Back

گەڕان بەدوای وەهمەکان لە سوریا: گرەوی تورکیا لەسەر پەیەدە

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تورکیا دەستیکرد بە بۆردومانکردنی باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراسی (پەیەدە)، کە بە یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە) ناسراوە، لە هەوڵێکی دراماتیکی بۆ ڕاگرتنی هەوڵەکانی پەیەدە لە فراوانکردنی ناوچەی ئەفرین لە بەرەی ڕۆژهەڵات بەرەو عەزاز.

دەسەڵاتدارانی تورکیا بانگەشەی ئەوەدەکەن کە ئەو بۆردومانانە بەمەبەستی بەرپەچدانەوەی هێرشی هاوبەشی “پەیەدە/پەکەکە” یە بۆسەر بنکەی ئەکجەباگلەر کە نزیک پارێزگای کیلیسی تورکیا. بەڵام لە هەمان کات، حکومەتی تورکیا و سەرۆک وەزیران، ئەحمەد داودئۆغلۆ، داوای لە هێزەکانی پەیەدە کرد کە لە بنکەی ئاسمانی سەربازی میناگی نزیک لە عەزاز لە سوریا، پاشەکشە بکەن کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستیان بەسەریان داگرتووە.

Azaz Area

سەرچاوە: ئینستیتیوتی دیراساتی جەنگی، ١٣ شوبات ٢٠١٦

بارودۆخی ڕووداوەکە هەرچۆنێک بووبێت، بەڵگەنەویستە کە تورکیا تەنیا بەرپەچی هێرشی بانگەشەلێکراو ناداتەوە، بەڵکو ئێستا دەستیکردووە بەجێبەجێکردنی هەڕەشەکانی لەدژی پێشڕەویەکانی یەپەگە بۆ عەزاز و هێڵی سنووری جەڕابلووس، کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە لایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، جگە لە بەشێکی بچووکی وشکایی دەوروبەری عەزاز و تەل ڕیفعات نەبێت. ئەم ناوچە بچووکەش، خاڵی سەرەکی “پەتی ڕزگاربوونە” لە نێوان تورکیا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە شەڕی ئەسەد دەکەن بە پاڵپشتی تورکیا.

دواتر، جێگری سەرۆک وەزیران یاڵچن ئاکدۆغان وتی، “بەرەوپێشچوونەکانی پەیەدە بەرەو عەزاز و دروستکردنی فشاری ڕاستەوخۆ لەسەر حەلەب و تەل ڕیفعات کارێک نیە کە چاوپۆشی لێبکرێت. ئۆپۆزسیۆن پێشتر لەوێیە و هێزەکانی ڕژێم و پشتیوانی ڕوسیا ناوچەی باکووری حەلەب یان کۆنتڕۆڵ کردووە. ئەمەش بارودۆخێکی هەستیاری دروستکردووە”. هێزە کوردیەکانی سوریا ئاواتەخوازن کە داعش لە عەزاز و هێڵی سنووری جەڕابلووس بۆ لکاندنی کانتۆنی عەفرین لەگەڵ بەشەکانیتری ڕۆژئاوا. لەکاتی ڕوودانی ئەمە، پێویستە تورکیا ڕێکەوتنێکی کاتی لەگەڵ پەیەدە لە باکووری سوریا بدۆزێتەوە، سەرەڕای سیاسەتەکانی لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ پەیەدە وەک رێکخراوێکی تیرۆریست.

لەهەمان کات، سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە)، هەست بە بێچارەیی و بێدەسەڵاتی دەکات لە بەرامبەر پاڵپشتی سەربازی ڕووسیا بۆ ڕژێمی ئەسەد، کە ئاراستەی شەڕی ناوخۆی لە سوریا، گۆڕیوە. گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە تورکیا لە باکووری سوریا پاڵپشتیان دەکات لە دژی ئەسەد لە پاشەکشەی تەواون و لەنێوان هێزەکانی داعش لە ڕۆژهەڵات و هێزەکانی ئەسەد لە باشوور و هێزە کوردەکانی سوریا لە ڕۆژئاوارە، گەمارۆدراون.

شکستی چاوەڕوانکراوی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری سوریا، دەرفەتێکە بۆ سەرکردایەتی تورکیا بۆ پێداچوونەوە بە دووفاقیی تورکیا لە ناوخۆ و لاوازی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە سوریا. حکومەتی ئەکەپە، بە بەردەوامی کەمپەین و بانگەشەی بۆ لادانی ئەسەد و تێکشکاندنی داعش و لاوازکردنی پەیەدە، کردووە. ئەم سێ ئامانجە ستراتیژیە، دژ بە یەکترین، بە لەبەرچاوگرتنی واقیعەکان لەسەر مەیدان. ئەم ئامانجە هاوتەریبانە تیشک دەخەنەسەر ئەو ڕاستیەی کە چۆن تورکیا خۆی لە ئەولەویەتدان بە پرسەکان، بەدوورگرتووە.

ئەگەر تورکیا لابردنی ئەسەد هەڵبژێرێت، پێویستە هەوڵە سەربازی و دیپلۆماسیەکانی هاوتای (هاوتەریبی) ئەمریکا بێت، بەتایبەتی کە ئێستا دانووستانی بەردەوام هەیە لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا بۆ ئاگربەست لە سوریا.

ئەم دانووستانە سەرەتاییانە دەبنەهۆی زەمینەسازی بۆ گفتوگۆی زیاتر لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەربارەی ئایندەی سیاسی سوریا، لەنێویدا ئایندەی ئەسەد. بەڵام، تاوەکو داعش لەناو نەبرێت یاخود بەلایەنی کەم سنووردار نەکرێت لە ڕووبەرێکی بچووک لە سوریا، ناکرێت گفتوگۆی جیدی لەسەر ئایندەی سیاسی سوریا دەستپێبکات، وە ئەسەد و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە برەودان بە وێنەی سوریا بە ڕژێمێکی کەمتر دڕندە. بۆیە پێویستە تورکیا نیازچاکی پیشانبدات بە دانپێنان بە پەیەدە و گفتوگۆکردنی ڕێگاکانی هەماهەنگی لە شەڕی دژ بە داعش. لە کاتی ئێستا، تەنیا پەیەدە دەتوانێ بەشێوەیەکی کاریگەری داعش لە باکووری سوریا ڕیشەکێش بکات. بەدڵنیایەوە پەیوەندی نزیکی نێوان پەیەدە و پەکەکە پێویستی بەوە دەکات کە تورکیا پرۆسەی ئاشتی ناوخۆ لەگەڵ کورد، بەگەڕ بخاتەوە. ئەمەش پرۆسەیەکی ناسک و زەحمەتە کە پێویستی بە وەبەرهێنانی سەرمایەی سیاسی لە ناوخۆ هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە سەربازیکردنی دۆزی (کێشەی) کورد لە تورکیا.

ئەگەر، بەپێچەوانەوە، تورکیا پەیەدە بە هەڕەشەیەکی سەرەکی و ئامانجی سەرەکی بریتیە لە لاوازکردنی ڕۆڵی پەیەدە لە ناوچەکە، لەوانەیە دەرئەنجامەکەی بەهێزکردنی ڕۆڵی داعش وەک بەرهەڵستکاری پەیەدە بێت. ئەمەش تورکیا لە پاڵپشتی هەوڵەکانی دژی داعش دوور دەکاتەوە و مەترسی پەراوێز خستنی تورکیای لە بازنە و نێوەندە ڕۆژئاواییەکان دەبێت.

بەڵام، ئەگەر، تورکیا بیەوێت لەسەر هەردوو ئامانجە ستراتیژیەکەی داعش و پەیەدە کاربکات، ئەوا ئەوکات پێویستی بە تەدخولی سەربازی لە باکووری سوریا دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی. پێویستە بووترێت کە ئەمریکا و ئەندامانی ناتۆ پاڵپشتی هێزی زەمینی لە سوریا ناکەن، بەهەمان شێوە ناردنی سەربازی تورکیا کارێکی نەخوازراوە. ئەگەر تورکیا بیەوێت ئەم بژاردەیە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەیە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی لەگەڵ رووسیا لەسەر خاکی وڵاتێکی تر لێ بکەوێتەوە، کە ئەوکات ئەستەمە بۆ تورکیا داخوازی جێبەجێکردنی ماددەی ٥ی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی بکات. زۆر بەڕوونی لە ماددەی ٦ لە ئەو پەیماننامەیەدا هاتووە کە “بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ٥، هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەندامێک یاخود زیاتر لەئەندامێک پێویستە هێرشی سەربازی بۆسەر خاكی هەر ئەندامێک لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکا، یاخود ناوچە مەغریبیەکانی [ژێر ئیدارەی] فەڕەنسا، یا هێزی داگیرکەری هەر لایەنێک لە ئەوروپا، بۆ سەر دوورگەکانی ژێردەسەڵاتی هەروڵاتێکی تر لە ناوچەی باکووری ئەتڵەسی لە قوتبی باکوور یاخود لەسەر کەشتی و فرۆکەی هەر ئەندامێک لەو ناوچایە، لەخۆبگرێت”.

بۆیە، هێرشکردن بۆ سەر خاکی سوریا نابێتە هۆی جێبەجێکردنی ماددەی ٥ لە بەیاننامەی باکووری ئەتڵەسی. لە کۆتاییدا، سەرکردایەتی ئەکەپە چەند بژاردەیەکی کەمی لە بەردەستە، وە پێویستە ئامانجە ستراتیژییەکانی لە سوریا ڕوونبکاتەوە بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستیە مەیدانیەکان. بەهەمان شێوە، پێویستە تورکیا ئەوە لەبەر چاو بگرێت کە ئەمریکا و ڕووسیا پرۆسەیەکیان دەستپێکردووە کە بەنیازن لەڕێگەیەوە دوا قۆناغی سوریا کۆنتڕۆڵ بکەن. بۆیە پرسیاری سەرەکی بۆ سەرکردایەتی ئەکەپە بریتیە لەوەی کە ئایا بەدواکەوتنی وەهمەکان – یاخود ئامانجی ئەستەم لە سوریا چۆن دەتوانێت خزمەتی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکات؟

Comments are closed.