Back

تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی بەدەر لە بارووت پێویستی تری هەیە

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان بۆسەر دەوڵەتی ئیسلامی لە فەللووجە و ڕەقە، هەنگاوی داهاتووش لە موسڵ، زۆرێک لە شیکەرەوان ئاماژە بە سەرەتای کۆتایی هێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن. بەڵام، کێشەیەکی سەرەکی هەیە لەگەڵ ئەم بۆچوونە؛ ئەم هێرشانە هیچ یارمەتیەک پێشکەش ناکەن بۆ چارەسەرکردنی شکستە بنەڕەتییەکان لە عێراق و سوریا کە بوونەتەهۆی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی. بەهەمان شێوە، پلانێکی ئەوتۆ لە ئارادا نیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو خەڵکانەی کە لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی ئازادکراون. بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و دەوڵەتی ئیسلامی سەرهەڵدەداتەوە یاخود بۆ پێکهاتەیەکی توندڕەوی تر دەگۆڕێت بەئامانجی نوێنەرایەتی سووننە پەراوێزخراوەکان.

هێرشەکانی فەللووجە لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، لە ژێر فشاردایە بۆ کاردانەوە بەرامبەر داعش، بەهۆی زنجیرە تەقینەوەکانی بەغدا و شکستیهێنانی لە ئەنجامدانی چاکسازیەکان. پێگەی عەبادی – حکومەتی ناوەندی عێراق بە گشتی – پەرە بە پشێویەکان لە عێراق دەدات، کە جێبەجێکردنی چارەسەریەکان لە قۆناغی دوای داعش ئەستەم دەکات. سەرهەڵدانی سووننیەکان و قبوڵکردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە لایەن دانیشتووان بەهۆی پەراوێزخستنی سیاسی و دیکتاتۆریەت (مەزهەبگەرایی) لە لایەن حکومەتی ناوەندی. پێویستە ئەم پرسانە چارەسەر بکرێن، بەڵام چۆن دەتوانن چارەسەر بکرێن لە کاتێک کە پەرلەمانی عێراق تەنانەت ناتوانێت لەسەر کابینەیەکی وەزاری ڕێککەوتن بکات؟

سووننەکان مافی خۆیانە کە متمانەیان بە سوپای عێراق نەبێت، بەهۆی کردەوەکانیان لەدژی خۆپیشاندەرانی سووننە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣. بەهەمان شێوە، سووننەکان متمانە بە میلیشیا شیعەکانیش ناکەن، بەهۆی دڵسۆزی و لایەنگیریان بۆ سەرکردە ئاینیە شیعەکان، پەیوەندیان لەگەڵ ئێران، وە ترسیان لە تۆڵەسەندنەوەی میلیشیاکان بەرامبەر کردەوەکانی داعش. ترسێک کە ڕەوایە بەهۆی کردەوە توندڕەویەکانیانی حەشدی شەعبی لە تکریت – ڕووداوی پێشێلکاری لەم چەشنە لە فەللووجەش ڕوویداوە. لە ئێستادا، هێزی سووننەی ئەوتۆ لە ئارادا نیە بۆ چوونە ناو شارەکە، بۆیەش دەرفەت دەدات بە چوونە ژوورەوەی ئەو هێزانەی کە خەڵکی ناوخۆ متمانەیان پێناکەن. ئەگەر عێراق نەتوانێت وەڵامی سیاسی ئەوانە بداتەوە کە لەژێر دەوڵەتی داعش دەژین و نەشتوانێت هێزێکی متمانەپێکراو بنێرێت بۆ شارەکە، کەواتە ئامادەنیە بۆ شکستپێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی. هەر کردارێک لەم چوارچێوەیە تەنیا دەبێتەهۆی دروستکردنی ڕق و کینە، وە ئەو هۆکارە سەرەکیانەی کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش چارەسەر ناکات، بۆیەش هەر سەرکەوتنێک لەو بوارە تەنیا بە سیمبۆڵێکی لاواز دەمێنێتەوە.

بارودۆخی سوریا تەنانەت خراپتریشە، بەهۆی جەنگی ناوخۆ وە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لە ئارادا نیە. هەر بەدەنگەوە هاتنێکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانی سووننیەکان، پێویستە حکومەتی ناوەندی لەخۆی بگرێت، پێگەی سەرۆک کۆمار، دەستوور، پێکهاتەی جوگرافی سوریا، هتد. بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەگەر داعش لە ڕەقە شکستیپێهێنرا، کێ جێگەی دەگرێتەوە؟ حکومەتی ناوەندی کاولکاری زۆر زیاتری لە داعش ئەنجام داوە، وە تاوەکو ئەم پرسیارە سیاسیانە چارەسەر نەکرێن، نیگەرانی ڕاستەقینە بریتیە لەوەی کە کێ بۆشایی دوای داعش پڕ دەکاتەوە.

بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و دەوڵەتی ئیسلامی سەرهەڵدەداتەوە یاخود بۆ پێکهاتەیەکی توندڕەوی تر دەگۆڕێت بەئامانجی نوێنەرایەتی سووننە پەراوێزخراوەکان.

خەڵکی مەدەنی ڕەقە بەهیچ جۆرێک متمانەیان بە هێزە کوردیەکان کە پێشڕەوی هێرشەکان دەکەن نیە، چونکە پێیان وایە ئەوان دەیانەوێت خاکی کورد فراوان بکەن. لە دەرئەنجامی پێشڕەویەکان بەرەو ڕەقە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە چەندین خەڵکی مەدەنی پەیوەندیان بە داعش کردووە بۆ پێشگیری کردنی پێشڕەوی سوپای دیموکراتی سوریا کە کوردەکان تێیدا زاڵن. ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕەقە تێکبشکێندرێت، هیچ هێزێکی ئەمنی ڕەوایی یاسای نیە بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی شارەکە. بۆیە، دەبێت تەنیا لە لایەن هێزێکەوە بەڕێوە ببردرێت کە وەکو داگیرکەر سەیر دەکرێت – کە دەبێتە هۆی قەیرانی بەر پەرچدانەوە – یاخود گروپێک یا حکومەتێکی تری توندڕەو جێگەی داعش دەگرێتەوە.

بارودۆخی سوریا بەهیچ شێوەیەک نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغەی کە هێرشی گەورە بۆ سەر داعش سەرکەوتنی درێژخایەنی لەگەڵدا بێت. وە هێزە ناوخۆییەکانیش شەرعیەتێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە، هەروەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڵێنی دابوو، بۆ بەدەستهێنانەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی. داعش تەنیا بەشێکە لە قەیرانێکی گەورەتری و زۆر ئاڵۆز کە چەندین هێز لە خۆ دەگرێت؛ بیرۆکەی شکستپێهێنانی داعش بەبێ دەستکردن بە چارەسەرکردنی شکستە سیاسی و پێکهاتەییەکان کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو بارودۆخە هەوڵێکی بێمانایە. چارەسەری سیاسی پێویست بۆ هۆکارەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا تا ئێستا لە ئارادا نیە. ئەگەر ئەمرۆ داعش تێکبشکێندرێت، سوونییەکان هەر بە پەراوێزخراوی دەمێننەوە و هیچ نوێنەرایەتیەکی سیاسی ئەوتۆیان نابێت. بۆیە، پێکدادان بەردەوام دەبێت بە هەرجۆرێک بێت. دروستکردنی هێزەکانی سووننە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە بتوانن کۆنتڕۆڵ و پارێزگاری لە شاری گەورە بکەن. بەبێ هەبوونی هێزی سووننی، هەر هێزێکی تر بە داگیرکەر نەوەک بە ئازادکەر دەبیندرێت، ئەمەش ئەگەری زۆرە کە ئاوارەبوونی زیاتری لێ بکەوێتەوە – ئەمەش فشارێکی زۆرتر دەخاتە سەر پرسی کۆچبەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەهەمان شێوە، گیان لەدەستدان، ئەمەش لە نەبوونی پلانێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە مایەی قبووڵکردن نیە. لە کۆتاییدا، بە نەبوونی پێداویستیە سەرەکیەکان لە ئارادا، شەڕەکە زیاتر دەخایەنێت و بەشێکی زۆری دانیشتووانی ناوخۆی ئەم ناوچانە لە برسان دەمرن بەهۆی ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی کۆمەک بۆ ناو شارەکە.

پێش هەر هەوڵێک بۆ شکستپێهێنانی داعش لەو ناوچانەی کە تێیدا بەهێزە، پێویستە هێزێک و پێکهاتەی حکومەتێکی ناوخۆ هەبێت وەک جێگرەوەی. هەروەها، دەبێت سووننەکان هەست بەوە بکەن کە بەشێوەیەکی بەرچاو نوێنەرایەتی کراون لەسەر ئاستی ناوەندی و وە دەتوانن بەشداری ڕاستەقینە بن لە پرۆسەی سیاسی. بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەرەکیانە، کە بوونە ڕێخۆشکەری سەرهەڵدانی بەپەلەی دەوڵەتی ئیسلامی، کاریگەریەکان تەنیا دەبنە جۆرێک لە پێچینەوەی برینێک کە پێویستی بە دورینەوە هەیە – زۆر نەگونجاوە، چارەسەری کورت خایەن بۆ ئەم پرسە شکست دەهێنێت.

Comments are closed.