Back

دیداری مێری 2018: دەوڵەتسازی و نیشتیمانسازی

دیداری مێری 2018، پانێلی دووەم: دەوڵەتسازی و نیشتمانسازی لە عێراق

  • یەحیا ئەلکوبەیسی، ڕاوێژکاری سەنتەری عیراقی بۆ دیراساتی ستراتیژی، عەممان
  • عەدنان ئەلزورفی، ئەندام پەرلەمانی عیراق و پارێزگاری پێشووی نەجەف
  • جەعفەر ئێمنکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
  • لوقمان فەیلی، باڵوێزی پێشوی عیراق لە ئەمریکا و ژاپۆن
  • تالیب موحەمەد کەریم، جێگری سەرۆکی سەنتەری رافیدەین، نەجەف (سەرپەرشتیار)

لە پێشەكیدا تالیب موحەمەد کەریم تیشکی خستە سەر ڕۆلی سەرکردە و پارتە سیاسیەکان لە پێش خستن و بەرەو پێدانی سەروەری یاسا و بە دامەزراوەیی کردن، جێبەجێ کردنی دەستور وزیادکردنی ئەو یاسا و رێسایانەی پێویستن بۆ رزگارکردنی وڵات لە قەیران و تەنگەرژەکان، بە دامەزراوەیی کردنی دیالۆگ (گفتگۆ) لە نیوان پێکهاتەکانی عێراق وهەروەها بەرەودان بە ئاشتبوونەوە و سەقامگیری. هاوکات، کاریگەریەکانی تایەفەگەری لە سەر پرۆسەکانی دەولەتسازی و نیشتیمانسازی.

یەحیا ئەلکوبەیسی رووناکی خستە سەر بابەتەکانی نیشتیمانسازی (نەتەوەسازی) و دەوڵەتسازی لە عیراق. بە وتەی ئەو، کێشەکە لە عیراق لەوکاتە دەستی پێ کرد کە دەوڵەتە کۆلۆنیالەکان بە بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە هەستان، ئەویش لە ڕێگای بە کارهێنانی هێزەوە. لە ئەوروپا دروستکردنی نەتەوە کەوتووەتە پێش دەوڵەتسازی، یا بە لانی کەمەوە لە یەك کاتدا ڕوویان داوە، بەڵام لە وڵاتێکی درووستکراوی وەك عیراق ئەو دوو پرۆسەیە بە پێچەوانەی یەکتر پەرەیان سەندووە. ئەلكوبەیسی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە عیراقدا تا پێش سالی ٢٠٠٣ شوناسی عەرەبی سونە باڵادەست بوو و هێز و پەروەردە لە لایەن دەوڵەت بەکاردەهاتن بۆ سەپاندنی ئەم شوناسە بە سەر وڵاتدا. تەنیا دید و بۆچوونی یەك لایەن (عەرەبی سونە) ڕەچاو کرابوو و ئەمە بۆ شیعە و کورد و تورکمان و ئاشوری و پێکهاتەکانی دیکە جێگای پەسەند نەبوو. تەنیا گۆرانکاری لە پاش ٢٠٠٣ ئەوە بووە کە شوناسی عەرەبی شیعە جێگای شوناسی سونەی گرتووەتەوە. کاتێك تەنیا یەك دیدو بۆچوون ڕەچاو دەکرێت و بۆچوونەکانی دیکە قبوول ناکرێن، بەڵكو کاردانەوەی شۆڤینی بەرامبەر بۆچوونەکانی دیکە سەرهەلدەدات، وەکوو کاردانەوەكەێ بەرامبەر ریفراندۆمی کوردستان.  ئەلكوبەیسی هەولەکانی نەتەوەسازی لە ڕێگای بە کار هێنانی پرەنسیپە دیموکراتیەکان لە دەستوری سالی ٢٠٠٥ی بە شکستخواردوو پێناسە کرد بەو هۆیەی كە دەنگدان لە پەرلەمان لە سەر بنەمای تایەفەگەریە و تایەفەیەك کە زۆرینەی هەیە دەست بە سەر پرۆسەکانی بریاردان و یاسادەرکردندا دەگرێت. لە ڕوانگەی ئەلکوبەیسی ڕێگای دەرچوون لەم تەنگەژەیە ئەوەیە کە لە سەرەتادا دان بەوەدا بنرێت کە عیراق وڵاتێکی فرەییە و دەبيت بە شێوازێکی فرەیی بەرێوەببرێت. هەروەها، دەبێت دەوڵەت و نەتەوە لە سەر بنەمای شوناسێکی سیاسی کە لە لایەن هەموان پەسەندبێت بنیات بنرێت نەك لە سەر دیدی تاك لایەنێك.

لە کاتێکدا عەدنان ئەلزورفی هاوڕا بوو لەگەڵ ئەلکوبەیسی کە پێش ٢٠٠٣ هەوڵێك هەبوو بۆ سەپاندنی شوناسی عەرەبی سونە بە سەر عیراق، كەچی نکوولی کرد لەوەی هەول لە ئارادابێ بۆ سەپاندنی شوناسی شیعە بە سەر وڵاتەكە لە پاش سالی ٢٠٠٣دا. ئەلزورفی ئاماژەی بە دژایەتی ئایەتولا سیستانی بۆ ستراتیژێکی لەم چەشنە کرد و گێرایەوە کە لە سەردەمی سەرۆك وەزیرایەتی ئیبراهیم جەعفەریدا، ئایەتولا سیستانی پێی وتووە “هەڵە مێژووییەکان دوبارە مەکەوە…وڵاتێك بنیات بنێ بە ناوی عیراق”. ئامۆژگاری زانایانی شیعە لە نەجەف ئەوەیە کە دەوڵەت بنیات بنێن نەك تایەفەیەكی ئاینی لە ناو دەوڵەت. لە هەمان کاتدا ئەلزورفی نکولی کرد لەوەی شیعەکان هەولی گۆرینی منهەجی خوێندنیان دابێت بە مەبەستی تایبەتی خۆیان.

لە کۆتاییدا ئەلزورفی ڕەخنەی لەودیاردەیە گرت کە نوێنەری هەر لایەنێك لە پەرلەمان تەنیا نوێنەرایەتی تایەفەكەی خۆی دەکات، لە کاتێکدا کە پێویستە نوێنەرایەتی هەموو عیراقیەکان بکات.

لە وتەکەیدا جەعفەر ئیمنکی تێبینیەکەی ئەلکوبەیسی دووپات کردەوە کە ئەگەر دەوڵەتسازی بکەوێتە پێش پرۆسەی نیشتیمانسازی، ئەنجامەکەی پر کێشە دەبێت.  ئیمنکی جەختی کردەوە کە بنیاتنانی دەوڵەتی عیراق لە سەرتاوە پرۆژەیەکی شکستخواردوو بوو، بەو هۆیەی عیراق دام و دەزگا و میکانیزمی پێویستی نەبوو بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی سیڤیل و دیموکرات. تەنانەت هەردوو دەستوورە هەمیشەییەکەی عیراق لە ژێر سایەی داگیرکەران نووسراون، یەکەمیان داگیرکاری بەریتانی و دووەمیان داگیرکاری ئەمریکی و لە ژێر سێبەری ئەم دەستوورانە کورد بۆمباباران و کیمیاباران کراوە.

بە ووتەی ئێمنکی پرسیار ئەوەیە “ئایا عیراقیەکان توانای نووسینی دەستورێکی نیشتیمانی (نەتەوەییان) نیە؟”، وەڵامەكەشی دایەوە کە ئیرادەی ئازادی لە عیراقیەکان سەندراوەتەوە و بوونەتە ئەسیری دەستی ئاین و تایەفەگەری و ئەو کەشە کۆمەڵایەتیەی كە نەگونجاوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگا و دەوڵەتێکی سیڤیل. پاشان ئێمنكی ئاماژەی بەوە دا کە نوخبەی سیاسی هاوڕان کە لە سەردەمی نوێدا ئەو دەوڵەتەی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان دەوڵەتی گونجاوە مەدەنی دیموکراتە، بەڵام عیراق تا ئیستا خاوەنی كۆمەڵانی خەڵكە (خەڵکی شیعە، سونە،کورد، تورکمان، هتد) نەك خاوەنی نەتەوە (نەتەوەیەکی مەدەنی دیموکرات).

لوقمان فەیلی وتەکەی بەم پرسیارە دەست پێ کرد “ئێمە دەوڵەتێکی بەریتانیمان هەبوو بە ڕووکەشێکی عیراقی و دەوڵەتێکی ئەمریکی بە ڕووکەشێکی عیراقی. پرسیار ئەوەیە ئایا دەتوانین دەوڵەتێکی عیراقیمان هەبێت بە رووکەشێکی عیراقی؟” فەیلی  وتی چەمکەکانی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناڤین، وەیان نەتەوە و تەنانەت هاوڵاتی، ڕوون نین. بۆ نموونە تێکەڵی و ناروونی هەیە لە نیوان نەتەوەی ( ئومەی) ئیسلامی و نەتەوەی (ئومەی) وڵاتێکی دیاریکراو (بۆ نموونە سعودیە یا مصر)، هەروەها لە نیوان نەتەوەی (ئومەی) عەرەبی و نەتەوەی وڵاتێکی دیاریکراو و هتد. بە ڕای فەیلی ئیستا پێویستە بگەرێین بە دوای فاکتەرەکانی درووستکەری سەقامگیری و بگەرێین بە دوای چارەسەرێك بۆ نەوەکانی داهاتوو، نەك چارەسەرێکی کاتی و بەپەلە.

Comments are closed.