Back

تێگەیشتن لە رەگوڕیشەی خۆڕاگری کوردستان بەرامبەر بە توندڕەوی توندوتیژ له‌ عێراق

هۆکارەکانی پشت سنوورداربوونی کاریگەری توندڕەوی توندوتیژی و دەوڵەتی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانی عێراق چین؟

لە عێراقدا، کە لەلایەن هەندێک کەسەوە بەلانکەی دەوڵەتی ئیسلامی دادەنرێت، زۆرینەی خەڵک تووشی توندڕەوی نەبوون. زۆرێک لەو کەسانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسلامیدا دەژیان، هەوڵیان دەدا بە بێدەنگی یان بە ئاشکرا بەرەنگاری ببنەوە. چۆن ئەمە ڕوون بکەینەوە؟ ئایا فاکتەری خۆڕاگری لە بەرامبەر توندڕەوی توندوتیژیدا هەن کە دیراسەت نەكرابن؟ سەرەڕای بەرکەوتنی بەهەمان ئەو هەلومەرج و ئەو ڕووداوانەی کە لە بەشەکانی دیکەی وڵاتدا ڕادیکاڵبوونیان پەروەردە کرد، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر دانیشتوانی کورد بە خۆڕاگری ماونەتەوە، و بەرەنگاری ڕادیکاڵبوون بوونەوە، و ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.

لەم ئەڵقەیەی پۆدکاستی ئینستیتیوتی نەرویجی بۆ كاروباری نێودەڵەتی، دلاوەر عەلائەدین، جولین بیوجوان و مۆرتن بۆس لە لوتکەی قەڵای هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەستاون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە. قەڵای هەولێر کە زیاتر لە شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر نیشتەجێ بووە، پێدەچێت یەکێک بێت لە کۆنترین شوێنەکانی جیهان کە بەردەوام خەڵکی تێدا ژیاوە. لەگەڵ بەردەوامبوونی ژیان و ڕۆتینی ڕۆژانەی شاری هەولێری هاوچەرخ لە دامێنی قەڵاکە، شارەزایان کۆبوونەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر دەرکەوتنی توندڕەوی توندوتیژی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دراوسێ. توێژەران ورد دەبنەوە لە فاکتەرەکانی نوێنەرایەتی سیاسی و هەستکردنێکی بەهێزی ناسنامەی کوردایەتی کە بەشداربوون لەم خۆڕاگرییە.

دلاوەر عەلائەدین سەرۆکی دامەزرێنەری  ئینستیتیوتی مێریە. پێشتر وەک وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، و وەک پرۆفیسۆری پزیشکی لە زانکۆی نۆتینگهام لە بەریتانیا کاری کردووە. ناوبراو لە مێژە سەرقاڵی پڕۆژەکانی هاندان و بنیاتنانی نەتەوەی عێراقە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر داینامیکیەتی سیاسی و ئەمنی، سیستەمی حوکمڕانی و دیموکراتیزەکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  کاردەکات و چەندین بڵاوکراوەی بڵاو کردووەتەوە.

جولین بیۆجوان هاوڕێی پۆست دکتۆرایە لە زانکۆی ئەدینبۆرگ، توێژەری باڵایە لە ئۆپن ثینک تانک لە شاری دهۆک، لە هەرێمی کوردستانی عێراق. هەروەها ئەندامی تیمی توێژینەوەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی توندوتیژە لە عێراق، کە پڕۆژەیەکە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە تەمویل كراوە.

مۆرتن بۆس پرۆفیسۆری توێژینەوەیە لە ئینستیتیوتی نەرویجی بۆ كاروباری نێودەڵەتی، و لێکۆڵەری سەرەکی پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی توندوتیژیە، كە لەلایەن پرۆگرامی هۆرایزن ٢٠٢٠ی یەکێتی ئەوروپاوە تەمویل دەکرێت. ئامانجی پڕۆژەکە تێگەیشتنە لە هەردوو بزوێنەری توندڕەوی توندوتیژ و چۆنیەتی وەڵامدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی جۆراوجۆری دەربڕینی خۆڕاگرییەوە.

Comments are closed.