وردەکاری زیاتر لەو ڕاپۆرتەدیە بەزمانی ئینگلیزی
پاش ئەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ چەند ناوچەیەکی لە عێراق داگيرکرد ، زياتر لە ٣ ملیۆن کەس ئاوارەبوون و زێدی خۆیان بەجێهێشت و کەوتنە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ناوچەی ئارام. لەنێویاندا، نزیکەی ١،٣ مليۆن کەس پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لەوێ نيشتەجێبوون. هاوتەريب لەگەل هاتنی شەپۆلی نوێی ئاوارەکان، عێراقیەکان ڕێچکەی كۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵدەبژارد. لەساڵی ٢٠١٥ دا، عێراقیەکان لە نێو ئەو سێ گەلانەبوون، لەپاش سوریەکان و ئەفغانیەکان، کە زۆرترین کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردوە لەڕیگەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە (UNHCR 2016b, 34). هەرچەندە، لە٢٠١٧وە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام باری ئەمنی و سياسی و ئابووری ناوچە ئازادکراوەکان هێشتا بە ناجێگیر و پێشبینی لێنەکراو ماونەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە بابەتێکی توێژینەوەیە بە ناونيشانی ” لە ئاوارەییەوە بەرەو پەناهەندەیی” به واتای کۆچکردن لە ناوچەیەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان پاشان بۆ وڵاتی سێهەم، کە لە نێوان مانگی ئایار و تشرينی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامدرا. ئەم ڕاپۆرتە جگەی لەوەی کە کۆمەڵێک پيشنیازی پۆلەسی لەخۆدەگرێت، هاوكات هەوڵدەدات وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: ئەو فاکتەرانە چین کە وادەکەن ئاوارەکانی عێراق بيانەوێ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، یان کۆچ بکەن وهیان بگەڕێنەوە نێو ماڵ و حاڵی خۆیان؟ هەروها چ جۆرە پەیوەندیەک هەیە لە نێوان ئاوارەبوون و کۆچکردن و گەڕانەوە لە عێراقدا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسيارانە، لەم توێژینەوەیەدا هەردوو میتۆدی جۆری و چەندی بەکارهێنراون بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان، ئەمەش ئەمانە دەگرێتەوە: کۆکردنەوە و شيکردنەوەی پێنجسهد (٥٠٠) ڕاپرسی کە لە نێو ئهو ئاوارانهی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی لە نێوان مانگی ئایار و حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ جێگير بووبوون؛ ئەنجامدانی سی (٣٠) ديمانە لەگەڵ ئاوارەکان لە نێوان مانگی حوزەیران و تەمموزی هەمان ساڵ، وە هەروەها تاوتوێکردنی ئەنجامە بەرایەکانی ئەم توێژینەوەیە لە وورکشۆپێکدا کە لە بەرواری ٢٣ی تەمموزی هەمان ساڵدا لە هەولێر بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارە لۆکاڵی و نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە حکومی و ناحکومیەکان ئەنجامدرا.
داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی کە زیاد لە نيوەی بەشداربوان،(٥٥%)، ئارەزوومەندبوون وهيان پلانیان بۆ کۆچکردن هەیە، بەڵام تەنيا ٢٣% ی بەشداربوان لە ڕاستیدا پلانی کۆچکردنیان داڕێژتبوو بۆ ئەم مەبەستە. کۆچکردن جێگای سەرەنجی ئەوانەن کە تەمەنیان لە نێوان ٢٦-٣٥ ساڵيدابوون به تايبهتی لە نێوان ئەوانەی کە ئاستی خوێندهواریان نزمە. زياد لەوەش، ئێزیدیەکان و کرستیانەکان زياتر دەردەکەون لە نێوان ئەوانەی کە ئارەزوومەندن یاخود پلانيان بۆ بەجێهشتنی عێراق هەیە. هەروەها، گرنگترین خاڵە ڕاکێشەرەکان بريتی بوون له ههبوونی ئهندامانی خێزان و خزم و برادەر له دهرهوه و متمانەی وهدهستهێنانی باری پەنابەرایەتی. جگە لەمەش ڕوانگەی ئاوارەکان بۆ نەبوونی ئەمنیەت و دەرفەتی کار له عيراقدا وادەردەکەوێت کە پاڵنهر و هۆكاری سەرەکی بن بۆ دروستبوونی ویست و دروستکردنی پلان بۆ کۆجکردن.
داتاکان ئەوەش نيشان دەدەن کە ڕوانگەی ئاوارەکان بەرامبەر بە داهاتوی عێراق لە ڕووی سياسی و ئابووری و ئەمنیەوە (لەمەودای پێنج ساڵی داهاتوو) دیارترین فاكتهری كاريگهره لە سەر برياری خەڵلک بۆ کۆچکردن: لەم دیدە نەرێنیەدا بۆ داهاتوی عێراق، ئەو ئاوارانەی کە ئارەزوومەندن یان پلانیان بۆ کۆچکردن داڕشتوە زیاترین بۆچوونی نەرێنیان هەیە بە بەراورد بەوانەی کە دەیانەوێت بگەرێنەوە بۆ شوێنەکانیان یاخود ئەوانەی کە دەیانەوێت لە ئاوارەییدا بمێننەوە. بەپێچەوانەوە، ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات کە باری سياسی کۆمەڵایەتی (پەیوەندی نێوان ئاوارەو کۆمەڵگای خانەخۆی) و باری ئابووری کۆمەڵایەتی (ئاستی داهات و باری وەزیفی)کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر نیەتی ئاوارەکان نیە، بەڵام ئهو فاكتهرانه بەشدارن لەمەڕ ئەو بارە گوماناویەی کە لە نێوان ئاوارەکاندا بڵاون. بەگشتی، نادڵنیايی سياسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری گاریگەری لەسەر ئاوارەبوون و کۆچکردن و گەڕانەوە لە عێراقدا دروستدەکات. جگە لەوە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە ( یاخود نەیانویستوە) چارەسەری ئەم نادڵنیایيە بکەن، بەڵکو رهنگه بەشداربوونە لە دروستبونی، ئەمەش بە باشترین شێوە ڕەنگی لە نەبوونی پلانێکی گشتگیر بۆ ئیدارەدانی ئاوارەیی و گەڕانەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراقداداوەتەوە.
دەرئەنجام، ئەم توێژینەوەیە پێشنیازی داڕشتنی پۆلەسی تۆکمە دەکات لە ئاستی نێودەوڵەتی و عێراق و لۆکالێش بە جۆرێک کە:
أ) ڕەچاوی ئاوارەیی لە عێراق بکرێت وەک حاڵەتێکی درێژخایەن نەک قەیرانێکی کتوپر.
ب) ئاگاداربوون لەوەی کە دۆخی ئاوارەیی درێژخایەن و چارەسەرنەکراو ناسەقامگيری لە تێكڕای ناوچەکە دروستدەکات.
ج) مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارەیی وەکو دیاردەیەکی فرەڕەهەند.
ئەم ئەنجامانە جەخت لەگاریگەریە نالەبار و زيانبەخشەکانی ئاوارەیی و زەرورەتی چارەسەرکردنیان دەکاتەوە. بۆیە، ئەم ڕاپۆرتە پێشنیازی ئەم خاڵانە دەکات کە لە ڕێیانەوە دەکرێت کارەکتەر نێودەوڵەتی و هەرێمی و عێراقی و لۆکاڵیەکان هەوڵی چارەسەری یان کەمکردنەوە زیانەکانی ئەم پرۆسەیە بکەن:
١) داڕشتن و جێبەجێکردنی پۆڵەسيەک لەسەر ئاستی عێراقدا بەچەشنێک کە بتوانێت چارەسەری دەرئەنجامە هەمەجۆرەکانی ئاوارەیی بکات.
٢) گرتنەبەری چەند هەنگاوێک بۆ ئاسانکاریکردن بە مەبەستی کەمکردنەوەی نادڵنیايی لەنێوان خەڵکدا.
٣) دانانی بابەتی ئاوارەیی لە سهرووی پلانی عێراق بۆ بونیاتنانەوەی کۆمەڵایەتی و ماددی.
داتاکانی ئەم توێژینەوەیە وەسفی دۆخێک دەکات کە لهو ماوهی دواييدا گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، بهتايبهتی لە دوای ڕووداوەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ٢٠١٧. بەڵام، دەرئەنجامەکان و پێشنیازەکانی ئەم توێژینەوەیە ههميشه لەگەڵ دۆخی ئیستای ئاوارەکان دەگونجێن و زەرورەتی داڕشتنی پۆلەسی ونەخشەڕیگا دووپات دەکەنەوە.
ئەم پرۆژەیە لەلایەن ڕێکخراوی هۆڵەندی بۆ توێژینەوەی زانستی (NWO) لە ژێر پرۆگرامی (ئەمنیەت و سەروەريی یاسا لە ناوچە لاواز و ناسەقامگیرەکان) تەمویل کراوە. توێژەرانی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە ( مێری) بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخروای قەندیل و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حكومهتی ههرێم ئەم توێژینەوەیان ئەنجام داوە.
وردەکاری زیاتر لەو ڕاپۆرتەدایە بەزمانی ئینگلیزی