Best CBD Oil for Pain


Best CBD Oil for Anxiety


Best CBD Gummies


Back

دیداری مێری ٢٠١٨:  ئاڵوگۆری ڕوانگەکان بۆ سەقامگيری لەرۆژهەڵاتی ناوەراست

دیداری مێری ٢٠١٨:  ئاڵوگۆری ڕوانگەکان بۆ سەقامگيری لەرۆژهەڵاتی ناوەراست

٢٢٢٤ ی ئۆكتۆبەر (تشرینی یەكەمی) ٢٠١٨

ديداری مێری ٢٠١٨ تایبەت بوو بە گەنگەشەکردنی ڕوانگەکان و برەودان بە دیالۆک و دیبەیتکردنی کۆمەڵێک پرسی گرنگ کە رووبەڕووی عێراق وهەرێمی كوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بوونەتەوە. ئەم دیدارە دارێژەرانی سياسەت و بڕیاربەدەستان و ئەکاديمست و پسپۆڕانی كۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئاستی نيشتيمانی و نیودەوڵەتی کۆكردەوە، ئەویش بە ئامانجی (أ) فەراهەمکردنی پلاتفۆرمێک بۆ ديالۆک و ئاشتەوایی گەڵاڵەکردنی بيروبۆچوونەکان؛ (ب) وەدەستهێنانی وەڵامی دروست و بوونياتنەر بۆ چەندین مژاری گرنگ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ وە (ج) دەستنيشانکردنی ئەو بابەتانەی کە پێویستیان بە توێژینەوەیە و دەکرێت ببنە هۆی زیاتر تێگەیشتنی ئەو تەحەددیانەی کە لە ناوچەكەدا بەدی دەکرێن.

تەوەورەكانی دیداری مێری (لەگەڵ لینكی راپۆرت و ڤیدیۆی پانێلەكان) بریتی بوون لە:

  • چوارچێوەی گشتی و پێشخان (ووتەی مێری)
  • ریفۆرم له‌ سیسته‌می حوكمڕانی: لامه‌ركه‌زیه‌توبه‌دامەزراوەییكردن (پانێلی یەكەم).
  • ده‌وله‌تسازی و نیشتیمانسازی له‌ عێراقێكی لاواز(پانێلی دووەم).
  • كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین (پانێلی سێیەم).
  • یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین: ده‌وله‌تسازی بۆ ڕێگرتن له‌ توندوتیژی (پانێلی چوارەم).
  • سه‌قامگیری یاسایی له‌ عێراق و رۆڵی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وله‌تی (پانێلی پێنجەم).
  • هاوكێشەی هێزە ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیەكان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین: دەرفەتەكانی ململانێ و هاوكاری (پانێلی شەشەم و پانێلی حەوتەم).

هەروەك لە وتەی پێشكەشكردندا، بەڕێز دلاوەر عەلائەدین جەختی كردەوە كە ئه‌و ديداره‌ له‌ كاتوساتێكی‌ هه‌ستيار‌‌دا سازكراوه، كه‌ ته‌واوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دووچاری ئاڵۆزی و شه‌ڕی هه‌مه‌لايه‌نه‌ بووه‌. هێزە جیهانی و ئیقیلمی و لۆكاڵیەكان لە گەرمەی ململانێیەكانیاندانە، و هه‌رێمی كوردستان و باقی عيراقيش لە نێو جه‌رگه‌ی ئه‌و شه‌ڕ و ئاڵۆزيانه‌دا گیریان خواردووە‌. دیارە كە هێزە ململانێكەرەكان بەپێی پێویست لە نێو  خۆیاندا خەریكی دیالۆگ نین، و خەریكی هێوركردنەوەی بارودۆخ و سەقامگیركرنی ناوچەكە نین. لەجیاتیان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پەنا زیاتر بۆ چەك و توندوتیژی و دروستكردنی قەیرانی زیاتر دەبەن، بەوەش كۆمەڵگاكان زیاتر لێك دەترازێنن زیاتر پڕچەكیان دەكەن. بێگومان باجی ئەو دیاردانەش هەر وڵاتەكە و هاوڵاتیان دەیدەن.

خۆشبەختانە، دوو هەڵبژاردنەكەی ئیمساڵ بۆ پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ پرۆسەی دروستكردنی حكومەتی نوێ لە بەغدا و هەولێردا كەشێكی نوێ و دەرفەتی نوێ بۆ ئاشتەوایی هاتوونەتە كایەوە و دەكرێ بۆ چاكردنی سیستەمی حوكمڕانی و سەروەركردنی یاسا  و بەدامەزراوەییكردنی حكومەت سوودیان لێ وەربگیردرێت.

ئیمڕۆ لە دوای كۆتاییهێنان بە شەڕە تێكشێنەرەكان، كاتی ئەوە هاتووە بیر بكەینەوە كە چۆن شه‌ڕی ئاشتی و ئاشته‌وايی و سه‌قامگيری ببه‌ينه‌وه‌.  لێرەدا جەخت دەكەینەوە كە ئەگەر سەركردە و توێژی بڕیاردەری عیراقی و هەرێمی كوردستان و بەهاوكاری نێودەوڵەتی هەوڵی ئاشتكردنەوەی هاوڵاتیان و چاكسازی نەدەن، ئەوا فاكتەرەكانی لێكترازان هێشتا زۆرن، و هێزە توندڕەوەكانی وەك داعش هێشتا لەنێوماندا چالاكن و توانای زاڵبوونەوەیان هەیە.   ئەگەر پێکهاتەکانی عێراق ئەولەویەت نەدەنە چاكردنی لاوازیەكانی سیستەمی حوكمڕانی، ئەوا نەك تەنیا خەڵكی بەسڕە و موسڵ و  ئەنبار بەڵكو خەڵكی سەرجەم شارەكان دێنە دەنگ ڕەنگە ببێتە مایەی هەڕەشە لەسەر وجودی کیان و دەوڵەتی عێراقی.
بۆیەش ئینستیتیوتی مێری لە توێژینەوەكانیدا گرنگیەكی زۆری بە دەسنیشانكردن و چاكردنی ئەو لاوازیانەی سیستەمی حوكمڕانی داوە.

دیارە كە ئه‌و ديداره‌ به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ توێژينه‌وه‌كانی ئينستيتيوتی مێری. لەو ساڵەی ڕابوردوودا، ئینستیتیوت توێژینەوەیەكی تێروتەسەلی سەبارەت بە داڕێژتنەوەی هەیكەل و میكانیزمەكانی كاراكردنی حكومەتی خۆجێی  و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا كە لە كتێبێكدا بڵاو كرایەوە.  كۆمەڵێك پێشنیازی عەمەلی بۆ چاكردنی لاوازیەكانی سیستەمی حومڕانی خرانەڕوو.  دواتر مێری دەستی بە دیراسەتكردنی هەیكەلی حكومەتی خۆجێی نەینەوا كرد وەك نموونەیەكی عیراقی بۆ دەستنیشانكردنی كێشەكانی حوكمڕانی لە سەرتاپای عیراق. بە تایبەتی ئەو پارێزگایانەی كە لە چوارچێوەی بەهەێمبووندا رێكنەخراون. ئاگاداریشین كە حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا پرۆسەی ریفۆرمیان كردووەتە ئەولەویەت (پانێلی یەك و پێنج).

لە كارو چالاكیەكانیدا، لە ئینستیتوتی مێری گرنگی هەرە گەورە بە مەسەلەی دیالۆگی دروستكەرانە داوە، لە ئاستەكانی ناوەكی و دەرەكیدا.  لەو چەند ساڵەی رابوردوودا مێری زنجیرەیەك ئالقەی دیبەیت و گفتوگۆی كراوە و داخراوی لەنێوان هیزە ململانێكەرەكانئەنجامداوە بۆ خاتری ئەوەی ناوچەكە سەقامگیر بێ و لە توندوتیژی ودوور بێ.

بۆ نموونە، لە دوای ریفراندۆمی پارساڵ و ئەو  بەستەڵەكەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و باقی عیراق دروست بوو پێویستێ بە نەرمكردنەوە و توانەوە هەبوو. بە دەستپێشخەری ئینستیتوتی مێری و هاوكاری (مركز الرافدین) یەكەمین هەنگاو بۆ كردنەوەی دەرگای دیالۆگی نێوان سەركردەی سیاسی هەردوو لایەن نرا. ئەوە بوو لە مانگی شوباتی ئیمساڵدا شاری نەجەف الاشرف هەمان ئەو گروپەی كە لە پانێلی دووەمی ئەو دیدارەدا رووبەڕووی یەكتر كراینەوە باس لە شەراكەتی حوكمڕانی و بونیادنانەوەی متمانە دەكەن.

بۆ سەقامگیركردنی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە وڵاتە دراوسێكاندا، ئینستیتوت بەلایەوە گرنگە كە حیزبە سیاسیە كوردیەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان بە واقیعبینانە و رەخنە لەخۆگرانە سەیری ئەزموو نی خۆیان و یەكتر بكەن، وە روانگەكانیان بۆ چۆنێتی وەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنیە رەواكانیان بەدەست بێنن و رۆڵی گرنگ لە سەقامگیر كردنی وڵاتیان ببینن. بۆیە پێشتر ئینستیتیوتی مێری چەندین بۆنەی بۆ هاندانی دیالۆگی نێوانیان ئەنجام داوە و پانێلی سێیەمی ئەو دیدارەش بەشێكە لەو زنجیرە چالاكیانە.

هاوكات، ئینستیتوت لە چەندین توێژینەوە و بڵاوكراوەی جیاوازدا سەیری سیاسەتی هێزە ئیقلیمیەكانی وەك توركیا و ئێران و سعودیە، وه هێزە جیهانیەكانی وەك ئەمریكا و روسیا و وڵاتانی ئەوروپی كردووە و بەلایەوە گرنگە كە خەڵكی رۆژهەڵاتێ ناوەڕاست لە ڤیژن و سیاسەتی ئەو هێزانە تێ بگەن و هانی ئەو هێزانەش بدات كە لەنێوان یەكتردا گفتوگۆی دروستكەرانە ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی سەقامگیری لەو ناوچە گرنگەی جیهاندا بەرجەستە ببێ و لە قەیران و ململانێ و شەڕەكاندا رزگایمان ببێ.  ئەوەش مەبەستی سەرەكی پانێلەكانی شەشەم و حەفتەمی ئەو دیدارەیە.

بێجگە لەوانەش، ئینستیتوتی مێری بە هاوبەشی لەگەڵ ئینستیتوتی نەرویجی بۆ توێژینەوەی پۆڵەس – نوپی (NUPI) و چەند زانكۆ و ثینك تانكێكی ئەوروپایی بە هاوكاری دارایی یەكێتی ئەوروپا (EU) و لە چوارچێوەی بەرنامەی (Horizon 2020) توێژینەوەیەكی سێ ساڵیێ سەبارەت بە سیاسەتی یەكێتی ئەوروپا لە ناوچەكەمان ئەنجامداوە و بابەتەكەی پانێلی چوارەمی ئەو كۆنفرانسە بەشێكی دانەبڕاوە لەو توێژینەوە.

بۆیە پێویستە گرنگی و كاریگەریی ئەو دیدارەی مێری بەكەم نەزانرێت. زۆربەی ئامادەبووان لە مەوقعی جیاوازیانەوە كاریگەریان لەسەر پرۆسەی بڕیاری حوكمڕانی هەیە.  له‌سه‌ر ده‌ستی ئەواندا ده‌كرێ رێگا بۆ سه‌قامگيری له‌و ناوچه‌يه‌ خۆشبكرێ، و بنه‌مای ناوچه‌يه‌كی ئارامی پڕ له‌ سه‌روه‌ری ياسا و حوكمڕانی دروست بچه‌سپێ. پێویستە پڕۆسه‌ی ديالۆگ و ئاشته‌وايی و دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ بۆ كێشه و قه‌يرانه‌‌ ئاڵۆزه‌كان بكرێتە كاری موئەسسەساتی وە لە ڕێگەیەوە دەوڵەتی مۆدێرن و نیشتیمانی هاوبەش و كەشی پێكەوەژیان دروست بكرێ.  ئینستیتوتی مێریش بە هاوكاری شەریكەكانی لە توێژینەوەكان بەردەوام دەبێت و راپۆرت و ڤیدیۆكانی سەرجەم پانێلەكانی ئەو دیدارەش خراونەتە سەر ماڵپەڕی ئنستیتیوت بۆ سوودی هەموو لایەك.

لەو بۆنەیەدا، دلاوەر عەلائەدین بەبیر بڕيارده‌رانێ هێنایەوە كه‌ ئاشته‌وايی و سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی نيشتيمانسازی به‌بێ به‌شداری چالاكانه‌ی نيوه‌ گرنگتره‌كه‌ی كۆمه‌ڵگا، واته‌ ئافره‌تان – ژنان – دايكان و خوشكان و شه‌ريكی ژيانی پياوان، سه‌رناكه‌وێ.  شاراوه‌ نيه‌ كه‌ له‌ عيراقی ئيمڕۆدا ڕۆڵی ئافره‌تان له‌ نێو بڕيارده‌ران و داڕێژه‌رانی پۆڵەسی زۆر به‌ زه‌قی پشتگوێ خراوه‌.  نەك تەنیان لە نێو ئاوارەكان و لێقەوماوان، كە ئافرەتان بە چەندین شێوازی جیاواز كراونەتە قوربانی و مافیان خوراوە، بەڵكو لە رۆڵ و دەرفەتی یەكسان بۆ رابەرایەتی و بەشدارێتی لە بڕیاری سیاسیشدا گرنگیان پێ نەدراوە، ئەو دیاردە و نوقسانیانەش بە ئیحراجیەوە لە ئەندامێتی پانێلەكانی ئەو دیدارەشدا رەنگیان داوەتەوە. بۆیە وا له‌ سه‌ركرده‌كان چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ين كه‌ له‌ كاتی داڕێژتنی پڕۆژه‌ياسا و ڕێسای نوێدا و‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووردا پشكی ئافره‌تان له‌سه‌رتاپای سيسته‌می فه‌رمانڕه‌وايه‌تدا بچه‌سپێ.

Comments are closed.