وردهكاری زياتر لهو راپۆرتهدايه به زمانی ئينگليزی
ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی و ڕوانگەیان لەسەر ململانێ و ئایندەی ئاشتەوایی لە دوای هاتنی داعش لە ٢٠١٤. ئەو توندوتیژییەی لە لایەن داعشەوە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدییەوە ئەنجامدرا، لەگەڵ ناڕەزایی و گلەیی مێژوویی درێژخایەنيان، وایکردووە بۆچوون و هەڵوێستی ئهو كۆمهڵگهيه لەسەر چەمکی ئاشتەوایی لە ئایندەی سەقامگیری عێڕاق گرنگ بێت. بە تیشک خستنە سەر پرسیاری ئەوەی کە ئاشتەوایی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی لە عێراق بە مانای چی دێت. ئەم لێکۆڵینەوەیە ناڕەزاییەتییەکانی ڕابردوو و ئەم دواییە، وه ململانێ و گرژییەکانی نێو خودی کۆمەڵگەکە وهيان لهگهڵ پێكهاتهكانی دیکەدا دهخاته ڕوو. ههروهها ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئێزيدی لەسەر ململانێ و چەمکی ئاشتەوایی نيشان دهدا.
ئەم ڕاپۆرتە پێی وایە كه پێویستە لايهنهكان خۆبەدوور بگرن لەسەپاندنی پێناسە بەکارهێنراوەکانی ئاشتەوایی لە سەر سياقی کۆمەڵگەی ئێزیدیدا. هەرچەند زاراوەی ئاشتەوایی خۆی هێشتا بە شێوەیەکی تەواو پێناسە نەکراوە، دهبێ بونیادنەرانی ئاشتی و ئەوانەی کار لەسەر هەوڵەکانی ئاشتەوایی دەکەن لە دوای داعش، لە مامەڵەکردنیان ووریا بن و مهبهستيان له پرۆسەی ئاشتەوایی لە بەرنامەکانیاندا به روون و ئاشكرايی دياربێ كه واتای چی دەگەیەنێت . ئەنجامنەدانی ئەو کارە دەبێتە هۆی بە فیڕۆچوونی هەوڵ و خهرجيهكی دارایی زۆر و بەدەستهێنانی کاریگەرییەکی کەم.
جگە لە ئاماژەپێکردنی بە ئاینی ئێزیی، ئەم ڕاپۆرتە سەیری هاوکێشەکانی پێش داعشیش دەکات لە پێناو باشتر تێگەیشتن لە هەڵوێستەکان. بۆیە توێژەرەکان تیشک دەخەنە سەر دوو فاکتەر کە کاریگەری زۆریان لەسەر باری ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێزیدییەکان کردووە: (١) ناسنامەیان وەکو پێكهاتهيهكی ئایینی و ئیتنیکی لە سیستەمی حوکمڕانێتی عێراق، وە (٢) ناکۆکی بەردەوام لەسەر زەوی و زار و ڕکابەری لەسەر سەرچاوەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر.
دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخەن کە ئێزدییەکان بە دەست ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە دەناڵێنن. لە ناوخۆدا، کەمینەیەک لە ئێزیدییەکان سهريان ههڵداوه كه خۆیان وەکو گرووپێکی ئیتنیکی جیاواز لە کورد دەبینن. ئەو هەستە لە نێو خەڵکی شەنگال زیادی کردوو بە تایبەت دوای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی دروستی لە ناوچەکە پەیڕەو نەکردووە. هەروەها ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە کەلێنێک لە نێوان کۆمەڵگەی ئێزیدی و نوێنەرە سیاسییەکانیاندا هەیە. زۆرێک لە ئێزیدییەکان هەست ناکەن کە نوێنەرایەتییان دەکرێت ئەمەش بە هۆی ئینتیمای سیاسی سەرکردەکانیان. جگە لەوە، بوونی ژمارەیەکی زۆری گرووپی چەکداری لە دەشتی نەینەوا، کە پشتگیری بهشێك لە ئێزیدیەکانیان هەیە، ڕەنگە سەربکێشێت بۆ دابڕاندنی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێزیدی لە هەرێمی کوردستان.
لە ئاستی دەرەوەدا، هێرشە توندوتیژەکانی داعش و دەستدرێژی و تاوانی سێکسی بۆ سەر ئێزیدیەکان زیانێکی زۆری به پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەلگەی ئێزیدی و عهرهبی سووننه گەیاندوە. هەروەها حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی دەرناکەون کە پێگەیەکی خوازراویان لە لایەن ئێزیدییەکانەوە هەبێت؛ حکومەتی هەرێم وا سەیر دەکرێت کە بە گشتی بە دوای ئەجێنداکانی خۆیەوەیە، وە حکومەتی عێراقیش وا سەیر دەکرێت کە ئێزیدیەکانی پشتگوێ خستووە.
دەبێت ئاماژە بەوە بدرێ کە چاوپێکەوتنەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٦ ئەنجام دراون، وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەک کە لە لەلایەن ئینستیتویتی ئاشتی ئەمریکی (USIP) تەمويل کرابوو. هەر بۆیە ئەم ڕاپۆرتە بۆ ئەو ئینیستیتویتە ئەمریکیە ئامادە کرابوو لەوکاتەدا، بەڵام ئینیستیتویتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) باوەڕی وایە بڵاوکردنەوەی دەرەنجاماکانی ئەم ڕاپۆرتە لەم کاتەدا و فەراهەمکردنی بۆ خەڵک یارمەتی ئەوانە دەدات کە دەیانەوێت بزانن کێشە و ناڕەزاییەکانی ئێزیدییەکان چین و چۆن لەم قۆناغەدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. هەرچەند بەشێک لە تێڕوانین و بۆچوونەکانی بەشداربووان بە هۆی ڕووداوەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، دەرەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە وەکو جۆرێک لە دۆکیومێنتکردنی نەهامەتی کۆمەڵگەی ئێزیدییە لە عێراق.