نێوەندگیری لە حوکمڕانی شنگال: پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا
پوختەی ڕاپۆرت
دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە ئازادکردنی لە دەستی داعش، هێشتا شنگاڵ گیرۆدەی بنبەستی سیاسی و هەوڵە سستەکانی ئاساییبوونەوە و کەموکورتیە قووڵەكانی حوکمڕانیە. سەرەڕای بەڵێنە دووبارەکراوەکان و دەستێوەردانی زۆر، نە حکومەتی فیدراڵی و نە حکومەتی لۆكاڵي (پارێزگا) توانیویانە سیستەمێکی حوکمڕانی کاریگەر لەو شوێنە دابمەزرێنن. هەڵبەتە بەردەوامی بنبەستی حکومڕانی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەمنی، كەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانیان فراوانتر کردووە و ڕێگریان لە ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی کردووە و بوونەتە بەربەست لەبەردەم بەردەوامبوونی یارمەتیەکان و بوژاندنەوە و گەشەی ئابووری. هەر بۆیە بەبێ ئەنجامدانی ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە و گشتگیر، شەنگال لە مەترسی ئەوەدایە کە وەک ناوچەیەکی پەراوێزخراو بمێنێتەوە و پردی متمانەی نێوان کۆمەڵگاکان و دەسەڵات لەوەی ئێستاش لاوازتر ببێت.
بە لەبەرچاوگردنی ئەم دۆخە ئاڵۆزەی شەنگال و بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری کرداری بۆ ئەو بۆشاییەی نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتداران و باشترکردنی ئاستی حوکمڕانی، ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) توێژینەوەیەکی مەیدانی چڕوپڕی ئەنجامدا. ئەم پڕۆژەیە بەچەند قۆناخێک ئەنجامدرا و سەرەتا لە پێداچوونەوەیەکی ورد بە ئەدەبیات وبڵاوکراوەکان دەستی پێکرد. پاشان ئینستیتیوت ڕاپرسییەکی لەسەر 656 دانیشتووی ئێستای شەنگال و ئاوارەکانی ئەنجامدا. دوای ئەوە مێری چاوپێکەوتنی لەگەڵ 78 شارەزا و خەڵكی پەیوەندیدار ئەنجامدا و 11 مێزگردی (فۆکەس گروپ)ی بۆ خەڵكی شنگاڵ بەڕێوە برد بۆ تاوتوکردنی دۆخی شارۆچكە و دەڤەرەكەی و کێشەکانی نێو کۆمەڵگەکان. پاش ئەو مێزگردانە، لە دوو خولی دیالۆگی جیاوازدا، ئینستیتیوتی مێری نوێنەری کۆمەڵگا جیاوازەكانی شنگاڵی کۆکردەوە و پلاتفۆرمێکی نوێی بە ناوی (پلاتفۆرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شنگال) پێكهێنا و تاقیكردەوە، کە مەبەست لێی نزیککردنەوە وکارلێکردنی شنگالییەکان و حکومەتی پارێزگای نەینەوا بوو. ئەو پلاتفۆرمە بۆ یەكەمجار لە كۆتایی ٢٠٢٤ تاقیكرایەوە.
دەرەنجامە سەرەکییەکانی تۆیژینەوە:
- بنبەستی سیاسی و پەرتەوازەیی حوکمڕانی: لایەنە جیاوەزەکان دەسەڵاتێکی نەخوازراویان بەسەر شەنگالدا هەیە و ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئیدارەی ناوخۆیی. شکستهێنانی بەردەوامی هێزە كاریگەرەكان لە دامەزراندنی قایمقای شنگال بووەتە هۆی دروستبوونی بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم بەرەوپێشبردنی ڕێکەوتنی شەنگالی ساڵی 2020 و توانای دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
- سستی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خراپی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری: سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەیەكی بەرچاو بۆ شەنگال، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە سست و ناهاوسەنگن بەرامبەر بەو وێرانکاریە بەربڵاوەی ژێرخانی گشتی و ماڵ و موڵگی خەڵکی لە شەڕی داعشدا. تا ئێستاش خزمەتگوزارییە گشتییەکان سەرەتایین و زۆرجار بەسیاسی دەکرێن: دابینكردنی ئاو لە شارۆچكەكەدا سنووردارە، سەنتەرەکانی تەندروستی کارمەندیان کەمە یان ناچنە سەر كارەكانیان، سیستەمی پەروەردە دابەش کراوە لە نێوان هەولێر و بەغدا و ئەمەش وایکردوە کە هەزاران خوێندکاری ئاوارە نەتوانن بچنە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عێراق.
- دواکەوتنی قەرەبووکردنەوە: هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2025، تەنها ژمارەیەکی کەم لە ئێزیدییەکان بەڵگەنامەی موڵکداری زەوییان وەرگرتووە و تەنانەت رێژەیەكی کەمتریش لەو کەسانەی کە لە چنگی داعش ڕزگاریان بووە زەویان پێدراوە. بەهۆی ڕێوشوێنی دوور ودرێژ و نەبوونی بەڵگەنامە و گەندەڵی ڕاپۆرتکراو، هەستکردن بە نائومێدی و بێ متمانەیی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی شنگال زیادی کردوە. خۆ یاسای ژمارە 8 ی ڕزگاربووان بەهۆی دەستێوەردانی سیاسی، بیرۆکراسیەتی و داواکارییە جێبەجێنەکراوەکان زیاتر لاواز بووە لە جێبەجێکردندا.
- بوونی ڕکابەری لە ئاستی قوربانی کۆمەڵگاکان : ئێزیدی و عەرەبی سوننە خیتابی ناکۆکیان سەبارەت بە ئاستی قوربانییەکانی دەستی داعش هەیە، ئەمەش ڕێگری لە دروستبوونی پرۆسەی ئاشتبوونەوە کردوە و بوەتە هۆی بەردەوامبوونی ئاوارەبوونی بەربڵاوی هەردوو کۆمەڵگاکە. ئێزیدییەکان تیشک دەخەنە سەر هەڕەشە لەسەر بوونیان و ئەنجامدانی جینۆساید و خیانەتکردنی کۆمەڵگاکان بەرامبەریان، لە کاتێکدا عەرەبی سوننە جەخت لەسەر مەترسی تۆڵەسەندنەوە لەسەریان وپەراوێزخستن و نیگەرانی گۆڕانکاری دیمۆگرافی دەکاتەوە.
- فراوانبوونی ئاستی نەبوونی متمانە: لەنێو کۆمەڵگەکانی شەنگالدا، بەغدا و هەولێر وا دەردەکەون کە دۆزی ئاوارەکانی شەنگالیان بۆ بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری بەکاردەهێنن. بەبێ بوونی ئالیەتێک یان پلاتفۆرمەکی سەربەخو و گشتگیر، هەڵبەتە کۆمەڵگاکانی شەنگال گلەیی و گازندە و کێشەکانیان زۆر جار بە جیا دەردەبڕن و لەگەڵ یەکدی دیالۆک ناکەن.
پلاتفۆرمی شنگال: نموونەێکی گشتگیری حکومڕانی
بۆ چارەسەرکردنی کەلێنی نێوان دەسەڵاتداران و کۆمەڵگاکانی شەنگال، ئینستیتیوتی مێری پلاتفۆرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شنگالی دامەزراند. ئەم پلاتفۆرمە پشتی بەپلانێکی مەدروس و و هەنگاو بە هەنگاو بەستووە و مەبەست لێی دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانی نیمچە فەرمیە. ئەم پلاتفۆرمە لە تشرینی دووەمی 2024 دامەزرا و نوێنەرانی کۆمەڵگە جیاوەزکانی شنگال و پەرپرسەکانی حکومەتی لۆکاڵی نەینەوا کۆکردەوە. لە دەستپێکی مێزگردی یەكەمیدا، کە پارێزگاری نەینەوا و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی دامەزراوە گشتییە جۆراوجۆرەکان بەشداری بوون، پلاتفۆرمەکە توانای خۆی نیشان دا لە:
- دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ و لەنێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتیان.
- گۆڕینی گلەیی و کێشەکان بۆ داواکاری، وەک باشترکردنی ڕێگاوبان، چاودێری تەندروستی، پەروەردە و پاڵپشتی بۆ ڕزگاربووان.
- پەرەپێدانی پەیتا پەیتای متمانە و هاوکاری لە نێوان کۆمەڵگاکان لە ڕێگەی ئەنجامدانی گفتوگۆی گشتگیر و تیشک خستنە سەر چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان و بەشداریکردنی چالاکانەی حکومەتی خۆجێی.
دەرهاویشتەكانی پۆلەسی لە پلاتفۆرمی شەنگال
تاقیکردنەوەی ئەم پلاتفۆرمە نیشانی دا کە:
- دەکرێت خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان بەبێ دەستێوەردانی سیاسی دابین بکرێن. فەراهەمکردنی ئاو، چاودێری تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاوبان دەتوانرێت لە دەستێوەردان و کاریگەری حزبی و سیاسی بپارێزرێت، ئەویش بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە سیستەمی حکومڕانی.
- دەتوانرێت بەشداری پێکردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەی حکومڕانی و بەڕێوەبردن بە دامەزراوەیی بکرێت: بەشداری چالاکانەی سەرکردە و بەرپرسەکانی پارێزگای نەینەوا کاریگەری مۆدێلی پلاتفۆرمی شنگاڵ لە برەودان بە هاوکاری و کرداری سوودبەخش بە هاولاتیان و دەسەڵاتداران دەرخست. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دەکرێت ئەم مۆدڵە بەر فەرمی دانیپێدابنرێت لە پرۆسەی بڕیارداندا. هەڵبەتە ئەم پلاتفۆرمە جێگرەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا یان هەر دەزگایەکی فەرمی نیە، بەڵکو میکانیزمێکی تەواوکەری پرۆسەی حکومڕانیە.
- دەتوانرێت پرۆسەی قەرەبوو و پاڵپشتی ڕزگاربووان ئاسانتر بکات بە ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکان و کەمکردنەو و نەهێشتنی مەرجە یاساییە قورس و نابەجێکان و باشترکردنی ئاستی شەفافییەت لە پارەدان.
- دەتوانێت چارەسەری خیتابە جیاوەزەکانی خۆ بە قوربانیزانین بکات لە ڕێگەی دروستکردنی دەرفەت بۆ باشترکردنی ئاستی بەرپرسیارێتی، چارەسەرکردنی گلەیی و کێشەکان، و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی خیتابی توندڕەو کە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێی نوێ
- ئەم پلاتفۆرمە مۆدێلێکی نوێ و کاریگەرە کە دەکرێت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و شوێنەکانی تر جێبەجێ بکرێت.