Back

ئاشتی لە تورکیا: پاڵنەرێک بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە لێڤانت و عێراقدا

 

لە دیبەیتێکدا لە نێوان دەنگێکی پێشەنگی پارتی گەلان بۆ دادوەری و دیموكراسیەت (دەم پارتی) نزیک لە کورد، لە وڵاتی تورکیا، تولای حاتەم ئۆغڵولاری و سەرۆکی ئینستیتوتی مێری دلاوەر عەلائەدین، پرسێکی سەرەکی تاوتوێ کرا، کە کاریگەریەکانی تەنها  لەسنوری وڵاتی تورکیا نامێنێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی: ئایا پرۆسەی ئاشتی نوێ لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی کوردیدا لەو وڵاتە دەتوانێت سیستەمێکی ناوچەیی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر لە ناوچەی شام و عێراقدا بەدیبهێنێت؟

گفتوگۆکە چەند بابەتەێکی لەخۆگرت، لەوانە پەرەسەندنەکانی ڕێڕەوی ئاشتی، داڕشتنەوەی ستراتیژ لە ئەنقەرە و تەشەنەسەندنی شانۆی سیاسی لەناوچەکە لە غەززەوە تا ڕۆژئاوا. بەدرێژایی ماوەی گفتوگۆکە، ناکۆکیەکی ڕوون دەرکەوت لە نێوان بوونی گومانێکی قووڵ بەهۆی شکستی پرۆسەی ئاشتی لەڕابردوودا،بەرامبەر بە دروستبوونی گەشبینییەکی پتەو و پێویست بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، ئەگەر هەندێک گۆڕانکاری پێکهاتەیی ئەنجام بدرێت.

بۆچی گرنگی پرۆسەی ئاشتی  پەیوەست نیە تەنها بە تورکیاوە؟

دکتۆر دلاوەر عەلائەددین بەردەوامی دا بە گفتوگۆکە، بە بیرهێنانەوەی جیاوازی نێوان پرۆسەی ئاشتی پێشوو و هۆکاری شکستهێنانی. لە ماوەی ساڵانی دیالۆگی نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان، بەتایبەتی لە عێراقەوە، وەک “دەروازەیەک بەرەو جیهان” تەماشا دەکرا. پردێکی ئابووری و سیاسی و ژێرخانێکی هیوابەخش بۆ ناوچەکە. کاتێک شەڕ دەستی پێکردەوە، ئەو دیدە گۆڕا و “کارەسات” لە ناوچەکە دروست بوو. عێراق و تورکیا ئازاریان چەشت، و دەنگدانەوەی ئەو شکستە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر کرد.

ئەم وەبیرهێنانەوەیە گرنگە، چونکە دەریدەخات کە پرسی کورد لە تورکیا تەنها کێشەیەکی ئاسایشی ناوخۆیی نیە، بەڵکو بابەتێکی گرنگ و بنچینەییە، کە کاریگەری ناوچەیی هەیە. ئەگەر تورکیا لەگەڵ کورد پرۆسەی ئاشتی سەربخات، ئەوا دەتوانێت فاکتەری بەستنەوەی لایەنەکان بەیەکەوە. بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر لە جەنگدا بێت لەگەڵ لایەنی کوردی، ئەوە دەبێتە هۆی بڵابوونەوەی نائارامی لەناوچەکە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، پەیڕەکردنی هەنگاوەی ئەمنی زۆر توند لە سەرانسەری سنورەکان، ئاوارەبوونی دانیشتوان و چەسپاندنی ئایدۆلۆژیای  تووندتر. ئەم پەرەسەندنە نەخوازراوە، کێشەکانی پەل دەکێشێت بۆ هەولێر، بەغدا، دیمەشق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش.

هەروەها ئەم پێشەکیە جەختی لەسەر قورسایی کەسی و پێگەی سیاسی میوانەکەی کردەوە. تولای بەم دواییانە چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرۆک ئەردۆغان کەوتووە و تازە لە بینینی سوتاندنی ڕەمزی چەکەکانی پەکەکە لە سلێمانی گەڕاوەتەوە. بۆیە تولای لە پێگەێکی بێ هاوتادایە بۆ شیکردنەوەی ئاستی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە و ئاڕاستەکەی.

پرسی کورد وەک خاڵێکی لاوازی پرۆسەی دیموکراسی  لەماوەی سەدەی ڕابردوو

تولای بە شیکردنەوەی پرۆسەکە لە سۆنگەێکی مێژوویەوە دەستی پێ کرد. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە “پرسی کورد” لە تورکیا ئێستا تەمەنی زیاتر لە سەد ساڵە و بەقەد کۆمارەکە کۆنە. لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیاوە، دۆخی چارەسەرنەکراوی کورد یەکێک بووە لە بەربەستە سەرەکیەکانی بەردەم بەدیموکراتیکردنی وڵاتی تورکیا. ئەو ئەمەی بەستەوە بە ڕێکەوتنی فراوانتری دوای سایکس پیکۆ کە سنووری نوێی کێشا و کۆمەڵگەی کوردی دابەش کرد لەسەر چوار بەش و ئەو خێزانانەی جیا کردەوە کە پێشتر لە هەمان ئاهەنگدا بەیەکەوە شاییان دەکرد.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی لە تورکیا ڕوودەدات جیاناکرێتەوە لە پەرەسەندنەکانی “چوار پارچەی کوردستان” و سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پرۆسەی ئاشتی تەنها کۆتایی هێنان بە یەک یاخیبوون نیە. ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ پەرەسەندنی سیاسی لە تەواوی ناوچەکە و دەتوانێت ببێتە هۆی یا چەسپاندنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی مەرکەزی ، یان ببێتە دەرفەتێک بۆ پتەکردنی فۆرمێکی نوێی دیموکراسی.

تولای ئاماژەی بەوەدا کە دەستپێشخەری ئاشتی 2013-2015 چاوەڕوانی زۆری لێکەوتەوە، نەک تەنها لە نێو کوردەکان بەڵکو لە سەرانسەری کۆمەڵگای تورکیادا بە تورک و عەرەب و کۆمەڵگاکانی دیکەشەوە. داڕمانی ئەم پرۆسەیە و پاشان دروستبونی ڕووداوەکانی 6-8 ی ئۆکتۆبەر و پاشان زیندانی کردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسەکداغ، برینی قووڵ لێکەوتەوە و مەترسی “وێرانکاری” بەجێهێشت. مەترسی و لێکەتەکانی ئەو شکستە هێشتا دیارە و تارمایی بەردەوامی هەیە لەسەر هەر پرۆسەێکی نوێی دیالۆگدا.

دەستپێشخەری نوێ : بانگەوازەکەی ئۆجەلان ، کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و سوتاندنی چەک

ئەم پرۆسەیەی ئێستا، وەک تولای باسی کرد، چەند خاڵێکی گرنگی تێدا هەیە. لە 27ی شوباتدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێکی لە ئیمرالیەوە دەرکرد، ئاشتی وەک چارەسەرێکی دیموکراتی ناساند بۆ کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە چوارچێوەی سنووری ئێستای ئەو دەوڵەتانەی کە تێیدا دەژین. ئەو جەختی لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و کردنی مرۆف بە چەقی حوکمڕانی، دانپێدانان بە مافی مرۆڤ و شوناس و زمان و پێگەی یاسایی کورد لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەی برایانەوە.

لە وەڵامدا، پەکەکە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی بەست و بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانی لە سلێمانی سووتاند. لێردەا سیمبولیزم گرنگە: بەخاکسپاردنی چەک، کۆتایی نیە چونکە دەکرێت خاک هەڵبدرێتەوە وە چەکەکان دەربهێنرێنەوە، بەڵام سوتاندنی چەک نیشانەی پابەندبوونێکی قووڵتر و یەکلاکەرەوەترە بە ئاشتی بەراورد بەخاکسپاردنی چەک. لەگەڵ ئەوەشدا مەراسیمەکە پەیامێکی سیاسی کۆنکریتی گەیاند. داوای چوارچێوەیەکی یاسایی تایبەت لە تورکیا کرد بۆ ئەوەی چەکدارەکان بتوانن چەک داماڵن و بگەڕێنەوە نێو کایەی سیاسی یاسایی و دیموکراسی. بەبێ ئەم جۆرە چوارچێوە یاساییە، بەربەستەکانی بەردەم ڕێگای گۆڕانکاری لە خەباتی چەکداریەوە بۆ سیاسەت، دەمێننەوە.

ئەمە ناهاوسەنگیەک لە گفتوگۆکاندا دەردەخات: لایەنی کوردی هەنگاوی بەرچاو و مەترسیداری ناوە، وەک بانگەوازی گشتی ئۆجەلان و کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوە و چەک داماڵین، لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا، بە بۆچوونی تولای، زۆر خاوتر بووە لە وەرگێڕانی دیالۆگ بۆ گەرەنتی یاسایی و دامەزراوەیی.

وەڵامی دەوڵەت: کۆمیسیۆنی پەرلەمان، زیندانیانی سیاسی و “مافی بەهیوابوون”

سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، تولای ئاماژەی بە هەنگاوێکی گرنگ دا: دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی کە تا ئێستا، ساتی دەستپێکردنی پانێڵەکە، چواردە کۆبوونەوەی ئەنجامداوە. کۆمیسیۆنەکە گوێی لە قوربانیانی ململانێ و لایەنگرانی چارەسەرکردنی پرسی کورد گرتوە. بۆ دەم پارتی، ئەمە “زۆر گرنگە” و دەرفەتێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مێژوو، تۆمارکردنی ئەزموونەکان و ئامرازێکە بۆ دەرککردن بە ئازاری هاوبەشی هەردوولای کۆمەڵگە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تولای جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆسەیە بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی کۆنکرێتی، بەناتەواوی دەمێنێتەوە. دەم پارتی لە 1 ی تشرینی یەکەمەوە بە بەردەوامی فشاری دروستکرد بۆ دروستبوونی ئەم ڕێکارە یاساییە. هاوکات هەڵمەتێکی چڕی دەستپێکردووە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی ژنانی کورد وەک TJA کە ڕێپێوانێکی سەرتاسەری وڵاتیان ڕێکخست و لە 7 ی تشرینی یەکەم لە پەرلەمان کۆتایی پێهات. ئەوان پەیامەکەیان ڕوون بوو: گفتوگۆ بەتەنها بەس نییە. یاساکان دەبێت بگۆڕدرێن.

تولای سێ جۆر ئەولەویاتی یاسایی و مرۆیی دەستنیشان کرد:

  • چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ چەک داماڵین و تێکەڵکێشکردنی سیاسی – یاسا ڕوونی بکاتەوە کە چی بەسەر ئەو جەنگاوەرانەدا دێت کە چەک دادەنێن و چۆن دەتوانن بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دیموکراسیدا بکەن.
  • مافی ئۆجەلان بە هیواخواستن- بە ئاماژەدان بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەوروپا، تولای دەڵێت ئەو بەندکراوانەی کە 25 ساڵیان لە زیندان بەسەربردووە، دەبێت مافی ئازادکردنیان هەبێت. ئەو جەختی لە ڕۆڵی بنیاتنەرانەی ئۆجەلان کردەوە لە برەودان بە ئاشتی و دیموکراتیزەکردن لە سەرانسەری ناوچەکەدا، داوای کرد کە بتوانێت ئازادانە کار بکات و قسە بکات.
  • زیندانیانی سیاسی و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا- تولای ئاماژەی بە بڕیارە دووبارەکراوەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد کە لە بەرژەوەندی ئازادکردنی دەمیرتاش دەردەکەون و ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا ناڕەزایی دەربڕیوە و ئەمەش بێ متمانەیی خەڵک قوڵتر دەکاتەوە. ئەو ئاماژەی بە نزیکەی 78,000 زیندانی سیاسی کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسی تێدایە. داوای ئەنجامدانی گۆڕانکاری یاسایی کرد کە هەم کەسایەتییە دیارەکانی وەک دەمیرتاش و یوکسەکداغ و هەم زیندانیانی سیاسی ئاسایی، ئازاد بکات.

کرۆکی قسەکانی تولای ئەوە بوو کە دروستبوونی متمانە مەحاڵە، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە یەک کاتدا گفتوگۆی ئاشتی بکات، بەڵام پابەندی یاساییە ناوخۆییەکان و نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی پشتگوێ بخات . هەر ڕەتکردنەوەیەک لە جێبەجێکردنی بڕیاری ECHR یان ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش، بنەمای پاڵپشتی کۆمەڵایەتی پرۆسەکە دادەمرکێنی. لەم چوارچێوەیەدا، تولای هەڵوێستی دەم پارتی بە “گەشبینییەکی وریاییانە” وەسف کرد: پابەند و هیوادار، بەڵام بە ئاشکرا مەرجدار بە کرداری کۆنکرێتی دەوڵەتی تورکیا.

دینامیکیەتی حیزب، داڕشتنەوەی ستراتیژ  و قەیرانی دەوڵەتی نەتەوەیی

لە وەڵامی پرسیارەکانی دلاوەر عەلائەددیندا سەبارەت بە ڕۆڵی پارتەکانی تری وەک ئاکەپە و مەهەپە و جەهەپە، تولای وتی: بە بۆچوونی من، حکومەت نەبوو ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد، بەڵکو سەرکردەی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی ئەم قۆناغەی دەستپێکرد.

تولای بیرکردنەوەی ستراتیژی تورکیای بە زنجیرەیەک روداو و شڵەقاندنی ناوچەیی بەستەوە: بەهاری عەرەبی، جەنگی سوریا و گۆڕینی رژێم لە دیمەشق، سەرهەڵدانەوەی شەڕی غەززە و چالاکی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران لەگەڵ سەرهەڵدانی مەترسی ئەتۆمی، و دروستبوونی ئاراستەێکی گشتی بەرەو سیستەمێکی فرە جەمسەریی، کە تێیدا ڕێڕەوەکانی وزە و پەیوەندی ستراتیژی دووبارە داڕشتنەوەیان بۆ دەکرێت. تورکیا پێشتر لە یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکیەکان، ڕێرەوی هیندستان و ئەوروپا، دوورخراوەتەوە، و تولای ئەمەی وەک ئاگادارکردنەوەێک پیشاندا.

لەم چوارچێوەیەدا، بەشێک لە “بیرمەندانی دەوڵەتی” تورکیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ناکۆکی ناوخۆیی چارەسەر نەکراو لەگەڵ کوردەکان دەستی تورکیا لاواز دەکات لە سیستەمی ناوچەیی کە لە گۆڕانکاریدایە. ئەو دەڵێت دەوڵەتێک کە لەگەڵ دانیشتوانەکەی سوڵحاو بێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە بەهێزە جا تورکیا یا عێراق یا ئێران یان سوریا بێت. بە پێچەوانەوە، هەر دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای دەسەڵات هەرەمی و دوورخستنەوەی نەتەوە یان ئایینێکی “گەورە” بنیات نرابێت، لە ڕووی پێکهاتەییەوە لەرزۆکە.

لێرەدا تولای چوارچێوەی گفتوگۆکەی فراوانتر کرد و ڕەخنەیەکی تەواوی گرت لە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی سەدەی بیستەم لە ناوچەکەدا. بە بۆچوونی ئەو، سەرچاوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا لە بنەڕەتەوە بەهۆی بونیاتنانی سەروەری دەوڵەت بووە لەسەر بنەمای نەتەوە و مەرکەزیەت. ئەو دەڵێت چارەسەرەکە گۆڕانە بەرەو حوکمی لامەرکەزی و دیموکراتی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان کە پێویستی بە گۆڕانکاری دەستووری هەیە. لێرەدا بوو کە تولای چەمکی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ئۆجالەنی ناساند کە بەند نیە بە دووبارە کێشانەوەی سنوورەکان، بەڵکو  بە مۆدێلێکی حکومڕانی کە تێیدا هەر گەل و کۆمەڵگەیەکی ئایینی و نەتەوەیی بتوانێت ئازادانە خۆی لە نێو دەوڵەتدا ڕێک بخات و خۆی دەربخات، لە ڕێگەی فەراهەمکردنی مافی فەرهەنگی و زمانەوانییەکانی (لەوانە پەروەردەی زمانی دایکیش).

لەم چوارچێوەیەدا، ئاشتی لە تورکیا تەنها مانای کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری نییە، بەڵکو یەکەم هەنگاوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانێکی فراوانتر لە حوکمڕانی لە ئاستی ناوچەکەدا، بەچەشنێک کە دوورە لە دەوڵەتە نەتەوەییە توندەکان و ئاڕاستەکەی و بەرە تێکەڵاویی و خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی.

جددیەتی و گەرەنتیەکان و ڕۆڵی ئۆجەلان

دکتۆر دلاوەر عەلائەددین چەند جارێک گەڕایەوە سەر ئەو پرسیارەی کە زۆر کەس لە عێراق و ناوچەکە نیگەران دەکات: چ گرەنتییەک هەیە کە ئەم پرۆسەیە وەک پێشینەکەی بۆ مەرامی هەڵبژاردن بەکار ناهێنرێت و پاشان وازی لێ بهێنرێت، و ببێتە هۆی جەنگ و دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە عێراق؟

وەڵامی تولای ڕاشکاوانە بوو: تاکە گەرەنتی ڕاستەقینە پەرەسەندنی سیاسیە، گۆڕانکاری پێکهاتەیی لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەوڵەت و پارتە سیاسیەکان لەگەڵ کێشەی کورددا. هیچ گەرەنتیەکی میکانیکی یان دەرەکی نیە کە بتوانێت ڕێگری لە گەڕانەوە بەرەو دواوە بکات.

ئەو جەختی لەسەر سێ کۆڵەکە کردەوە کە مەترسی گەڕانەوە بۆ دواوە کەم دەکەنەوە:

  • چەسپاندنی ئەجێندای ئاشتی لەلایەن هەموو پارتە سیاسیەکانەوە

 دەم پارتی هەوڵێکی زۆری داوە مامەڵە نەک تەنها لەگەڵ ئاکەپەی دەسەڵاتدار و مەهەپەی هاوپەیمانەکەی بکات، بەڵکو هەوڵیداوە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی جەهەپە و پارتەکانی دیکەش بهێنێتە سەر خەت. بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەردەوام بێت، تولای جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەر لایەنێک کە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان هەیە، سیاسەتی ئاشتی کوردی گەشە پێبدات و خاوەندارێتی بکات. نابێت ئاشتی پڕۆژەی یەک لایەن بێت. دەبێت لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا بچەسپێت.

  • ڕۆڵی ئەساسی ئۆجەلان

لای تولای ئەوە ڕوون بوو کە لە چاوی پەکەکە و بەشێکی زۆری کۆمەڵگای کوردیدا، ئۆجەلان دانوستانکاری سەرەکی و سەرکردەی سەرەکیە. بانگەوازەکەی ئەو بوو کە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوە و سوتاندنی چەکەکانی ئاسان کرد. دەوڵەتی تورکیا لەمە تێدەگات کە دوژمن و یار وەک یەک دەزانن کە ڕۆڵی ئۆجەلان چەندە گرنگە. لەبەر ئەو هۆیە، ئازادی ئەو بۆ هەڵسوکەوت و قسەکردن، بەڕای تولای، یەکێکە لە “گەرەنتیە” سەرەکیەکان بەوەی کە پرۆسەکە جددیە و تۆکمەیە.

  • فشاری کۆمەڵایەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی

تولای داوای پشتیوانی بەهێزی کرد لە کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزە دیموکراسیەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و دەرەوەی وڵات، نەک تەنها حکومەتەکان. ئەو پێشنیاری کرد کە هاوسۆزی و چاودێری نێودەوڵەتی دەتوانێت پاڵنەرێکی دەرەکی دابین بکات، کە هانی دەوڵەتی تورکیا بدات تەرکیزی لەسەر ئەم بابەتە بمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا و سەرباری بوونی ئەم فاکتەرانەش ، تولای بەڵێنی سەرکەوتنی نەدا. دەم پارتی شەو و ڕۆژ کار دەکات و باوەڕی بە پرۆسەکە هەیە، بەڵام ئاشتی بەندە بە کارلێککردنی نێوان سێ لایەن: دەوڵەت، پەکەکە و ئۆجالان. ئەگەر گفتوگۆکانیان “تەندروست، بەرهەمدار و ئەنجامخواز” نەبن، هەمیشە مەترسی گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم لەئارادایە.

ڕۆژئاڤا، دیموکراتیزەکردنی سوریا و گاریگەری ناوچەیی

پاشان دیالۆگەکە ڕووی لە ڕۆژئاڤا کرد، کە دکتۆر دلاوەر عەلائەددین بە ئەو شوێنە وەسفی کرد کە پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەوانەیە کاریگەری ڕاستەوخۆ و بەرچاوی تێدا هەبێت. ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژئاڤا ئەمڕۆ بەهۆی خوێنی شەڕکەرەکانیەوە بوونی هەیە. نابێت ئەم قوربانیە لە ڕووی بە سیاسەت بەفیڕۆ بدرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تورکیا هەر دانپێدانانێکی فەرمی بە ڕۆژئاڤا ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێت ئەو ناوچەیە بتوێنێتەوە لەناو سوریا. هاوکات گوشار دەخاتە سەر دیمەشق و هەڕەشەی سەربازی لە ڕۆژئاڤا دەکات. بڕیارەکانی قەندیل و هەڵوێستی پەکەکەش کاریگەری لەسەر هاوکێشەکە هەیە. گرنگی پەیامەکانی ئۆجەلان بۆ ڕۆژئاوا لەوەدایە کە ویستوویەتی پرسی کورد لەنێو سوریا چارەسەر بکرێت.

تولای ڕوونی کردەوە کە پەرەسەندنەکانی ڕۆژئاڤا ڕاستەوخۆ ژینگەی ئاشتی لە تورکیا دەگۆڕێت و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. ئەو ڕەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە گرت بەوەی کە وازی هێناوە لە سیاسەتی “نەبوونی کێشە لەگەڵ دراوسێکان” و خواستی دروستبونی هاوشێوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆنی لەخۆگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تورکیا لەگەڵ زۆرێک لە دراوسێکانی تووشی ڕووبەڕووبوونەوە بێتەوە و بە قووڵی تێوەبگلێ لە کاروباری ناوخۆی سوریا.

بەدیلی پێشنیارکراوی تولای ڕوون و ئاشکرا بوو: تورکیا دەبێت پشتیوانی لە دیموکراتیزەکردنی سوریا بکات، نەک بەشداری لە پەرتەوازەیی و بە سەربازی کردنی زیاتری سوریا. ئەو خۆبەڕێوەبردنی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ( رۆژئاوا) بە تاکە ئەزموونی دیموکراسی ڕاستەقینە وەسف کرد و باسی ئەو دڕندەییانەی کرد کە دژ بە عەلەویەکان و دروزەکان و گەڕەکە کوردنشینەکانی دیمەشق ئەنجام دراون، لە دوای گۆڕانی دەسەڵات لە دیمەشق.

سەبارەت بەو داواکارییە دووبارەییەی کە دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت تێکەڵ بە پێکهاتەکانی دەوڵەتی سوریا بکرێن، تولای ڕەخنەیەکی توندی لەم بۆچوونە گرت، پرسیاری کرد کە ئەو هێزانە تێکەڵ بە چی بکرێن؟ هیچ سوپایەکی ڕوون و دیموکراتی و گشتگیر یان سیستەمێکی سیاسی لە سوریا نییە بۆ ئەوەی تێکەڵ بکرێن. هەڵبژاردنەکان سنوردار بوون و بەشێکی زۆری سوریایان دوورخستەوە و هیچ دەستوورێکی نیشتمانی کارا نییە کە دان بە هەموو پێکهاتەکاندا بنێت لەم هەلومەرجانەدا. بۆیە بانگەوازەکان بۆ “یەکخستن” لە باشترین حاڵەتدا ناڕوونن و لەوانەیە ئامرازێک بن بۆ دووبارە چەسپاندنی مەرکەزییەت، بەبێ  هیچ گەرەنتیەک بۆ لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشق.

لە جیاتی ئەوە، تولای دەڵێت، دەکرێت خۆبەڕێوەبردن ببێتە بەشێک لە دەوڵەتێکی دیموکراتی و لامەرکەزی کە تێیدا سوریا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەوانی تر بنیات بنرێت. ئەم داواکارییە مانای جیابوونەوە نیە، بەڵکو بەشداری یەکسانە لە سیستەمێکی پلورالیستی کە عەلەویەکان، دروزەکان، سریانییەکان، مەسیحیەکان، سوننە عەلمانییەکان و ئەوانی تر لە چوارچێوەیەکی دەستووری هاوبەشدا بژین.

تولای پاشان باسی لە ڕەهەندێکی بەهێزی جێندەری کرد: ئەو تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی کۆبانێ وەک خاڵی وەرچەرخان لە پاشەکشەی داعش و جەختی لەسەر ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانی تێکۆشەری کورد و بزووتنەوەی ژنان کرد لە ڕۆژئاڤا. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە مۆدێلی سەرۆکایەتی هاوبەش، یەکسانی جێندەر و کرداری دیموکراتی فێمینیستی لەلایەن بزووتنەوەی ژنانەوە لە 18 وڵاتی ناوچەی مینا، دەنگیداوەتەوە. بۆ ئەو ڕۆژئاڤا تەنها کێشەیەکی ئەمنی و جیۆپۆلەتیک نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەێکی حوکمڕانی دیموکراتی و یەکسانی ڕەگەزییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دیمەنەکان: لەنێوان گەشبینی و نادڵنیایی پێکهاتەیی دەوڵەتدا

لە بەشی کۆتایی گفتوگۆکەدا، کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا بەڕاستی باوەڕی وایە ئەم پرۆسەیە پرسی کورد چارەسەر دەکات؟. تولای بە تێکەڵەیەک لە قەناعەت و سادەیی وەڵامی دایەوە. ئەو زۆر دەیویست باوەڕ  بە پرۆسەکە دەربخات. ئەو دەڵێت بەبێ بوونی باوەڕی ڕاستەقینە هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی ناتوانێ بەردەوام بێت، گومان دەبێتە هۆی بەدیهێنانی مەترسیەکان. خەونی تولای تورکیایەکە کە ئەو 86 ملیۆن هاوڵاتییەی تیدایە بە 30 ملیۆن کوردیشەوە، چیتر هەست بەوە نەکەن کە بێگانەی پلە دوون، بەڵکو  هەست بکەن بەوەی کە هاووڵاتی یەکسان و ڕێزلێگیراون.

لە هەمان کاتدا، ئەو ڕەتی کردەوە وا نیشان بدات کە تەنها بوونی باوەڕ بەسە. ئاشتی پەیمانێکە لەنێوان دوژمنانی ڕابردوو، بەندە بەوەی دەوڵەت و بزووتنەوەی چەکداری نیازەکانیان بۆ گۆڕانکاری ڕەفتاری و دامەزراوەیی وەربگێڕن. دەم پارتی دەتوانێت ماندوونەناسانە و دڵسۆزانە کار بکات، بەڵام ئەگەر دانوستانەکانی نێوان دەوڵەت و پەکەکە و ئۆجالان بە شێوەیەکی بابەتی و ئەنجامخواز بەرەوپێش نەچێت، ئەوا پرۆسەکە لەوانەیە پەکی بکەوێت یان پێچەوانە بێتەوە.

لە جیهانێکدا کە لە یەک جەمسەریەوە دەڕوات بۆ فرەجەمسەری، کە هاوسەنگی هێز و ڕێڕەوی ئابووری دووبارە دیزاین دەکرێنەوە، تورکیا پێویستی بە ستراتیژی هەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەگەڵ کورد، ئەگەر  تورکیا دەیەوێت خۆی وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی متمانەپێکراو و سەقامگیر دابمەزرێنێت. ئەمە تەنها پێویستییەکی ئەخلاقی نییە. بەڵکو ستراتیژێکە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی درێژخایەن.

کۆتا وشەکانی تولای لە هەولێر هەم شەخسی و هەم سیاسی بوون: سوپاسگوزاری مێری بوو بۆ رەخساندنی دەرفەت و هیواخوازبوو کە پێکەوە لەسەر بابەتی سنوور و شوناسەکانی ناوچەکە بتوانن ئایندەیەک بنیات بنێن لەسەر بنەمای یاسا و دیموکراسی، سۆزی هاوبەش و یەکسانی، نەک دەسەڵاتی هەرەمی و توندوتیژی.

بۆ عێراق و شام پەیامەکە ڕوونە: ئاشتی لە تورکیا چیرۆکێکی لاوەکی نیە، بەڵکو فاکتەرێکی شاراوەیە کە دەتوانێت یان ڕێگە خۆشکەر بێت.  یان ئاڵەنگار بێت لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەی فراوانتری بەستنەوەی ناوچەیی و هاوکاری ئابووری و بوژاندنەوەی پاش شەڕ. لە پانێڵەکەدا  بەئاگابوون  لە بەربەستەکان ڕوون بوو ، بەڵام لەهەمان کاتدا جەختی لە گرنگی دەرفەتەکە و گرنگی لەدەستنەدانی دا.

دیداری مێری 2025

ئاشتی لە تورکیا: پاڵنەرێک بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە شام و عێراقدا

پانێڵی دوازدەم

8 ئۆكتۆبەری 2025

Comments are closed.