لە دەرئەنجامی شڵەقانی سەرجەم هاوكێشە سیاسی و ئەمنییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەریكە زەمینەی دەرەكی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی باشووری كوردستان خێرا ئامادە دەبێ. چاودێرە دەرەكییە دۆست و نەیارەكان خەریكن خۆیان لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی لەدایكبوونی یەكەم دەوڵەتی كوردی رادەهێنن. لەوەدا رەنگە هەرێمی كوردستانی باشوور تاكە كاندید بێ بۆ بەدەوڵەتبوون لەو چەرخەی ئێستادا، ئەگینا ئەو زەمینەیە بۆ هیچ نەتەوە و كیانێكی دیكە جارێ ساز نەبووە.
ئەوە بەو مانایە نییە كە بەدەوڵەتبوونی هەرێمی كوردستان بووەتە ئەمری واقیع و دەرئەنجامێكی مسۆگەر، چونكە هێشتا بەربەستی دەرەكی و ناوەكیی گەورە لەئارادانە و بە ئاسانی لاناچن. گەورەترینیان بریتییە لە لێكترازانی ناوەكیی هەرێم كە لەوانەیە دواجار ببێتە هەڕەشەیەكی مەزن لەسەر پڕۆسەی سەربەخۆبوون لە پێش و پاش بەدەوڵەتبوون. واتە، كاروانی سەربەخۆیی بە راگەیاندنی دەوڵەت كۆتایی نایەت، بەڵكو لەوێوە دەستپێدەكات، چونكە بەدەوڵەتبوون بۆ ئەوەیە كە سەقامگیری لەسەر ئەو پارچە نیشتیمانە بۆ هاووڵاتیان مسۆگەر بكات، بەڵام ئێستا ترسی ئەوە هەیە كاروانی سەربەخۆبوون بەهۆی سیاسەتی ناوەكیی كوردی رووبەرەو هەڵدێر بەلاڕێدا بچێ. مێژووش سەلماندوویەتی كە كورد بۆ لەدەستدانی دەرفەت هەرگیز پێویستی بە دوژمنی دەرەكی نەبووە.
بیست ساڵ لە لێكترازان
ئەمساڵ بیست ساڵ بەسەر یەكەم لێكترازان و جێگیربوونی سنووری نێوان زۆنی زەرد و سەوزدا تێدەپەڕێ. لە بیری كەسدا نەبوو كە دوایین هێڵی تەماسی نێوان هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 1996، دەبێتە سنوورێكی هەمیشەیی جیاكەرەوە لە نێوان دوو سیستەمی حوكمڕانی (سیاسی و ئیداری و ئابووری و ئەمنی). ئەو سنوورەی لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و گۆڕانی هاوكێشە سیاسییەكان كاڵ نەبووەوە، بەڵكو دوای رووخانی رژێمی بەعس ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكانیش بەسەر ئەو دوو زۆنەدا دابەش بوون.
ئێستاش لەوە ناچێ لە ئایندەیەكی نزیكدا موعجیزەی نوێ رووبدات و دامەزراوەكانی حوكمڕانی بەنیشتیمانی بكرێن و ئەو دوو زۆنە لە هەناودا تێكەڵ ببنەوە. بە پێچەوانەوە، دەستكەوتەكانی كە لە 10 ساڵی رابردوودا وەدەستهێنراون، قابیلی گەڕانەوە بۆ دواوەن، جا بە ویستی – یان بە هەڵەی – خودی سەركردەكان بێ و یاخود بە هاندانی نەیاران. خۆ لەكاتی ناكۆكیەكاندا سەركردەكان (هی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن) بژارەی دوو ئیدارەییان هەمیشە وەك كارتی فشار، یان وەك هەڕەشە لە گفتوگۆكانیاندا بەكارهێناوە.
قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم و زێدە لێكترازان
ناكۆكییە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان ریشەی مێژووییان هەیە و كێشەی زۆریان بۆ دۆزی كورد دروستكردووە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوانی كابینەی هەشتەم، هیوا وابوو كە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەدرێتەوە و لەڕێگەی بەدامەزراوەییكردنی هەرێمەوە، كەلێنەكان پڕبكرێنەوە. كەچی زۆری نەبرد، قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم هێزە سیاسییە سەرەكیەكانی كردە دوو بەرە، پارتی لە بەرەیەكیان بەتەنیا و چوار حیزبە سەرەكیەكەی دیكەش لە بەرەی بەرامبەر.
ئەگەرچی دەبووایە دابەشبوون بەسەر ئەو دوو بەرەیە لە ئاستێكی نیشتیمانیدا بووایە بەبێ رەچاوكردنی سنووری جوگرافی، بەڵام كاتێ كە گفتوگۆكان گەیشتنە بنبەست، كاروكاردانەوەی نێوان گۆڕان و پارتی بەوە كۆتایی هات كە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان ئاودیوی زۆنی سەوز كران، سەرباری ئەوەی كە گۆڕان خۆی لە ململانێدا بووە لەگەڵ دەسەڵاتی حوكمڕانی ئەو زۆنە. ئەوەش بیرهێنەرەوەیەكە كەوا،
یەكەم: سیستەمی دوو ئیدارەیی هەرێمی كوردستان زیندووە و بزووتنەوەی گۆڕانیش وەك یەكێتی لە زۆنی زەرددا میوانە
دووەم: دامەزراوە نیشتیمانیە هاوبەشەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت ئامرازی دەسەڵاتن نەك دامەزراوەی دەسەڵات.
سێیەم: كاروانی نیشتیمانسازی هەمیشە قابیلی گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان.. خولێكی نوێی هەمان یاری
لە 17ی مایسی ئەمساڵدا بزووتنەوەی گۆڕان، لە دوای ماوەیەك لە بێدەنگی و گۆشەگیری، پڕۆژەیەكی پێشتر لەبیركراوی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی زیندوو كردەوە و رێككەوتننامەیەكی ستراتیژی لەگەڵدا واژوو كرد. لەو رێككەوتنەدا، جەخت لەسەر زۆربەی ئەو ئامانجانە كراوەتەوە كە پارساڵ بەشێك بوون لە پێداگیرییەكانی بەرەی چوار حیزبەكە لە بەرامبەر پارتیدا. ئەگەرچی لە چوارچێوە و چەندین بڕگەی نووسراودا رێككەوتننامەكە گشتگیر و دوورمەودایە، بەڵام لە روح و ناوەڕۆكدا دیارە كە بە رەچاوكردنی خولێكی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ پارتیدا نووسراوەتەوە. گرنگیی ئەو بابەتە لەوەدایە كە یەكێتی (دەسەڵاتدارەكەی زۆنی سەوز) لەگەڵ نەیارە سەرسەختەكەی دوێنێی (گۆڕان) هاوڕایە و رێككەوتننامەكە لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێ.
پارتیش لەبەرامبەردا، وەك چاوەڕوانكراو بوو، پێشوازییەكی پۆزەتیڤی لەو رێككەوتنە نەكرد، بەڵكو زوو رایگەیاند كە هێشتا ئامادە نییە پەرلەمان بە پێشمەرجەكانی گۆڕان كارا بكاتەوە و سازش لەسەر دەسەڵاتەكانی بەردەستی بكات. بەو پێیە، دیارە كە بنبەستە سیاسییەكەی ئێستا جارێ بەردەوام دەبێ و ماڵجوداییەكە بۆ ماوەیەكی درێژتریش دەق دەگرێ.
دەرئەنجامەكانی بنبەست
تا ئێستا، بنبەستی سیاسی و حوكمڕانی بە زیادەوە درێژەی كێشاوە. ئەگەرچی حكومەت و دامەزراوەكانی لە كارەكانیان بەردەوامن، بەڵام ئەو درێژەپێدانە گەورەترین زیانی بە پرۆسەی حوكمڕانی گەیاندووە. لە ئاستی ناوەكیدا خەڵكی هەرێمی بێهیوا كردووە و متمانەی بە سەركردەكان زۆر لاواز كردووە. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پێگەی هەرێمی لاواز كردووە و دیپلۆماتە بیانییەكان نایشارنەوە كە ئەگەر شەڕی داعش نەبووایە ئەو سۆزەی جاران لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەدەما. بەڵام دەرەنجامی زۆر لەوە خراپتر بەڕێوەیە، ئەگەر بنبەستەكە چارەسەر نەكرێ.
گرێكۆرەی پەرلەمان
سڕكردنی هەر پەرلەمانێك، لە باشترین حاڵەتدا، دەبێتە مایەی لاوازبوونی پاڵپشتییە یاسایی و شەرعییەكانی حوكمڕانی، چجای پڕۆسە چارەنووسسازەكانی وەك هەڵبژاردنی گشتی و ریفراندۆم و بەدەوڵەتبوون.
هەڵبژاردنی گشتی لە ئێستادا بە بەشێكی گرنگی چارەسەركردنی بارودۆخ دادەنرێ بەو هیوایەی لە رێگەیەوە پارسەنگەكان و هاوپەیمانێتییەكان، هەروەك كاراكتەرەكانی ناو پەرلەمان و حكومەت، گۆڕانكارییان بەسەردا بێت. بەڵام هەڵبژاردنی گشتی، هەروەك ریفراندۆم، پێویستی بە دانانی یاسایەكی نوێ دەبێ كە ئەوەش تەنیا لە پەرلەمانێكی كارادا دەردەكرێت.
لە راستیشدا، لەوە ناچێ كە هەڵبژاردنی پێشوەختە یان هی ئاسایی ببێتە بەشێك لە چارەسەر چونكە لەلایەكەوە پێكهاتەی پەرلەمان و ئاستی ئەدای پەرلەمانتاران هەمیشە رەنگدانەوەی قۆناغی گەشەكردنی توێژە حوكمڕانەكە بوونە و چاوەڕوانی ئەوەش ناكرێت لەو ماوەیەدا گۆڕانكاریی گەورە بەسەر بیركردنەوەی سیاسی سەركردەكاندا بێت، یان رێژەی دەنگەكان لە خولەكانی داهاتوودا لە هی ئێستا زۆر جیاواز بن.
لەلایەكی دیكەوە، پەرلەمانی كوردستان هێشتا نەبووەتە چەق یان سەرچاوەی بڕیاری حوكمڕانی، بەڵكو بووەتە ئامرازێكی بەردەستی دەسەڵاتداران بۆ بەكارهێنان، یەكتر سزادان یان ئیفلیجكردنی كاری حوكمڕانی. ئەگەر خولی ئێستای پەرلەمان وا بە ئاسانی ئیفلیج بكرێ و پڕۆسەی حوكمڕانیش هەر بەردەوام بێت، ئیتر چی وا دەكات چارەنووسی پەرلەمانی داهاتوو لەمە باشتر بێت.
لێكدابڕانی زۆنی سەوز و زەرد
دەرئەنجامێكی نەخوازراوی درێژەپێدانی بنبەست ئەوەیە كە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە شێوازی ئێستایان بمێننەوە، بەڵام بە هاوتەریبی و لێكدابڕاوی گەشە بكەن، بەوە سیستەمی دوو ئیدارەیی لە ناخدا رەگوڕیشە دابكوتێ و بەدامەزراوەیی بكرێ. واتە هەردوو زۆن وەك دوو هەرێمی لێكدابڕاو بەڵام بە پەرلەمان و حكومەتێكی لاوازكراو لێك ببەسترێنەوە. رەنگە ئەوە وەك جۆرێك لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵات سەیر بكرێت، بەڵام ئەوە كاتێك راستە ئەگەر بەپێی یاسا و رێككەوتنی سیاسی گشتگیر بێت و بەمەبەستی زیاتر كاراكردنی پرۆسەی حوكمڕانی بێت. لە كەشی بنبەستی سیاسی و غیابی پەرلەماندا ئەو جۆرە پڕۆسەیە ئاراستەیەكی سەرلێشێواو وەردەگرێ و دوور نییە دواتر ببێتە هەوێنی دروستبوونی دوو هەرێمی زۆر جیاواز و لێكدابڕاو.
دوو هەرێمی كوردستان لە باشوور
دروستكردنی دوو هەرێم لە كوردستانی باشوور بیرۆكەیەكی نوێ نییە. دەمێكە خەڵكانێك لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق بۆچوونیان وابووە كە باشترین چارەسەر بۆ كێشە و پرسی كەركووك ئەوەیە ئەو پارێزگایە بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ. دیارە ئەو بیرۆكەیە زیاتر لەلایەن ئەو كەسانەوە پشتگیری لێ دەكرا كە نەیاندەویست هەرێم ببێتە دەوڵەت یان بەبێ كەركووك ببێتە دەوڵەتێكی لاواز. بۆیەش ئەو بیرۆكەیە پێشتر لەنێو كورددا رەواجی نەبوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی پڕ لە هەڵەی پێشتری حیزبە سەرەكییەكان لە كەركووك و بەهۆی حاڵەتی بنبەستی سیاسی و قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، ئێستا كوردی كەركووك وەك غەیرە كوردەكان كەوتوونەتە دڵەڕاوكێ لە كوڵتوری حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان.
بێگومان دروستبوونی هەرێمی كەركووك دەبێتە گورزێكی كوشندە لە پرۆژەی سەربەخۆكردن و بەدەوڵەتكردنی هەرێمی كوردستان، چونكە دواتر یەكگرتنەوەی دوو هەرێمی لێكدابڕاو نزیكە مەحاڵە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە بنبەستی سیاسی و دەقگرتنی دوو زۆنی سەوز و زەرد زەمینە بۆ دروستبوونی هەرێمی سەوز بە كەركووك و سلێمانی و گەرمیانەوە خۆش بكات.
بێگومان دروستبوونی هەرێمی سەوز بەبێ دەسپێشخەریی توێژی سیاسەتمەدار و حوكمڕانی زۆنی سەوز نایەتە كایەوە، ئەوانیش ئەگەر بیكەن دوور نییە بڕیارەكەیان بە كاردانەوە لەقەڵەم بدەن بەوەی كە لە 10 ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە هەژموونی پارتی بەسەر دەسەڵاتی بڕیاردان لە هەرێمی كوردستان كاڵ بكەنەوە و دوای سەربەخۆییش رەنگە توانای بەرەنگاربوونەوەی هێزی پارتییان نەمێنێ. رەنگە بەلاشیانەوە ئەو جۆرە سیناریۆیە رێگر نەبێ لەبەردەم پرۆسەی سەربەخۆیی و دواتر دەكرێ پرۆژەیەكی هاوبەش لەنێوان دوو هەرێمی هاوتا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی فیدراڵی كوردستانی پیادە بكرێت. تەنانەت دەكرێت بگوترێ كە ئەو جۆرە دەوڵەتە سەقامگیرتر دەبێ لەوەی بە پەلە و لە دۆخی لێكترازاویی ئێستادا بێتە ئاراوە.
بەڵام كاتێ كە دوو هەرێم دەبنە خاوەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی و سیستەمێكی دادوەریی سەربەخۆ، ئیتر رەوتی گەشەسەندنیان لەگەڵ یەكتر هەرگیز هەماهەنگ نابێ. هەر كەسێك مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی كورد یان وڵاتە عەرەبییەكانی ناوچەكە ئاگادار بێ، دەزانێ كە كێشەی ململانێی بەرژەوەندی لەسەر خاك و سامانی سروشتی و بازرگانیی نێوان براكان، رەنگە دوو هەرێمەكە بكاتە دوو دراوسێی نەیار و لەوانەیە یەكتر نەگرنەوە و بگرە رێگە لە سەربەخۆبوونی یەكتریش بگرن.
ئەگەر سەركردەكانی زۆنی سەوز لە دروستكردنی هەرێمێكی نوێدا دەستپێشخەر بن، ئەوا چەندین هێز و زلهێزی دەرەكی (عێراقی و غەیرە عێراقی) چاوەڕوانی دەرفەتێكن بۆ هاندانی ئەوجۆرە دەرئەنجامە بۆ خاتری پاراستنی یەكپارچەیی عێراق. سیاسەتی دەوڵەتی ئێران و توركیاش رەنگە لەگەڵ ئەو جۆرە بۆچوونە هەماهەنگ بێ و ئەوانە ببنە هاندەری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. زانراوە سیاسەتی ئێران لە كۆنەوە بەو ئاراستەیە بووە كە دەبێ هاوكێشەی دەسەڵات لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەمیشە هاوسەنگ بێ و هیچ كام لەو دووانە نەبنە باڵادەست یان تاكە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان. هاوكات ئێستا باس لە راكێشانی بۆڕی نەوت لە زۆنی سەوزەوە بۆ ئێران دەكرێت، بە هەمان شێوەی بۆڕی نەوتی زۆنی زەرد بۆ ناو توركیا. دەنگۆی هاوكاریی ستراتیژی دوولایەنەی نێوان زۆنی سەوز و ئێران هەیە، بەهەمان شێوازی هاوپەیمانێتییە ستراتیژییە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەكەی زۆنی زەرد لەگەڵ توركیا.
سازان تاكە رێگاچارەیە
نەخشەڕێگای سەربەخۆیی لە ناوماڵەوە دەست پێ دەكات و لەوێش كۆتایی دێت. ئەزموونی وڵاتان سەلماندوویەتی ئەگەر نیشتیمانێكی هەمەڕەنگ لە هەناودا تۆكمە و یەكڕیز بێ، دەتوانێ بەدەوڵەتبوونی خۆی بەسەر دەوروبەردا فەڕز بكات. بە دیوەكەی دیكەدا، هیچ كۆمەڵگایەكی لێكترازاو نەیتوانیوە بە هێزی هەناو ببێتە دەوڵەت و دواتر بەرگەی هەڕەشە ناوەكی و دەرەكییەكان بگرێ. ئەو دەوڵەتانەی كە پێشتر لێكترازاو بوونە و بە بڕیاری زلهێزەكان كراونەتە دەوڵەت، ئەوانە یان لە رێگەی دیموكراسیەتەوە خۆیان پتەوكردووە و درێژەیان بە پێكەوەژیانی پێكهاتەكانیان داوە، یان بە زۆری زۆردار و حوكمی ئۆتۆكراتی پێكەوە لكێنراون و كۆمەڵگا زۆرلێكراوەكانیشیان لە خەباتی ئازادیخوازی نەوەستاون و هەردەم چاوەڕێی دەرفەتی مێژوویی بوونە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەخشەكان.
ئەگەر سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لە بەدەوڵەتكردنی هەرێم جددی بن، دەبێ جارێ رێگە لە لێكترازانی هەمیشەیی ئەم هەرێمە بگرن كە ئەوەش كارێكی زەحمەت نییە و تەنیا پێویستی بە نیەت و ئیرادەیەكی بەهێز و بڕیاری لەخۆبوردووانەی سەركردەكان هەیە. دیارە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی لە ئەستۆی سەركردەكانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمە كە لە ئاستی هەستیاری و ئاڵۆزیی تەحەداكاندا رەفتار بكەن و دوور لە عاتیفە و شەخسەنەكردن و موزایەداتی سیاسی بڕیار بدەن. حیسابی زۆر ورد بۆ بڕیار و دەرئەنجامەكانیان بكەن و رێگە نەدەن بنبەستی سیاسی ئیمڕۆ چانسی بەدەوڵەتبوون لەدەست نەوەكانی ئایندە بدات.
پێویستە بە زووترین كات بنبەستی ئێستا كۆتایی پێ بهێنرێت و سەرجەم حیزبەكان دەست بە خولێكی نوێی گفتوگۆ بكەنەوە. بە هەنگاوی مەلموس و دڵنیاكەرەوە پردی متمانە لە نێوانیاندا بەهێز بكەنەوە. ئەگەر نیەت هەبێ رێگەیەكی گونجاویش دەدۆزرێتەوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و لەوێشەوە دەكرێ ئاسۆیەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی باقی كێشەكان بهێنرێتە كایەوە.
ئەگەر پێكەوە كاركردن لەنێو پەرلەمانی ئێستادا زەحمەت بووبێ، دەكرێ تەنیا بۆ دەركردنی یاسای هەڵبژاردن یان چەند یاسایەكی هەنووكەیی كارا بكرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە رابگەیەنرێت. دەشكرێ هەمان پەرلەمان بە رێككەوتنێكی نوێوە كارەكانی بەردەوام بكات هەتا كاتی هەڵبژاردنی ئاسایی.
لە قۆناغی دووەمدا، پێویستە رێككەوتنێكی گشتگیر و شەفاف لە نێوان حیزبەكان سەبارەت بە ریفراندۆم و پرۆژەی سەربەخۆبوون بكرێت. ئەو پرۆژەیە زۆر لەوە گرنگترە كە دیبەیتی لەسەر نەكرێ یان روانگەكان هاوبەش نەبن. پێویستە پرسیاری ریفراندۆم و كات و سات و شوێنی جوگرافیی ریفراندۆم بەپێی روانگەی هەموو لایەك بڕیاریان لەسەر بدرێ و گەورەترین پشتگیری بۆ مسۆگەر بكرێ تاوەكو گەورەترین چانسی سەركەوتنی بۆ بڕەخسێنرێ.
مەسەلەی دابەشكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و نووسینەوەی دەستوور و یەكلاكردنەوەی سیستەمی حوكمڕانی كێشەی گرنگ و ئاڵۆزن. باشتر وایە لە ئێستاوە خەڵكانێكی ئەكادیمی و پسپۆڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی سەرجەم لایەنەكان دەست بە دیراسەتێكی زانستیانە و واقیعبینانە بكەن و دواتر وەك چەندین پرۆژەی چارەسەر بیانخەنە بەردەم بڕیاردەران بۆ دیبەیتكردن و دواتر رێككەوتن لەسەر ئەوەی هەموویان بە براوە لێی هەڵسن. هەر رێككەوتنێك كە میللەت و نیشتیمان تێیدا براوەی یەكەم بێ ئەوە هەموو لایەك لەگەڵیدا براوە دەبن.