تێگه‌يشتن له جوله و جێگۆڕكێی هێزه ململانێكهرەكان زۆر گرنگه بۆ دانانی نه‌خشه‌ڕێگای سه‌ركه‌وتن له ئاڵۆزترين ناوچه‌ی سه‌رزه‌مين
ديمه‌نی سياسی و ئه‌منی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و جووله‌ی هێزه پێكدادهرهكان له ئێستادا زۆر ئاڵۆز و ترسناك دياره. ناوچه‌كه دووچاری چه‌ندين شه‌ڕ و ململانێی تێكده‌ر بووه، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له ماڵوحاڵیاندا ههڵكهنێندراون و سه‌رگه‌ردان كراون. له ژێر پاساوی ناسيۆناليزم و ئاين و تايهفهدا، هێزه‌كان ململانێيانه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و نفوز و سامان. چه‌ندين ده‌وڵه‌ت لاواز بوونه و هه‌شيانه په‌كی كه‌وتووه. چه‌ندين هێزی توندڕه‌و و سنووبهزێن هاتوونه‌ته ناو ئه‌و ململانێيانه و توانای گۆڕينی رێڕه‌وی رووداوهكانيان په‌يدا كردووه.
ئه‌و ديمه‌نه هی قۆناخێكه پێی ده‌گوترێ قۆناخی گواستنه‌وه‌ی نێوان دوو سه‌رده‌م، دوو نيزام (Order) وهيان دوو جۆره هاوسه‌نگێتی نێو هێزه ململانێكه‌ره‌كان. يه‌كه‌ميان نيزامه كۆنه‌كه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارده و ئێستا هه‌ڵته‌كاوه، دوهميشيان هاوسه‌نگێتی ئاينده‌يه دياره له پرۆسه‌ی دروستبووندايه. بۆ سه‌ركرده‌كانی ميلله‌تێكی وه‌ك كورد، گرنگه له ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی هێزه جولێنهرهكانی پێشتر و ئێستا وورد ببنه‌وه تاوه‌كو پێشبينی له نيزامهكهی ئاينده بكه‌ن و كار بكه‌نه سه‌ر ره‌وتی گۆڕانكاريه‌كان و ئاماده بن ده‌رفه‌ته‌كان بقۆزنه‌وه وهيان ده‌رفه‌ت بێننه كايهوه بۆ زامن كردنی پشكی كورد له‌م هاوسهنگێتیه نوێیه.
نيزامی كۆن تا رووخانی سۆڤيه‌ت
سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ردوو ئيمپراتۆريهتی به‌ريتانيا و فه‌ره‌نسا نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئێستايان كێشا و نيزامێكيان چه‌سپاند كه زوو ده‌قی گرت، ته‌نانه‌ت به‌رپا بوونی شه‌ڕی ساردی ئه‌مریكا و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م ئه‌و نيزامهی وه‌ك خۆی هێشته‌وه. ململانێی ئه‌و دوو زلهێزه پارسه‌نگێكی هاوسه‌نگی هه‌بوو كه ئه‌وه‌ش هۆكارێكی گرنگ بوو بۆ مانه‌وه‌ی رژێمه دیكتاتۆر و ئۆتۆكراتهكانی ولاته عه‌ره‌بیه‌كان له سه‌ده‌ی حوكمڕانی.
ڕووخانی زلهێزی سۆڤيه‌ت له ساڵی ١٩٨٩ خاڵی وه‌رچه‌رخان بوو و بووه هۆی گۆڕينی پارسه‌نگی هێزه‌كان له ئاستی جيهاندا، به تايبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا. شه‌پۆڵی تسوناميهكهی روخانی سۆڤيه‌ت بيست ساڵی برد هه‌تا گه‌يشته ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و به گۆڕينی رژێمی عيراق له ساڵی ٢٠٠٣ ده‌ست پێكرد و دواتریش چه‌ندین رژێمی تری به‌دوادا رووخا.
ئه‌مه‌ريكای تاكه زلهێز
كه ئه‌مه‌ريكا بووه تاكه زلهێز وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه بۆشايی غيابی سۆڤيه‌ت پڕ بكاته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی سياساته هه‌ميشه كورتخايهنهكانيان وه به‌هۆی جياوازيی بنه‌ڕه‌تی له نێوان سياسه‌تی سه‌ركرده كۆماری و ديموكراتهكانی وڵاته‌كه له‌وه‌دا شكستيان هێنا. كۆماريهكان له سه‌رده‌می هه‌ردوو جۆرج بوشی يه‌كه‌م و دووه‌م، ئاكتيڤانه ده‌ستێوه‌رده‌ر بوون. لهشكريان هێنايه ناوچه‌كه و راسته‌وخۆ رژێمی پێشووی كوهيتيان پاراست و دواتر رژێمی عيراقيان گۆڕی. ته‌نانه‌ت جۆرج بوشی دووه‌م ويستی به روانگه‌يه‌كی نيۆكۆنزێرڤهتيڤهوه نيزامی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رله‌نوێ دابڕێژێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی سيسته‌مێكی جياوازه‌وه بهرژهوهنديهكانی ئه‌مه‌ريكا بباته پێشه‌وه. كه‌چی ديموكراته‌كان به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ميشه خۆيان له ناوچه‌كه دووره په‌رێز ده‌گرت، ته‌نيا به‌قه‌ده‌ر پێويست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كرد، و گرنگی زياتريان به سياسه‌تی ئابووری ناوه‌كی وڵاته‌كه‌يان ده‌دا. ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی داعش نه‌بوايه، ئه‌وا ئيداره‌ی ئۆباما هه‌رگيز به‌و قورساييهی ئێستا نهدهگهڕايهوه عيراق، وه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ته‌ركيزی ئيدارهكهی ته‌نيا له‌سه‌ر شه‌ڕی تيرۆره نه‌ك رێره‌وی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
هاتنی دۆناڵد تره‌مپيش بۆ ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكا ره‌نگه ره‌وتێكی نوێ دابهێنێ به‌ڵام جارێ سياسه‌تی تره‌مپ روون نيه و ديار نيه ئايا له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا ده‌بێ. له لايه‌كه‌وه باس له‌وه ده‌كات كه پشتی “پياوی به‌هێز” ده‌گرێت، وه‌ك ئاماژه بۆ خه‌ڵكانی وه‌ك ڤلاديمير پوتين و ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردوغان و عبدالفتاح سيسی، واته گوێ ناداته كێشه ناوهكيهكان و مافی نه‌ته‌وه‌كان وهيان راست و چهوتێتی سياسه‌تی ده‌ره‌كی ئه‌و سه‌ركردانه. پشتگيری خۆشی بۆ ئيسرائيل ده‌ربڕيوه و حه‌ز به ئێران و رێكه‌وتننامه ئهتۆميهكهی نێوانيان ناكات. ئيتر چوار (يان هه‌شت) ساڵی حوكمڕانی تره‌مپ فاكته‌رێكی گرنگ ده‌بێ له دياريكردنی هاوسه‌نگێتی هێزه‌كان.
له روخانی سۆڤێته‌وه تا ئيمڕۆ چه‌ندين هێزی جيهانی و ئيقليمی و لۆكالی نوێ سه‌ریان هه‌ڵدا و بوونه ياريكه‌ر و هێزی بڕيارده‌ر له‌سه‌ر پارسهنگهكان. له‌وانه روسيا و ئێران و توركيا و سعوديه، هه‌روه‌ها درستبوونی چه‌ند ئاكته‌رێكی غه‌یره ده‌وڵه‌تی. جا به‌بێ تێگه‌يشتن له‌و هێزانه و له ديناميكيهتی پهيوهنديهكانيان، زه‌حمه‌ته پێشبينی له نيزامی داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكرێت، به‌تایبه‌تی كاتێك سیاسه‌تی درێژخایه‌نی ئه‌مریكا ڵێڵ و نادیاره.
روسيا
روسيا خۆی به ميراتگرهوهی سۆڤيه‌ت ده‌زانێ و له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی پوتین باری ڕووخاوی ئابووری و سیاسی ڕاستكرده‌وه، و به گوڕه‌وه هاته‌وه مه‌یدان بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی پلانه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه. ئێستا روسيا وه‌ك نيمچه زلهێزێك ره‌فتار ده‌كات و به‌هۆی هاوپه‌يمانێتی له‌گه‌ڵ ئێران و له په‌نجه‌ره‌ی سورياوه بووه‌ته‌وه بڕیارده‌ر له ناوچه‌كه. له ئايندهشدا پته‌وتر كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ل ئێران و توركیا و عيراق له ڕێگای سه‌فقه‌ی نه‌وت و غاز یان ته‌كنۆلۆژیای چه‌ك ڕۆڵی رووسیا زیاتریش به‌هێز ده‌كات له ناوچه‌كه
ئێران
سه‌رباری شه‌ڕه هه‌شت ساڵيهكهی له‌گه‌ڵ عيراق و ئابلۆقه نێودهوڵهتيهكانی له‌سه‌ری دانرابوون، ئێران تادێ به‌هێزتر ده‌بێ و زياتر سوود له چه‌ندين بۆشايی ده‌سه‌ڵات و ململانێيهكانی ناوچه‌كه وه‌رده‌گری. ئێران ئێستا بووه‌ته یه‌كێك له گه‌وره‌ترين هێزی ئيقليمی و حیسابی تایبه‌تی بۆ ده‌كرێ به‌هۆی زیادبوونی نفوز و توانای ده‌ستێوه‌ردان له چه‌ندین وڵاتی ناوچه‌كه. له ئێستادا ئێران له يه‌ك كاتدا توانای ململانێكردنی له‌گه‌ڵ خودی ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل وتوركيا و سعوديه هه‌يه. وه بڕياری سيادی له چوار پايته‌ختی وڵاتانی ناوچه‌كه سه‌ندووه‌ته‌وه (عيراق و سوريا و لوبنان و يه‌مه‌ن)، ئه‌وه‌ش بێجگه له حزوری له فه‌له‌ستين و وڵاتانی كه‌نداو و هی تريش. له كاتێكدا كه هيچ كام له ئه‌مه‌ريكا و روسيا و توركيا و سعوديه سياسه‌ت و روانگه و ستراتيژێكی روون و ئاشكرایان له‌خۆ نه‌گرتووه، كه‌چی ئێران زۆر به متمانه‌وه كار بۆ ئامانجه‌كانی ده‌كات. بێگومان مه‌ودای نفوزی ئێرانی و توانای وڵاته‌كه بۆ ته‌حه‌مول كردنی زيانی مادی و سياسی سنووری خۆی هه‌يه، به‌ڵام له غيابی ستراتيژێكی كارای هێزه‌كانی ديكه، جارێ ئێران هه‌تا ماوه‌يه‌كی درێژ وه‌ك بڕياردهرێكی سه‌ره‌كی له داڕێژتنه‌وه‌ی نيزامی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌مێنێته‌وه.
توركيا
توركيا له‌مێژووی سه‌د ساڵه‌ی پێشوویدا رژێمێكی پڕ له سه‌رئێشه و له هه‌ناودا لاواز بوو و ببووه پاشكۆی زلهێزی ئه‌مه‌ريكی. به‌ڵام له ٢٠٠٢ به‌ولاوه گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی به رژێمه‌كه‌ی و فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانيهكهی داهات له ڕووی ئابووری و سياسيه‌وه گه‌يشته لوتكهيهكی نوێ و تمووحی بڵاوه پێكردنی نفوزیشی له ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌يدا كرد. به‌ڵام له ئێستادا توركيا رووبه‌ڕووی چه‌ندين به‌ربه‌ست و كێشه‌ی ناوه‌كی بووه‌ته‌وه كه ره‌نگيان له سياسه‌تی ده‌ره‌كی وڵاته‌كه‌ش داوه‌ته‌وه. بۆيه دوور نيه كه له ئاينده‌دا كاريگهرێتی توركيا له‌سه‌ر نيزامی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سنووردار ببێ ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌وڵه‌ته خاوه‌ن جيۆپۆلهتيكێكی گرنگه و هه‌ميشه وه‌ك هێزێكی كاريگه‌ر و بڕيارده‌ر هه‌ر ده‌مێنێ.
سعوديه
سعوديهی عه‌ره‌بی و وڵاتانی كه‌نداو به حوكمی سامان و شوناسنامه‌ی عه‌ره‌بی و ره‌وتی ئيسلامی سوننیان، توانيان ببنه ياريكه‌ر له ناوچه‌كه و كاربكه‌نه سه‌ر چاره‌نوسی ململانێكان له عیراق و سوريا و يه‌مه‌ن و ليبيا و لوبنان و وڵاتانی كه‌نداو، وه هه‌تا ماوه‌يه‌كی درێژی ديكه‌ش ئه‌و توانايهيان هه‌ر ده‌مێنێ. سعوديه، توانای به‌ربڵاوكردنی نفوزی عه‌سكه‌ری و ئه‌منی له‌سه‌ر خاكدا سنوورداره، به‌ڵام به پاڵپشتی كردن و ته‌مویلی هێزه لۆكالیه‌كان توانای ده‌ستوه‌ردانی په‌یدا كردوه و له هه‌مان كاتدا بۆ پاراستنی بهڕژهوهنديهكانی مه‌جبووره پشت به ئه‌مه‌ريكا ببه‌ستێ.
ئاكته‌ری ژێر ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی Non-state actors
هه‌ر له ماوه‌ی دوای روخانی سۆڤيه‌ته‌وه چه‌ندين ياريكه‌ری ژێردهوڵهتی (Sub-state actors) وهيان هی ناده‌وڵه‌تی Non-State actorsبوونه هێزی كاريگه‌ر له گۆڕه‌پانی ململانێكان. هێزی ژێر ده‌وڵه‌تی ئه‌وانه‌ن كه سيفه‌تی ره‌سمی و ده‌ستووريان له ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان هه‌يه، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام هێزی ناده‌وڵه‌تی ئه‌و هێزانه ده‌گرێته‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی حوكمڕانین و په‌يوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تيان هه‌يه و كارده‌كه‌نه سه‌ر ره‌وتی روداوه‌كان. ئه‌وانه به ژماره زۆر بوونه له‌و ناوچه‌يه، به تايبه‌تی له عيراق و سوريا و لوبنان و فه‌له‌ستين و يه‌مه‌ن و ليبيا. هه‌يانه ده‌مێكه شه‌رعيه‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی و سياسيان پێدراوه و له سيسته‌می حوكمڕانيدا به‌شدارن. وه‌ك حیزبوڵڵای لوبنانی یان پێكهاته‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له عيراق.
هێزی ناده‌وڵه‌تی ديكه‌ش هه‌ن كه به‌شێكن له هێزی تيرۆری نێوده‌وڵه‌تی. جا هێزی ناده‌وڵه‌تی ئه‌گه‌ر ملكه‌چی ياسا نه‌بن، ئه‌وا هه‌ميشه مه‌ترسين له‌سه‌ر حوكمی شه‌رعی ده‌وڵه‌ت و توانای لاوازكردنی ده‌وڵه‌ت و ئه‌سير كردنی پڕۆسه‌ی حوكمڕانی وڵاتيان هه‌يه. ئه‌وانه هه‌م ده‌توانن وه‌ك پرۆكسی (به نيابهت) شه‌ڕ بكه‌ن و هه‌م ده‌توانن وه‌ك هێزی سه‌ربه‌خۆ خاوه‌ن ئه‌جيندای خۆيان بن و هاوپه‌يمانێتی ناوه‌كی و نێوده‌وڵه‌تی په‌يدا بكه‌ن و ببنه هێزێكی كاريگه‌ر ه گۆڕينی پارسه‌نگی هێزه‌كان.
پارسه‌نگی نوێ و ده‌ستكاری سنووره‌كان
جا ئه‌و هێزه جيهانی و ئيقليمی و لۆكاڵيانهی له گۆڕه‌پاندان بوونه‌ته ياريكه‌ر، ئێستا به رێكه‌وتنی دوو قۆڵی و چه‌ند قۆڵی، و به شه‌ڕوململانێی هه‌مه لايه‌نه تێك ئاڵاون و هه‌مووشيان به‌شدار ده‌بن له گه‌ياندنی دۆخی ئێستا به پارسه‌نگێكی نوێی سياسی و عه‌سكه‌ری و ئابووری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نيه سنووره‌كان ده‌ستكاری ده‌كرێن وهيان سه‌رجه‌م ميللهته بچووكه‌كان ده‌بنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆيان. له راستيدا، ته‌نيا هه‌رێمی كوردستانی عيراق كانديده بۆ ئه‌وه‌ی له ئاينده‌دا ببێته ده‌وڵه‌ت، وه لهويان بترازێ، پێناچێ هيچ كام نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگای ديكهی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جارێ هه‌تا ماوه‌يه‌كی درێژ كانديد بن بۆ ده‌وڵه‌تسازی و سنوورهكانيش بۆ خاتری ئه‌وان ده‌ستكاری بكرێن.
هه‌رێمی كوردستان
هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته ياريكهرێك له ناوچه‌كه، وه به هۆی لاوازبوونی عيراق و سه‌رهه‌ڵدانی هێزی تيرۆر، په‌يوه‌ندی به‌رفراوانی نێوده‌وڵه‌تی پته‌وتر كردووه. به‌ڵام هه‌رێم ياريكه‌رێكی زۆر گه‌وره نيه بۆ ئه‌وه‌ی پارسه‌نگی هێزه‌كان وهيان سنووره‌كان بگۆڕێ، وه به‌ده‌وڵه‌تبوون له‌سه‌ر پلێتكی زێڕين دانه‌نراوه و رێگاكه‌شی به مافووری ئاوريشم خۆش نه‌كراوه. پێويسته مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون له خواسته‌وه ببێته پرۆژه، ببێته پڕۆسه، وه به پێی نه‌خشه‌ڕێگايه‌ك له سه‌رجه‌م به‌ره‌كانی لۆبيكردن كاری بۆ بكرێ.
له‌و دواييه‌دا سه‌ربه‌خۆی كوردستان و ریفه‌راندۆم به زه‌قتر له‌جاران باسی ده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ لایه‌نێك نه‌خشه‌رێگایه‌كی عه‌مه‌لی نه‌خستووه‌ته ڕوو بۆ په‌يره‌وی كردن. بۆیه پێويسته سه‌ركرده‌كان له‌سه‌ر روانگه و نه‌خشه‌ڕێگايه‌ك رێك بكه‌ون، به‌جۆرێك كه حیسابی وورد بۆ فاكته‌ره ده‌ره‌كی و ناوه‌كیه‌كان بكرێ.
بۆ فاكته‌ره ده‌ره‌كیه‌كان پێويسته به دیراسه‌ت و پلانێكی وورده‌وه كار بكرێته سه‌ر پڕۆسه‌ی بڕياردان له ولاتانی كاریگه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پشتگيری بۆ مه‌سه‌له‌ی به ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان زامين بكرێ. له ئه‌مه‌ريكا پێويسته به زووترين كات كار بكرێته سه‌ر داڕێژتنی سياسه‌ته دهرهكيهكانی ئيداره‌ی نوێی تره‌مپ كه ره‌نگه جارێ قالبی يهكجارهكيان نه‌گرتبێ. هاوكات له سه‌رجه‌م پايتهختهكانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا (به تايبه‌تی له‌نده‌ن و پاريس و به‌رلين و بروكسل) و روسيا و وڵاتانی تر ده‌ست به‌كاری لۆبی بێ‌وچان بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی بڕياری سياسی سه‌رجه‌م هێزه جولێنهرهكان بۆ پاڵپشتی ده‌وڵه‌تی كوردی زامين بكرێ. له‌گه‌ڵ ياريكهره نادهوڵهتيه شهرعيهكان په‌يوه‌ندی بكرێ، ئه‌وانه‌ی له وڵاتانی خۆيان كاريگه‌رن و ده‌توانن كار ئاسان بكه‌ن يان قورسيان بكه‌ن. ئه‌و جۆره لۆبيكردنه هه‌مه‌لايه‌نه كارێكی ئاسان نيه، به‌ڵام ده‌كرێ بڕياردهرانی هه‌رێم به ووردی بڕواننه ديناميكيهتی هێزه جولێنهرهكان و سوود له جوله و ململانێيهكان وه‌ربگرن.
پێويسته له به‌غدا كار بۆ ئه‌وه بكرێ كه ديالۆگی به‌ده‌وڵه‌تبوون له‌لايه‌ن سه‌ركرده‌كانی پايته‌خت و سه‌ركرده‌كانی حيزب و لايه‌نه كاريگهرهكانی شيعه و سوننه و حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك مه‌ترسی سه‌ير نه‌كرێ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، پێويسته ته‌ركيز بخرێته سه‌ر ته‌هران و به هونه‌رمه‌ندانه كار بۆ زامين كردنی پشتگيری بڕياری سياسی ئه‌و ده‌وله‌ته بكرێ. لۆبيكردن له ناو سيسته‌می ئێران و دڵنياكردنهوهی ئه‌و دراسێيه گرنگه به‌قه‌ده‌ر زلهێزی ئه‌مه‌ريكا گرنگه.
سه‌باره‌ت به پلانی ناوهكيش ده‌بێ ته‌ركيز بخرێته سه‌ر تۆكمه كردنی بنه‌ماكانی سيسته‌می حوكمڕانی دروست و سه‌روه‌ركردنی ياسا، و لێك نزيك كردنه‌وه‌ی ئيداره‌ی زۆنی سه‌وز و زه‌رد بۆ سارێژ كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م برينه‌كان. ئه‌وه‌ش بێجگه له كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ياسا ده‌ركردن بۆ ريفهراندۆم و ته‌رخانكردنی بودجه‌ی هه‌ڵمه‌تی به‌ده‌وڵه‌تبوون. خۆ ئه‌گه‌ر سيسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم پته‌و بێ ئه‌وا هه‌ر ده‌كرێ كورد خۆی ده‌ستپێشخه‌ر بێ و ده‌رفه‌تی به‌ده‌وڵه‌تبوون باشتر بڕه‌خسێنێ.
ئه‌و راپۆرته له ژماره‌ی ئيمڕۆی رۆژنامه‌ی رووداو بڵاوبوه‌ته‌وه