ئاشکرایە کە کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ لە لایەن ڕێکخراوی داعش بووەتە بابەتێکی گرنگی نێودەڵەتی و ڕزگارکردنی ئەو شارەش وەکو هێمایەک بۆ بەزاندنی داعش لە عێراق تەماشا دەکرێت. لەم نێوەندەدا، فشارێکی نێودەوڵەتی پەیدابووە بۆ پەلەکردن و دەستپێکردنی پرۆسەی ڕزگارکردنی ئەو شارە. بەڵام کێشەکە لێرەدا خۆی دەبێنێتەوە، چونکە لە ئێستادا نزیکەی ١،٢ مليۆن کەس لەناو شاری مووسڵ و ٨٠٠،٠٠٠ کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری گيریان خواردووە. خۆ ڕەنگە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ زەرەر و زیان وکوشتاری زۆری لێبکەوێتەوە ئەگەر پلانێکی تۆکمەی سياسی و سەربازی ئامادەنەکرێت و چارەسەر بۆ ئەو دینامیکیەتە ئاڵۆزەی کە لەدوای ڕزگارکردنی ئەو ناوچەیە دێتە ئاراوە. هەڵبەتە ئەو بارۆدۆخە پێویستی بە ئاشتەوایی و بوونیاتنانيش دەبێت.
کشانەوەی هێزە ئەمنیەکان لە شاری موسڵ بەو شێوە ئاسانە، نيشاندەری شکستە هەيکەلی و سياسیە چەقبەستووەکانی عێراقە. ئەم شکستانەش پێویستە چارەسەر بکرێن، ئەگينا بەزاندنی داعش بێ هوودە دەبێت، چونکە دەرئەنجام هێزێکی ڕاديکاڵی دی جێگرەوەی ئەم هێزە دەبێت و هەوڵدەدات نوێنەرایەتی سوننەی پەراوێزخراو بکات. پێویستە وانە و پەند وەربگيردرێت لە ئەزموونی پاش کەوتنی ڕژێمی سەددام، لەبەر ئەوەی نەتوانرا کە سيستەمێکی سياسی و مەدەنی و ئەمنی پتە و کە مایەی متمانەی خەڵکی عێراق دروستبکرێت، ئەمەش بۆیە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕاديکاڵيزم و پەرتەوازەیی لە عێراقدا. هەمان ئەم هەڵانە ناکرێت بۆ جارێکی تر دووبارە ببنەوە پاش شەڕی داعش لە شاری موسڵ.
کێشەکان ڕەگ و ڕیشەی خۆیان هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن لە ڕێگای ئەنجامدانی گۆڕانکاری بنچينەیی لە سیستەمی حكومڕانی لە عێراق. لامەرکەزیەت خاڵێکی گرنگە کە پێویستە پەيڕەو بکرێت بە شێوازێک کە ڕێ نەدات بە زيادبوونی هەژموون و فراوانبوونی دەسەڵاتی کەسی، بەڵكو دەبێت ئەم پرۆسەیە دابەشکردنی دەسەڵات لە خۆبگرێت لەسەر ئاستی لۆکاڵی و حکومەتی ناوەنديدا. سیستەمی حکومڕانی لە عێراقدا شکستيهێناوە لە نوێنەرایەتی کردنی کۆمەڵگا جياوازەکان، وە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە حکومەت نەیتوانیوە سەقامگيری ئەمنی و ئابووری فەراهەم بکات.
ئيتر بەسود وەرگرتن لەم دۆخە داعش بەهێز بوو و تەشەنەی کرد، ئەمەش خۆی لەخۆیدا نێشاندەری ئەوەیە کە چارەسەری سياسی دەبێت بکەوێتە پێش هەر بڕیارێکی سەربازی. بێ گومان سەرهەڵدانی داعش دەرچەیەکی زەقی پەراوێزخستنی کۆمەڵگای سوننەیە، هەر بۆیە نەهێشتنی داعش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کە پێویستی بە چارەسەری سياسیە. كاتێک ئەم کێشەیە بەم شێویە چارەسەر دەکرێت، ئیتر بوونی داعش هيچ پاساوێکی نابێت و ئەگەری سەرهەڵدانی هەر هێزێکی دی لەچەشنی داعش کەم دەبێتەوە.
دوای کەوتنی ڕژێمی سەددام، بەدەگمەن پرۆسەی ئاشتەوایی پاش ناکۆکی و شەڕ، بەدی دەکرا. هەر بۆیە جياوازیيەکان و درزەکان چارەسەرنەکران و ئەندامانی پێشوی دامەزراوە حکومیەکان دوورخرانەوە لە کارەکانیان، ئەمەش بوە هۆکارێک بۆ ئەوەی بچنەپاڵ گروپە توندڕەوەکان. دەرئەنجام، دەکرێت بوترێت کە پرۆسەی ئاشتەوایی پاش ساڵی ٢٠٠٣، تەنها دروشم بوو؛ پرۆسەیەک بوو کە هەرگيز جێبەجێنەکرا. توند وتیژیەکان لە شاری موسڵ لەسەر ئاستی لۆکاڵی و زۆر جار لەنێوان درواسێ و کومەڵگا نزیکەکانەوە ڕووی دەدا، هەر بۆیە ئاشتەوایی لەسەر ئەم ئاستە لە گشت کاتەکان پێویستترە. لێرەدا پێویستە جياوازی بکرێت لە نێوان ئەوانەی کە بە ویستی خۆیان پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە وە ئەوانەی کە بە زەبری هێز و لە ژێر بارۆدۆخی جياواز ئەو کارەیان کردووە. پاشان وە بۆ ڕێگەگرتن لە دياردەی توڵەسەندنەوە و دووبارەبوونەوەی، پێویستە پرۆسەی ئاشتەوایی بە شێوازێک دابرێژرێت کە تایبەت بێت بەو بارودۆخەی پارێزگای نەینەواوە. هەروەها پێویستە تاوانباران بدرێن بە دادگا بەڵام گرنگتر کە بە گوێرەی ڕێنمایی ياسایی ئەنجام بدرێت. وە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ و کۆمەڵگادا داواکاریەکی بەهێز هەیە بۆ بەشداری پێکردنی دادگای نێودەوڵەتی لە کاتی دادگایی کردنی تۆمەتباران.١ دەکرێت لەم پڕۆسەیەدا سوود لە ڕێککەوتنی خێڵەکی بگيردرێت بۆ ڕێگریگرتن لە توڵەسەندنەوە.
هەڵبەتە ئاشتەوایی پێویستیەکی گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەست پێبکات. هەر بۆیە دەبێت گرنگی بدرێت بە مەسەلەی پێکهاتەکان و ئەو تاوانانەی کە دەرحەقیان ئەنجامدراون، وە لەهەمان کاتيشدا پێویستە بایەخ بدرێت بە شێوازی پاراستنی پێکهاتەکان لە داهاتوودا. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بزانرێت کە کۆمەڵگای سوننە بەهەمان شێوە تووشی نەهامەتی و ئەشکەنجەی زۆر بوونەتەوە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا. بۆیە پاش ڕزگارکردنی ئەم ناوچەیە، هەموو ئەم پێکهاتانە پێویستە بەشداربن لە سیستەمی سياسی و ئەمنیدا. بەڵام ئەم پرۆسەیە پێویستی بە یارمەتی و هەماهەنگی و ڕێکخستنی زۆرە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەغدا و هەولێرەوە. دۆخی پاش داعش زۆر پێویستی بەوەیە کە فراوانبوونی ميليشيا چەکدارەکان سنورداربکرێت و هەیکەلیەت و خاوەندارێتیان ڕێکبخرێت و بکرێن بە بەشێک لە سیستەمی ئەمنی نوێی پاش داعش.
شێوازی شەڕی فەلوجەی ئەمدواییە، نيشاندەری ئەزموونێکی شکستخواردووی کۆنتڕۆڵکردنەوەیە کە نەک تەنها پێویستە پەیڕەو نەکرێت بەڵکو دەبێت وانەی لێوەربگيرێت. سەبارەت بە ئازادکردنی فەلوجە، پرسيار ئەوەیە کوا پلانی پاش ئازادکردن؟ هەروەها هۆکاری بەشداریکردنی حەشدی شەعبی چی بوو؟ بۆچی پەلەپەڵ کرا لەو پرۆسەیەدا؟ ژمارەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە تاوانەکانی حەشدی شەعبی دەکەن لە ئازاردان و کۆشتنی هاوڵاتیان و وێرانکاری ناپێویست لەو شارەدا زۆرن. ئەم خاڵانەش ناڕەزایەتی و مشت ومڕی سياسی زۆری بەدوای خۆیەوە هێناوە لە سەر ئاستی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵدا. ئەمە جگە لەسەرهەڵدانی کێشەی بوونياتنان و ئاوەدانکردنەوە. زياتر لەوەش، لە پرۆسەی ئازادکردنی فەلووجە نەبوونی پلان بۆ لەخۆگرتن و داڵدەدانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەدی دەکرا بە شێوەیەك کە بۆیە هۆی خۆڵقاندنی کەشێکی ناهەموار لە نێو کامپەکان.
شاری موسڵ جياوازە لە شاری فەلوجە بەوەی کە ژمارەی دانيشتوانی زۆرترە و زەحمەتە بەرگەی وێرانکاری و کاولکاری موسڵ و شەپۆلێکی فراوانی ئاوارەبوون بگرێت. لە ئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەنها ئامادەیی لەخۆگرتنی تەنها ١٢٠،٠٠٠ ئاوارەی ناوخۆیی هەیە، بەڵام ڕوونە کە ژمارەی ئاوارەکان لەوە تێدەپەڕێت- حکومەتی هەرێمی کوردستان مەزەندەی دەکات کە ژمارەی ئاوارەکانی شاری مووسڵ لە نێوان ٤٠٠ هەزار تا ١ ملیۆن کەس بێت.٢ هێچ هەنگاوێک ناتوانرێت بنرێت ئەگەر پلانی تۆکمە دانەڕێژرێت بۆ بەرنگاربوونەوەی خراپترین سيناریۆ. وە بە درێژایی و پاش پرۆسەی ئازادکرن، پێویستە هەماهەنگیەکی نێودەوڵەتی ئاست بەرز هەبێت لەسەر مەسەلەی ئاوارەکانی شاری موسڵ. لە ڕووی سەربازیشەوە، زۆربەی سەرکردەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە شان بەشانی سوپای عێراق، پێویستە هێزە سوننیەکان ڕۆڵی ڕابەرایەتیکردنی پرۆسەی ئازادکردنی شارەکە بگرنە ئەستۆ و بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە لە بەشی باکوورەوە بە یارمەتی لۆجستی و تەکنيکی هاوپەيمانی نێودەڵەتی پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.
ئاشکرایە کە زیاتر لە دوو ساڵە زۆرێک لە گەنجانی شاری موسڵ لە ژێر دەسەڵات و هەژموونی داعشدا دەژین، بۆیە پێویستە بەرنامەیەکی تۆکمە دابرێژرێت بۆ نەهێشتن هزری ڕاديکاليزم و توندڕەوی چونکە ئەم ئەزموونە لە قۆناغی هەستیاری دوای ئازادکرن کاریگەرێکی سايکۆلۆژی زۆری دەبێت لەسەریان. سەرەڕای ئەمەش، گەنجانی شاری موسڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا دابڕاون لە پرۆسەی خوێندنی دروست، بۆیە پێویستە سیستەمی خوێندنيان بۆ دابينبکرێت بە جۆرێک کە ڕەچاوی ديناميکەیت و دۆخەکە بکات و جياواز بێت لەو پرۆگرامە ئاساییەی کە پەيڕەو دەکرێت. خەڵکی موسڵ ئازاری زۆری کێشاوە و دووچاری مەینەتی و ئەشکەنجە بوونەتەوە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا، بۆیە پێویستە پلانی مەودا درێژ دابرێژرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و شپڕزەیی و کاریگەرییە دەروونییەکانی جەنگ و وململانێی چەکداری.
هەرچەندە دەکرێت زۆرينەی ئەو بابەتانەی لەسەروەدا ئاماژەیان بۆ کراوە لە ڕێی دانانی پلانی ورد، و هەماهەنگیکردن، و تەرخانکردنی دارایەوە چارەسەر بکرێن ، بەڵام ڕوونە کە کێشە سياسەکان ئەوەندە ئاڵۆزن کە وا پێویست دەکات کە لایەنەکان کۆببنەوە و ڕێک بکەون لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا، و دينامیکیەتی هێز و دەسەڵات لە نێوان ئەم پارێزگایە و حکومەتی ناوەندی، و پەیوەندی ئەم ناوچەیە و ناوچەکانی دەوروبەری. دەرئەنجام، گرنگە ڕێککەوتن لە نێوان کارەکتەرە لۆکاڵی (بە تایبەت لە نێوان پارێزگاری ڕابردووی پارێزگای نەینەوا و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا) و نيشتيمانی( لە نێوان بەغدا و هەولێر) و نێونەتەویی (ناوچەیی و جيهانی)، بکرێت. ئەوەی پێویستە کە بوترێت ئەویە کە دەرفەتی لەدایکبوونی موسڵ و نەینەوا و عێراقێکی نۆی لە ئارادیە، بەڵام لە غيابی پلانێکی تۆکمە و دروست و نەبوونی ڕێککەوتنی سياسی و هەوڵی هەمەچەشن بۆ بارودۆخی پاش ئازادکردن، ئەەو ئەم دەرفەتە لەباردەچێت.
*ئەم وتارە تەنها پوختەیەکی کورتی دەرئەنجامەکانی پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوەی ئینستیتیوتی مێریە سەبارەت بە ئایندەی موسڵ کە لە ئێستادا ئەنجام دەدرێت. لە کاتی تەواوبوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە، تەواوی ڕاپۆرت و وردەکاریەکانی بڵاودەکرێتەوە.
١. ئەم بۆچوونە لە چەندین چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوادا ئاماژەی پێکراوە.
٢. ئەم بووچونە لە کۆنفرانسی ڕاگەياندنی پلانی فرياکەوتنی مرۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەولێر – ٢٢ حوزەیران ٢٠١٦، ئاماژەی پێکرا.