- سەعید بەهاء ئەلمەسڕی، كۆڕبەندی فیكری عەرەبی، ئوردون
- عەمار قەحف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عمران
- مەكرەم عەویس، سەرۆكی سەنتەری لوبنانی بۆ دیراسات
- شێروان یوسف، سەكۆی دیفاكتۆ بۆ دیالۆگ، سوریا
- ئەدمۆند راتكا، كۆنراد ئەدیناوەر شتیفتونگ، عەممان، ئوردون
ئەم پانێڵە راوبۆچوونی کومەڵێک شارەزای لەخۆگرت سەبارەت بە چؤنیەتی گۆڕینی دۆخی جەنگ، ئاوارەیی، دەستێوەردانی دەرەکی، کە لە ناوچەی شام وعێراق زاڵە، بەرەو دۆخێکی پشتبەستوو بە سەروەری یاسا و هاریکاری نێوان وڵاتانی ئەم ناوچەیە. ئەمە چەقی ئەم دیبەیتە بوو کە لەلایەن کۆمەڵێک شارەزاوە ئەنجامدرا، کە لە ئوردن، لوبنان و سوریایەوە هاتبوون. هەرچەندە شارەزایان جیاواز بوون لە بووچونەکانیاندا، بەڵام خاڵێکی هاوبەش لە گفتوگۆکەدا دەرکەوت: بەدیهێنانی گۆڕانکاری پێویستی بەهاوکاری نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە و نابێت لە دەرەوە بسەپێنرێت. ئەوەی پێویستە ئەنجامبدرێت تێکەڵەیەک لە چاکسازی ناوخۆیی و ئاشتەوایی لەسەر ئاستی ناوچەکە و دروستکردنی چوارچێوەیەکی کارکرنە بۆ ئەنجامدانی کار وچاڵاکی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە نێوان وڵاتەکانی ئەم ناوچەیەدا، بە چەشنێک کە لایەنە ناوخۆییەکان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر داهاتوویان دا بچەسپێنن .
ئێدمۆند راتکا، بەڕێوەبەری پانێڵەکە چوارچێوەی گفتوگۆکەی بە بەراوردکردنی “ساتە ترسناکەکانی ململانێ” لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لە غەززە، لەگەڵ پێویستی درێژخایەن بۆ “دەرخستنی تەواوی تواناکانی”، داڕشت. بەسوودوەرگرتن لە شێوازی دروستبوونی یەکێتی ئەوروپا، ئێدمۆند چەند جارێک گەڕایەوە سەر ئەو بیرۆکەیەی کە دەبێت “چوارچێوە دوای ڕۆل” دەکەوێت: لەجیاتی دروستبوونی ناوچەییەکی گەورەی دیاریکراو. شام لەوانەیە پێویستی بە داڕشتنی شێوازی مامەڵەکردن بێت لەسەر بنەمای هاریکاری و ڕۆڵ. خۆ دەکرێت بەدەستنیشانکردنی پێداویستی و بەرژەوەندی هاوبەش دەستپێبکات، پاشان چوارچێوەکان بنیات بنرێت.
پێشنیاری ئوردن: بلۆکی ئابووری شام و عێراق و نیمچە دوورگەی عەرەبی، لەسەر بنەمای ئاشتەوایی
سەید ئەلمەسری لە ئوردنەوە لاوازیەکی ناوچەکەی دەستنیشان کرد و پێشنیارێکی بوێرانە بۆ بەرەوپێشچوونی دۆخەکە، پێشکەش کرد. بەبۆچوونی ئەو سستبوونی ئابووری ئوردن و دابەزینی ئاستی گەشەی ئەو وڵاتە بەڕێژەی 2-2.5٪ و بەرزبوونەوەی قەبارەی قەرز و بێکاری، بەندە بە “سەرلێشێواوی نێودەوڵەتی” کە بەهۆی جەنگی گومرگی، سزاکان و لاوازبوونی سیستەمی بازرگانی فرە لایەنە، درووست بووە. ئەلمەسری جەختی لەوە کردەوە کە ئوردن لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو سەقامگیریە لە ژێر فشاری بەردەوامدایە بەهۆی لاوازی لایەنی ئابووری و فشارەکانی ناوچەکە.
ئەلمەسری پێی وایە کە ئوردن لەناو ناوچەیەکی پڕ کێشەوەیە، کە پێکهاتوە لە سوریایەکی پارچەپارچە بوو بەهۆی هەژموونی هەمەجۆری بیانی، کە هەوڵ دەدات مۆزایکی کۆمەڵگەکانی ئەو وڵاتە پێکەوە بهێڵێتەوە؛ عێراقێک کە سەرباری ئاڵوگۆڕی دەسەڵات تێیدا بەڵام “گروپە چەکدارەکان” بەردەوام کاریگەرن لە بڕیارداندا؛ لوبنانێک کە سیستەمەکەی ” ئیفلیج بوە”؛ و فەلەستینێک کە ڕووبەڕووی پارچەپاڕچە بووە لە کەناری ڕۆژئاوایدا و لە غەززەش وێرانکاری بنکۆڵی کردوە. لەم دیمەنەدا، ئەلمەسری وتی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە تووشی ترۆما بوون و پێویستیان بە چاککردنەوەی دەروونی و دامەزراوەیی هەیە.
ئەلمەسری ئاماژەی دا بە کۆڕبەندی شام و عێراق کە بەم دواییانە لە عەممان دەستیپێکرد. ئەو ئەم کۆڕبەندەی بە “ئێسکەپەیکەر” وەسف کرد کە هەیکەلەیەتێکی ڕێکخراوەیی تۆکمە و وردەکاری کارکردنی تێدایە کە دەتوانێت ببێتە بنەمای سیستەمێکی هەرەمی بۆ دیالۆگ و ئاشتەوایی و هەماهەنگی سیاسی نێوان وڵاتانی شام و عێراق. بەڕای ئەو ئەم کۆربەندە تەنها بیرۆکەیەک نیە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دەستپێکردنی چارەسەری نەخۆشییە کۆمەڵایەتیەکانمان و چەسپاندنی ئاشتەوایی لە نێو پێکهاتەکانی ناوچەکەدا.
گرنگتر ئەوەیە کە ئاشتەوایی دەبێت “دەرئەنجامی ئاشتی” لەگەڵدا بێت و خەڵک دەبێت هەست بکەن کە ئاشتی سوودی هەیە. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە لەلایەنی ئابووری عێراق و سوریا و ئوردن و لوبنان و فەلەستین بەیەکەو هاوکاری یەکدی بکەن، نەک هەر وڵاتێک بە جیا سیاسەتی ئابووری خۆی پەیڕەو بکات. بە پشتبەستن بە ئەزموونی ئەوروپای دوای جەنگ، ئەلمەسری پێی وابوو کە ئەم ناوچەیە دەبێت مۆدێلی ئابووری تایبەت بەخۆی پەیرەو بکات، بەستراو نەبێت تەنها بە شام و عێراق، بەڵکو دەکرێت پەیوەندی هەبێت لەگەڵ نیمچە دوورگەی عەرەبیش، بەو شێوەیە بازاڕێکی گشتگیر پێکبهێنێت. لەم نێوەندەدا، یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت ڕۆڵی هاندەر بگێڕێت لە ڕێی هاندان و پێشکەشکردنی یارمەتی و میکانیزمی دیزاینکردنی ئەو بازاڕە، هەروەک چۆن یەکگرتنەوەی ئەوروپا بە کەرتی خەڵوز و پۆڵاوە دەستی پێکرد.

لە قسەکانی دواتریدا، ئەلمەسری زیاتر لەسەر فشاری دیمۆگرافی و ئەمنی دواو، جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی ئابووری ناوچەکە ئاوارەبوونی بەرفراوان و لێشاوی پەنابەران ناسەقامگیری دروست دەکەن. جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانی دیمۆگرافی “کارەساتێکە” لەهەر کوێیەک بێت، چونکە فشار دەخاتە سەر پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و توانای ئابووری. ئەو ئوردنی وەک نموونە هێنایەوە، جەختی لەوە کردەوە کە کۆدەنگی نیشتمانی عەممان ئەوەیە کە هەر گواستنەوەیەکی بەزۆری فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا بۆ ئوردن یان هەر شوێنێکی تر، ڕەتکراوەیە.
بۆ ئەلمەسری، ئاسایش ئەولەویەتی یەکەمی وەڵامدانەوەی هەر قەیرانێکە: دامەزراوە ئەمنیە بەهێز و پرۆفیشناڵەکان دەتوانن کۆمەڵگاکان بەیەکەوە بپارێزن، تەنانەت لە ژێر فشاری ئابووری توندیشدا. بەڵام ئەو گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە دەبێت ناوچەکە “بیر لە داهاتوو بکاتەوە” و خۆی بۆ هەلومەرجی باشتر ئامادە بکات، تاوەکو کاتێک دەرفەتی سیاسی دێتە پێش، ئەکتەرە هەرێمییەکان ئامادەبن پێکەوە ئەم ناوچەیە بنیاتبکەنەوە و ئەو دانیشتوانە چاکبکەنەوە کە بەهۆی ساڵانی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە.
وادایارە کە ئەم دیدگایەی ئەلمەسری بە مەبەست فراوانە و هەوڵ دەدات ئاسایش، ئاشتەوایی و یەکخستنی ئابووری لە یەک پڕۆژەی ناوچەیی پێکبهێنێت و یەکێتی ئەوروپا وەک لەنگەرێک بێت بۆی. ئامانجەکە گرنگە و بەربەستەکان، لە ڕژێمە جیاوازەکانەوە تا ڕکابەرییە دەرەکییەکان و دامەزراوە ناوچەییە لاوازەکان، زۆر گەورەن. لەگەڵ ئەوەشدا، قسەکانی ئەلمەسری دوو خاڵی گرنگ دەردەخەن: گرنگی ئاشتەوایی وەک عەقڵییەت، نەک تەنها سیاسەت و پێویستی بیرکردنەوە لە چاکبوونەوە وەک هەوڵێکی ناوچەیی هاوبەش نەک زنجیرەیەک هەوڵی نەتەوەیی دابڕاو.
تێڕوانینی لوبنان: سەقامگیری، حوکمڕانی، پەنابەران و ڕۆڵی دیاسپۆرا
سەبارەت بە لوبنان، مەکرەم عویس وێنای دەوڵەتێکی کێشا کە لە نێوان ئیفلیجی ناوخۆیی و شۆکی دەرەکیدا گیری خواردووە، هەرچەندە هێشتا بە ئاواتی یەکگرتنەوەی ناوچەییە. لە ساڵی 2019ەوە، لوبنان بەهۆی داڕمانی ئابووری سەختەوە دووچاری داڕمانی ئابووری بووە، ئەمەش بەهۆی کاریگەری ململانێکانی سوریا و لاوازی حوکمڕانی درێژخایەنەوە. هیواکان بۆ کردنی لوبنان بە ناوەندی رێچکە بازرگانیەکان و گەیشتن بە هاوکاری ناوچەیی چەندین جار پووچەڵیان هێناوە، بەشێک بەهۆی دابەشبوونی ناوخۆیی و بەشێکی دیکەش بەهۆی “دەستدرێژی بەردەوامی دەرەکی”.
بۆ داهاتوو، عویەس چەند مەرجێکی پێشوەختی بۆ لوبنان و ناوچەکە دیاری کرد بۆ ئەوەی بەرەو چاکسازی و تێکەڵاوبوون هەنگاو بنێن. یەکەمیان سەقامگیریە: زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە یان لە ململانێدان یان “لەسەر لێوار” ی ململانێدان. ئەم دۆخەش نابێتە هۆی ڕاکێشانی سەرمایە یان هاندانی کۆچبەران بۆ گەڕانەوە یان پەرەپێدانی هاوکاری ڕاستەقینە. دووەمیان رێککەوتنی ناوخۆیی و پشت بەخۆ بەستنە: لەجیاتی پشت بەستن بە پارە و ئەجێندای دەرەکی، کۆمەڵگاکان پێویستیان بەوەیە کە تەمویلی خۆیان بکەن و میکانیزمێک دابمەزێنن بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی ڕاستەقینەی ناوخۆیی و حوکمڕانی باشتر و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

عویەس هەروەها جەختی لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشە میژوویەکانی نێوان دەوڵەتان و کۆمەڵگاکاندا، کردەوە. ئەمانە بریتین لە “مامەڵەکردن لەگەڵ ڕابردوو” بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان: ڕوونکردنەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان، چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەران ئاوارەکان، و هەروەها کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر ئەم کۆمەڵگایانە. ئاوارەبوونی چارەسەر نەکراو کێشەیەکی مرۆییە و بەربەستێکی پێکهاتەییە لەبەردەم سەقامگیری. بەلای عویەس، بەڕێوەبردنی ئاوارەکان و پەنابەران و گەڕانەوەیان جیاناکرێتەوە لە بابەتی چاکسازی و حوکمڕانی.
بۆ چارەسەرکردنیان، عویەسە دوو بیرۆکەی پێشکەشکرد کە لەسەر بنەمای هاوکارین. یەکەمیان دروستکردنی تیمێک لە نێوان حکوومەتەکانە کە دەکرێت فرە لایەن بێت بو چارەسەرکردنی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی کە هێشتا لە نێوان وڵاتەکانی ناوچەکە هەیە. وەک ناکۆکی لەسەر سنوورەکان، دۆسیەی ئەمنی و ئاوارەبوون. ئەم میکانیزمە دەتوانێ وردە وردە فراوانتر بکرێت بە بەشداریکردنی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان لێکەوتووە، دیالۆگ وەک چارەسەری بنەڕەتی بەکاربهێندرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان.
خاڵی دووەم ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییە: فراوانکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە سەرانسەری ناوچەکەدا، نەک تەنها لە بواری تەکنیکی وەک پزیشکی و ئەندازیاری، بەڵکو بە تایبەتی لە زانستە سیاسیەکان، کۆمەڵناسی و حوکمڕانی. چونکە بەبڕوای عوەیس جەنگەکان دیواریان لە نێوان وڵاتە جیاوازەکاندا دروستکردووە. بێجگە لەوانەی کە وەک پەنابەر دەڕۆن، هاوڵاتیانی دوو دەوڵەتی هاوسنوور بە دەگمەن بە شێوەیەکی مانادار تێکەڵی یەک دەبن. هاندانی گەنجان بۆ خوێندن و ژیان و کارکردن لە وڵاتانی دراوسێ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانەوەی متمانە و ئاشنایی، بەهەمان شێوەی پرۆگرامی ئێراسموس لە ئەوروپا.
دواتر لە گفتوگۆکەدا، عویەس تیشکی خستە سەر ڕۆڵی دوو لایەنی دیاسپورای لوبنان. لە لایەکەوە، پارەی نێردراو ئێستا نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمی ناوخۆیی لوبنان دابین دەکات و کاریگەری داڕمانی ئابووری کەم دەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە، جێهیشتنی گەنجانی بەهرەمەند و ڕیفۆرمخواز خەسارەتێکی گەورەیە. خۆ ڕەنگە زۆربەیان حەز بکەن بگەڕێنەوە و وەبەرهێنان لەوڵاتەکەیان بکەن، بەڵام تاوەکو بارودۆخی ئاسایش و حوکمڕانی و سەروەری یاسا باشتر نەبێت، ئەو کارە ناکەن. بەبێ ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە، پشتیوانی دیاسپۆرا سنووردار و هۆشیارانە دەمێنێتەوە و “لە دوورەوە” هاوکار دەبن نەک وەک بەشداری تەواو.
سەبارەت بە ئاوارەبوونی ناوخۆیی، ئەو جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەوە پەیوەندییەکی نزیکی بە ئاشتبوونەوەوە هەیە: خەڵک ئەگەر بترسن ناگەڕێنەوە و حکومەتەکانیش ناتوانن ئاسانکاری بۆ گەڕانەوە بکەن، لە غیابی نیشتەجێبوونی ناوخۆیی ڕاستەقینەدا. ئەزموونی لوبنان لەوەتەی شەڕی ناوخۆوە دەریدەخات کە کێشە چارەسەر نەکراوەکان دەبنە هۆی بەهەمیشەیکردنی ئاوارەیی. لێرەدا، عوەیس بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لوبنانی وەک حاڵەتێک پێشکەش کرد کە سوریا و ئەوانی تر لەوانەیە دەرسێکی لێوەربگرن، هەم لەسەر مەترسییەکانی ئاوارەبوونی چارەسەرنەکراو، هەم لەسەر پێویستی میکانیزمی ئاشتەوایی لە پاڵ بنیاتنانەوەی ئابووری.

مشتومڕی ناوخۆیی سوریا: حوکمڕانی، ناسنامە و پێویستی پێکهاتەی خۆجێی گشتگیر
تێڕوانینی سوریا لە لایەن دوو شارەزاوە نوێنەرایەتی دەکرا، شێروان یوسف و عەممار قەحف، کە هەردووکیان جەختیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکە بە کێشەێکی قووڵ و نادڵنیای دەڕوات لەسەر ناسنامەکەی، هاوکێشەی حوکمڕانی و ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکان.
شێروان یوسف باسی ئەوەی کرد کە کۆمەڵگەی سوری لە دۆخێکی نادڵنیایدا دەژی سەبارەت بە داهاتووی خۆی: خەڵک لە سەرانسەری سوریا دەپرسن حکومەتی نوێ چی دەوێت؟ لە سوەیدا چی ڕوودەدات؟ چارەنووسی کورد و کۆمەڵگاکانی تر چۆن دەبێت؟ ئایا گەرەنتی هەیە لە دژی کۆمەڵکوژی نوێ؟ شێوەی حوکمڕانی و شوناسی نەتەوەیی چۆن دەبێت؟. بە بۆچوونی ئەو خاڵی ئەرێنی ئەوەیە کە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو مەرجەکانی گفتوگۆی گۆڕیوە: ئێستا خەڵکی سوریا تاووتوێی بژاردە و مۆدێلەکانی حوکمڕانی ناوخۆیی دەکەن، نەک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی ئەمنیدا کە سانسۆری ئەم جۆرە گفتووگۆیانەی دەکرد.
ئەو زۆربەی ئەو ئالەنگاریانەی ئێستا کە ڕووبەڕووی کورد، عەلەوییەکان، دروزەکان، کەمایەتیەکانی تر و کۆمەڵگای مەدەنی بوونەتەوە، بۆ یەک هۆکار ی سەرەکی گەڕانەوە، کە ئەویش بوونی ڕژێمێکی مەرکەزی و پۆلیسی قورس بوو، کە زاڵ بوو بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیاندا و گروپە چەکدارە تێکدەرەکانی لەخۆگرت کە دراوسێکانی بێزار کرد. و کۆمەڵیک هاوپەیمانی بەست کە ناکۆک بوون لەگەڵ بەرژەوەندییە ناوخۆییەکاندا. هەر بۆیە ئەو دەڵێت سوریا ببووە سەرچاوەی بێزاری بۆ ناوچەکە. ئەرکی ئێستا دیزاینکردنی سیستەمێکی نوێیە کە سوریا بکاتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ دراوسێکانی نەک دووبارە ببێتەوە بە سەرچاوەی توندوتیژی و چەکداری و ماددە هۆشبەرەکان.
بۆ یوسف، ئەمە پێویستی بە مۆدێلێکی حوکمڕانی ناوخۆیی هەیە لەسەر بنەمای شەراکەت و لامەرکەزیەت. چوارچێوەی نێودەوڵەتی وەک بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکەوتنە ناوخۆییەکانی وەک لێکتێگەیشتنی 10 ی ئادار لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا و گفتوگۆیە بەردەوامەکان لەسەر بەڕێوەبردنی لۆکاڵی. هەموویان بە وتەی ئەو دەرفەت و باڵپشتن کە بۆ چەسپاندنی سیستەمێکی نوێی حکومڕانی، بەتایبەتی دوای ئەو دڕندەیەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا ڕوویانداوە. بە بڕوای یوسف دەبێت کراوەیی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی نوێی دیمەشق مەرجدار بێت بە حوکمڕانی باش. هەروەها وەک هاندانێک بێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە سوریا دەتوانێت شوێنێکی سەقامگیری بێت نەک تێکدەربێت لە ناوچەکە. دەبێت بەڵگە بۆ ئەمە حوکمڕانی گشتگیر، پاراستنی مافەکانی کەمایەتیەکان و بڕیاردانی هاوبەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێت، نەک گەڕانەوە بۆ مەرکەزییەتی توند.
کاتێک دواتر پرسیاری لێکرا، یوسف گوتی پێش ئەوەی پڕۆژەکانی گەشەپێدان یان دەستپێشخەری سنوورەکان گەشە بکەن، دەبێت گۆڕانکاری لە ژیگەی نێوان کۆمەڵگاکانی دراوسێ ڕووبدات. شوناسە جۆراوجۆرەکانی شام و نەتەوەیی، ئایینی و کەلتووری زۆرجار بوونەتە سەرچاوەی دوژمنایەتی نەک هێز. بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەمە، پێشنیاری ئەنجامدانی دیالۆگی ئاستی دووی کرد لە نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی بیرکردنەوە لە نێوان وڵاتەکان، بەمەش و دەرفەت دروست بکەن بۆ دروستبونی خیتابێکی نوێ کە لە “چیرۆکی ناسیۆنالیستی کلاسیک، دەمارگیریی ئایینی و ئایدۆلۆژیای دواکەوتوو” بەدەر بێت.
هەروەها یوسف جەختی لەسەر هێزی “ئابووری نەرم لە سنوورەکان” و پرۆگرامی خوێندنی هاوبەش کردەوە کە کەلێنەکانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش کەم دەکاتەوە. بەڵام چەند جارێک گەڕایەوە بۆ پێویستی دیالۆگی درێژخایەن و فرە ئاست، بەتایبەتی لە پەیوەندییە ئەمنییەکاندا بۆ ئەوەی “ئاسایش” وەک بەهانەیەک بۆ پیلانگێڕی و گومانی هاوبەش بەکار نەهێنرێت. تەنها لە ژینگەیێکی وەهادا، خەڵکی سوریا دەتوانن بۆ گەشت و گوزار و فێربوون و بازرگانی گەشت بکەن بۆ عێراق و ئوردن و لوبنان نەک بەهۆی کۆمەڵکوژی و نائومێدی ئابووریەوە.
سوریا وەک ناوەند: پەیوەندی، گەڕانەوەی پەنابەران و پەیمانی ناوچەیی دژی ڕق و کینە
عەممار قەحف، لە گۆشەنیگایەکی جیۆپۆلەتیکی ئاشکراوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی سوریا کرد و گۆڕانکاری ناوخۆیی بە پەیوەندییە ناوچەییەکان و داڕشتنی سیستەمێکی نوێی شام بەستەوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆڕبەندی پێشووی شام و عێراقدا، قسەکەران هۆشداریان دا لە “وەهمی سەقامگیری” و “ململانێی چەقبەستوو” لە ناوچەکەدا، بارودۆخێک کە لە دوورەوە بە ئارام دەردەکەوێت بەڵام لەوانەیە هەر کاتێک بێت بتەقێتەوە و ببێتە هۆی درستبوونی سیناریۆی “دۆڕاندن”. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە شێوازێک لەمامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم دۆخە بریتیە لە داکۆکیکردن لە “خۆگونجاندن لەگەڵ ململانیی درێژخایەن بەڵام لاواز “، وەک ئەوەی ناسەقامگیری حاڵەتێکی هەمیشەیی بێت.
بە خوێندنەوەی ئەو، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی سوریا ساتێکی نوێی خوڵقاندوە: پارتێک کە دەسەڵاتی گرتۆتەدەست و پرۆسەی جنێڤ/2254 پەراوێز خستووە و کۆمەڵێک واقیعی جیاوازی لەسەر زەوی دروست کردووە. بە بڕوای قەحف ئەمە نەک تەنها شکستی بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتکرد لەکاتی رژێمی ئەسەددا، بەڵکو “دەرفەتێکە” بۆ دووبارە دروستبوونەوەی سوریا وەک ناوەندێکی پەیوەندی لەناوچەکەدا، بە مەرجێک چیتر وەک ڕێڕەوێک بۆ چەک و کاپتاگۆن و میلیشیا نەبێت. لە جیاتی ئەوە تەرکیز لەسەر بازرگانی، ژێرخان و ئاسایشی هەرەوەزی بکات.
ئەو باسی لەوە کرد کە دەرکردنی زۆربەی میلیشیاکانی ئێران لە خاکی سوریا، دۆخی ناوچەکەی گۆڕیوە و بواری بۆ پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ دراوسێکان و زلهێزەکانی جیهان دروستکردوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەو پێی وابوو کە توانای سوریا بەستنەوەی بە ناوچەکە زۆرە، وەک بەستنەوەی عێراق بە دەریای ناوەڕاست و زیادبوونی بازرگانی، و بەشداری کۆمپانیاکانی ئوردن، تورکیا، لوبنان، میسر و عێراقی لە بنیاتنانەوەی و ژێرخانی ئابووریدا. بۆ ئەو ئەو پڕۆژە کۆنکرێتیانە واتای ئەو پەیوەندیە بەرجەستە دەکات، کە دەتوانێ پاڵپشتی رێککەوتنێکی نوێی شام و عێراق بکات لەسەر هاوشێوەی چوارچێوەی ناوچەی ئەوروپا.
هەروەها قەحف ئەجێندای هاوکاری هەمەلایەنەی خستەڕوو. لەسەر ئاستی ستراتیجی، جەختی لەسەر پەروەردە کردەوە وەک وەبەرهێنانێکی درێژخایەن و داوای پرۆگرامەکانی زەمالەی خوێندن و ئاڵوگۆڕی قوتابیان کرد لە چوارچێوەی کۆڕبەندی شام و عێراق، بۆ ڕاهێنانی نەوەی داهاتووی دیپلۆماتکاران و بیرمەندانی سیاسەت لە سوریا و ئوردن و لوبنان و فەلەستین و عێراق. لە مەودای کورتخایەندا، ئەو جەختی لەسەر سێ بوار کردەوە:
- گەڕانەوەی پەنابەران: ئەو داکۆکی لە بوونی چوارچێوەیەکی ناوچەیی کرد بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانە و شکۆمەندانەی پەنابەران و دەڵێت گفتوگۆکانی ئێستا بە تەنیا بەڕێوە دەچن نەک بە شێوەیەکی هەماهەنگیانە. دەکرێت ئەم چوارچێوەیە سوریا و عێراق و ئوردن و لوبنان بگرێتەوە و بارودۆخی یاسایی و گەرەنتی ئەمنی و ڕێکخستنی کرداری بۆ گەڕانەوە پێشکەش بکات.
- دووانەی حوکمڕانی خۆجێی: زۆربەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە دامەزراوەی بەهێز و توانای کارگێڕییان نییە. بە “دووانە” کردنی حکوومەتە خۆجێییەکان لە نێوان وڵاتەکاندا و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان و مەشقپێکردنی کارمەندان و ڕێکخستنی هەندێک کردار، وڵاتان دەتوانن پاڵپشتی گەشەی دامەزراوەیی یەکتر بکەن، نەک ناوچە لاوازەکان بە گۆشەگیری بەجێبهێڵن.
- وتاری ڕق و دژە جیاکاری: قەحف پێشنیاری دەستپێشخەرییەکی هەرێمیی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی وتاری ڕق و کینە و برەودان بە یاساکانی دژە جیاکاری. پەیامی ئەرێنی و هەماهەنگی لەلایەن سەرکردە ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، هەروەها سیمبول و بەرهەمە کەلتوورییە هاوبەشەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
لە پرسیار و وەڵامدا، ئەو بیرۆکەی ئاشتەوایی “بەبێ لەبیرکردن” فراوانتر کرد. قەحف پێشنیاری کرد کە سوریا و دراوسێکانیان پێویستیان بە “لێبوردن” هەیە نەک لەبیرکردن: بۆ بنیاتنانی یادەوەری نەتەوەیی و سیمبول کە بەربەست لە دیکتاتۆرەکانی داهاتوو بگرێت و ئاماژە بەوە بکات کە تاوانەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، لە هەمان کاتدا بۆشایی بۆ بەرەوپێشچوون دەڕەخسێنێت. خۆ “پەیمانی دیمەشق” بەتەنها بەس نییە. بەڵکو پێویستە پەیمانێکی نێوان هەرێمەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت.
قەحف هەروەها باسی لەلایەنە تێکدەر و کۆکەرەوەکان کرد لە هەر پڕۆژەیەکی کۆڕبەندی عێراق و شامدا. ئەو کردارە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و سیاسەتەکانی ئێران (لەوانە ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی و پشتیوانی لە بریکارەکانی) بە هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری ناساند. قەتەریشی لە نێو ئەکتەرە ئاڵۆزەکانی ئەم دواییانەدا ناوبرد. سەبارەت بە کۆبوونەوەکان، ئەو دەڵێت ئەکتەرەکانی وەک سوریا، عێراق، ئوردن، لوبنان و فەلەستینی، دەبێت لە ناوەنددا بن و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و ڕوسیا و چین و هیندستان پەیڕەو بکەن، بەبێ ئەوەی ناوچەکە بکەنە گۆڕەپانی شەڕ بۆ ڕکابەرەکان.

ئاوارەبوون، دیمۆگرافی و گرنگی ئەمنیەت و ئاشتەوایی
پرسیاری ئامادەبووان گفتوگۆکەی گەڕاندەوە بۆ یەکێک لە گرنگترین تەحەداکانی ناوچەکە کە ئەویش ئاوارەبوونە. بەشداربوویەک ئاماژەی بەوەدا کە عێراق و سوریا “چەقی کێشەکان” بوون، کە ژمارەیەکی زۆر لە کەمئەندامان و ئاوارەیان لێکەوتوونەتەوە، و گلەیی لەوە کرد کە کاتێک پارتە سیاسییەکان دەسەڵات دەگرنە دەست، ئاوارەبوون دەبێتە “دوا خاڵ لە مێشکیاندا”. پرسیارکەرێکی دیکە تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییەی سوەیدا و لازقیە و پرسیاری کرد، چ گرەنتییەک هەیە بۆ ئەوەی دڕندەیی هاوشێوە لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب وەک شێخ مەقسود دووبارە نەبێتەوە؟.
ئەم نیگەرانیانە بوونە هۆی بیرکردنەوەی وردتر لە پانێڵەکە. قەحف دانی بەوەدا نا کە مەترسی راستەقینەی توندوتیژی نێوان کۆمەڵگاکان هەیە، بەڵام ئاماژەی بە هێورکردنەوەی گرژییەکانی ئەم دواییانە لە شێخ مەقسود کرد وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی هەندێک جار دەتوانێت ڕێگە لە تۆڵەسەندنەوە وئاژاوە بگرن. ئەو گەڕایەوە بۆ پێویستی کەلتووری هاووڵاتی یەکسان و چوارچێوەی یاسایی دژی جیاکاری، کە متمانەی زیاتر بە کۆمەڵگاکان ببەخشێت بۆ سەلامەتی خۆیان.
عوەیس لەلای خۆیەوە دووپاتی کردەوە، کە ئاوارەکانی ناوخۆ بە ئاسانی ناگەڕێنەوە لەگەڵ وەستانی شەڕ. ئەوان پێویستیان بە ئەمنیەت و ئاشتەوایی و زۆرجار گەرەنتی تۆکمە هەیە. بەبێ ئەمانە، ڕەنگە ئاوارەبوون نیمچە هەمیشەیی ببێت، وەک نموونەی لوبنان نیشانی دەدات.
ئەلمەسری جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕینی دیمۆگرافی لە ڕێگەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ کارەساتە بە هەر شێوەیەک بێت. هۆشداری دا لەوەی کە لەو کۆمەڵگایانەی دووچاری قەیرانی ئابووری بوونەتەوە، لێشاوی زۆری پەنابەران و ئاوارەکان گرژییەکان زیاتر دەکات و هاوسەنگی دیمۆگرافی دەشێوێنێت. ئەو دەڵێت دژایەتی توندی ئوردن بۆ هەر گواستنەوەیەکی بە زۆر لە کەناری ڕۆژئاواوە بۆ ئوردن دوژمنایەتی فەلەستینییەکان نیە، بەڵکو بەرگریکردنە لە ژیانی ئوردنیەکان و فەلەستینیەکان.
هەڵبەتە، جەختکردنەوەی دووبارەی گفتووگۆی پانێڵەکە لەسەر ئاسایش گرنگە. زۆرێک لە قسەکەران، بە تایبەتی ئەلمەسری دامەزراوە ئەمنییە کاریگەرەکانیانی وەک پێشمەرجێک بۆ هەموو شتێکی تر وەک گەشەپێدانی ئابووری، ئاشتەوایی و گەڕانەوەی پەنابەران، دانا. لە هەمان کاتدا، یوسف و قەحف هۆشدارییان دا کە دەبێت “ئەمنییەت” دووبارە وێنا بکرێتەوە: نابێت ببێتە ئامرازی گروپێک لە دژی گروپێکی تر. هەروەها نابێت ببێتە بیانوویەک بۆ سەرکوتکردن، بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە چوارچێوەیەکی فراوانتر کە حوکمڕانی گشتگیر، پاراستنی مافەکان و هاوکاری سنوورەکان لەخۆ دەگرێت.
ڕێکخستن و ڕۆشنبیری و پرسی توانای لایەنە ناوخۆییەکان
پانێلەکە بە گەڕانەوە بۆ ئەو پرسیارە کۆتایی پێهات: کە کێ دەبێتە هۆی چاکبوونەوەی شام؟. ئەدمۆند ڕاتکا پرسیاری کرد کام لایەن دەتوانێت وەک رێکخەر و کامیان وەک تێکدەر لە هەر چوارچێوەیەکی ناوچەیی مامەڵە بکات؟. قەحف بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی “توانای لایەنی خۆجێی” وەڵامی دایەوە: کۆمەڵگاکانی شام دەبێت دەستپێشخەربن نەک چاوەڕێی هێزە دەرەکییەکان بکەن بۆ داڕشتنی داهاتوویان. ئەو پێشنیاری کرد کە وڵاتانی ناوچەکە سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگ بکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن و مۆسکۆ و پەکین و ئەوانی تر بپارێزن، بەبێ ئەوەی بە تەواوی لەگەڵ هیچ لایەنێک هاوپەیمان بن. خۆ ئەم هەمەچەشنی دیپلۆماسییە، ئەگەر لەسەر بنەمانی هاوکاری ناوخۆیی بێت، دەتوانێت پاڵپشتی لە دروستبوونی دۆخێکی ناوچەیی سەربەخۆتر بکات.
لە دوایین وتەکەیدا، ڕاتکا ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای پێشبینی خۆی کە کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی سەرەکی باس لەسەر ژێرخانی ئابووری دەکات، بەڵام گفتوگۆکە زیاتر لەسەر کەلتوور و خیتاب و پەروەردە و ئاشتەوایی بوو. ژان مۆنێت، یەکێک لە ئەندازیارانی یەکگرتنەوەی ئەوروپا دەڵێت، ئەگەر مۆنێت بتوانێت دووبارە ئەوە پرۆسەیە لەسەرەتاوە دەست پێبکاتەوە، ئەوا بە کەلتوور دەست پێدەکات نەک خەڵوز و پۆڵا.
دەرئەنجام
لە پانێلە دا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و پێشکەوتووانەی پێشکەش کرا، سەبارەت بەوەی کە چۆن شام وعێراق دەتوانێت ململانێ تێبپەڕێنێت بەرەو چاکبوونەوە و تێکەڵبوونەوەی ناوچەیی. بەشداربووان لەسەر چەند بابەتێکی سەرەکی کۆک بوون:
- چاکبوونەوە پێویستی بە چارەسەری ناوچەیی هەیە، نەک تەنها لەسەر ئاستی نەتەوەیی. بەڵکو لەسەر ئاستەکانی ئاوارەبوون، ئاسایش، بازرگانی، و ژینگە و دیمۆگرافیا دەبێت تەشەنە بکەن، ناتوانن بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
- چاکسازی ناوخۆیی و حوکمڕانی زۆر پێویستە. بەبێ دامەزراوەی گشتگیرتر و بەرپرسیار و کاریگەر، نە پەنابەران و نە کۆمەڵگەکانی دیاسپۆرا ئەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و پاڵپشتی دەرەکی سنووردار دەبێت.
- ئاشتەوایی و “مامەڵەکردن لەگەڵ ڕابردوو” بابەتی لاوەکی نین، بەڵکو توخمی سەرەکی هەر چارەسەرێکی بەردەوامن. ئەو بابەتانە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ئەگەری گەڕانەوەی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی درێژخایەن هەیە.
- یەکخستنی ئابووری و بەیەکەوە بەستنەوە—لە ڕێگەی بازاڕەکان، بۆریەکان، ڕێڕەوی بازرگانی و ئابووری نەرم لەنێوان سنوورەکان—دەتوانرێت “ئاشتی” فەراهەم بکات و ئاشتەوایی بۆ خەڵکی ئاسایی بهێنێتە کایەوە.
- زەمالەی خوێندن و ئاڵوگۆڕی پەروەردەی و کەلتووری لە نێو گەنجان لەوانەیە وەبەرهێنانێکی لەسەرخۆ بێت، بەڵام زۆر گرنگە بۆ گۆڕینی بیروباوەڕ، ڕووخاندنی دیوارەکانی نێوان کۆمەڵگاکان و پێکهێنانی نەوەیەکی نوێ، کە توانای هاوکاریکردنی هەبێت.
هەڵبەتە پێشنیارەکانی ئەم پانێڵە، کە بریتیبوون لە پێکهێنانی بازاڕێکی فراوانی نێوان شام و عێراق و نیمچە دوورگەی عەرەبی، بە پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا، چوارچێوەێکی ناوچەیی بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و تیمێکی نێوان حکومەتەکان و بەدووانەکردنی حوکمڕانی خۆجێی، خواستی بەرزن و ڕووبەڕووی بەربەستی سیاسی و کرداری جددی دەبنەوە. بەڵام گفتوگۆکە خۆی پڕ زانیاریە. لەجیاتی ئەوەی شام وعێراق گۆڕەپانێک بن بۆ کێبڕکێی زلهێزەکان، یان زنجیرەیەک قەیرانی دانەبڕاو، بەشداربووانی پانێڵەکە وەک دەرفەتێکی سیاسی هاوبەش مامەڵەیان لەگەڵ کرد کە تێیدا ئەکتەرە ناوخۆییەکان دەتوانن و دەبێت ئەجێندای خۆیان دروست بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، گرنگترین دەرئەنجام وخاڵ لەوانەیە ئەوە بێت کە بوونی دۆخێکی ناوچەیی لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و هاوکاری مومکینە،بەردی بناغەکەشی لە بیرۆکە و تۆڕ و دامەزراوەکاندایە کە بەشداربووان ئاماژەیان پێدا.
دیداری مێری 2025
وڵاتانی لێڤانت لەودیوی ململانێەكانەوە: ستراتیژییەکان بۆ بووژانەوە و یەکگرتنەوە

