هاوبەش

ئەندامانی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق باسیان لە ئەنجامدانی کاری هاوبەشی سنووربەزێنیان کرد، لەوانەش پرۆژەیەک لەسەر ڕێڕەوی ئابووری لەنێوان سوریا-لوبنان و کارنامەیەکی فراوانتری توێژینەوەی بازرگانی نێوان وڵاتانی سوریا ولوبنان وعێراق. ئەم دەستپێشخەریانە نیشاندەری ئەوەن کە ئەم کۆڕبەندە دەتوانێت دروستکەرانی پۆلەسی ولایەنی جیاواز بەیەکەوە ببەستێتەوە، لەکاتێکدا ئەم لایەنانە لەڕاستیدا تا ئێستا بە دەگمەن کاریان بەیەکەوە کردووە. هەروەها ئەندامان دانیان بەوەدا نا کە تەنیا کۆنفرانس وپەیوەندی کەسیی و ڕاگەیاندن نابێتە جێگرەوەی بەرنامەیەکی تۆکمەی توێژینەوەیی هاوبەش و هەماهەنگی بەردەوام بە سەرکردایەتی ئەندامان و بەشدارپکردنی سیاسەت دارێژەران. بەشداربووان چوارچێوەیەکی سێ ڕێچکەییی و ڕێوشوێنی هەماهەنگی پراکتیکیان پێشنیاز کرد، کە لە خوارەوەی ئەم راپۆرتەدا پێشکەش كراون.

گروپە چەکدارەکان

لە دیبەیتەکەدائاماژە بەوە کرا کە بە تەنیا تێکەڵکردنی فەرمی گروپە چەکدارەکان بە دامودەزگای دەوڵەتەوە فەرماندەیی یەکگرتوو، لێپرسینەوەی سیاسی یان متمانە لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست ناکات. دەرفەتی “ دۆخی دوای ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان” کە پارساڵ لە كۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراقدا دەستنیشان کرا، سێ دەرئەنجامی جیاوازی لێکەوتۆتەوە:

عێراق وادەی 30ی ئەیلولی دیاری کرد بۆ ڕادەستکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵات بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە، هێزەکانی ئەمریکاش دەرچن لە عێراق. بەڵام هێزەکانی ئەمریکا کشانەوە و گروپە چەکدارەکان چەکەکانیان دانەنا. ئەوەی رویدا ئەوە بوو کە فشار خرایە سەر ئەو گروپانە، بە دانانی چەکەکانیان بەبێ فەراهەمکردنی ڕێڕەوێکی جێگرەوە. ئەزموونی دوای ساڵی ٢٠٠٣ی عێراق دەریدەخات کە تێکەڵکێشکردنی هێز بەدام و دەزگای دەوڵەتەوە بەبێ بوونی بناغەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، لە یەکەم شۆکی ئەمنیدا هەڵدەوەشێتەوە.

سوریا توانی زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی پێشوو بە خێرایی و بەدەرکردنی فەرمان، لەخۆبگرێت. بەڵام دانوستانەکان بۆ تێکەڵکێشکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە کورد سەرکردایەتی دەکات، سست بۆتەوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر بابەتی ئیدارە و پەروەردە بە زمانی کوردی و ئاسایشی ناوخۆوە. هەموو ئەمانەش پەیوەستن بەنەبوونی گەرەنتی دەستوریەوە. بەشداربووان ناکۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئایا تێکەڵکردنی ئەم هێزانە بەدەوڵەتی سوریاوە دەبێت پێش وەدەستهێانی ئەو گەرەنتیانە ئەنجام بدرێت یاخود هاوتەریب لەگەڵی یان پاش فەراهەمکردنیان.

لوبنان، بۆ یەکەمجار ،سەرکردایەتیەکی هەیە کە پێگەی چەکداریی حزبوڵڵای لوبنان ڕەتدەکاتەوە. بەڵام چەکداماڵینی ئەم گروپە پەیوەستە بە دینامیکیەت و حیساباتی ئێران و کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و توانای سوپای لوبنانی لاواز و توانای حکومەتی لوبنان بۆ فەراهەمکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی حیزبوڵڵا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی پێشکەشی دەکات.
ڕوانگەی ئوردن ئەوە بوو کە سەروەری لاواز کاریگەری و تێچووی ڕاستەوخۆ بەسەر دراوسێە سەقامگیرەکاندا دەسەپێنێت، لە ڕێگەی قاچاخ، ئاوارەبوون، هەڕەشەی سنوورەکان و پەکخستنی ئابووری.

دامەزراوەکانی زانیاری

کێشەی ناوچەی شام و عێراق لە دابینکردنی شیکاری سیاسەت كورت ناكرێتەوە، بەڵکو لە توانای دەوڵەت بۆ لەخۆگرتن و بەکارهێنانی دەرهاویشتەی ئەو توێژینەوانەیە. تەمویلی لاواز و سستی کاری هاوبەشی نێوان سەنتەرە توێژینەوەییەکان، حکومەت و بوونی چوارچێوەێکی یاسایی کە مامەڵە لەگەڵ ناوەندەکانی بیرکردنەوە و توێژینەوە دەکات وەک ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانەی کە خزمەتگوزاری ویارمەتی پێشکەش بەهاوڵاتیان دەکەن، وەک بەربەستی دووبارەبووەوە دەستنیشانکران لەبەردەم کاری ئەو رێیکخراوە توێژینەوەییانەدا. لەم میانەدا، هەوڵ و پلانەکانی بەغدا بۆ دابینکردنی سندوقی توێژینەوە بۆ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و پێدانی پێگەی جیاواز بۆ دامەزراوە توێژینەوەییەکان جێگەی بایەخی ئامادەدبووان بوو، ئاماژەیان بەوەدا کە نابێت دابینکردنی تەمویل لەسەر حیسابی سەربەخۆیی ئەم دامودەزگایانە بێت.

ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوە

دیارە کە ئاستی هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا کە پێداویستی و هاوکاریەکان لە غەززە، سوریا و لوبنان گەیشتوونەتە لوتکە. لە سوریا، سڕینەوەی سزاکان و دووبارە بەشداریکردنی دیپلۆماسی دەرگای بوژانەوەی کردۆتەوە، بەڵام بەبێ بوونی سیستەمی بانکی کارا و بەڕێوەبردنی شەفافانەی سەروەت و سامانی گەڕێندراوە، یان بەبێ بوونی شەرعیەتی ناوخۆیی، بوژانەوە لە وڵات هێشتا دروست نەبووە. ڕاستە کە تەمویلی کەنداو و ڕەوەندی سووری بەشێوازێکی فەرمی مەرجەکانیان کەمترە لەوەی کە لە وڵاتان و دامەزراوەکانی ڕۆژئاواوە دێن. بەڵام مەرجەکانی وڵاتانی کەنداو و رەوەندی سووری ناڕاستەوخۆن وکاری بەندەرەکان و فرۆکەخانەکانیان دابەش کردوە لە نێو خۆیان.

سەبارەت بە شنگال و دەشتی نەینەوا و موسڵ، کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد کە سەرباری هەوڵەکان بۆ درووستکردنی ژێرخان، كەچی هێشتا خەڵکانێکی زۆری ئەو ناوچانە ئاوارەن و ئاستی بژێوی ژیانیان لاوازە، متمانەی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە لاوازە. هەڵبەتە ئاوەدانکردنەوە واتای بوژانەوە نیە. بووژانەوە دەبێت پێوانە بکرێت بە گەڕانەوەی بەردەوام و بوونی بژێوی سەقامگیر و متمانە، نەک بە چاککردنەوەی خان و بینای ناوچەکە. بەشداربووان لەسەر ئەوە ناکۆک بوون کە ئایا پێشکەوتنی ئابووری یان دادپەروەری و ئاشتەوایی دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە بێت؟. هەڵبەتە لەو شوێنانەی کە کۆمەڵگاکان تووشی دڕندەیی و کۆمەڵکوژی بوون، بەڵگەکان لە بەرژەوەندی بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاشتەوایین لەسەرەتادا.

بەکۆی گشتی، بەشداربوونی کۆبوونەوەکە پێیان وابوو کە تەمویلکردن، تێکەڵکردنی هێزە نادەوڵەتیەکان و چاکسازییە یاساییەکان کاتێک کاریگەر دەبن کە دامەزراواەی پەرپرسیار هەبن، ئەولەویەتەکانی خەڵک دەستنیشان بکرێن و خزمەتگوزاری ماناداری دەوڵەت بە ئاستێک بێت کە خەڵک بەدیلەکانی دەوڵەتی پێ قبوڵ نەبێت. ئەو دیدگا و پێشنیارانەی لێرەدا باسکراون و لە گفتوگۆیەكانی كۆڕبەنددا ئاماژەیان پێ درا هێشتا نەبوونەتە پڕۆژەی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق.

دامەزراوەکانی زانیاری

کێشەی ناوچەی شام و عێراق لە دابینکردنی شیکاری سیاسەت كورت ناكرێتەوە، بەڵکو لە توانای دەوڵەت بۆ لەخۆگرتن و بەکارهێنانی دەرهاویشتەی ئەو توێژینەوانەیە. تەمویلی لاواز و سستی کاری هاوبەشی نێوان سەنتەرە توێژینەوەییەکان، حکومەت و بوونی چوارچێوەێکی یاسایی کە مامەڵە لەگەڵ ناوەندەکانی بیرکردنەوە و توێژینەوە دەکات وەک ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانەی کە خزمەتگوزاری ویارمەتی پێشکەش بەهاوڵاتیان دەکەن، وەک بەربەستی دووبارەبووەوە دەستنیشانکران لەبەردەم کاری ئەو رێیکخراوە توێژینەوەییانەدا. لەم میانەدا، هەوڵ و پلانەکانی بەغدا بۆ دابینکردنی سندوقی توێژینەوە بۆ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و پێدانی پێگەی جیاواز بۆ دامەزراوە توێژینەوەییەکان جێگەی بایەخی ئامادەدبووان بوو، ئاماژەیان بەوەدا کە نابێت دابینکردنی تەمویل لەسەر حیسابی سەربەخۆیی ئەم دامودەزگایانە بێت.

بۆ دابەزاندنی پوختەی راپۆرت و راسپاردەکان بە زمانی کوردی.

بۆ دابەزاندنی تەواوی ڕاپۆرتەکە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی.

Comments are closed.