- نیكۆلای ملادینۆڤ، بەڕێوەبەری گشتی ئەكادیمیای ئەنوەر گەرگاش بۆ دیپلۆماسیەت
- عەبدوڵڵا ئەلقازی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی هیلال، ئیمارات
- زمكان سەلیم، پەیمانگای دیراساتی هەرێمی و نێودەوڵەتی، عێراق (دوێنەر)
عێراق لەناوجەرگەی هەرێمێک کە لە گۆرانکاریدایە
لەم پانێڵەدا کە تایبەت بوو بە بابەتی وزە و دیپلۆماسی ئابووری عێراق، قسەکەران تاوتوێی ئەوەیان کرد کە چۆن عێراق دەتوانێت سەرچاوەکانی و پێگەی دیپلۆماسی و هەڵکەوتەی جوگرافیی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ تێکهەڵکێشکردن و ئاوێتەبوونی ناوچەیی و دروستبوونی پەیوەندی جیهانی. پانێلەکە لەلایەن دکتۆر زمکان سەلیم لە پەیمانگای توێژینەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو. بەشداربووانی پانێلەکە بریتی بوون لە نیکۆلای ملادینۆڤ بەڕێوەبەری گشتی ئەکادیمیای دیپلۆماسی، ئەنوەر گەرگاش نوێنەری تایبەتی پێشووی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق. هەروەها عەبدوڵڵا ئەلقازی بەڕێوەبەری کۆمپانیای کریسنت پترۆلیۆم لە عێراق. لە گفتوگۆکەدا هەڵسەنگاندنێکی ڕاشکاوانە کرا بۆ بژاردە ستراتیژییەکانی عێراق و ئەو ئاستەنگە پێکهاتەییانەی کە ڕووبەڕووی کەرتی وزە دەبنەوە، وەهەروەها ئەو چاکسازییانەی کە پێویستن بۆ گۆڕینی سامانی نەوتی بۆ گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام.
بەجەختکردنەوە لە پێگەی عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دیبەیتەکە دەستیپێکرد و لەدەستپێکدا، دکتۆر زمکان ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لە ڕووی جوگرافی، ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە نێو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، کە ئەمەش وایکردوە ببێتە پردێکی سرۆشتی لە نێوان کەندا و ناوچەی لێڤانت و بازاری نێودەوڵەتی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئاماژەی بە هەستیارییە سیاسییەکانیش دا سەبارەت بەئەگەری یەکگرتنەوەی قووڵتری نێوان عێراق و کەنداو، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەرتەوازەیی سیاسی ناوخۆیی و ئەکتەرە دەرەکییەکان کە لەوانەیە بەرهەڵستی ئەم جۆرە هاوپەیمانێتیانە بکەن.
لە ڕووبەڕووبوونەوە بۆ کۆکەرەوە: دیدگای دیپلۆماسی فرە لایەنەی عێراق
نیکۆلای ملادینۆڤ گفتوگۆکەی بەوە دەستپێکرد کە عێراق زۆر گونجاوە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی فرە لایەن. بۆ بەدیهێنانی ئەم سیاسەتە عێراق دەبێت خۆی بەدور بگرێت لە بوون بە “سەری ڕم یان دیوارێک لە دژی ئێران”، چونکە ئەمە پێویستی بە دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردنی ناوخۆیی هەیە. لە جیاتی ئەوە، عێراق دەتوانێت ببێتە “کۆکەرەوە”، دەوڵەتێک کە ئەکتەرە ناوچەییەکان کۆبکاتەوە بە لەبەرچاوگرتنی جوگرافیا و سەرچاوە و دانیشتوانی هەمەجۆری. مۆدێلی پێشوو کە لە سەردەمی سەدام حوسێن پەیڕەو دەکرا، پێویستی بە دوژمنی ناوخۆیی بەردەوام و حوکمی مەرکەزی دیکتاتۆری هەبوو،لە کۆتاییدا کارەساتی لێکەوتەوە. ملادینۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە رێچکەی یەکەم بەدیلێکی واقیعی و بنیاتنەرانەیە بۆ وڵاتێک کە دەیان ساڵە بە ململانێوە دەناڵێنێت.
ملادینۆڤ باسی لەوە کرد کە سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکانی عێراق دەکرێت ببنە فاکتەری سەرەکی لە ڕێکخستنەوەی لایەنی ئەمنی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە تێکەڵکردنی سیاسەتی وزە، ڕەچاوکردنی ئاسایش و دیپلۆماسی لە ستراتیژێکی فرە لایەندا، عێراق دەتوانێت بەشداری لە سەقامگیریی ناوچەکە بکات و لە هەمان کاتدا گەشەسەندنی خۆی بەرەو پێش ببات. بە بۆچوونی ملادینۆڤ، ئەم مۆدێلە هاوتایە لەگەڵ دەرکەوتنی ڕۆڵی “هێزە مامناوەندەکان” ، ئەو هێزانەی کە ئاسایشیان تەنها بە هێزی سەربازیەوە بەند نیە، بەڵکو بەندە بە قووڵی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسیەکانیان و تێکڕای وڵاتانی دەور وبەریان بەرژەوەندیان لەگەڵ سەقامگیری ئەو وڵاتە بێت.

دیپلۆماسی و بەیەکبەستنەوە و پێویستی بەردەوامی دامەزراوەیی
ملادینۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دیدگایە پێویستی بە سەقامگیریی ناوخۆیی و باشترکردنی حوکمڕانی و ژینگەیەکی یاسایی تۆکمە هەیە، بۆ دلنیاکردنەوەی هاوبەشەکانی عێراق . لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکانی ڕێگای گەشەپێدان و پڕۆژەکانی بەستنەوەی کەنداو و عێراق و ئوردن کرد وەک نموونەیەک لەو دەرفەتانەی کە دەتوانن پێگەی عێراق بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی هەرێمی، بە مەرجێک بەردەوامی سیاسی و سەقامگیری دامەزراوەیی بپارێزرێت. بە وتەی ئەو، “یاداشتنامەکان هێڵی شەمەندەفەر دروست ناکەن”؛ بەڵکو ئەوەی زۆر گرنگە توانای جێبەجێکردن، متمانەی وەبەرهێنەر و کەش و هەوای حوکمڕانی پارێزراوبێ.
دکتۆر زمکان زیاتر جەختی لەوە کردەوە کە ئایا سەردانی پلە باڵاکان بۆ پایتەختەکانی کەنداو بەسن بۆ بەستنەوەی عێراق بەم وڵاتانە؟ ملادینۆڤ پێشوازی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کرد، بەڵام گوتی پێویستی بە ڕێکخستنی دامەزراوەیی فراوانتر هەیە. قووڵکردنەوەی ئازادی بازرگانی، بەستنەوەی ژێرخانی عێراق بە ڕێڕەوە هەرێمییەکان، سەقامگیرکردنی ژینگەی وەبەرهێنان هەنگاوی گرنگی داهاتوون. هەروەها تیشکی خستە سەر ئاڕاستەی جیهانی بەرزبوونەوەی بەربەستە بازرگانییەکان کە تەنها 250 بەربەست بوە لە ساڵی 2005 بەڵام بووەتە 2500 بەربەست لە ساڵی 2025، هۆشداریشی دا کە دەبێت عێراق ڕۆڵ بگێڕێت و بەربەستەکان کەمبکاتەوە لەڕێگەی رێککەوتنی دوولایەنە و هەرێمیانە، نیشانی بدات کە کراوەیی ئابووری دەپارێزێت. لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە وزە و ژێرخانی ئابووری و سیاسەتی ئابووری دەبێت لە چوارچێوەیەکی نیشتمانی درێژخایەندا جێگیر بکرێن و پارێزراو بێت لە دەستێوەردان، بە گۆڕانی حکومەتەکان و بەردەوامێتی مسۆگەر بێت و دوور بێت لە گۆڕانکاری لەناکاو.

گرنگترین بەشی سێکتەری وزە: دەرفەت و لاوازی کەرتی نەوت و گاز لە عێراقدا
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی کرداری کەرتی وزەی عێراق، عەبدوڵڵا ئەلقازی تێڕوانینێکی ناوخۆیی پێشکەش کرد کە پشت بەستووە بە چەندین ساڵ ئەزموونی کارپێکردنی کێڵگەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەو بە ئاماژەکردن بە ڕۆڵی مێژوویی عێراق وەک “دڵی کەرتی وزە” دەستی پێکرد ئاماژەی بەوەدا نەوت بۆ یەکەم جار زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لە کەرکووک دۆزرایەوە. گەشەسەندنی سەرەتای کەرتی پیشەسازی نەوتی عێراق وایکرد کە ببێتە نموونەێکی سەرکەوتوو بۆ ناوچەکە و هێشتاش عێراق توانا و قەبارەی نەوتی دەرنەهێنراوی هێشتا زۆر گەورەیەبەڵام هەرچەندە عێراق یەدەکی سەلمێندراوی زۆرە، بەڵام سەرچاوە شاراوەکانی گەورەترن و یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکانی جیهان بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان.
لەگەڵ ئەوەشدا عەبدوڵا ئەلقازی باسی لەوە کرد کە سێ تەحەدای پێکهاتەیی بەردەوام ڕێگری لە دەرفەتی گەشەسەندن دەکات: ژینگەی وەبەرهێنان، ئەمنیەت، وەهەروەها ڕۆڵی دەوڵەت وەک هاوبەشێک لە گرێبەستەکانی وزە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە چوارچێوەی یاسایی عێراق لەسەر کاغەز بەشێوەیەکی گشتی گونجاوە، بەڵام نالەباری لە ئاستی جێبەجێکردن زۆرجار بەربەست دەخاتە بەردەم وەبەرهێنەران. دواکەوتن بەهۆی بیرۆکراسیەت و، ڕێنمایی ناڕوون و ئاستەنگی جێبەجێکردنی یاسا زۆرجار دەبێتە هۆی لێکەوتنی زیان لە کۆمپانیاکان. زۆرێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەهۆی ئەم نادڵنیاییەوە عێراقیان جێهێشتووە یان قەبارەیان بچووککردۆتەوە، هەرچەندە هەندێکیان ئێستا وردە وردە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق.

کەش و هەوای وەبەرهێنان، مەترسییە ئەمنییەکان و ڕۆڵی دەوڵەت
بە بۆچوونی عەبدوڵا ئەلقازی، ئەمنیەت دووەم ئالەنگاری گەورەیە لەبەردەم ئەم سێکتەرە. هێرشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لاوازیەکی دروستکردووە کە زەحمەتە بگونجێت لەگەڵ وەبەرهێنانی درێژخایەن و سەرمایەی زۆر. هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەغدا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمپانیاکان و سەقامگیرکردنی بارودۆخەکە. جەختی لەوە کردەوە کە سەرمایە ترسنۆکە و پێویستی بە هەلومەرجێکی تۆکمە و پارێزراو هەیە بۆ پابەندبوون بە پڕۆژە گەورەکان. متمانەی وەبەرهێنەران بە کۆنترۆڵکردنی ئەم جۆرە هێرشانە دووبارەنەبوونەوەیان گرنگە.
بەبڕوای عەبدوڵا ئەلقازی، تەحەدای سێیەم پەیوەندی بە سروشتی شەراکەتی گشتی و تایبەتەوە هەیە لە کەرتی وزەی عێراقدا. لەبنەمادا، دەوڵەت هاوبەشە لە زۆرێک لە گرێبەستەکانی نەوت و گاز، زۆرجاریش پشکێکی دیاریکراوی هەیە یان ڕۆڵی چاودێری دەگێڕێت. بەڵام لە جێبەجێکردندا، کاتێک کە دەوڵەت دەبێتە هەم ڕێکخەر و هەم شەریکی گرێبەست، هەندێک جار دەبێتە نیمچە جێبەجێکەر، ئەوا ئەم ڕۆڵانە تێکەڵدەبن و سەرلێشاوی دروست دەکەن. هەر بۆیە ئەلقازی داوای جیاکردنەوەی ڕوونتری ڕۆڵەکانی کرد، چونکە دەوڵەت دەبێت جەخت لەسەر یاسادانان و ڕێنمایی دەرکردن و کۆکردنەوەی داهات بکات، کاری ڕۆژانە و تەمویل و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا بۆ وەبەرهێنەران بەجێبهێڵێت، تەنها ئەوکاتە شەراکەت بنیاتنەر دەبێت و نابێتە سەرچاوەی بەریەککەوتن و دواکەوتن.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئاستی گەرەنتی بەرامبەر هێرشەکانی داهاتوو، ئەلقازی دووپاتیکردەوە کە کۆمپانیا تایبەتەکان، پشت بە پابەندبوون و هاوکاری دەسەڵاتدارانی فیدراڵ و هەرێم دەبەستن، بۆیە ئەو سوپاسگوزاری خۆی بۆ پشتیوانیکردنیان دەربڕی، بەڵام داوای ئەوەشی کرد کە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێک کە بەڕاستی متمانە پێکراو و سەرنجڕاکێش بێت بۆ وەبەرهێنان .

دوورکەوتنەوە لە پشت بەستن بەیەک سەرچاوە: هەمەجۆری، حوکمڕانی و کێشەی ژینگە
دیبەیتەکە گەڕایەوە لای ملادینۆڤ بە پرسیارێک کە چۆن عێراق دەتوانێت ئابووری خۆی هەمەجۆر بکات؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە سەدا 90 داهاتی پشتبەستوە بە داهاتی نەوت. زۆری قەبارەی مووچە و پڕۆژە سیاسییەکان. ئەو گوتی بەبێ هەمەچەشنی داهات، عێراق وەک ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکان دەمێنێتەوە و پشت بە نەوت دەبەستێت، بە شێوەیەک کە ڕێگری لە چاکسازی پێکهاتەیی دەکات و ڕێگری لە گەشەسەندنی درێژخایەن دەکات. بە بۆچوونی ئەو، سامانی نەوت ڕێگەی بە دەوڵەت داوە مووچە دابەش بکات، بەڵام مۆدێلێکی ئابووری بەردەوامی بەرهەم نەهێناوە. بە بڕوای ئەو، هەمەچەشنی داهات ڕاستەوخۆ بەندە بە حوکمڕانییەوە. نەبوونی یاسای نەوت و گاز، کەڵەکەبوونی کێشە یاساییە چارەسەرنەکراوەکان و زەحمەتی جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەری، ژینگەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی ئاڵۆزی دروستکردوە کە متمانەی وەبەرهێنان و پلانی ستراتیژی لاواز دەکات. وە بۆ ئەنجامدانی هەمەچەشنی باوەڕپێکراو، پێویستە عێراق سەرەتا چوارچێوەی یاسایی خۆی نوێ بکاتەوە و ڕوونی بکاتەوە، دادگاکانی مۆدێرن بکات و دڵنیایی بدات لەوەی کە یاساکان متمانەپێکراون و جێبەجێ دەکرێن.
ملادینۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانی کەش و هەوا و تێکچوونی ژینگە چیتر بابەتێک نین پەراوێز بخرێن. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ ئاوارەبوون لە عێراقدا کەمتر بەهۆی تیرۆرەوە دروست دەبێت، زیاتر بەهۆی کەمی ئاوی خواردنەوە و بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی بژێوی ژیانەوەیە. دارستانەکان، خۆڵبارین و خراپبوونی کوالیتی ئاو، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی لاواز دەکەن. بە بۆچوونی ئەو، هەر پلانێکی جددی بۆ هەمەچەشنکردنی داهات دەبێت وزەی نوێبووەوە، پاکی کەش و هەوا و پاراستنی ژینگە لەخۆ بگرێت وەک پێکهاتەی سەرەکی نەک بە بابەتی لاوەکی تەماشا بکرێت.

گاز وەک کۆڵەکەی گواستنەوە: سوودوەرگرتن لە سەرچاوەیەکی فەرامۆشکراو
عەبدوڵا ئەلقازی گفتوگۆکەی فراوانتر کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی دواکەوتووی کەرتی گاز. ئەو ڕوونی کردەوە کە لە رووی کاتەوە پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکان دوو بۆ سێ ئەوەندە و لە ڕووی تێچووەوە و دوو بۆ چوار ئەوەندەی کێڵگە نەوتییەکانی تێدەچێت. بۆ نموونە، پڕۆژەیەکی نەوتی کە پێویستی بە دوو ساڵ و خەرجییەکی دیاریکراوی تێبچێت، بەرامبەر ئەوە بۆ پڕۆژەیەکی گاز لەوانەیە چوار بۆ شەش ساڵ و چەند ئەوەندەی ئەو تێچوونەی پێویست بێت. سەرەڕای توانای گازی عێراق کە 150 بۆ 300 تریلیۆن پێ سێجا گازی دەردەهێنرێت، ئێستا تەنها یەک کۆمپانیای گەورە وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی گاز دەکات. ئەلقازی دەڵێت ئەم ناهاوسەنگییە ڕەنگدانەوەی ئەو مۆدێلە ئابووریەیە کە پەیڕەو دەکرێت. هەر بۆیە جێبەجێکردنی شێوازی کارکردنی و گرێبەستی نەوتی لەسەر گاز لە ڕووی بازرگانییەوە گونجاو نیە. ئەگەر مەرجەکانی نەگۆڕدرێن بەشێوازێک کە تێچووی بەرزتر، کاتێکی درێژتر و بەهای ستراتیجی گاز لەخۆنەگرێت، ئەوە وەبەرهێنەران پرۆژەکانی نەوت هەڵدەبژێرن کە هەرزانتر، خێراتر و قازانجیان زیاترە. بە بڕوای ئەلقازی، پێداچوونەوە بە مەرجە بازرگانییەکانی گرێبەستەکانی گاز مانای کەمکردنەوەی پشکی دەوڵەت لە قازانجەکان نیە، بەڵکو ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکاریانە پەیوەستە بە دیزاینکردنی مۆدێلێک کە وەبەرهێنان ڕابکێشێت و سەرچاوەیەک بکاتەوە کە گرنگە بۆ داهاتووی عێراق لە کەرتی وزەدا.
هەروەها ئەلقازی ئاماژەی بەوەدا کە عێراق سەرەڕای پێشکەوتنەکانی ئەم دواییانە لە گرتن و چارەسەرکردنی گازی هاوەڵدا، بڕێکی زۆر گازی هاوەڵ هێشتا دەسووتێنێت. لەگەڵ ئەگەری زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق لە دە ساڵی داهاتوودا، بەرهەمی گازی پەیوەندیدار گەشە دەکات و دەرفەت و تێچووی ژینگەیی چەند ئەوەندە زیاد دەکات.بۆیە بۆ گۆڕینی عێراق لە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت بۆ وڵاتێک کە هەم نەوت و هەم گاز بەرهەم بهێنێت، پێویستی بە هاندانی کۆمپانیاکان هەیە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازەکان لە سەرانسەری عێراقدا. بۆ نموونە لە پارێزگاکانی وەک دیالە و ئەنبار و ناوچە دەوڵەمەندەکان بە گاز لە هەرێمی کوردستان.

فێربوون لەنموونەی ئیمارات: هەمەجۆری، بەستنەوە و باشترین کردارەکان
لە بەشی کۆتایی دیبەیتەکەدا، بەرێوەبەری پانێلەکە پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا عێراق دەتوانێت چ دەرسێک لە هەمەچەشنی سەرکەوتووی ئیمارات وەربگرێت؟ لەوەڵامدا ملادینۆڤ ئاماژەی بە سێ بابەتی گرنگ کرد. یەکەم، کەمکردنەوەی پشت بەستن بە هایدرۆکاربۆن بۆ نزیکەی 30 لە سەدی GDP کە لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەوڵی بەردەوام و ڕێکخراو بۆ بنیاتنانی کەرتی نانەوتی بەدەست هاتووە. دووەم، پەرەپێدانی توانای پیشەسازی نوێ، کە ڕێگە بە ئابووری دەدات بەهای زیاتر لە هەناردەکردنی سەرچاوە خاوەکان بەرهەم بهێنێت. سێیەم، بەهێزکردنی پەیوەندی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی گواستنەوە و تۆڕێکی چڕی بازرگانی ئازاد و ڕێککەوتنی هاوبەشی کە ئاسیا، ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە.
بەبڕوای ملادینۆڤ، عێراق دەتوانێت ئەم هۆکارانە بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکات. هەڵبەتە عێراق لە شوێنێکی نمونەیی دایە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی بەستنەوەی کەنداو و شام و ئاناتۆڵ و ئەوروپا. بەڵام ئەم توانایە بەهۆی لاوازی حوکمڕانی و نیگەرانی ئەمنییەوە بەکار نەهاتووە، لە کاتێکدا عێراق ناتوانێت بە ئاسانی مۆدێلی حوکمڕانی کەنداو دووبارە بکاتەوە، بەڵام دەتوانێت سوود لە باشترین تاقیکردنەوەکانی ئیمارات و ئەوروپا و تورکیا وەربگرێت، لە بوارەکانی پلاندانانی ژێرخانی ئابووری، سیاسەتی بازرگانی و سەقامگیریی یاسایی. ملادینۆڤ هۆشداری دا لەوەی کە پەنجەرەی چاکسازی سنووردارە و گوتی جیهان بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕوات و کەس ناوەستێت و چاوەڕێی عێراق بکات.
ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان گواستنەوەی وزە و تەندروستی گشتی و سەقامگیری ئابووری
پانێلەکە بە پرسیارێک لە ئەلقازی کۆتایی هات، سەبارەت بەوەی چۆن عێراق دەتوانێت هاوسەنگی نێوان پشت بەستن بە داهاتی نەوت و پاراستنی تەندروستی گشتی و ژینگە بکات، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی سوتانی گاز. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی نەوت لە زیادکردنی پشکی گازی چارەسەرکراو و کەمکردنەوەی سووتاندن، هەنگاوی باشی ناوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ گۆڕانی شێوازی بەرهەمهێنانی جیهانی، زۆرێک لە وڵاتان وردە وردە بەرهەمهێنان کەم دەکەنەوە و ئۆپێک زیاتر پشت بە بەرهەمهێنەرانی سەرەکی وەک عێراق دەبەستێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ماوەیەکی مامناوەنددا زیاتر دەبێت. بۆیە دەبێت عێراق گازی زیاتر بگیرێت و چارەسەر بکات و بەکاری بهێنێت نەک بسووتنێت. بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی یەدەگی گازی سەلمێندراو و شاراوەی عێراق. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە عێراق هەموو پێکهاتەکانی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی گازی سەرەکی لە ناوچەکەدا و بەشێوازێک شانبەشانێ یاخود بەتواناتر بێت لە وڵاتانی دەوروبەری کە بەرهەمهێنانی گازیان زۆرترە بەڵام قەبارەی یەدەگی گازیان کەمترە.
بۆ ئەلقازی، ڕێگای بەدیهێنانی گۆڕانکاری بەرەو وزەی گاز، لە ئەنجامدانی گەشەپێدانی جدیە لە کەرتی گاز و بە هاندانی ژیرانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنە سادەکان و دابەشکردنی ڕۆڵەکانی نێوان دەوڵەت و وەبەرهێنەرانە. بە بڕوای ئەو، گاز پردێکی گرنگە لە نێوان سیستەمێکی پشت بەستوو بە نەوت و داهاتوویەک کە تێیدا وزە نوێکراوەکان و وزەی خۆر و سەرچاوەکانی تری کەم کاربۆنی ڕۆڵی گەورەتر دەگێڕن. دەوڵەت دەبێت بەشێوەیەکی سەرەکی وەک یاسادانەر و کۆکەرەوەی داهات کار بکات، کەرتی تایبەتیش دەبێت سەرکردایەتی دارایی و جێبەجێکردن و تەکنەلۆژیا بکات، بەمەش چوارچێوەەک دروست دەبێت کە تێیدا “هەمووان دەیبەنەوە: بەکاربەر، دەوڵەت و وەبەرهێنەر.”
دەرئەنجام: لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ بەیەکبەستنەوە
ئەم پانێڵە تێکەڵەیەکی دەگمەنی لە تێڕوانینی دیپلۆماسی و شارەزایی تەکنیکی و بیرکردنەوەیەکی ڕاشکاوانە لەسەر دەرفەت و بەربەستەکانی عێراق پێشکەش کرد. قسەکەران پێکەوە ڕێگایەکیان خستەڕوو تێێدا عێراق بەرەو ئابوورییەکی یەکگرتووتر و هەمەجۆر و بەردەوامتر دەڕوات. نابێتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ ڕکابەرییە ناوچەییەکان، بەڵکو وەک رێکخەر و کۆکەرەوە و ئەکتەرێکی بنیاتنەری ناوچەیی دەبێت. بەدیهێنانی ئەم دیدگایە بەندە بە توانای عێراق بۆ سەقامگیرکردنی چوارچێوەی حوکمڕانی و ڕوونکردنەوەی یاساکان و پاراستنی ژینگەی وەبەرهێنان و گرتنەبەری ڕێبازێکی ستراتیژی بۆ سوودوەرگرتن لە گاز و وزە نوێکراوەکان. ئەگەر سەرکەوتوو بێت، عێراق دەتوانێت ڕۆڵی مێژوویی خۆی وەک پێشەنگێکی وزە وەرگێڕێت بۆ ڕۆڵێکی نوێ و ببێتە ناوەندێکی ناوچەیی بۆ بەستنەوە و هاوکاری و گەشەی بەردەوام.
دیداری مێری 2025
دەرفەتی وزە و دیپلۆماسی ئابووری لە عێراق: داڕشتنی ئایندەی ناوچەكە لە نێو گۆڕانکاری جیهانیدا

