Back

پەیامی رێكخەری كۆڕبەند

پەیامی رێكخەری كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق

 

ناوچەی لێڤانت و عێراق یەکێک لە ئاڵۆزترین و دەوڵەمەندترین هەرێمەكانی جیهانە و لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە یەکێکیە لە ناوچە هەرە لێكترازاوەکان. ئەو ناوچەیە بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدای بەرفراوان دەبێتەوە، لەوانە ململانێی درێژخایەن، ناسکی و لەرزۆكی دەوڵەت، گەشەنەکردنی ئابووری و دابەشبوونی قووڵی کۆمەڵایەتی. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی رەوتی کاردانەوەکان تێپەڕێندرێت و لەبری ئەوە دیدێکی بنیاتنەر و پێشبینیکراو بۆ داهاتووی ناوچەکە لە قاڵب بدرێت.

ئەمە بنەما و پاڵنەری پشت دامەزراندنی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق بوو، كە لە 30 ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری هەولێری هەرێمی كوردستانی عێراق و لە میانی دیداری ساڵانەی ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (دیداری مێری) راگەیەندرا. ئەو كۆڕبەندەی لەلایەن کۆمەڵێک دامەزراوەی بیرکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتانی لێڤانت و عێراقەوە پێکهێنراوە، و دەستپێشخەرییەکی مەزن و هەوڵێکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری ناوچەیی و کاریگەریی سیاسەتی پێكڕایی.

کۆڕبەندەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ببێتە تۆڕێکی گەشەسەندوو بۆ لێكبەستنەوەی دامەزراوەکانی بیرکردنەوە و پۆڵەسی، و ببێتە سەکۆیەکی ناوازە بۆ دیبەیت و كاری هاوبەشی نێوان داڕێژەرانی سیاسەت، توێژەران، سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. ببێتە مایەی دابینكردنی كەشێكی زیندوو بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر و داڕشتنی پۆڵەسی لەسەر بنەمای بەڵگە و چارەسەرکردنی کێشەی هاوبەش. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و دیبەیت و داهێنانی هاوبەشەوە، كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق كار بۆ پێشخستنی ئاشتی، خۆڕاگری و گەشەپێدانی بەردەوام لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەكات.

ئامانجە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە بریتین لە برەودان بە پێشوەچوونی کۆمەڵایەتی و ئابووری و یەکگرتنی قووڵتری ناوچەیی. هەوڵدەدات بۆ: (أ) دەستنیشانكردنی بەها، ئاوات و تەحەددیاتی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکەدا، ئەویش بۆ داهێنانی ئاستێكی بەرز لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ناسنامەی هاوبەش؛ و (ب) پێشخستنی ستراتیژی گشتگیر بۆ گفتوگۆ، هاوکاری ئابووری، ئەنجامدانی پڕۆژەی سنووربەزێن و داهێنانی پۆڵەسی.

كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق لە رێگەی سەرکردایەتی خۆماڵي (ناوچەیی) و ڕێکخەرانی نیشتمانی بە شێوەیەکی خولاو بەڕێوەدەچێ، هاوكات لەسەر بنەمای سەربەخۆیی دامەزراوەكان، هاودەنگی و دیدی هاوبەش کاردەکات. كۆڕبەندەكە پشتگیری لە دەستپێشخەرییە نەرمەكان دەکات کە ئەندامان سەرپەرشتی دەکەن و پێشوازی لە دامەزراوە هاوكارەكان دەكات كە ببنە ئەندامی فیعلی (بۆ ئەوانی ناوچەكە) یان فەخری (بۆ نێودەوڵەتیەكان). لە ڕێگەی كۆنفرانسی ساڵانە و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە هاوبەشەکانەوە، کۆڕبەندەکە برەو بە کاریگەرییەتی پێكەوەیی دەدات و هەماهەنگی و هاوكاری ناوچەیی بەهێز دەکات.

قۆناخێكی گرنگ لە گەشەی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق بریتی بوو لە كۆنفرانسی یەكەمی دوای راگەیاندن، كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە 2 ی حوزەیرانی 2025 بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە بە هاوبەشی لەلایەن ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە و سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی زانكۆی ئوردون و کۆنراد ئەدیناوێر شتیفتونگی ئەڵمانیەوە ڕێکخرا. ئەو كۆنفرانسە بژاردەیەكی فراوانی هاوبەشە ناوچەییەكانی کۆکردەوە بۆ داڕێژتنەوەی دیدگای درێژخایەنی کۆڕبەندەکە، چەسپاندنی چوارچێوە ڕێکخراوەییەكەی، لێکۆڵینەوە لە تەحەددا سیاسیە هەنووكەییەكان و نەخشەكردنی ڕێگایەک بۆ پڕۆژەی هاوبەش.

ئەم ڕاپۆرتەی بەردەستان پوختەیەك لە ڕێوشوێنەکان دەخاتە ڕوو، لەگەڵ شیکاری قووڵ و ڕاسپاردەکانی پۆڵەسی کە لە کۆبوونەوەی عەماندا باسکران. هیوادارم ئێوە و دامەزراوەکەتان و هاوکارە ئەکادیمییەکانتان سوود لە زانیاریەكان وەربگرن. لە هەمووی گرنگتر، هانی هەموو لایەك دەدەم کە لەگەڵ ئەندامانی كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق پەیوەندی بکەن و پشتگیری لە هەوڵە بەکۆمەڵەکان بکەن بۆ پێشخستنی ئامانجە هاوبەشەکانی كۆڕبەندەكە.

لێرەدا بە شایستەی دەزانم كە سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەم ئاراستەی ئەو کەسایەتییە دیارە زۆرانە بکەم کە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا سەرکەوتنی، پاڵپشتی كۆڕبەندەكەیان کردووە، دیارترینیان ئەلحەسەن بن تەڵال، شازادەی ئوردن، کە پشتگیری ڕاستەقینەی بۆ دەستپێشخەرییەکە ئیلهامبەخش بووە. سوپاسێکی دڵسۆزانەم ئاراستەی هەموو هاوکارەکانم دەکەم کە بە بەخشندەیی بیرۆکەکانیان بەیەکەوە باسکرد و هەر لەسەرەتاوە ئامادەیییەکی بەهێزیان بۆ بەشداریکردن نیشان دا. سوپاسی تایبەت پێشكەش بە بەڕێزان سەعید ئەلمەسری (مەكۆی بیری عەرەبی)، عەمار قەحف (سەنتەری عومران بۆ توێژینەوەی ستراتیژی)، لوقمان ئەلفەیلی (باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا)، و هیوا عوسمان (+964 میدیا) دەکەم بۆ بەشداری چالاکانەیان لە پانێلی راگەیاندنی کۆڕبەندی لێڤانت و عێراق لە چوارچێوەی دیداری مێری 2024.

سەبارەت بە كۆنفرانسە سەرکەوتووەكەی عەممان، سوپاسی سەرجەم بەشداربووان دەکەم بۆ تەرخانكردنی كاتیان و بەشداریی فیکرییان. سوپاسی کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتونگ دەكەم بۆ سپۆنسەرکردن، و سەنتەری دیراساتی ستراتیژی زانكۆی ئوردون بۆ میوانداریکردنی كۆنفرانس. سوپاسی بەڕێزان حەسەن ئەلمومانی و ڕانیا مەشعەل لە سەنتەری دیراساتی ستراتیژی و ئێدمۆند ڕاتکا و لەیان ئونیس لە كۆنراد ئەدیناوەر دەكەم بۆ ماندووبوون و بەشدارییە بەنرخەکەیان. سوپاسی هاوکارانم بەڕێزان خۆگر وریا و فوئاد سمایل دەکەم بۆ تۆماركردن و نووسینەوەی پانێلەكانی كۆنفرانس.

دلاوەر عەلائەدین
ڕێکخەری کۆڕبەندی شام و عێراق
سەرۆکی ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI)

راپۆرتی كۆڕبەندی لێڤانت و عێراق