Back

ڕەشنووسی مێری بۆ هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی له‌ په‌رله‌مانه‌

لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری ١٩ نیسانی ٢٠١٥، لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا کە ڕەشنووسی هەمواری یاسای بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات.

لیژنەکە بانگهێشتی سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و پسپۆڕانی یاسایی بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی هەموارکراوی یاساکە کە مێری بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندییدارەکان گەڵاڵەی کردووە دوای ٦ مانگ لە ڕاوێژکردن. بەم چەشنە، ڕەشنووسی هەموارکراو بۆچوون و پێشنیاز و هەوڵەکانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە خۆدەگرێت.

دوای تاوتوێکردنی ورد و ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوون، کۆدەنگی لەسەر بڕگە هەستیارەکان بەدەستهێنراو و کۆبوونەوەکە بڕیاریدا دوای دەستکاریکردنی هەندێک بڕگەی هەستیار، ڕەشنووسی هەموارکراوی یاساکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.

IMG_8681شایانی باسە، هەر لە هەمان ڕۆژ و دوای بەشداربوونی لە کۆبوونەوەکە، سەرۆکی مێری پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر یوسف محەمەد کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا، پرۆژە و چالاکییەکانی مێری و گرنگی توێژینەوە لە پاڵپشتی کردنی پرۆسەی ريفۆرم و بنیاتنانی نيشتيمان و بە دامەزراوەییکردن له‌ هه‌رێمدا باسی لێوەکرا.هەردوولا پشتگیری جه‌ختيان له‌ بۆ هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان كرده‌وه‌، به‌ تايبه‌تی له‌ بواری داڕێژتنی ياسا و چاودێری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.

Comments are closed.