Back

توركومانەکانی ته‌له‌عفه‌ر: تێڕوانينيان بۆ ئاشته‌وايی و ململانێ

لێره‌وه‌ ته‌واوی راپۆرته‌كه‌ به‌ ئينگليزی دابه‌زێنه‌

لەگەڵ شکستی سەربازيی داعش لە شاری موسڵ، ئازادکردنی تەلەعفەر وه‌ك يه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان ماوه‌ته‌وه‌. کەوتنی تەلەعفەر و داگيركردنی لە لایەن داعشەوە لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٤، زيانێكی زۆری لە پەیوەندییەکانی نێوان سووننە و شیعە، و نێوان تورکمان و کۆمەڵە ئایینی و ئیتنیکیەکانی دیکەی ناوچەکە دا.  زۆربەی دانیشتوانی شیعە و سوننەی تەلەعفەر لە ماوەی شەڕەکەدا ئاوارە بوون. لەگەڵ ئەوەش، هەندێک لە تورکمانە سوننەکان بڕیاریاندا بمێننەوە و تەلەعفەر بە جێنەهێڵن. هەرچەند ئەم بابەتە هێشتا زۆر ڕوون نییە، بەڵام وا باوەڕ دەکرێت كه‌ ژمارەیەک لە تورکمانە سوننەکانی تەلەعفەر پەیوەندییان بە داعشەوە کردبێت، وە له‌لايه‌ن خه‌ڵكی ديكه‌وه‌ بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تاوانبار دەکرێن. ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگاکان و چاککردنەوەی پەیوەندییە جفاکییەکان پێویستییەکی زۆر گرنگە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوە و نوێبوونەوەی توندوتیژی لە ئایندەدا. پڕۆسەی لەم شێوەیەش دەکرێت پەرەی پێبدرێت لە رێگای ڕاوێژکردن بە دانیشتوانی ناوچەکە سه‌باره‌ت به‌  بە پێداویستییەکانیان و دیدگایان بۆ ئایندە. چه‌قی ئەم ڕاپۆڕتە لەسەر ڕوانگەی تورکمانەکانە بۆ پێداویستییەکان، هەروەها دەرفەت و بەربەستەکانی بەردەم ئاشتەوایی لە نێو خودی کۆمەڵگای خۆیان لە لایەک، وە لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکە لە لایەکی دیکە.

ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە تورکمان لە تەلەعفەر به‌ زۆريی وێنای ئاشتەوایی وەکو ئامانجێکی ئەمنی و ئاسایشی دەکات کە به‌لايانه‌وه‌ گرنگە بۆ  رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان به‌ سه‌لامه‌تی. بە لایەنی کەم، لە مەودای کورتدا، بەشداربووەکانی ئه‌و توێژينه‌وه‌يه‌ ئەولەویەت بە ئاشتەوایی نێوان تورکمانی سوننە و شیعە دەدەن لەسەرووی ئاشتەوایی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکەی کە لە شوێنی دیکەدا دەژین. چاوپێکەوتنەکان بە روونی دەریخست کە بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنیەتی دەرکەوتن و گه‌شه‌كردنی توندوتیژی تایەفی لە ڕابردوودا هەیە، وە هەروەها بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی لە ئایندەدا هەیە. چونکە ئاشتەوایی لە تەلەعفەر پێویستی بەوە‌يه‌ كه‌ کۆمەڵگاکان ڕەتی ئایدیۆلۆجیا توندئاژۆکان بکەنەوە و به‌ كارايي به‌ره‌نگاريان ببنه‌وه‌، وە دەبێت پڕۆسەکە چەند میکانیزمێک بۆ برەوپێدانی کۆمەڵگاکان لە خۆبگرێت تا بتوانن بەڕووی کاریگەری ڕێکخراوە ڕادیکاڵەکان بوەستنەوە. بە گوێرەی زۆرینەی بەشداربووە سوننی و شیعییەکان، یەکەم هەنگاوی پڕۆسەی ئاشتەوایی دەبێت لەخۆگرتن و بەشداری پێكردنی سوننەکان لە کەرتی ئەمنیدا بێت. دروستکردنی کەرتێکی ئەمنی ڕەسمی و هەمەگیر کە لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا پێکهاتبێت وەکو پێویستییەکی سەرەکی بۆ دروستبوونی ئاشتەوایی لە ئایندەدا سەیر دەکرێت.

کۆمەڵێک کێشەی جددی لەسەر نەبوونی متمانە بە یەکدی وەکو بەربەستێک لەبەردەم پڕۆسەکەدا دەردەکەوێت. پڕۆسەی بونیادنانی متمانە لە نێوان تورکمانی سوننە و شیعە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری (تەحەدی) زیاتر دەبێتەوە، ئەمەش لەو ڕاستییە سەرچاوە دەگرێت کە هەردوو کۆمەڵگا بەردەوامن لە سەیرکردنی یەکدی وەکو لایەنێک کە خزمەتی ئەجێندای دەرەکی دەکەن. لە کاتێک شیعە سووننە تاوانبار دەکات بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ تورکیادا، بە هەمان شێوە سوننە سەیری شیعە دەکات وەکو درێژەپێدەری بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەش، هەردوو کۆمەڵگا پێیان وایە چاکسازی کەرتی ئەمنی یەکەم هەنگاوە بۆ سەقامگیری ناوچەکە لە دوای ئازادکردنەوەی، وە هیوا دەخوازن هەر پڕۆسەیەکی ئاشتەوایی لە لایەن ئەکتەرە دەرەکییەکانەوە تێکنەدرێت.

سەبارەت بە بەشداری سوننە لە کەرتی ئەمنیدا، شیعەکان نیگەرانی خۆیان لە دزەکردنی لایەنە توندڕەوەکان بۆ نێو دەزگاکانی حکومەت دەربڕی.  دەتواندرێت بەشێکی ئەو بەربەستە نەهێڵدرێت لە رێگای بەشداریپێکردنی سوننەکان لەو هێزەی کە ئەرکی ئازادکردنی تەلەعەفەری پێ سپێردراوە. به‌لای شیعەکانه‌وه‌، بەشداری سوننەکان ده‌بێتە میکانیزمێکی پشکنین له‌ پرۆسه‌ی به‌شداری پێكردنی سوننه‌كان کە به‌هۆيه‌وه‌ بتواندرێت دەستنیشانی ئەوانە بکرێت کە پاپەندن بە پەیوەندییە ئاشتەواییەکان و دژی ئایدیۆلۆجیا توندئاژۆکانن. بەشداری سوننە لە هەڵمەتی ئازادکردنی تەلەعفەر پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پێکهاتەکان زیاتر دەکات، وە ئەمەش دەبێتە هۆی دەرفەتێک بۆ دروستکردنی ئەزمونە هاوبەش و ئامانجە درێژخایەنەکان.

هەرچەند ئاشتەوایی نێو خودی کۆمەڵگاکە بە شێوەیەکی ئاشکرا لەسەرووی ئاشتەوایی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکە ئەولەویەتی پێدراوە، بەشداربووەکان ئاماژەیان بەو رێگایانە کردووە کە دەتواندرێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگای ئێزدی دراوسێ بەکاربهێندرێت. ئازادکردنی تەلەعفەر کۆمەڵێک دەرفەت بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە فەراهەم دەکات. ده‌بێ يه‌كسه‌ر كار له‌سه‌ر لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە لەلایەن داعش و هەروەها ئەکتەرەکانی دیکەوە ئەنجامدراون بکرێت. سەرکردەی عەشایەری سوننەکان دەبێت بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانانە بکەن کە لەلایەن ئەندامانی عەشیرەتەکانیانەوە ئەنجامدراون و لە نزیکەوە هەماهەنگی بۆ جێبەجێکردنی یاسا بکەن بۆ زەمانەتکردنی ئەنجامدانی لێپرسینەوە. لەگەڵ ئەمەش، بڵاوکردنەوەی چیڕۆکە ئه‌رێنيه‌كانی ئەو تورکمانانەی تەلەعفەر کە ژیانی خۆیان خستە مەترسی بۆ ڕووبەڕووبووەنەوەی داعش و یارمەتیدانی ئازادکردنی هەندێک لە ئێزديه‌ دەستبەسەرەکان هەمان گرنگی خۆی هەیە. گرنگیدان بەو کارانە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی تاوانبارکردنی  كۆی کۆمەڵگای تورکمانی سوننە لە تەلەعفەر.

لێره‌وه‌ ته‌واوی راپۆرته‌كه‌ به‌ ئينگليزی دابه‌زێنه‌

Comments are closed.