Back

دەستنیشانکردنی نموونەیەکی شیاو بۆ چاکسازی ئابووری

بە دابەزینی نرخی نەوت لەساڵی ڕابردوو, لاوازی ئابووری کوردستان زۆر بە زه‌قی به‌ده‌ركه‌وت. ئێستا، دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک، ڕوون و ئاشکرایە کە پشت بەستنی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردنی یەک کەرەستە (نەوت) وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات لە ڕووی ئابووری و داراییەوە بەرگە ناگرێت و بەردەوامی نابێت. بە دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو، وە نەبوونی هیچ هۆکار و ئاماژەیەکی ئەوتۆ بۆ بەرزبوونەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار دەکات کە بیر لە ستراتيژ و پۆڵەسی (سياساتی) هەمەلایەنە بکاتەوە بۆ فرەییکردنی ئابووریەکەی و دروستکردنی هەلی کار و گه‌شه‌پێدانی کەرتی تایبەتەوە.

ئەم دۆخە دژوارە تەنیا ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبۆتەوە، زۆرێک لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت ئێستا خۆیان لەهەمان بارودۆخی دژواردا دەبیننەوە. بەهەمان شێوە، مێژوو پڕە لە نموونەی چەندین حکومەت کە هەوڵ بۆ گۆرينی بنه‌ما ئابووریەکەیان ده‌ده‌ن لە پشت بەستنه‌وه‌ بە نه‌وت وه‌ك تاکە سەرچاوەی داهات بۆ داهێنان و جێبەجێکردنی ستراتیژی گەورە بۆ فرەییکردنی سەرچاوەکانی داهات. بێگومان، هەندێکیان سەرکەوتووتر بوون لەوانی تر بەڵام سەرجەم هەوڵەکان، سەرکەوتوو یان شکستخواردوو، وانەیەکی گرنگن بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت پەیڕەوی ئامانجێکی هاوبەش بکەن.

بۆ نموونە، چیلی، ئەو وڵاتەی کە خاوەنی نزیکەی ٣٨% ی یەدەگی مس (نحاس)ە لە جیهان، سەرکەوتوو بوو لە ئاراستەکردنی ئابووریەکەی لە پشت بەستن بەو كانزايه‌ وه‌ تاكه‌ سەرچاوەی داهات بۆ زیادکردنی بژاردەی تری وەک تەختەی دار بۆ بیناکاری و میوە و سالمۆن بۆ لیستی هەناردەکراوەکانی و کەمکردنەوەی قەیرانی ئابووری وڵاتەکەی لە ئەگەری هەڵبەز و دابەزی نرخ لە بازاڕەکانی جیهان. بەهەمان شێوە، وڵاتەکە گەشەسەندنی بەرچاوی لە پەیڕەوکردنی پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی بەخۆیەوە دیت، بەتایبەتی لە پیشەسازی ئەلیکترۆنیک. لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٠، ئەم کەرتی پیشەسازیە شانبەشانی نزیکەی ٣٠% داهاتی مالیزیا بوو. بەهەمان شێوە، ئەندەنووسیا، مێژوویەکی دووری هەیە لە هەڵمەتی بە پیشەسازیکردن و کەمکردنەوەی پشت بەستنی بە تاکە کەرەستەی سەرەکی بۆ داهات وەک کانزا و کشتوکاڵ.

لەوکاتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەربگرێت، پێویستە مۆدێڵێکی تایبەت بەخۆی بۆ بووژاندنەوەی ئابووری دروستبکات بەگوێرەی سەرچاوە سروشتیەکان، توانای ئابووری خۆی و جوگرافیای سیاسی لە ناوچەکە. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانی کەیسەکانی ئێستای بکات و هەوڵی بەدەستهێنانی یارمەتی تەکنیکی بدات لە لایەن شارەزایانی پێشکەوتوو و خاوەن ئەزموون لە جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی ئابووری هاوشێوە. پێویستە ئەمە قوڵتر و وردتر بێتەوە لە تەنیا دەستنیشانکردنی ئه‌و ديارده‌يه‌ی كه‌ ناسراوه‌ به‌”نەخۆشی هۆڵەندی” كه‌ دەرئەنجامەکانی بريتين له‌ لەدەستدانی توانای پێشبڕکێ لە کەرتی کشتوكاڵ و پیشەسازی. پێویست بەوە ناکات کە هیچ کەسێک باسی کاریگەریەکانی پشتبەستن بە نەوت لەسەر ئابووری بۆ کوردستان بکات یاخود ئاستی ئەو زەرەر و زیانانەی کە بەهۆی چەندین شۆکی دەرەکی توشی بووە. بەڵام، تێگەیشتن لە کێشەکە شتێکە و لەخۆگرتنی هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی شتێکی ترە.

حکومەتی هەرێم چەندین بژاردەی پۆلەسی جياوازی لەبەردەستە بۆ فرەییکردن لە کەرتی تایبەت، وەک لێبووردنی باج، كه‌مكردنه‌وه‌ی پاڵپشتیەکان (ده‌عم – subsidies)، کەمکردنەوەی بەربەستەکانی لەبەردەم وەبەرهێنان، برەودان بە شەراکەت لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، و زیادکردنی پاڵپشتی بۆ پرۆژەی بچووک و مامناوەندی. هەندێک لەم بژاردانە، پێویستی بە تەرخانکردنی تەمویلە کە لەوانەیە لە ئێستادا حکومەت لەبەردەستی نەبێت. بەڵام، هەندێکی تریان لە ڕووی داراییەوە زۆرتر ڕێگەیان تێدەچێت بۆ نموونە پەرەپێدانی شەراکەتی لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت، دانانی گومرگ لەسەر کەرەستەی هاوردەکرا و ڕەخساندنی ژینگە و دۆخی باشتر بۆ وەبەرهێنان بەزیادکردنی شەفافیەت و باشکردنی چاودێری لە لایەن دامەزراوەکانەوە.

هيچ گومانێك له‌وه‌دا نه‌ماوه‌ كه‌ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان پێویستی به‌ پلانێکی بەردەوام و هەمەلایەن هه‌يه‌. لەهەمان کاتدا، ئەوەی لە هەندێک وڵات کاریگەری هەبووە لەوانەیە لە کوردستان کاریگەری ئەوتۆی نەبێت و پێویستە پۆلەسی هەمەلایەنەی سەرکەوتوو پشت بە واقیع و ڕاستیەکان ببەستێت. سەرەڕای ئەوانەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیڕەوکردنی شێوازێکی دەرەکی لە پرۆسەی چاکسازی ئابووری سوودمەند دەبێت. ئەم وڵاتانەی کە باسیان لێوەکرا، دەبنە ئه‌زموون و نموونەیەکی شیاو هاوتا لەگەڵ ڕێچکەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەییکردنی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت.

Comments are closed.