Back

پەروەردە و بەكارخستن بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی بۆ جیپسیەكان لە عێراق

پوختەی راپۆرت

جیپسیەكان (كە ناسراون بە دۆم، قەرەج، هۆستا، دۆمەری یان رۆمانی) بۆ چەندین سەدە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەژین و بەهۆیانەوە وڵاتەکە فرەچەشنی فەرهەنگی تێدا زیاتر بووە. بەڵام ئەم پێکهاتەیە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی ناوازەی داگیرکردووە کە بە لەکەداری لە ئاستە جیاوازەکاندا، لەناو دامەزراوەکانی حکومەتیشدا، ماوەتەوە. لە موسڵ لە ساڵی 2003 وە، لە هەرێمی کوردستانیش لە 2008 بەولاوە، دوودڵییەکی ئاشکرا لە لایەن هەردوو حکومەت و رێکخراوە ناحکومییەکانەوە هەبووە بۆ داننان و بەرجەستەكردنی پێداویستییە مرۆییەكانی جیپسیەكان و پاراستن و گەشەپێدانیان. ئەمەش وایکردووە لە کاتی ململانێ، ئاوارەبوون یان شلەقانی دەوڵەتدا، جیپسیەکان زیاتریش لاواز ببن. ئەوەی بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەو لەکەداریەیە کە بەم کۆمەڵگەیە نووساوە و بووەتە هۆكارێك بۆ پەراوێزخستنیان و دوورخستنەوەیان لە خزمەتگوزارییە گشتیەکان، یا دابینکردنی پشتیوانی یان دەستپێشخەرییەکانی بنیاتنانی ئاشتی بۆیان. گومانی تێدا نییە کە رەگەزپەرستی و هەڵاواردن بەرامبەر جیپسیەکان وایکردووە حکومەتەكانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم بن لە دابینكردنی پێداویستییەکانی پێکهاتەی جیپسیەکان لەو وڵاتە، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی دوای ململانێکان.

ئەم راپۆرتە پۆڵەسیە لە ئەزموونەکانی ململانێ و ئاوارەبوون و ئەولەویەتەکانی دوای ململانێ دەکۆڵێتەوە، و بە کورتی شیکاریان بۆ دەکات، بەو پێیەی كە خودی پێکهاتەی جیپسیەکان لە پارێزگاکانی دهۆک و موسڵ دەیگێڕنەوە. لە راپۆرتەکەدا دەردەکەوێت کە لەنێو ئەم ئەولەویەتانەدا، دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت، چاودێری تەندروستی باش، و پەروەردەیەکی کواڵیتی بۆ منداڵەکانیان پێویستە.  ئەمانە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤن کە منداڵانی جیپسیەکان لە هیچ شوێنێکدا لە ئێستادا ناتوانن تا رادەیەکی گونجاو بە دەستی بهێنن. ئەم راپۆرتە داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە وەڵامی پێداویستییەکانی جیپسیەکان بدەنەوە، بۆ ئاسانکاری، بۆ هاوکاری و پاراستنێکی درێژخایەن کە پێکهاتەی جیپسی لە سووڕی نائومێدی هەژاری دەربهێنن، و بە یەکسانی و بە تەواوی لەگەڵ کۆمەڵگادا ئاوێتەیان بکەن.

(1) راسپاردە سەرەکییەکان بۆ هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان:

أ) شوناس و مافی مرۆڤ

  • راوێژکردن لەگەڵ پێکهاتەی جیپسی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستی و ئەولەویەت و دیدگاکانیان سەبارەت بە گەشەپێدان و دیاری کردنی مافەکانیان و تەبایی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و هاوڵاتیبوون.
  • داڕشتن و جێبەجێکردنی هەڵمەتەکانی دژە جیاکاری و زیادکردنی هۆشیاری گشتی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی لایەنە نەرێنییەکان سەبارەت بە جیپسیەکان.
  • ئەولەویەت بدرێت بە دابەشکردنی ناسنامەی جیپسیەکان کە باسی رەچەڵەکی نەتەوەیی خاوەنەکەی نەکات.
  • دابینکردنی ژێرخانی (وەک شەقامی قیرتاوکراو) و خزمەتگوزاری گشتی بۆ ماڵەکانی جیپسیەکان (بە گەڕەگی ڕزگاری دهۆكەوە).

ب) پەروەردە

  • دەستنیشانکردنی لایەنی هاوبەشی گونجاو کە ئەزموونی هەبێت لە بواری پەروەردە و ئاوێتەكردنی پێكهاتە کەمینەکان لەگەڵ کۆمەڵگاکانی تر بۆ داڕشتن و پێشکەشکردنی راهێنانی پێویست بۆ مامۆستایان لەسەر پێشکەشکردنی پەروەردەی هەمەلایەنە و جیاکاری نەکردن لە نێوان فێرخوازان.
  • ئاسانکاریكردن بۆ گەیشتنی منداڵان بە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان لەڕێگەی لابردنی بەربەستەکان و دابینکردنی هۆکاری گواستنەوەی بە خۆڕایی لەلایەن حکومەتەوە بۆ منداڵان کە قوتابخانەکانیان لە یەک کیلۆمەتر زیاتر لە ماڵەوەیان دوورە.
  • پێداچوونەوە و دەستکاریکردنی پڕۆگرامی خوێندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاتی فێربوونی کەمینەکان فێرخواز فێربێت کە جیپسیەکان خەڵکی ڕەسەنن و لە زۆر ڕووەوە بەشدارییان لە کۆمەڵگادا کردووە.
  • پێویستە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە گەڕەكی ڕزگاری سەر بە پارێزگای دهۆك دابمەزرێندرێ کە توانای دابینکردنی خوێندنی کواڵیتی بۆ هەموو منداڵانی تەمەنی سەرەتایی لە گوندەکەدا هەبێت.

ج)  دامەزراندن

  • هاوشانی دامودەزگا تایبەت و حکومییەکان، پێویستە لەو رێگایانە بکۆڵرێتەوە کەدەتوانرێت هەلی کار بۆ گەنجان و ژنان وخێزانی جیپسیەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان باشتر بکرێن. لە رێگای دامەزراندنەوە دەتوانن راهێنانی پیشەیی پشتگیریکراو بەرجەستە بكرێ.

(2) راسپاردە بۆ  رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بنیاتنانی ئاشتی

  • پەیوەندیكردنی چالاکانە لەگەڵ سەرکردەکانی پێکهاتەی جیپسی و هەر رێکخراوێک کە پێشتر لەگەڵ ئەو پێکهاتەیە کاری کردووە، یان کاردەکات بۆ دیاریکردنی ئەولەویەتە هاوبەشەکان.
  • ئەولەویەتدان بە بەشداری پێكردنیان لەو بۆنە و چالاکییانەی پەیوەستن بە دیالۆگ، ئەویش بە بانگهێشتکردنی سەرکردەکانی پێکهاتەی جیپسی.
  • برەودان بە ناساندنی جیپسیەکان وەک هاوڵاتی رەسەنی عێراق و هەرێمی کوردستان، و بەشداری پێکردنیان لە هەر دەستپێشخەرییەک یان هەڵمەتێکی تەبایی کۆمەڵایەتیدا.
  • گرنگیدان بە کەمکردنەوەی هەڵاواردن لە دژی جیپسیەکان، نەک پشتگیری لەو سیاسەت و دەستپێشخەرییانە بکەن کە بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی جیپسیەکان بۆ تەبایی، بەبێ ئەوەی چارەسەری ئەو بەربەستە زۆرانە بکەن کە رووبەڕوویان دەبنەوە.

کلیک بکە بۆ دابەزاندنی تەواوی راپۆرتەکە بە شێوەی PDF بە زمانی ئینگلیزی.

Comments are closed.