Back

سياسەتی ئەمريکا بەرامبەر بە عێراق و کوردستان

بەمەبەستی تاوتوێکردن و ديبەیتکردنی سياسەتی دەرەکی ئیدارەی نوێی ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، ئینستیتوتی مێری لە ڕۆژی پێنجشەممە( ٣٠/٣/٢٠١٧) مێزگردێکی تایبەتی سازگرد  بە بەشداری ژمارەیەک لە ديبلوماتکاران و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند توێژەرێک.

سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا سياسەتی دەرەکی ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و عێراق و شەڕی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئيسلامی (داعش) بەدياريکراوی روون نەبۆتەوە، بەڵام ئامادەبوان بە گشتی هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە دوو خاڵی سەرەکی گاریگەری لەسەر داڕێشتنی سياسەتی دەروەی ئەو وڵاتە دەبێت: بەزاندنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئيسلامی (داعش) و سنووردارکردنی نفوزی ئێران لەسەر عێراق. جگە لەمەش پێشنيازی ترەمپ بە کەمکردنەوەی بوودجەی ئیدارەکەی خاڵێکی گرنگی ترە کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر سياسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، کۆشکی سپی پێشنيازی کەمکردنەەوەی ٢٨% ی بوودجەی کۆمەکە دەرەکیەکان و کاری ديبلۆماسی کردوە بۆ ساڵی داهاتوو، بەڵام ئەم پێشنيازە پێویستی بە پەسەندکردنی کۆنگرێسە پێش دەستپێکردنی ساڵی دارایی لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر.

کۆنە فەرماندەی سەربازیی و بازرگانان زاڵن بە سەر ئيدارەی ئێستای ويلایەتە یەکگرتوەکان، ئەمەش وێنای گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ دەکات لە شێوازی دارێشتنی سياسەت دروستکردنی بڕيار لەو وڵاتە.  هەڵبەتە کەمکردنەوەی بوودجە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ڕۆڵ و كاری ويلایەتە یەکگرتوەکان لەسەر ئاستی جيهان ، بە عێراق و هەرێمی کوردستانيشەوە. وە پاش پەسەندکردنی قەبارەی ئەم بوودجەیە، دەکرێت پێشبينی لە سياسەتی دەرەکی و تەرکيز و ئەولەویەتەکانی ئیدارەی ترەمپ بکرێت. هەرچەندە ئامادەبوانی میزگردەکە ئاگاداری گاریگەریە خراپەکانی کەمکردنەوەی ئەم بوودجەیە بوون لەسەر ڕۆڵی ويلایەتە یەکگرتوەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لەهەمان کاتدا تا ئاستێک گەشبين بوون بە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو شەراکەتیە سەربازیەی کە لەئێستادا لە نێوان هەرێمی کوردستان و ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکادا هەیە لە قۆناخی دوای بەزاندنی ڕێکخراوی داعش. بەڵام هەندێك بەگومان بوون لە دروستبوونی سياسەتێکی تایبەت بە عێراق. واديارە کە ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا زياتر تەرکيزی لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخی سوريا و سنووردارکرنی نفوزی ئێرانە، وە کەمکردنەوەی بوودجەش ڕەنگە ڕەنگدانەوەی لەسەر سياسەتی ئەو وڵاتە هەبێت لە عێراق بە چەشنێک کە ئیدارەی ئەمريکا رەنگە نەیەوێت خەرجییەکی ئەوتۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق خەرج بکات.

لە ئەوروپاش، ڕێجکەیەکی هاوشێوە بەدی دەکرێت. هەروەك چۆن لە ئەمرێکادا ترەمپ هەڵبژاردنەکانی بردەوە لە رێی بەکارهێنانی هەڵمەتی ” بەپلەی یەکەم ئەمريکا”، لە ئەوروپاش، باجدەران لە ئێستادا گومانيان بۆ دروستبوە بەوەی کە ئایا پارەکانيان لە چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتيکانی ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرج بکرێت يان نا، چونکە هۆکارە سەرەکیەکان پەیوەستن بە چەند کێشەیەکی پەیوەنديدار بە دادوەری و بەرپرسيارێتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە ئێستادا، ديبەیتێکی فراوان هەیە بەوەی کە ئایا ئەمريکا و ئەوروپا وەك دوو هێزی دەرەکی دەبێت بەشداربن لە هەوڵدان و یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە یان نا.  شایانی باسە کە زۆرینەی بەشداربوانی مێزگردەکە ڕایان وابوو کە سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئاستێکی مەترسيدار دابەزيوە و پێویستە ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستەمی دادوەری و کاراکردنی پەرلەمان بکرێتە ئەولویەتی کارەکان لە هەرێمی کوردستاندا چونکە ئەم کێشانە ئاستەنگی گەورەن لە شەراکەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوادا.

زياد لەوەش، ئامادەبوان پێشبينی گۆرانکاری ئەوتۆيان نيشان نەدا لە سياسەتی ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا بەرامبەر بە عێراق، بەڵکو  گوڕینی سياسەتی ئێستای ئەمرێکایان کە خۆی لە پاراستنی”یەكپارچەیی عێراق” دەگرێتەوە، بەدوور زانی. بەشداربوان پێیان وابوو کە لە سۆنگەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیەوە سياسەتی ” عێراقی یەک پارچە” ناگۆردرێت چونکە لە ڕووی ستراتیژیەوە هەرێمی كوردستان هاوپەيمانێکی کاريگەرتر دەبێت ئەگەر بەشێک بێت لە عێراق بۆ سنووردارکردنی نفوزی ئێران نەک ببێتە دەوڵەتێکی بچووكی پشت بەستوو بە پەيوندی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی. بەڵام ڕەنگە پەيوەندی نێوان بەغدا و ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا بگۆرێت پاش بەزاندنی ڕێکخراوی داعش، چونکە زيادبوونی نفوز و دەسەڵاتی ئێران لەسەر بەغدا و تەسك بوونەوەی ئاسوی شەراکەت پاش لەناوچوونی دووژمنی هاوبەشی نێوان هەردولا ڕەنگە وابکات کە بەرژەوەندی هەردولا بەدوريان بخاتەوە ببێتە هۆی ڕمانی ئەو پەیوەندیە ئیستراتيژەیەی کە لە نێوانیاندا هەیە.

وادەردەکەوێت کە سەرەڕای ئەو هەوڵانەی دەدرێت لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ فراوانکردنی ئەو شەراکەتە سەربازیەی هەیەتی لەگەڵ ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا بە شێوازێک کە ڕەهەندی ئابووری و فەرهەنگیيش لەخۆبگرێت، بەڵام ڕەنگە فاکتەرە ناوخۆییەکان فشار لەسەر ئەمريکا دروستبکات و ڕۆڵەکانی سنورداربکات. کەمکردنەوەی بوودجەی دەرەکی و سەرهەڵدانی شک و گومان لەسەر شێوازی بەکارهێنانی دارایی، ڕێگری لە فراوانبوونی ڕۆڵی زیاتری ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا دەکات چونکە واشنگتۆن دەبێت برياری قورس بدات سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تواناکانی. لەوە ناچێت کە عێراق و هەرێمی كوردستان لە سەروی رێزبەندی ئەولەویەتەکانی ئەمريکا بن.

شکستی ئەمريکا لە سەرکردایەتیکردنی ڕەوتیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و سوود وەرگرتن لە سەرکەوتنەکانی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعش و  هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کارەکتەری لۆکاڵی کە بەرپرسيارێتی چارەسەرکدنی کێشەکان بگرنە ئەستۆ بە شێوازێکی تاک لایەنانە. وە لەوانەشە کە ببێتە هۆی شکستی ئەو دانوستانانەی کە لە داهاتوودا دەکرێت چونکە لە نەبوونی ناوبژیکەرێکی سەربەخۆی بەهێز، کێشەی ئەمنی سەرهەڵدەدات لە ناوچەیەک کە ميکانيزمی لێپرسينەوە و بەرپرسيارێتی تيدا نیە.

ئەم مێزگردە لە لایەن سەرۆکی ئینستیتیوتی مێریەوە، دلاوەر عەلائەدين، سەرپەرشتی کرا و توێژەرانی مێری بەشدرايان تێدا کرد. بەشداربوانی ئەم مێزگردە پێکهاتبوون لە:

  • فەلاح موستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان
  • کين کرۆس، قونسوڵی گشتی ويلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمريکا
  • ژانێت ئەلبێردا، قونسوڵی گشتی شانشينی هوڵەندا
  • دومەنيک ماس، ، قونسوڵی گشتی فەرەنسا
  • کريستوفەر بێرگەر، جێگری قونسوڵی گشتی ئەڵمانيا
  • سەعدی پیرە، ئەندام مەکتەبی سياسی یەکێتی نيشتيمانی كوردستان
  • سەفين دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
  • هۆشيار سێوەلی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی پارتی ديموکراتی کوردستان
  • شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
  • ئاوات موحەممەد ئەمين، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک
  • فەوزی حەريری، وەزيری پێشوی بازرگانی لە عێراق
  • زمکان علی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی

Comments are closed.