Back

بەریتانیا بەشداردەبێت لە پرۆسەی سەقامگیرکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی قۆناخی دوای داعش

“ئێمە بەپەرۆشین بۆ ئەوەی بزانین کە بەریتانیا چۆن دەتوانێت بەشداربێت لە پلانەکانی چاکسازی ئابووری لە هەرێمی کوردستان” تۆبیاس ئێلود، وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ئینستیتیوتی مێری) و ژمارەیەک شارەزای هەرێمی کوردستان، لە رۆژی چوارشەمەممە ١٦ کانوونی یەکەم، ٢٠١٥ ڕایگەیاند.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکان تەرکیزیان خستەسەر پێویستی بەپەلەی چاکسازی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە وڵات لە قۆناخی دوای داعش. بەگوێرەی بۆچوونەکانی ئەم وەزیرەی بەریتانیا، چاکسازی ئابووری زۆر پێویستە، وە خوازیار بوو کە بزانێت وڵاتەکەی چۆن دەتوانێت هاریکار بێت لەم پرسەدا. بەهەمان شێوە، خوازیار بوو لە تێگەیشتنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئامادەکاریەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دوابەدوای ئازادکردنی. بەهەمان شێوە، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و وتی “دەکرێت شنگال ببێتە نموونەیەک بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لەدوای جەنگ” لە ڕووی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی، سەروەری یاسا و وەبەرهێنان لە دوای جەنگ، بەهەبوونی یارمەتی پێویست.

پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین تیشکی خستەسەر گرنگی هەبوونی ڕووانگە و ستراتیژیەکی هاوبەش بۆ قۆناخی دوای داعش و ڕۆڵی بەریتانیا لە نزیککردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان. بەهەمان شێوە، بانگهێشتی تۆبیاس ئێلود کرد بۆ بەشداریکردن لە دیداری ئابووری مێری کە بڕیارە لە کۆتایی نیسانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت. کە تەواوی دیدارەکە تەرکیز دەخاتەسەر چاکسازی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەنگوس مەککی، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر؛ هۆشەنگ محمد، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان؛ دەخیل، پەرلەمانتاری پێشووی یەزیدی، و پاتریک ئۆسگود لە عێراق ئۆیل ڕیپۆرت بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

Comments are closed.