Back

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە دواى گشتپرسیەوە

لە بەرواری 10/5/2017 ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (میری) دیبەیتێکی تایبەتی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی بژاردەیەک لە دیپلۆماتکار و ئەکادیمستان و بڕیار بەدەستان  و چەند کەسێکی دیکەی شارەزا بە مەبەستی گفتوگۆکردنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە پاش گشتپرسی 16/4/2017. ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم مێزگردە بریتیە لە تێگەیشتنێکی زیاتر لەسەر کاریگەرییەکانی دەنگدان لە ناوخۆى تورکیا و هەروەها کاریگەرییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانى ئەو دەنگدانە لەسەر پرسى  ئاسایش و ئابووری و بازرگانی. مێزگردەکە بە پێی ڕێنماییەکانی چاتەم هاوس ئەنجام دراوە، بەم پێیەش هیچ بەیانێکی مێزگردەکە ناخرێتە پاڵ بەشداربووانی مێزگردەکە.

ئەم گشتپرسییە ئەنجامدرا بەمەبەستی پەسەند کردنی هەمواری 18 ماددە لە دەستوری کۆمارى تورکیادا کە لەلایەن پارتى دادوگەشەپێدان (ئاکەپ)ە و پارتى بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپ)ە وە پێشنیار کرابوون. ئەم هەموارکردنە دەستوریانە چەند گۆرانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەت و شێوازی دروستکردنی بڕیار لە تورکیادا دەهێنێتە ئاراوە، وە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر سیاسەتەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئەم وڵاتەدا.  بەلەبەرچاوگرتنی گرنگی تورکیا لە ڕووی جیۆسیاسی و هەروەها ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە دینامیکەکانى هێزى سەردەم  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دراوسێکانی تورکیا دەیانەوێت بە تەواوەتی لە کاریگەری ئەنجامەکانی گشتپرسی لەسەر داهاتووی ناوچەکە تێ بگەن.

باوەڕ وایە کە پەرلەمانی تورکیا بەردەوام بێت لە گێڕانى  ڕۆڵێکى سەرەکی لە یاسادانان و هەروەها لە لێپرسینەوە لە دامەزراوەکانی جێبەجێ کردن. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی تورکیادا پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لێپرسینەوە لە سەرۆک کۆمار بکات، لایەنی کەم لە ڕووی پرەنسیپەوە. بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت ئەم دەسەڵاتانە بەکاربهێنرێت لەبەر ئەوەی لە ئێستا بە دواوە سەرۆکەکانی داهاتوو بۆیان هەیە وەک ئەندام یاخود سەرۆکی پارتەکانیان بمێننەوە و ئەندام پەرلەمانەکانیان زۆربەی کات زۆرینەی پەرلەمانى پێکدەهێنن و دەتوانن هەر جۆرە هەوڵێک بۆ لەکارلادانی سەرۆک پەک بخەن.

ئەوانەی داکۆکی لەم هەموارە دەستوریانە دەکەن لەو باوەڕەدان کە ئەم گۆڕانکاریانە یارمەتی بەهێز کردن و جێگیرکردنی ئاسایشی ناوخۆی تورکیا دەدات ئەویش بە گۆڕینی حکومەتێکی دوو سەرۆک بە حکومەتێک کە خاوەنی یەک سەرۆکە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها کات ئەوە دەردەخات کە ئەم سیستمە نوێیە لە ڕاستیدا یارمەتی بە دەستهێنانی جێگیری ئاسایشی زیاتر دەدات بەبەراورد بە سیستمی پێشوو کە لە ساڵی 1946 ە وە دامەزراوە.

یەکێک لەو بابەتانەی کە لەم دیبەیتەدا تيشك خرایە سەری بریتی بوو لە ئەگەری دووبارە کاراکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی وە کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ کە کاریگەری هەبووە لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی بە تایبەتی سوریا و عێراق. هەر وەک وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا بەڕێز (فەرەیدون هادی سینیرلیۆغڵو) لە دیداری میری ئۆکتۆبەری 2015 دا ووتی لەوانەیە پرۆسەی ئاشتی بە تەواوەتی نەمردبێت بەڵام هەڵپەسێردراوە بە لایەنی کەمەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو کە ئەگەری هەیە لە ساڵی 2019 دا ئەنجام بدرێت. دووبارە کاراکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بەندە بە متمانەی نێوان لایەنەکان، وە پێویستی بە هەوڵی دڵسۆزانەی لایەنەکان هەیە. لە ئێستادا تورکیا و پەکەکە لە شەڕێکی درێژخایەنی دژواردان و سیاسەتەکانیان بەجۆرێک لە یەکەوە دوورە کە نێوەندگیری کردن و نزیککردنەوەی ئاراستەی سیاسەتەکانیان ئاسان نیە.سەربارى ئەمەش، ئەوە خرایە ڕوو کە لەوانەیە چارەسەرێک هەبێت لە ژێرسێبەری ئەم سیستمە نوێیە سەرۆکایەتیەدا لە بری مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمێکی پەرلەمانی کە گەیشتن بە یەک ڕاوبۆچوون لەسەر بابەتە ناکۆکی لەسەرەکان کارێکی ئاسان نیە.

پاشان ئامادەبوان گفتوگۆیان دەربارەی گاریگەری گشتپرسی لەسەر سیاسەتی تورکیا بەرانبەر عێراق و کوردستانی عێراق، کرد. سەرەتا ئاماژە بەوەکرا کە تورکیا بەرژەوەندی هەیە لە دانان و پاراستنی پەیوەندی جێگیر و پەرەسەندوو لەگەڵ دراوسێکانیدا. لەم چوارچێوەیەشدا تورکیا هەوڵیداوە بۆ دەستپێکردنی هاریکارى ستراتیجی لەگەڵ عێراقدا لەسەر ئاستی باڵا لەساڵی 2008 وە بەڵام ئەم هەوڵە پەرەى نەسەند لەبەر چەند هۆکارێکی جۆراوجۆر. شایانەی باسە کە  زۆربەی بەشداربووان لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە ئەو گشتپرسیە نابێتە هۆکاری گۆڕینی سیاسەتە باوەکانی تورکیا بەرامبەر عێراق و کوردستانی عێراق بە لایەنی کەمەوە تا هەڵبژارنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لەساڵی 2019. ڕەنگە تورکیا بەردەوام بێت لەسەر پشتگیری کردنی ئاشتی هەرێمایەتی بۆ عێراق و هەروەها هێشتنەوەی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەەروەها تێبینی ئەوە کرا کە پەیوەندییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەتەواوەتی بە دامەزراوەیی نەکراوە و هەموو هێز و پارتە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستانى لەخۆ نەگرتووە. لەبەر ئەوە پێشنیار کرا کە هەردوو پەرە بە سیاسەتەکانیان بدەن و بەشداری بە پارتە سیاسییەکانی دیکە بکەن بە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە.

سەبارەت بە ڕای تورکیا لەسەر نیازی کوردانی عێراق بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی تایبەت بە خۆیان، ئاماژە بەوە درا کە پارتى داد و گەشەپێدان بە ئاسانی ناتوانێت پشتگیری لە گشتپرسی سەربەخۆیی بکات لە ئێستادا لەبەر  ڕوانگەى گشتی ناوخۆی تورکیا.

بەشداربووان گفتوگۆیان کرد لەسەر سیاسەتی تورکیا لە سەرتاسەرى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وە ئاستی گاریگەری گشتپرسى لەسەر ئەو سیاسەتانەیان، تاوتوێ کرد. هەروەها بەشێکى گفتوگۆکە ئامادەبوان ئاماژەیان بەوەدا کە شەڕ دژ بە پەکەکە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر سیاسەتی تورکیا لە ناوچەکەدا. لە ئێستادا کاری هەرە سەرەکى تورکیا لە عێراقدا بریتیە لە جەنگان دژی هەریەک لە پەکەکە و دەوڵەتی ئیسلامی، وە حکومەتى تورکیا پێشبینی هەمان هەڵوێست لە هاوپەیمانەکانى دەکات لەسەر ئاستى  نێودەوڵەتی. لەم چوارچێوەیەشدا تورکیا نیگەرانی دەربڕیوە لەسەر بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پڕچەککردنی پارتى یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وە ئەم بڕیارە بە فاکتەرێک تەماشادەکات کە کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا.

هەورەها لەدیبەیتەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بە پەیوەندی ئاڵۆز و دینامیکی وەسفکرا. وە ئاماژە بەوە درا کە لەبەرژەوەندی هەردولایە درێژە بە پەیوەندی دراوسێیەتی باش بدەن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی سنورە هاوبەشەکانیان. بەڵام جیاوازى و یەکنەگرتنەوەى  بەرژەوەندییەکانى تورکیا و ئێران سەبارەت بە چەند پرسێکى جیاواز بوونەتە هۆی پێکدادانى ئەم دوو هێزە هەرێمیە لە ڕێی ئەو هێزانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لە سوریا . بەڵام، تورکیا و ئێران دەرگاى  گفتوگۆکانیان بە کراوەییی  لە نێوان خۆیاندا بەجێهێشتووە تا جیاوازى لە  بەرژەوەندیەکانی نەبێتە هۆکاری ململانێى ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا.

هەروەها پەیوەندیی و بەشداریکردنی تورکیا لە گەشەسەندنی وڵاتانی کەنداودا تاوتوێ کرا و ەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان تورکیا و کوێت جەختى لەسەر کرایەوە و ئاماژە درا بە ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییانە لەسەر بوارە جیاوازەکان. بۆ نمونە ئاماژە درا بە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان ئەو دووڵاتەدا وە بڕی ئەو موڵکانەی لە لایەن کوێتییەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن لە تورکیا کە ئەمە تەنها یەکێکە لە ڕەهەندەکانى پەیوەندى ئابوورى نێوان تورکیا و کوەیت.  بەم هۆیەوە، گەشەسەندنی ئابوری تورکیا وە کارلێکى بەردەوامى لەگەڵ ناوچەى کەنداو گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ وڵاتان ئەم ناوچەیە.

ڕەخنەگران باس لەوە دەکەن کە بەرەوپێشچوونی ڕۆڵی تورکیا لە ناوچەکەدا پەیڕەوکردن و بە ئامانجگرتنى شێوەیەکى عوسمانیزمى نوێ لەخۆ دەگرێت لە لایەن پارتى دەسەڵاتدار لە تورکیا، ئەمەش لە ڕێگەى بەکارهێنانی کەلتوری هاوبەش و شەرعیەتی مێژوویی بە مەبەستى دروستکردنی کاریگەری لەسەر ناوچەکە لە ڕێگای هێزی نەرمەوە. هەروەها باس لەوەکرا کە ڕوانگەیەک هەیە  کە پێی وایە کە تورکیا سیاسەتە بازرگانییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر بنەمایەک جێبەجێدەکات کە سيمای ئەجیندایەکى عوسمانیزمى لێ دەردەکەوێت. بەڵام لە بەرامبەردا ئەم ڕوانگەیە ڕەتکرایەوە لەسەر بنەماى ئەوەى کە  هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی نیشتمانی لە رٍێگەى پەیڕەوکردنى سیاسەتێکى دەرەوەى زۆر کارا – دوور لە هەوڵدان بۆ گۆڕینى سنورەکان- ناکرێت یەکسان بکرێت بە عوسمانیزمى نوێ.

سەبارەت  بە لێکەوتەکانى گشتپرسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ناکۆکی هەبوو لە نێوان بەشداربواندا لەسەر دەستبەرداربوونى تورکیا لە هەوڵدانى بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتى ئەوروپا دوابەدواى گشتپرسیەکە. یەکێک لە بیرۆکەکان ئەوەبوو کە ئەنجامەکانی گشتپرسیەکە و هەروەها چەند گۆڕانێکى دیکە لە سیاسەتدا  ئاماژەن بۆ کۆتای هاتنى  قەیرانى یەکلاکردنەوەى ناسنامەى تورکیا لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا  کە چەند ساڵێکە ئەم وڵاتە گیرۆدەی بووە. وە جەخت لەوە کرایەوە کە تورکیا بڕیاری داوە کە ڕووبکاتە ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیا وە بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا. لە لایەکی دیکەوە، تورکیا هێشتا بەرژەوەندى گەورەى هەیە لە بەردەوامیدان بە مامەڵە کردن لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییەکاندا. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە ئەنجامەکانی گشتپرسی مەسەلەی چوونە نێو یەکێتی ئەوروپای بۆ تورکیا زۆر گران و تەنانەت لەوانەیە  ئەستەم بکات لە ماوەى مامناوەندیدا. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئارەزووی چوونە نێو یەکێتی ئەوروپا لە لایەن تورکیاوە هەر ماوە و پێشنیازى ئەوەکرا کە  لە ڕێی جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانەوە دەکرێت تورکیا و یەکێتى ئەوروپا پێکەوە بگەنە لیکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان. لەبەر ئەوە- سەرەڕای ئەوەى کە  ئەگەرەکانی چوونە نێو یەکێتی ئەورپا لەلایەن تورکیاوە کەمبوونەتەوە بەهۆکارى ئەنجامەکانى گشتپرسیەکە، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم ئەنجامانە نابنە هۆی ڕێگریکردن لە بەردەوامى مامەڵکردنى تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا یان لەگەڵ هەر یەکێک لە ولاتە ئەندامەکانی ئەو یەکێتیە. بە دڵنیاییەوە ئەمەش پەیوەست دەبێت بە چوارچێوەى یاسایی هەردوولا و هەروەها مامەڵەى هاوشێوەى سیاسیانەوە. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر ئەوەى کە  ئەوروپاش  بێ کێشە نیە بە تایبەتى لەگەڵ سەرهەڵدانى  ڕاست ڕەوەکان و زینۆفۆبیا (ترس لە بێگانە) و هەروەها ئیسلامۆفۆبیا (ترس لە ئیسلام).

دەرئەنجام، بۆچوونێکى هاوبەش دروستبوو لەسەر ئەوەى کە لێکدانەوەى کاریگەرییەکانی گشتپرسی لەم قۆناغەدا لە چوارچێوەى  پێشبینیدا دەمێننەوە. دەبێت چاوەڕوانبین بۆ ئەوەى بزانین کە ئایا گۆڕانکارییە دەستورییەکان دەبنە هۆکاری دروستکردنی کاریگەری ئەرێنی یاخود نەرێنی – بەکارهێنانی دەسەڵاتی نوێ بۆ دروستکردنی ئاشتی یاخود بۆ پتەوکردنى مەرکەزیەتى دەسەڵات و هەست کردن بە متمانە یان هەستکردن بە ترس و نەبوونی ئاسایش. کاریگەرییە تەواوەکانی گۆڕانکارییەکان بە تەواوەتی دەرناکەون پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2019 لە تورکیا کە بۆ یەکەم جار سیستمە نوێیەکەی تێدا دەخرێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە. سەربارى ئەمەش، بەرژەوەندییەکانی تورکیا بە تەنها نە دەبنە ڕێبەرى سیاسەت لە تورکیادا و نە تواناى دروستکردنى ڕووداویان هەیە  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبەرئەوە تورکیا دەبێت بە ناچاری خۆى لەگەڵ  واقع  و ئاڵۆزییە نوێیەکانى ناوچەکەدا خۆى بگونجێنێت و وەڵامى بۆیان هەبێت.

بەشداربووانی ئەم مێزگردە بریتی بوون لە:

  • محمد عاکی ئينام، کونسوڵی گشتی تورکیا.
  • فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
  • ڕیکاردۆ ڕۆدریگێز، سەرۆکی نووسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمایەتی یۆنامی (UNAMI) لە هەولێر.
  • هەيثەم ئەبولفول، کونسوڵی گشتی شانشینی هاشمی ئەردەن.
  • کلارسی پاسزتۆری، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر.
  • دۆمینیک ماس، کونسوڵی گشتی کۆماری فەڕەنسا.
  • پارک یۆنگ کیو، کونسوڵی گشتی کۆماری کۆریا
  • کۆر شتاوتن، جێگری کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا.
  • یوسف ئەلکیلابی، نوێنەری کونسوڵی گشتی وڵاتی کوێت.
  • سەردار عەزیز، ئەکادیمیست – بزووتنەوەی گۆڕان
  • ئەنوەر عەنايد، زانکۆی کوردستان – هەولێر
  • مەحمود نەشئەت، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بۆ کاروباری تورکمانەکان.
  • هۆشیار سیوەیلی، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان
  • کامەران پاڵانی، ئەکادیمیست، زانکۆی سەڵاحەددین.
  • ئاساناسۆیس مانیس، توێژەر، پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری)
  • دلاوەر عەلائەددین، سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری).

Comments are closed.