Back

ئینستیتیوتی مێری داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی کەمینەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان

لە کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان تیمی ئینستیتیوتی مێری بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئینستیتیوت و لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە داڕشتنی دەستووری داهاتووی هەرێمی کوردستان، مافە دەستوورییەکانی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان تاوتوێکران. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی جێگیرکردنی ئەو بنەما و پراکتیزانە کرد کە پەێویستن بە پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکان بەبێ گوێدان بە قەبارەکانیان، لە دەستوورێ داهاتووی هەرێمدا. بێ گومان چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی کەمینەکان دەبێتە هۆی پتەوکردنی پاراستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی.

تیمی ئینستیتیوتی مێری دەرهاويشتەکان و پێشنیازەکانی توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی خۆی کە لە کەرکووک ئەنجامی داوە دەربارەی داهاتووی پارێزگاگە گەڵاڵەکرد. بە ڕای ميری زۆر گرنگە کە نیگەرانی و ترسی گشت پێکهاتەکان بڕەوێندرێتەوە لە ڕێگەی ڕێکاری دروستکردنی متمانە وەکو ناساندنی مافە یاسایی و دەستوورییەکان لە کاتێکدا کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشی زۆری ناوچە جێناکۆکەکان ئامادەییان هەیە .

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەی ئینستیتیوتی مێری، نەبوونی متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە ڕێگرە لەبەردەم گەيشتن بە چارەسەر. لەوانەیە جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکان ڕێکارێکی کاریگەر و مەلمووس بێت بۆ لەیەک نزیککردنەوەی پێکهاتەکان و دروستبوونی متمانە لە نێوانیان.

IMG_5462 (1024x683)بەم چەشنە، تیمی ئینستیتیوتی مێری دووپاتی کردەوە کە بۆ بردنەوەی متمانەی تورکمان و عەرەب و مەسیحییەکان لە کەرکووک پيويستە لایەنی کوردی هەنگاوێکی گرنگ بنات وەکو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانیان، هەروەها تیمی مێری ئاماژەیان بەوە کرد کە “پێویستە کورد ئەو مافانە جێگیر بکات بۆ کەمینەکان لە نێو دەستووری هەرێمی کوردستان کە کورد خۆی داوای دەکرد جێگیر بکرێت بۆ خۆی لە دەستووری عێراقی دا.” ، وەکو، سیمبوڵ و هێما بۆ ئاماژەدان بە کەمینەکان لە ئاڵای هەرێمی کوردستان و سروودی نیشتیمانی و بەفەرمی ناساندنی زمانی ڕەسەنیان و برەودان بە ئاسەوارە کەلتوورییەکانیان و دڵنیاکردنەوەیان لە بەشداریپێکردنیان لە دەسەڵات و پێدانی ڕۆڵێکی کارا لە تەواوی پرۆسەی بڕیاردان.

 پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، ئاماژەی بە گرنگی و لەهەمان کات هەستیاری کارەکە کرد کە لیژنەکە لە ئەستۆی گرتووە و گوتی “کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەن کە نووسراوە بۆیان لە کاتی داڕشتنی دەستوور سەبارەت بە مافەکانیان”. بەهەمان شێوە، ئاماژەی بەوەدا، کە پەراوێزکردنی پێکهاتەکان، دەبێتە هۆی لێکترازانی کۆمەڵایەتی. وە بۆخۆ بەدوورگرتن لەوە، پێویستە ناوباونگی هەرێمی کوردستان وەک پارێزەری کەمینەکان و دڵنیاییکەرەوەی مافە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووری گشت کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، بپارێزرێت.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە شۆڕش حاجی ،سەرۆکی لیژنە، و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی لیژنەکە و شارەزایان کە نوێنەرایەتی پارتە جیاواز و کەمینە نەتەوەییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانیان دەکەن. سەرەڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی ئینستیتیوتی مێری بۆ دەستپێشخەریکردن لە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی، بەشی زۆری ئامادەبووان هاوڕابوون لەگەڵ ئەو خاڵانەی کە تیمی مێری گەڵاڵەیان کرد دەربارەی جێگیرکردنی مافی کەمینەکان لە دەستوور.

Comments are closed.