ankara escort çankaya escort
Back

مێزگردی مێری بۆ تاوتوێكردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان


ئەم بابەتە بە فایلی pdf دابەزێنە

به‌ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی سياسی هه‌رێم و وه‌ك ده‌سپێشخه‌ريه‌ك بۆ خۆ ئاماده‌كردن بۆ قۆناخی ئاينده‌، ئينستيتيوتی مێری به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ په‌يمانگای په‌ره‌پێدانی ياسايی مێزگردێکی له‌ ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی
٣١/ ١/ ٢٠١٧، بۆ بژارده‌يه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا، ئه‌ويش به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی ياسای هه‌لبژاردنی كارپێكراو و ده‌ستنيشانكردنی ئه‌و بڕگه‌ سه‌ره‌كيانه‌ی كه‌ پێويستيان به‌ هه‌موار كردنه‌وه‌ هه‌يه‌.

ئاماده‌بووان له‌و مێزگرده‌ بريتی بوون له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و زۆربه‌ی سەرۆک فراکسیۆنەکان و كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامانی لێژنەی یاسایی، وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی سەرۆکایەتی كۆميسيۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان.

ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كيه‌كانی مێزگرده‌كه‌ بريتی بوون له‌و بڕگه‌ هه‌ستيارانه‌ی كه‌ پێويستيان به‌ ديبه‌يتێكی لوتكه‌يی ناو حيزبه‌كان هه‌يه‌ و دواتر پێويستيان به رێكه‌وتنی سياسی و كۆده‌نگی نێوان حيزبه‌ سياسيه‌كان هه‌يه‌ پێش ئه‌وه‌ی بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە يه‌كلا ببنه‌وه‌. له‌وانه‌:

  • چۆنیەتی دیاری کردنی بازنەکانی هەڵبژاردن: ئایا هه‌ڵبژاردن یەک بازنەیی وه‌یان فرە بازنەیی بێت؟
  • شێوازی لیسته‌ كردنی پاڵێوراوان: ئایا به‌ ليستی داخراو، کراوە، یاخود نیمچەکراوە بێت؟
  • سیستەمی هەڵبژاردنی ڕێژەیی چۆن بێت و هێڵی بڕياردان له‌ كام ئاستدا بێت؟
  • چۆنیەتی دابەشکردنی ده‌نگی ماوە بەسەر لیستەکان دا؟
  • سیستەمی كۆتا، ژمارەکەی چەند بێت و پێوەرەکانی ئەو سیستەمە چۆن بێت؟
  • سنووری هه‌ڵبژاردن له‌ كوێ بێ: ئایا ناوچە كوردستانيه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بەشداردەبن؟
  • چۆن ئاستی متمانه‌ به‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژادن زياتر بكرێت و سيسته‌می تۆماری ده‌نگده‌ران تۆكمه‌ بكرێ و ديارده‌ی (ته‌زوير) چاره‌سه‌ر بكرێت؟

ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ و چه‌ندين پرس و پرسياری ديكەی کە‌ له‌ ئارادانه‌ هاتنه‌ باسكردن و دياره‌ دواتر پێويستيان به‌ ديبه‌يتی چڕو پڕی ديكه‌ هه‌يه‌ پێش ئه‌وه‌ی دوا داڕێژته‌ی ره‌شنووسی پرۆژه‌ياسای هه‌مواركردنه‌وه‌ ئاماده‌ ببێ.  بۆيه‌ش له‌ كۆتايی ئه‌و مێزگردەدا داوا له‌ سه‌رجه‌م نوێنه‌ران كرا به‌وه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند هه‌فته‌يه‌دا هه‌مان ديبه‌يت‌ له‌نێو خودی حيزب و لايه‌نه‌كاندا بووروژێنن و دواتر روانگه‌ و بۆچوونی تايبه‌ت به‌ خۆيانه‌وه‌ بێننه‌وه‌ مێزگردی داهاتوو كه‌ له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا ده‌به‌سترێت.

واته‌، ئه‌و مێزگرده‌ ته‌نيا يه‌كێك بوو‌ له‌ زنجيره‌‌ چالاكیه‌ك و به‌شێكە له‌ پرۆژه‌يه‌كی نه‌پساوه‌ی ئينستيتيوتی مێری بۆ هاندانی ديبه‌يتی ديموكراسی و كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، وه‌ بۆ پاڵپشتيكردنی په‌رله‌مانتاران بۆ داهێنانی مۆدێلێكی سه‌رده‌ميانه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ قۆناخی ئێستا بگونجێ و له‌ ئاستی خواستی خه‌ڵكی هه‌رێمدا بێ و له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاينده‌شدا بايی ئه‌وه‌نده‌ سه‌ركه‌وتووبێ كه‌ بتوانی كاروانی ديموكراسيه‌ت هه‌نگاوێكی ديكه‌ بباته‌ پێشه‌وه‌.

بێگومان، له‌ جيهانی ديموكراسيدا، مۆدێلی جياواز كاريان پێكراوه‌ و ئه‌زموونی مه‌زن كه‌ڵه‌كه‌ بوونه‌ كه‌ ده‌كرێ سووديان لێ وه‌ربگيردرێت. له‌ هه‌رێميشدا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌پێی هاوكێشه‌ سياسيه‌كانی پێشوو و بارودۆخی نائاسايی گه‌شه‌یان كردووه. هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌موكوڕيه‌كانی سيسته‌م لای هه‌مووان ئاشكرانه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هۆی بابه‌تيی جياواز هێشتا مۆدێلی نموونه‌يی نه‌هاتووه‌ته‌ كايه‌وه‌.  بۆيه‌ش ده‌بێ كاری توێژينه‌وه‌ و ديبه‌يته‌كان هه‌ميشه‌ زيندوو و به‌رده‌وام بن.

شايانی باسه‌ كه‌ ئينستيتيوتی مێری پشتگيری نێوده‌وڵه‌تی، به‌تايبه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپايی، به‌ده‌ستهێناوه‌ بۆ به‌رده‌وام كردنی ديبه‌يتی سياسی و پرۆسه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ياسای هه‌ڵبژاردن، وه‌ به‌ نيازه‌ له‌ ئاينده‌دا و به‌ به‌شداری پسپۆڕی ده‌ره‌كی مێزگردی ديكه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌نجام بدات.

 

ئەم بابەتە بە فایلی pdf دابەزێنە

 

Comments are closed.