لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە ڕۆڵ و گاریگەری ئۆپۆزسیۆن لە کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆکی ئینیستیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دلاوەر عەلائەددین لەگەڵ سەلاحەددین بەهائەدین، سکرتێری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، گفتوگۆیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگەکان و توانای ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. گفتووگۆکە هەڵسەنگاندنێکی ژیرانەی بۆ ئاستی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێشکەش کرد لە هەرێمێک کە نەک تەنها دامەزراوە دیموکراسیەکانی هێشتا زۆر پتەو نین، بەڵکو هێشتا دەستووریشی نیە.یەکگرتوو کە لە ساڵی 1994 دامەزراوە، یەکێکە لە پارتە سیاسییە ئیسلامییە سەرەکیەکانی هەرێم. ئەم پارتە بە ڕیفۆرمخواز و میانڕەوی ناسراوە و ماوەیەکی زۆرە داکۆکی لە حوکمڕانی دروست و شەفافییەت و بەشداری سیاسی ئاشتیانە دەکات. ئەم حیزبە لەناو پەرلەمانی کوردستاندا ئۆپۆزسیۆنە و لە هەمان کاتدا هانی دیالۆگ و پێکەوەژیان دەدات لەنێوان هەموو جیاوازیە ئایدۆلۆژییەکان.
دەستپێک
لەسەرەتاوە دلاوەر عەلائەددین هەوڵی دا وەڵامی ئەو پرسیارەی دەست بکەوێت، کە ئایا ئۆپۆزسیۆن چۆن کارا دەبێت؟، دەبێت چی بکات بۆ یارمەتیدانی گەشەکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە سیستەمی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستاندا؟ ئەو جەختی لەوە کردەوە کە لە غیابی دەستووردا، ڕۆڵی پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەری و ئۆپۆزسیۆن، بە نادیاری دەمێننەوە و ئەم ناڕوونییە دۆخی سیاسی و بەرپرسیارێتی سنووردار کردووە.
پێکهاتە و تەندروستی ئۆپۆزسیۆن
مامۆستا سەڵاحەددین بەهاددین بە چاوپێخشانەوە لە ئەزموونی دەیان ساڵەی سیاسی خۆی، بوونی ئۆپۆزسیۆنی بە تایبەتمەندییەکی سروشتی و پێویست لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا، دانا. بەڵام سەرباری ئەمەش، بۆ ئەو، پرسیاری ڕاستەقینە لەوەدا نیە کە ئایا ئۆپۆزسیۆن هەیە یان نا، بەڵکو لەوەدایە کە چۆن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کاریگەری لەسەر یەک دەکەن؟. بە بڕوای ئەو لە کوردستاندا ئەو پەیوەندییە سەرلێشێواو و ناڕێکوپێکە. بە وتەی ئەو “ئێمە دەستوور یان یاسایەکمان نیە کە ئەم پەیوەندیە ڕێکبخات.” “لە وڵاتانی تر، ڕێگا و پێوەر هەیە بۆ ڕێکخستنی ئەم پەیوەندیە، بەڵام لێرەدا، ڕێکارەکان لێڵ بوون، ئەمەش زۆر خراپە.”

ئاماژەی بەوەشکرد کە نە لایەنە دەسەڵاتدارەکان و نە ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان بە شێوەیەکی تەندروست کار ناکەن. لایەنی یەکەم دەسەڵات قۆرخدەکات، لە کاتێکدا لایەنی دوەم پەرتەوازەن و هەندێک جار ناکۆکن لەگەڵ یەکتر. ئەو دانی بەوەدا نا کە هەندێک جار هێرش دەکەینە سەر یەکتر یان یەکتری تاوانبار دەکەین بەوەی کە بە نهێنی لەگەڵ دەسەڵاتداراندا هاوپەیمانین. ئەو پێشنیاری کرد کە ئەم لێکترازانە ناوخۆییە متمانە بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لاواز دەکات و توانای کارکردنیان و کاریگەریان سنووردار دەکات.
سەڵاحەددین بەهائەددین ئەم کێشانەی گەڕاندەوە بۆ سیستەمی سیاسی دوای ساڵی 2003 ی عێراق، و ئاماژەی بەوەدا کە کەموکورتەکانی ئەزموونی سیاسی کورد لەسەر ئاستی فیدراڵی ڕەنگیانداوتەوە و بریتین لە بە سیاسی کردنی دامەزراوەکان، داڕمانی پرۆفیشناڵیزم و پەرەسەندنی تۆڕی مەحسوبەیت بۆ بەرژەوەندی بنەماڵە و شەخسیدا.
قۆرخکاری دەسەڵات و بێهەستی سیاسی
بەبڕوای سەلاحەدین بەهائەدین پارتە دەسەڵاتدارەکان رۆژ بەرۆژ دابڕاوتر دەبن لە ڕکابەرەکانیان و خەڵکی گشتی. “ئەوان جگە لە پارتەکانی خۆیان، لایەنە سیاسیەکانی دیکە دوور دەخەنەوە و خۆیان لە تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵکدا بەدوور دەگرن.” ئەو دۆخی سیاسی بە شێوازێک وەسف کرد کە پڕە لە کەمتەرخەمی، ڕەفتاری بێباک و مەیلی دیکتاتۆری و بڕیاردانی تاکلایەنانە و ڕووبەڕووبونەوەی قەیران بە قەیران، نەک چارەسەر.

لە کاتێکدا لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەندێک لە بەرپرسیارێتی بارودۆخەکەی لە ئەستۆیە، سەلاحەدین بەهائەدین جەختی لەوە کردەوە کە پشکی گەورەی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی نوخبەی دەسەڵاتدار کە بە قۆستنەوەی چڕی دەسەڵات لە چنگی خۆیان، دامەزراوەکانیان بنکۆڵکردوە و ڕاوێژیکاریان بێ مانا کردوە.
کەلتووری ڕەخنە و چاکسازی مەدەنی
کاتێک دلاوەر عەلائەدین پرسیاری لێکرد سەبارەت بە ڕوانگەی بۆ بووژاندنەوەی ئۆپۆزسیۆن، سەلاحەددین بەهائەدین مەجازێکی بەکارهێنا: تا ئەو کاتەی نەخۆشخانە و پزیشک هەبن، هەمیشە هیوای چاکبوونەوە هەیە. بەهەمان شێوە و سەرباری قەیرانە سیاسیەکان لەکوردستاندا، ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەری چاکسازی هێشتا هەیە و بە خۆڕاگری و بەشداری مەدەنی، چاکسازی ئەنجام دەدرێت. ئەو دەڵێت بەربەستی سەرەکی دروستبوونی کەلتوورێکە کە ڕەخنەگرتن لە کوردستان زۆر جار وەک دوژمنایەتی دادەنا. ئەو گوتی ئەگەر ڕەخنە لە دەسەڵاتداران بگیرێت، یەکسەر بە دوژمنیان دادەنرێت. بۆیە بەو شێوەیە پێش ناکەوین.”
هەر بۆیە ئەو، داوای گۆڕانکاری لە کەلتووری سیاسیدا کرد، بەشێوازێک کە گرنگ و بایەخ بەدیالۆگ بدات نەک گرژی و توندی، ئارامی نەک سەرسەختی، هاوکاری نەک پەراوێزخستن. ئەو گوتی “پێویستە واز لەو بیرۆکەیە بهێنین کە دەڵێت دەتوانم بەبێ تۆ بیکەم.” پێشکەوتن پێویستی بە تێگەیشتنی هاوبەش و سەبر و تەحەمولە.”
بۆ سەڵاحەددین بەهائەدین، ڕێگای بەرەوپێشچوون دەبێت ئاشتیخوازانە و مۆدێرن و مەدەنی بێت، نەک ڕادیکاڵ و توندوتیژ. داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە بنەمایەکی هاوبەش دەستنیشان بکەن کە بتوانێت ببێتە بناغەی پێکەوەژیان: نەتەوە، ئایین، بەها ئەخلاقییەکان و مێژوویەکی دوورودرێژی پێکەوەژیان. ئەو هۆشداری لەوەی بەگژداکردنی کۆمەڵگا و گروپە ئایینیەکان، هەڵەیەکی قووڵ و مەترسیدارە.

ئایین و سیاسەت: پێناسەکردنی سنوورەکان
دلاوەر عەلائەددین ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان موسڵمانن، پارتە ئیسلامییەکان نەیانتوانیوە ڕێژەی دەنگدەران و لایەنگرانیان فراوان بکەن. سەڵاحەدین بەهائەدین لە وەڵامدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە جیاوازی لەنێوان ئیسلام وەک ئایین و ناسنامەی سیاسی ئیسلامی، بکرێت. ئەو ووتی، “ئایین موڵکی هەموو کەسێکە.” ئەگەر ئێمە لە ناو پارتێکدا قۆرخی بکەین، ئەوا لە جەوهەری ئیسلامدا لادەدەین.”
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە جێهێشتن یان چوونە پاڵ پارتێکی سیاسی یەکسان نیە بە بەجێهێشتن، یان چوونە ناو ئیسلامەوە. گوتی “هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بڵێین هەرکەسێک ئەندامی پارتەکەمان نەبێت ئیسلامی نیە.” بۆ ئەو بۆچوونی یەکگرتوو هەمیشە ئیلهام وەرگرتن بووە لە باوەڕەوە بەبێ تێکەڵکردنی ئایین لەگەڵ دڵسۆزی سیاسی.
لەکارکەوتنی پەرلەمان و پێویستی بەرپرسیارێتی
سەڵاحەدین بەهائەدین بەداخەوە ڕوانی، لە داخستنی پەرلەمان و ڕەخنەی لە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکار گرت کە بەردەوامی دەدەن بە ناشەرعییەتی دەسەڵات. ئاماژەی بەوەدا کە پەرلەمانی پێشوو نیوەی ماوەکەی لە دانیشتنی داخراو بەسەر بردوو و نیوەکەی دیکەشی بە درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەی خۆی بەسەر برد، کە دواتر لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە بەنادەستووری دانرا. ئەو گوتی “شەرمەزارییە شتێک بکەیت کە ببێتە هۆی داخستنی پەرلەمانی خۆی.”
سەڵاحەدین هۆشداری دا لەوەی کە هەر حکومەتێک بەم پرۆسەیەدا دەربچێت متمانەی پێناکرێت و گوتیشی شکستهێنان لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دوای نزیکەی ساڵێک لە هەڵبژاردنەکان، نمونەی لەکارکەوتنی سیستەمی ئێستایە. سەرەڕای ئەم ئالەنگاریانە، ئەو بە هیوایەکی هۆشیارانە کۆتایی بەقسەکانی هێنا و ئاماژەی بە هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاشتی دا کرد لە ناوچەکە. هەەروەها ئەگەری بەرەوپێشچوونی پەیتا پەیتا بەرەو سەقامگیری و پاراستنی ماف لە ڕێگەی ئاشتیەوە.

دەرئەنجام
دیالۆگی نێوان دلاوەر عەلائەدین و سەلاحەددین بەهائەدین بە ڕاشکاوانە بەربەستی بنچینەیی و کەلتووری ڕوونکردەوە کە ڕووبەڕووی پرۆسەی حوکمڕانی و ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە لە هەرێمی کوردستاندا. تێڕوانینەکانی سەڵاحەددین بەهائەدین جەختیان لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا پارتە دەسەڵاتدارەکان بەرپرسیارێتی سەرەکی سستبوونی پرۆسەی چاکسازی سیاسی لە ئەستۆ دەگرن. بەڵام ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت بەسەر پەرتەوازەیی زاڵ بێت و فێربێت بە یەکگرتوویی و ئارامگرتن و پێگەیشتوویی مەدەنی، بەکار بهێنێت.
بانگەوازی ئەمینداری یەکگرتوو بۆ پەیوەندییەکی هێمن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت و دەسەڵات، وەک وەبیرهێنانەوەیەک بۆ ئەوەی کە ڕیفۆرمی دیموکراسی لەکوردستاندا پێویستی بەداڕشتنەوەی دامەزراوەیی و نوێکردنەوەی کەلتووری هەیە.
دیداری مێری 2025
ئۆپۆزسیۆن و حوکمڕانی و چاکسازی سیاسی لەهەرێمی کوردستانی عێراق

