لەم پانێلەدا، رەندە سلیم، توێژەر لە پەیمانگای سیاسەتی دەرەوە ( فۆرن پۆڵەسی ئینستیتیوت)، گفتوگۆیەکی بەرفراوانی لەگەڵ بافل تاڵەبانی ،سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەنجام دا، سەبارەت بە سیاسەت و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکانی بەغدا و هەولێر، دۆسیەی ئەمنیەتی هەرێم و پەرەسەندنی ڕۆڵی هێزە هەرێمیەکانی وەک ئێران و تورکیا بەسەر سیاسەتی ناوخۆی عێراقدا. لە درێژەی گفتوگۆکەدا، تاڵەبانی هەوڵی دا وێنەیەکی یەکێتی متمانە بەخۆو و ڕیفۆرمکراو، سەرکردایەتیەکی کوردی پێشکەوتوو نیشان بدات، کە دەتوانێت بەشداری لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات. لەهەمانکاتدا لێدوانەکانی هەندێک لەو گرژی و پرسە چارەسەرنەکراوانەی کە بەردەوامن لەوێناکردنی سیاسەتی کورد و عێراق لەخۆگرت.
یەکڕیزی یەکێتی، چاکسازی حیزبی و ژینگەی وەبەرهێنان
بافڵ تاڵەبانی بە رەتکردنەوەی ئەو بۆچوونه دەستی پێکرد که گوایه هێشتا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان له ناکۆکی ناوخۆییدا گیرۆدەبووە، جەختی لەوە کردەوە کە “هیچ دابەشبوونێکی ناوخۆیی لەناو یەکێتی نیە”، پارتەکەی “ئێستا لە هەموو کاتێک یەکگرتووترە”. ئاماژەی بە ئەدای هەڵبژاردن کرد وەک بەڵگە بۆ ئەم قسانە. ئەو دەڵێت، هەڵبژاردن “ئەو تاقیکردنەوەیەیە کە پارتێکی سیاسی پێیدا تێدەپەڕێت، وەک خوێندکارێک لە قوتابخانە” و لەوەتەی سەرهەڵدانی سەرکردایەتییە نوێیەکە، دەنگەکانی یەکێتی لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر “بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە”. تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەندین ساڵدا، یەکێتی بووە بە “براوەی یەکەمی دەنگ و کورسی لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا” و لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ڕێژەی دەنگەکانیان بە تێکڕایی لە سەدا 93 بەرزبووەتەوە، هەرچەندە گوتیشی هێشتا ناڕازیە تاوەکو یەکێتی دەبێتە “پارتی ژمارە یەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.
ڕەنگە ئەم وێناکردنە هەوڵێکی بە مەبەست بێت بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی سەردەمێکی سەخت لە کێشەی سەرکردایەتی یەکێتی دوابەدوای نەخۆشکەوتن و پاشان مردنی جەلال تاڵەبانی. جەختکردنەوە لەسەر خۆڕاگری وپتەویی، “زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان کە بە زەحمەت ڕزگاریان دەبێت لەو جۆرە ئازارانە”، بەشێکی گرنگی چیرۆکی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. لە هەمان کاتدا، چاودێران لەوانەیە تێبینی ئەوە بکەن کە هێشتا ناکۆکی ناوخۆیی و بەشبەشێنە لە سیاسەتی کورددا بەردەوامە و ئەدای هەڵبژاردن بەتەنیا تەندروستی ناوخۆی پارتێک بە تەواوی ناگەیەنێت، لە کاتێکدا کە سەرچاوە وداهاتی دەوڵەت و کاریگەری ئەمنی و حیزبایەتی دەتوانن کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەڵبژاردن هەبێت.
سەبارەت بە دۆخی حوکمڕانی و ژینگەی وەبەرهێنان، تاڵەبانی پێی وایە کە تا رادەێیک سلێمانی نموونەیەکی سەرکەوتوو بووە سەرباری فشارەکان. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، “لە ناوەڕاستی قەیرانی دارایی و سنووردارێتی وەبەرهێنانی بیانی”، سلێمانی “پڕۆژەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە… تەنانەت لە سەردەمی گەشەی ئابووری کوردستاندا کە نەوت زۆر بوو.” ئەو ئەمەی گەڕاندەوە بۆ بوونی “بیرۆکەی زۆر زۆر سەرنجڕاکێش” وەک ئاڵوگۆڕکردنی پڕۆژە بە جۆرەکانی تری بەها، بەڵام دواتر چووە سەر “ناوەرۆکی بابەتەکە”، گوتی “سلێمانی کراوەیە بۆ بازرگانی، کاتێک دێیت بۆ بازرگانیکردن لە سلێمانی کەس دەست لە شانی تۆ نادات و پێت ناڵێت ئەبێ 50٪ی ئەو کارەم پێ بدەیت.”
پێدەچێت مەبەست لەم گوتارە جیاکردنەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی بێت لە بەشەکانی تری عێراق کە وەبەرهێنەران زۆرجار گلەیی لە ‘بڕینی’ نافەرمی دەکەن لەلایەن ئەکتەرە سیاسی و ئەمنیەکانەوە. ناساندنی سلێمانی وەک شوێنێکی پێشبینیکراو کە تێیدا کەمتر تاڵانکاری دەکرێت، بەشێکی گرنگی پەیامی یەکێتیە بۆ وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. بەڵام ڕوونە کە ئابووری سیاسی هەرێمی کوردستان هێشتا لەژێر گاریگەی حزبایەتی وپاڵپشتی حیزبی ماوە، بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانیشەوە.

پلورالیزم، ئۆپۆزسیۆن و دادوەری
کاتێک سلیم گەڕایەوە سەر پرسیاری پارتە بچووکەکان و چالاکوانان، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن لە زینداندان لە سلێمانی، تاڵەبانی وەڵامی دایەوە و تیشکی خستە سەر ناوبانگی سلێمانی وەک شوێنێکی کراوە و جەختی لەوە کردەوە کە “ئەوە ڕێکەوت نییە کە هەموو پارتێکی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی دەژین”. هەروەها “زۆربەی زۆری چالاکوانانی سیاسی لە کوردستان و زۆرێک لە چالاکوانانی عێراق لە سلێمانین.” بەبۆچوونی ئەو، ئەمە ڕەنگدانەوەی ژینگەیەکی سیاسیە کە تیایدا دەنگی ئۆپۆزسیۆن ئازاداترە لە شوێنەکانی تر.
لە هەمان کاتدا، تاڵەبانی جیاوازییەکی ڕوونی لەنێوان ئۆپۆزسیۆن بە گشتی و ئەو کەسانەی کە سلیم ئاماژەی پێدان. یەکێکیان، بە بڕوای تاڵەبانی، بە تۆمەتی دارایی و تۆمەتی شەخسی تۆمەتبار کراوە، پرۆسەی دادگایکردنی بە “زۆر شەفاف” وەسف کرد. دووەمیان ڕووبەڕووی “تۆمەتی زۆر جددی” بۆتەوە بە “بەڵگەی زۆر”ەوە. بە ئاماژەدان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە ئامۆزاکەی، لاهور شێخ جەنگی و دەوروبەرەکەی، بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە “سەرکردەی سیاسی مانای ئەوە نیە لەسەروی یاساوە” بیت. پارتی سیاسی قەڵغانێک نییە بۆ پاراستنی چەتەگەری. ئەو ئاماژەی بەوەدا بەبوونی بەڵگەی “تەلەفۆن، هارد درایڤ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کۆمپیوتەر، چەک، ناسنامە … هەروەها قسەکانی بەڕێز لاهور “ بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئامۆزاکەی میلیشیا هەبووە و ئامادەکاری کردوە بۆ شەڕ.
بەم شێوەیە تاڵەبانی ئەم پرسانەی وەک بابەتی لێپرسینەوەی لەچوارچێوەی تاوانکاری داناوە، نەک یەکلایکردنەوەی کێشەی ناوخۆیی. ئەم پەیامەی کە بۆ هەوادارانی خۆی بوو، ئامانجی جەختکردنەوە بوو لەسەر پابەندبوونی یەکێتی بە سەروەری یاسا، تەنانەت کاتێک ئەگەر کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتیشی تێدا بێت. بەڵام بە سەرنجدان بە نیگەرانییە درێژخایەنەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی دادوەری و جێبەجێکردنی یاسا لە هەردوو عێراقی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئیدیعایانە بکرێت. دەردەکەوێت کە دۆخەکە و پەرەسەندنەکان ڕەهەندی یاسایی و سیاسییان پێوەیە. ئەوەی ڕوون ئەوەی کە دیبەیتەکە دەریدەخات کە سەرکردایەتی یەکێتی دەیەوێت بڵێت سلێمانی هەم شوێنی ئۆپۆزسیۆنە و هەم شوێنێکە یاسا بەسەر کەسانی حیزبیشدا جێبەجێ دەکرێت.
حکومەتی هاوپەیمانی و شەراکەتی یەکێتی و پارتی و کێشەی دامەزراوەکان
پاشان لە میانی گفتوگۆکە رەندە سەلیم هاتە سەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان. بە لێدوانێکی پێشووتری سەرۆکی یەکێتی دەستی پێکرد، کە تیایدا وتبووی “پێکهێنانی حکومەت بە دواخراوی دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی قەناعەتم بەوە دێت کە جیاواز دەبێت لە حکومەتی پێش خۆی توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان دەبێت کە بە خەڵکمان داوە”. لە پانێڵەکە سەرۆکی یەکێتی پابەندبوونی توندی خۆی بەم لێدوانە دووپاتکردەوە.
بۆ تاڵەبانی کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە چ پارتێک کۆنترۆڵی چ پۆستێک دەکات، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ ئەو شێوازی سیستەمی حوکمڕانیە. ئەو گوتی “سیستەم گرنگە نەک پۆستەکان.” لەبەر ئەوەی هیچ پارتێک بە یەکلاکەرەوە هەڵبژاردنەکانی نەبردۆتەوە، دروستبوونی هاوپەیمانێتی حەتمیە. ئەمەش پێویستی بە شەراکەتی ڕاستەقینەیە نەک بەشداریکردنێکی سیمبولی: “چاودێر یان هاوبەشت دەوێت؟ ئەگەر هاوبەشت دەوێت، با هاوبەش بین.” بافڵ تاڵەبانی بەبیری ئامادەبووانی هێنایەوە کە کاتێک یەکێتی و پارتی پێکەوە کاریان دەکرد و شەڕیان دژ بە داعش و ئەلقاعیدە دەکرد و بەشێک لە عێراقیان ئازاد کرد و دەستووری عێراقیان نووسی”، “ئەم دۆخەمان بەرەو پێشەوە برد.” ئەو بیرۆکەی دابەشکردنی دیفاکتۆی ڕەتکردەوە کە تیایدا هەر لایەنێک بە جیا ناوچەی خۆی بەڕێوە ببات و جەختی لەوە کردەوە کە ” کەس لە کوردستان ئەمەی ناوێت”.
کاتێک پرسیاری لێکرا کە چۆن “بەشداریکردن” لە بڕیارداندا جێبەجێ بکرێت، لە وەڵامەکەی جەختی لەسەر ڕوونکردنەوە و ڕێزگرتن لە ڕۆڵی دامەزراوەیی کرد: دەسەلاتەکانی سەرۆک وەزیران دەبێت بە ڕوونی پێناسە بکرێن، وەزیرەکانیش دەبێت دەسەڵاتێکی ڕوونیان هەبێت. تاڵەبانی ئەمەی بەستەوە بە لاوازیی هەرێمی کوردستان: “نەبوونی دامەزراوە… هەندێک جار تەنانەت دامەزراوەیەکمان نیە بەڵکو کەسایەتیمان هەیە، بەم جۆرەش وڵات بەڕێوەناچێت.” بافڵ تاڵەبانی هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە “هاوڕێکانی لە پارتی دیموکراتی” درک بەم کێشەیە دەکەن و “دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە ئاراستەکە بگۆڕن.”
جەختکردنەوە لەسەر دامەزراوەکان بەرامبەر بە کەسایەتیەکاندا، ڕەنگدانەوەی ئەو نیگەرانیانەیە کە ڕیفۆرمخوازان هەیانە بەرامبەر بە سیستەمەکە. بەڵام، پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی حوکمڕانی لە تاکەکەسیەوە بۆ دامەزراوەیی، ئاڵۆزە و پێویستی بە ریفۆرم و هەڵوێستە لەلایەن هەموو پارتەکانەوە، بە یەکێتی نیشتمانیشەوە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا : بودجە ، ڕێککەوتننامەکان و بەدامەزراوەییکردن
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، تاڵەبانی بەردەوام جەختی لەسەر گرنگی واقیعبینی و بەدامەزراوەییکردن کردەوە. ئەو ڕەخنەی لە مەیلی هەردوولا گرت بۆ واژۆکردنی کۆمەڵێک ڕێیکەوتن کە پێناچێت جێبەجێ بکرێن، گوتی: “ئێمە واژۆمان لەسەر ئەو بەڵگەنامانە کردووە کە دەزانین سەرکەوتوو نابن… ئەمە یەکەم شتە کە نابێت چیتر بیکەین.” ئەو نوێترین ڕێککەوتنی بودجەی فیدراڵی وەک نموونە هێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە زۆر کەس پێی دڵخۆش بوون، بەڵام ئەم راستەوخۆ ناڕەزایی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع ئەلسودانی دەربڕیووە، پێی گوتوە “ئەوان جێبەجێ ناکەن و تۆش نایکەیت. دەی کەوایە بۆچی واژۆی ئەکەی؟”
لە جیاتی ئەوە، تاڵەبانی باسی “دیالۆگی ڕاستەقینە” و “دانوستانی ڕاستەقینە” کرد کە پابەندبوون بەرهەم دەهێنێت کە هەردوولا بتوانن بە ڕاستی ڕێککەوتنامەکان جێبەجێی بکەن. ئەو پێشنیاری کرد کە زۆر جار “کەسایەتی، کێشەی کەسایەتی ناوخۆیی” دەبنە کرۆکی کێشەکە و باڵ بەسەر کێشە سیاسییە بنچینەییەکاندا دەکێشن. هەربۆیە، چارەسەری پێشنیارکراوی تاڵەبانی لەسەر پەیوەندی دامەزراوەییە: “دامەزراوەیەک مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەیەکی تر دەکات نەک کەسایەتییەک مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییەکی دیکەدا بکات.”
سەرەڕای ڕەخنەکانی، تاڵەبانی هێشتا بە وریاییەوە گەشبین بوو سەبارەت بەم دۆخەی ئێستا. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پێدانی مووچە و بوونی “کەشێکی باش”، دۆخەکە “هەلێکی باشە بۆ کوردستان لەحاڵی حازردا”. بە بڕوای ئەو دەرفەت و توانا هەیە بۆ یەکخستنی لایەنی کوردی بۆ بەدەستهێنانەوەی هەندێک لەو مافانەی کە زۆرێک لە کوردەکان هەست دەکەن لەناوچوون، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و پێکهێنانی حکومەت. گەشبینی ئەو جێگەی سەرنجە، چونکە ئەو دانی بەوەدا ناو کە لە سەدا 70 ی عێراقییەکان بەهۆی ناڕەزایی لە دۆخی ئێستاوە دەنگ نادەن، بەڵام سەرباری ئەوەش گەر لایەنی کوردی یەکگرتوو بێت، ئەوا بەشداری خەڵک دەتوانێت لە بەغدا ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە.
هەڵبژاردن و ساختەکاری لە دەنگەکان و تەمویلی بیانی
پاشان گفتوگۆکە گۆڕا بۆ سەر پرۆسەی هەڵبژاردن. لە کاتێکدا هەندێک لە قسەکەرانی پێش ئەم پانێڵە باسیان لەوە کردبوو کە ساختەکاری دەنگەکان لەم خولانەی دواییدا کەمی کردووە، بەڵام تاڵەبانی نیگەرانی دەربڕی و وتی “من نیگەرانم لە ساختەکاری لە دەنگدان، من نیگەرانم لە دەنگدانی زۆرەملێ،” . تاڵەبانی سەرسورمانی خۆی دەربڕی بەوەی کە ئاستی ساختەکاری دابەزیوە وئاماژەی بە ئەو ناوچانە کرد کە هەندێک پارت دەنگی زیاتریان لە سەدام حوسێن بەدەستهێناوە و پێشنیاری کرد کە دادپەروەرانە بپرسین ئایا ئەمە ڕەنگدانەوەی ئارەزووی سروشتی دەنگدەرانە یان فشارە لەسەر دەنگدەران؟
هەروەها تاڵەبانی کێشەی تەمویلی دەرەکی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە بڕێکی زۆر پارە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانەوە دێت بۆ گرووپ و پارتە جیاوازەکان. بەجیاکردنەوەی حزبەکەی خۆی، تاڵەبانی گوتی: “بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم یەکێتی دۆلارێکی لە هیچ وڵاتێک وەرنەگرتووە و دۆلارێکیش لە هیچ وڵاتێک وەرناگرێت و پێویستە بەم شێوەیە بین.”

سەروەری دەوڵەت، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و چاکسازی کەرتی ئەمنی
پرسی گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان (میلیشیاکان) و سەروەری دەوڵەت بابەتێکی سەرەکی دیکەی ئەم پانێڵە بوو. بەڕێوەبەری پانێڵ، سەروەری دەوڵەتی بەستەوە بە کۆنتڕۆڵکردنی “چەک” و بڕیاردان لەسەر “جەنگ و ئاشتی” و ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی ” چەکداری نادەوڵەتی هەیە”. تاڵەبانی بە توندی وەڵامی دایەوە: “نەخێر، ئێمە نیمانە.” وە بە ئاماژەکردن بە هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕوونیکردەوە کە زۆر جار ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخرێت کە هێزەکانی حەفتاکان و هێزەکانی هەشتا هێزی دانپێدانراون و “ لەلایەن عێراقییەکانەوە مەشقپێکراون و لەلایەن بیانیەکانەوە مەشقپێکراون، لەلایەن ئەمریکییەکانەوە مەشقپێکراون”، تەنانەت ئەگەر هێشتا یەکیان نەگرتبێتەوە بەتەواوەتی لەناو خودی وەزارەتەکەوە. ئەو گوتی “ئاگاداری هیچ گروپێکی نادەوڵەتی نیە” لەنێو حیزبەکەی، و ئەگەر نموونەش هەیە، دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکات.
بە پێچەوانەوە هێزی پێشمەرگەوە، کاتێک باسی حەشدی شەعبی کرد، تاڵەبانی ڕاشکاوتر بوو. ئەو جیاوازی کرد لە نێوان حەشد “بەگشتی” کرد کە بەشداری شەڕی دژی داعش کردوە و کۆمەڵێک گرووپی دیکە کە هەندێکیان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسێنراون. سەبارەت بە گروبی یەکەم، هەڵوێستی تاڵەبانی ڕوون بوو: “دەبێت تێکەڵ بە هێزە شەرعییەکان بکرێن یان هەڵبوەشێنرێنەوە.” کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا دەوڵەتی عێراق توانای ئەنجامدانی ئەو کارەی هەیە، گوتی کێشەی سەرەکی ئیرادەی سیاسیە نەک توانا: “دەوڵەت سەرەتا پێویستی بە ئیرادە هەیە. کاتێک دەوڵەت ئارەزوو وئیرادەی هەبێت، وابزانم دەوڵەت توانایشی دەبێت.” بە بۆچوونی ئەو، دەورووبەری هەڵبژاردن کاتێکی گونجاو نییە بۆ هەنگاوێکی ئاوا گەورە، بەڵکو لەوانەیە ماوەیەکی پاش هەڵبژاردن گونجاوتر بێت بۆ تێکەڵکردنیان.
پەیامی گشتی تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ئەوەیە کە سەقامگیریی درێژخایەن پێویستی بە هێزی چەکدار هەیە، کە بخرێتە ژێر پێکهاتەی فەرمی و بەرپرسیارێتیەوە. لەهەمانکاتدا مشتومڕی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و دۆخی یەکەکانی سەر بە حیزبەکان، هێشتا بابەتی هەستیارن و پێداگریی لەسەر ئەوەی کە یەکێتی گروپی “نادەوڵەتی” نیە، ڕەنگدانەوەی چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەسەر ئەم بابەتە لەناوخۆی یەکێتیدا، بەڵام زۆرێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی پێیان وایە کە هێشتا بواری یەکخستن، وتێکەڵکردن و بەسیاسی نەکردنی ئەم هێزانە، زۆرە.
دۆسیە هەرێمییەکان: سوریا، تورکیا و پرسی کورد
پانێڵەکە گرنگییەکی زۆری بە دینامیکیەتی ناوچەکەدا، بەتایبەتی سوریا. تاڵەبانی باسی لە شەڕەکانی ئەم دواییەی حەلەب کرد و ستایشی دیپلۆماسەتی فەڕەنسا و گروپە دیاریکراوەکانی سوریای کرد کە یارمەتیدەرن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات گوتی زۆر شت پەیوەستە بەوەی کە ئایا پێشبینیەکانی دیمەشق “واقیعیانە” بوون یان نا. ئەگەر وابێت، و ئەگەر دەوڵەتی ناوەند بتوانێت خۆی بپارێزێت، ئەوا ئەو گەشبینە بەوەی کە دەتوانرێت بگەنە رێککەوتن.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو کە داواکاریەکانی کورد لە سوریا گونجاون: “جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی” بۆ ناوچە کوردنشینەکان، دانپێدانان و پاراستنی زمان و کەلتووری کوردی، و دەزگایەکی ئەمنی کە سەلامەت بێت و بۆ کورد قبوڵ کراوبێت، لە هەمان کاتدا بەشێک بێت لە پێکهاتەی سەربازی و هەواڵگری نیشتمانی سووری. بە بۆچوونی ئەو “سوریاش نابێت ملکەچی ئارەزووی وڵاتانی دیکە بێت،” هەروەک چۆن دەبێت بڕیارە سیاسیەکانی عێراق لەلایەن عێراقیەکانەوە بدرێت.
کاتێک سلیم تێبینی کرد کە زۆر جەخت لەسەر پارتێکی کوردی دیاریکراو دەکاتەوە لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، تاڵەبانی بە ڕاشکاوانە وەڵامی دایەوە: “چونکە ئەوانەی دیکە ئەوەندە گرنگ نین.” تاڵەبانی ئەم بۆچوونەی بە چیرۆکێک ڕوون کردەوە کە مامۆستایانی سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند لە خواردن وسووربوون لەسەر دانوستاندن تەنها لەگەڵ تاڵەبانی، چونکە “تۆ دەتوانیت ئەو کارە ئەنجام بدەیت” هەرچەندە مامۆستاکان دەنگیان پێنەدابوو. بۆ تالەبانی، سیاسەتی کاریگەر پێویستی بە مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە توانای بەجێگەیاندنیان هەیە.
سەبارەت بە تورکیا و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە، تاڵەبانی گەشبینی نواند و ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەکە بە گشتی لەلایەن هەردوولاوە پەسەند کراوە. لە خوێندنەوەی ئەودا، ئەو بەربەستانەی ماونەتەوە وردەکاری ئاڵۆزی یاسایی و پەرلەمانین، نەک ڕەتکردنەوەی بنەڕەتی پرۆسەکە. هیوای خواست هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر و “هەمووان… بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە” پابەند بن بە پرۆسەکە. سەبارەت بە داماڵینی چەک لەلایەن پەکەکەوە، گوتی “خۆشبەختانە” پێویست ناکات خودی تاڵەبانی ئەو بڕیارە بدات و گوتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان “پێشتر بڕیاری داماڵینی چەکی داوە” و ڕۆڵی یەکێتی ئەوەیە کە “بە هەر شێوەیەک بتوانین یارمەتی دەدەین.” بەمەش تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتیانە و سەقامگیری دەربڕی، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو ئەو ئاستەنگانەی کە ئەم پرۆسەیە بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دروستی دەکات.

ئێران ، بەربەست و مەترسی شەڕی ناوچەیی
لەگفتوگۆکردندا لەسەر ئێران، تێڕوانینی تاڵەبانی بۆ ناوچەکە زیاتر ڕوون بووەوە. لە وەڵامی ئەو لێدوانەی واشنتن کە دەڵێت ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە، تاڵەبانی هەڵسەنگاندنێکی جیاوازی پێشکەش کرد. لە کاتێکدا ئەو دان بەوەدا دەنێت کە گروپەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس “بەدڵنیاییەوە… لاواز بوون،” ئەو پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا ئەم لاوازیە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئێرانیش لاوازبوە یان نا؟ تاڵەبانی ئاماژەی بە شەڕی 12 ڕۆژ و هێرشە توندەکانی سەر ژێرخانی ئابووری ئێران کرد و گوتی “زۆر کەم وڵات لە جیهاندا هەیە کە بتوانێت بەرگەی ئەو شتانە بگرێت کە ئێران بەرگەی گرت ” و هێشتا وەڵامی خێرایی هەبێت. بەلای ئەوەوە ئەمە قووڵایی و خۆڕاگریی دامەزراوەکانی ئێران دەردەخات.
تاڵەبانی هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هێرشە دەرەکییەکان هەندێک جار کۆمەڵگا یەکدەخەن، بەڵام پارچەپارچەیان ناکات. هەروەک رەفتاری کۆمەڵگای بەریتانی لە کاتی قەیرانی کۆڤید-19. تاڵەبانی پێی وابوو کە هەندێگجار خەڵکی دەرەکی گۆمان لەخۆڕاگریی کۆمەڵگاکان دەکەن، ئەم گومانەش بەهەمان شێوە کرا بەرامبەر بە خەڵکی ئێران.
لەهەمانکاتدا تاڵەبانی ڕوونی کردەوە کە قووڵی پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران پاساو نیە بۆ سەپاندنی هەژمووونی ئێرانی بەسەر سیاسەتی عێراقدا. هەروەک چۆن ئەزموونی زۆرێک لە سەرکردە عێراقییەکان کە پەنابەر بوون لە ئێران کاریگەری لەسەر پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە هەیە، تاڵەبانی سوپاسگوزاری خۆی بۆ بەریتانیا دەڕبڕی و وەک لێکچونێک بەکاریهێنا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی پەیوەندییە عاتفییەکان گرنگن. لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆتاییدا گوتی: “سەرباری دۆستایەتیم لەگەڵ ئێرانییەکان… سەرباری دۆستایەتیم لەگەڵ ئەمریکییەکان ، ئەمە وڵاتی ئێمەیە. پێویستە ئێمە بەڕێوەی ببەین، ئەمە کاری ئەوان نییە.” بۆیە دەبێت “بزووتنەوەیەکی نیشتیمانپەروەری عێراقی” هەبێت کە بتوانێت وردە وردە پشت بەستن بە ئەکتەرە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە و هانی ئەو لە سەدا 70 یە بدات کە ئێستا لە دەنگدان دوور دەکەونەوە.
سەبارەت بە بەربەست و دۆخی ئەمنی داهاتووی ئێران، تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی ئێران پێشبینی دەکەن مەترسی سەرەکی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بێت نەک ئەمەریکا. هێرشەکانی ئەم دواییەش ئەو هەستەیان بەهێز کردووە کە تەنانەت لە کاتی دانوستانیشدا دەتوانرێت هێرش بکرێتە سەرت. ئەو پرسیاری کرد “مەبەست لە دانوستان چییە ئەگەر لە هەر کاتێک لێتبدرێت بەچەکی ڕۆژئاوا؟” تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە چارەسەرکردنی ئەم نیگەرانیە زۆر گرنگە ئەگەر لایەنەکان دەیانەوێت دانوستانەکانی داهاتوو سەرکەوتوو بن. هیوای خواست گفتوگۆکانی ئەمەریکا و ئێران دەستپێبکاتەوە و و ستایشی دانوستانکارانی پێشووی ئەمەریکی کرد و بە “زۆر ڕێزدار و زیرەک” ناویانی برد.
کاتێک پرسیاری لێکرا کە عێراق لە کوێی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیلدایە، ئەو تەنها هیوای ئەوەی دەربڕی کە عێراق نەکەوێتە نێو ناکۆکی ئەو دوو وڵاتە. هاوکات دانی بەوەدا نا کە “ئەگەری خراپ بوونی بارودۆخەکە هەیە.” وجەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە کێشانە بە هێزی چەک چارەسەر ناکرێن، ئاماژەی بەوەدا کە زانیاری بە هێزی چەک ناسڕێتەوە، هەروەها بەڕێوەبردنی ئەو زانیاری و توانایە لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە گرنگە.

ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ
لە کۆتاییدا، گفتوگۆکە بە کورتی گۆڕدرا بۆ سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا سەبارەت بە عێراق. لێرەدا تاڵەبانی ڕوانگەێکی جیاوازی دەربڕی، تیشکی خستە سەر ئەو شتانەی کە بە ئەرێنی دەیزانی لەبری ئەوەی سەرنج بخاتە سەر ڕەخنە باوەکان. ئەو سوپاسی ئەوەی کرد کە “بەلایەنی کەمەوە وەڵامی ڕاستەوخۆمان دەدەنەوە” و “ڕوونی ئامانج” و “ڕوونی ئەرک” لە کۆبوونەوەکانیدا بەدی دەکرێت، تەنانەت ئەگەر سیاسەتی ئەو وڵاتە هێشتا لە قۆناخی داڕشتنیشدا بێت.
ئەو ئاماژەی بەوەدا کە لە ناخەوە باوەڕی وایە کە سەرۆک ترەمپ ئاشتیخوازە و “کۆمەڵێک بابەتی “ناڕوون” بەڕێوە دەبات. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە خودی خۆی ئەو سەرکردە سیاسیانیەی بەلاوە گرنگن کە بڕیاردەرن چونکە “هەندێک جار بڕیار نەدان خراپترە لە بڕیاردان.” بە بۆچوونی ئەو ئەگەر ترەمپ بەڕاستی بەدوای جیهانێکی سەقامگیردایە، لەوانەیە ڕێگاکەشی قورس بێت بەڵام دەستنیشانکردنی ئەو ڕێگایە ئاسانترە . ئەو، ئەم بابەتەی بە ئازایەتیی سەرۆک ترەمپ بەستەوە، ئاماژەی بە هەوڵی کوشتنی سەرۆک ترەمپ کرد. لە کاتێکدا کەسانی دیکە هەڵسەنگاندنی جیاواز دەکەن سەبارەت بە ئاستی ئیدارەی ترەمپ. لێدوانەکانی تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکەن کە تاڵەبانی پەیوەندی ڕوون و ڕاستەوخۆی پێ پەسەندە، ئەو بایەخ بە کەسی پێشبینیکراو دەدات، تەنانەت کاتێک ناکۆکیش هەبێت لەسەر ناوەڕۆکدا.
دەرئەنجام
ئەم دیالۆگە دەرفەتێکی تایبەتی رەخساند بۆ گەنگەشەکردنی تێروانینی بافل تاڵەبانی و سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی بەرامبەر بەدۆخی سیاسی کورد، عێراق و ناوچەکە. خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە: جەختکردنەوە لەسەر دامەزراوەکان نەک کەسایەتی؛ بانگەوازێک بۆ پڕۆژەی نیشتیمانی لە عێراق و سوریا کە کەمتر پشت بە دەستێوەردانی دەرەکی ببەستێت؛ دیدگای هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا؛ نیگەرانی سەبارەت بە زۆرەملێی لایەنە نادەوڵەتیەکان؛ دەستێوەردان لە هەڵبژاردن و پارەی بیانی؛ هەروەها پشتبەستن بە چارەسەر لەسەر بنەمای دانوستاندن، نەک زیادبوونی قەیرانەکان لە ناوچەکە.
لە هەمان کاتدا، گفتوگۆکە تیشکی خستە سەر هەندێک ئالەنگاری پێکهاتەیی کە کاریگەری لەماوەی داهاتوودا دروست دەکەن. هەڵبەتە گۆڕان لە سیاسەتی کەسایەتییەوە بۆ حوکمڕانی دامەزراوەیی ڕاستەقینە هێشتا نەچەسپاوە، یەکخستن و بەسیاسینەکردنی هێزە ئەمنییەکان هێشتا کارێکی تەواونەکراوە. ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان هاوبەشی دەرەکی و سەروەری هێشتا ناڕوونە. هەروەها بێ متمانەیی خەڵک بەرامبەر بە دەوڵەت کە لە ڕابردوودا لە کەمی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکانی ڕەنگی دابووەوە، هێشتا جێگەی نیگەرانیە.
دیداری مێری 2025
خواست بەرامبەر ئاڵۆزییەکان: هەرێمی کوردستان لە عێراقێک کە لە گۆڕانکاریدایە

