Back

تورکیا و پرسی کورد: فاکتەر یەکێتی ئەوروپا

لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە ڕەنگدانەوەی خواستی هاوبەشی نێوانیانە بۆ بوژاندنەوەی پرۆسەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا و هەماهەنگی لەبوارەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش، وە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بازرگانی و ووزە و بەهەمان شێوە قەیرانی پەناهەندە سوریەکان. ئەم ڕێککەوتنە دوای چەندین ساڵ دێت لە بنبەستی پرۆسەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا وە جەخت لەسەر خواستی گەشەسەندووی هەردوولا دەکاتەوە بۆ ژیاندنەوەی پرۆسەیەکی دژواری دانوستان بە ئامانجی بە ئەندامبوون، لەو کاتەی کە هەماهەنگی نێوانیان لە چەندین بواری دیاریکراو پەرەدەسێنێت. هەرچەندە پێدەچێت کە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە تا ئاستێکی بەرچاو سوود بە بەرژەوەندی کورت خایەن و درێژخایەنی هەردوولا بگەیەنێت، بەڵام ناسەقامگیری پەرەسەندووی ناوچە کوردیەکانی تورکیا پشتگوێ دەخات، کە دوا بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٧ حوزەیرانی تورکیا بەرەو هەڵاوسان چووە. پێویستە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا نیگەران بن بەوەی کە دژواربوون و ئاڵۆزبوونی پرسی کورد و بارودۆخی تورکیا نەک تەنیا ناسەقامگیرتر دەکات، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر قەیرانەکانی تری ناوچەکە لە عێراق و سوریا و کاریگەری دژواری لە سەر قەیرانی پەناهەندەبوون لە سوریا هەبێت، کە ترسێکی زۆری لای بڕیاردەرانی یەکێتی ئەوروپا دروستکردووە.

هەنگاوەکانی پێشووتر بەرەو فرەیی سیاسی و کەلتووری

ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم حکومەتەکانی تورکیا لە ڕابردوو بریتی بووە لە وازهێنان لە چەمکی یەکگرتوویی و یەک نەتەوەیی ناسنامەی نیشتیمانی تورکیا کە نکۆڵی و ڕێگری لە ناسنامەی ئێتنی و کەلتووری کۆمەڵگا و دانیشتووانی کورد لە تورکیا کردووە. دەستنیشانکردنی تورکیا وەک کاندیدێک بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ١٩٩٠ دەرفەتی ڕیفۆرمی دیموکراسی و چارەسەرکردنی دۆزی کوردی لە تورکیا لە ڕێگەی دیالۆگی و دانوستانی سیاسی هێنایە ئاراوە. لە دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە، هەندێک بەرەوپێشچوون لە بواری دانپێنان بە مافە کەلتووریەکانی کۆمەڵگای کوردی وەک کردنەوەی پرۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی لە چوار زانکۆ و مافی کامپەینکردن بۆ هەڵبژاردن بە زمانەکانی تر، کە لە ساڵی ٢٠١٣ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام، دوایین ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەربارەی تورکیا دەریدەخات کە “بەربەستی یاسایی لە بەردەم خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان بەردەوامی هەیە. فێربوون جگە لە زمانی تورکی ڕێگە پێنەدراوە تەنیا لە قوتابخانەی کەمینەکان نەبێت”.

شکاندنی بازنەی پێوەندی سەربازی

لە ئێستادا، ئەو ئاگربەستەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕاگەیاندرا و دواتر پرۆسەی ئاشتی بەدوای خۆیدا هێنا، شکستی هێناوە. دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە دەستیان کردۆتەوە بە شەڕ و پێکدادان لە ناوچە کوردیەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە هەزارەها خەڵکی مەدەنی تێیدا نیشتەجێن. بەسەربازی کردنی پرسی کورد وردە وردە تورکیا دەگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی ناسەقامگیری ئەمنی لە ساڵانی نەوەدەکان. لە ئاگادارکردنەوەیەک دا، ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بەوە دەکات کە “پەلامارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر شارە کوردیەکان و دەوروبەریان، کە قەدەغەکردنی هاتووچۆی بەردەوام و پچڕاندنی خزمەتگوزاریەکانی لەخۆ گرتووە؛ ژیانی نزیکەی ٢٠٠ هەزار خەڵکی خستۆتە مەترسیەوە و ئەم هەنگاوەش بە سزادانی بە کۆمەڵ هەژمار دەکرێت”. بۆیە زۆر گرنگە کە بەپەلە ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی هەردوولا وردە وردە بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان. ئاشکرایە، کە کەمی متمانە لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەهەمان شێوە، ڕەشبینی بەرچاو لەنێو دامەزراوەکانی پارتی داد و گەشەپێدان و خەڵک و پەکەکە دەربارەی هەر چارەسەرێکی سیاسی لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە. ئەگەر ئەم ڕەشبینیە ببێتە باوەڕ، زۆر ئەستەم دەبێت کە ئەم هەوڵە سەربازیە بەرامبەر بە پرسی کورد بشکێندرێت.

پێویستە یەکێتی ئەوروپا بەشداربێت لەم پرسە – بەهۆی بەرژەوەندییەکانی

لەم دۆخەدا، پێویستە یەکێتی ئەوروپا بەخێرایی و بەیەکگرتوویی بە ویستێکی پتەوەوە لەسەر ئەم پرسە کاربکات و یارمەتیدەربێت لە نزیککردنەوەی هەردوولایەن لە پرۆسەیەکی ئاشتی کە برەو بدات بە دیموکراسی کردنی تورکیا و لامەرکەزیەتکردنی دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە کردەوە توندوتیژیەکان لە تورکیا. پێویستە ستراتیژیەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ڕووی دروستکردنی کاریگەری و مەرجداری و گەشەی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی کارا بەگەڕ بخرێت. لە هەر دۆخێکی تردا، یەکێتی ئەوروپا خۆی لە پێگەیەکی مەترسیدارتر دەبینێتەوە: دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕە لەسەر ناوچە کوردیەکانی تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ناوچەکانی تر لە سوریا و عێراق دەبێت. تێکەڵ بوونی ئەم ناوچانە و لەگەڵ ناوچەکانی تری ژێر کاریگەری ململانێ و دابەشبوونی سیاسی، بەدەنگەوە هاتنی یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زەحمەت تر دەکات و دەرئەنجام دەبێتە هۆی پەناهەندەبوون و گیان لەدەستدانی زیاتری خەڵک.

Comments are closed.