Back

پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبستێت بە دروستکردنی سیستەمێکی سیاسی پشت ئەستوور بە شەفافیەت و سەروەری یاسا

لە چوارچێوەی زنجیرە سیمینارەکانی، ئینستیتیوتی مێری هەڵسا بە سازکردنی سیمینارێک بۆ جۆزێف پێنینگتۆن، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق. بەتیشک خستنەسەر دووساڵی کارکردنی، جۆزێف پێنینگتۆن ئاماژەی بەوەدا کە ساڵی یەکەمی کارکردنی (٢٠١٣-٢٠١٤) لە هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتر بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدان و گەشەسەندن و هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە هەرێم بەڵام ساڵی دووەم (٢٠١٤-٢٠١٥) بە توندڕەویی و توندوتیژی داعش و گرفت و نەهامەتی ئاوارە و پەنابەران و بەهەمان شێوە ئاستەنگی ئابووری و قەیرانی دارایی هێماکرا.

بەگوێرەی ووتەکانی کۆنسوڵی گشتی قەیرانە هەنووکەییەکان دەرفەتێکن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بەرگەگرتنی ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان. ئێستا، هەرێمی کوردستان باشتر ئامادەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە ئاستەنگانە چونکە پشت دەبەستێت بە چەندین سەرکەوتنی دیار کە لە ساڵی ڕابردوو بەدەستی هێناون. یەکەمیان، هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە لە سەرەتای حوزەیرانی ٢٠١٤ دەستیپێکردووە و تائێستا سەرکەوتنی زۆرباشی بەدەستهێناوە بەڕەچاوکردنی ئەوخاڵەی کە هەردوولا لە سفرەوە دەستیان پێکرد. کۆنسوڵی گشتی بەهەمان شێوە هەوڵەکانی پێشمەرگەی بەرزنرخاند کە بەباشترین شێوە بەڕەنگاری داعش وەستاون.

IMG_5576 (1024x683)

دووەمیان، بەرزنرخاندنی بەدەنگەوەهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو قەیرانە مرۆییە کە لە کەوتنی موسڵ سەرچاوەی گرتووە. نەوەک تەنیا هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەڵکو بەخشندەیی خەڵکی هەرێمی کوردستان مایەی شانازیە لە بەدەنگەوەهاتنی ئاوارە و پەنابەران بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئایا عەرەبی سووننەن، ئێزیدین یاخود هەر پێکهاتەیەکی تری نەتەوەیی یا ئایینی بن.

سێیەمیان، ئاستەنگێکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ئارادایە. کۆنسوڵی گشتی ئەوەی دووپاتکردەوە کە بەرژەوەندی هەردوولا ئەوە دەخوازێت کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەردوولا دروستبکەن. ئەمەش بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و گرفت و ئاستەنگەکان ئاسانتردەکات.

 جگە لە سەرکەوتنە بەرچاوەکان، کونسوڵی گشتیتیشکی خستەسەر پێویستی بەدامەزراوەکردن و ڕیفۆرم و چاکسازی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەڵبستێت بە دروستکردنی دامەزراوەی بەهێز و داڕشتنی دەستوور و داهێنانی سیستەمێکی سیاسی پشت ئەستوور بە شەفافیەت و سەروەری یاسا. ئەمانە گشتیان پرسی درێژخایەنن و لەوکاتەی کە زۆربەی خەڵک چاوەڕێی چارەسەری بەپەلەیە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەهەندە درێژخایەنەکە لە یادنەکات.جۆزیف پێنینگتۆن بەهەمان شێوە ئاماژەی بە گرنگی بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەتان و وەبەرهێنان لە پەروەردە و فرەییکردنی سەرچاوە ئابووری و بنیاتنانی کەرتی تایبەتی بەهێز کرد.

IMG_5590 (1024x683)ووتەکانی کونسوڵی گشتی چەندین پرسیاری لە لایەن ئامادەبووان بەدوای خۆیدا هێنا. داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاهێنان و هاریکارییەکانی ئەمریکا لەبواری کارامەیی و لێهاتوویی هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆیەکی گرنگ و بەسوودی ورژاند.

Comments are closed.