“بەریتانیا پێیوایه كە سەقامگیری و گەشەكردن بەبێ دامەزراوەی بەتوانا و كارای دەوڵەت لەعێراقدا نایەتەدی”، ئەوەش بەپێی گوتەكانی ستیڤن هیكی، باڵوێزی بەریتانیا، كە لە مێزگردێكی مێری لە 22 نیسانی 2021 دەریبڕی.
لەو دیبەیتەی پۆڵەسیدا، بژاردەیەك لە داڕێژەرانی پۆڵەسی و پەرلەمانتار و پسپۆڕی ئەكادیمی خۆماڵی و نوێنەرانی دیپلۆماتی كونسڵگەری بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوون (ناویان لە خوارەوە هاتووە). لە پێشەكیەكەیدا، كە بە پەخشی راستەوخۆ گوازرایەوە، باڵوێز هیكی ئامانجە ستراتیژیەكانی وڵاتەكەی روونكردەوە، كە دەكرێ لەو چەند خاڵەدا پوخت بكرێنەوە:
أ) پشتگیریكردنی سەقامگیری لە عێراقدا، لە رێگەی پاڵپشتی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هاندانی فەرمانڕەوایەتی دروست و چاكسازی ئابووری. دەوڵەتی بەتوانا پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز و سەروەری یاسایە.
ب) پشتگیریكردنی كۆمەڵگای مەدەنی عێراقی. بەریتانیا پێی وایە كە دەوڵەتی بەتوانا پێویستی بە كۆمەڵگایەكی مەدەنی بەهێز و زیندووە، كە ئەوەش فاكتەرێكی بنەڕەتیە بۆ گەشەكردن و سەقامگیری شەرعی.
ج) بەرەنگاربوونەوە و رێگریكردن لە هەڕەشەی تیرۆر و توندڕەوی توندوتیژی لە عێراق. دەمێكە ئەو تیرۆرانەی لە عێراقدا سەرچاوەیان گرتووە هەڕەشەیەكی ئاسایشی گەورەن بۆ بەریتانیا.
هەروەها باڵوێز هێكی گوتی كە بەریتانیا كۆمەڵێك ئاستەنگی لەبەردەمدایە بۆ پێشوەبردنی ئامانجەكانی، لەوانە:
- هەڕەشە ئەمنیەكانی سەر دەوڵەتی عێراقی لە لایەن داعش و لایەنە چەكدارە ناحكومیە جۆراوجۆرەكانەوە. بەریتانیا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان لە عێراقدا هەست بە نیگەرانیەكی قووڵ دەكەن سەبارەت بە جموجۆڵە تێكدەرەكان و ئەجێندای لایەنە چەكدارە ناحكومیەكان لە سەرتاپای عێراقدا، بەتایبەتی لەناوچە جێناكۆكەكان.
- كۆت و بەربەستەكانی پەیوەست بە پەتای كۆڕۆنا كە بووەنەتە ئاستەنگ بۆ عێراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
- دینامیە سیاسیە ئاڵۆزەكەی عێراق كە بارێكی ناڕوون و كەشێكی وای دروستكردووە كە بۆ گەشەی خێرا ناگونجێ. زۆر زەحمەتە لە عێراقدا پێشبینی لە ئایندە بكرێ و پلانی بۆ دانبرێ و كاری لەسەر بكرێ.
دوابەدوای پێشەكیەكەی باڵوێز هیكی، لە بەشی پرسیار و وەڵام، كە بەپێی رێنماییەكانی چاتام هاوس بەڕێوەچوون، تیشك خرایە سەرك كۆمەڵێك پرس و بابەتی دیكە لەلایەن بەشداربووانەوە كە لێرە پوخت كراونەتەوە بەبێ ئەوەی خاوەن گوتەكان دیاری بكرێن.
- هێشتا عێراق بەرەوڕووی هەڕەشەی تیرۆرە و فاكتەرەكانی هاندانی تیرۆری تێدایە، وەك سیاسەتی تایفەگەری و هەستكردنی خەڵك بە زوڵم و نەبوونی گەشەی ئابووری. ئەوانە بێ چارەسەر ماونەتەوە. هەڕەشەی تیرۆر سەرچاوەیەكی نیگەرانی گەورەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە دەستی داعش رزگاركران و هەندێ لە ناوچەكانی جێناكۆك كە هێزە چەكدارە ناحكومیەكان رۆڵێكی شلەقێنەرە دەبینن.
- بێجگە لە ئاڵۆزیەكەی، یەكێك لە خاسیەتە سەرەكیەكانی سیاسەتی عێراق ئەوەیە كە دەسەڵات لە سەرجەم ئاستەكان لێكترازاو و پەرشوبڵاوە. ئەوەش هەڵبەز و دابەز و ناڕوونی دێنێتە كایەوە كە توانای كاركردنی ئەكتەرە نێودەوڵەتیەكان لە عێراق سنووردار دەكات.
- سەقامگیری لە عێراقدا بە بوونی كۆمەڵانی چەكداری ناحكومی بەدی نایەت، كە زۆریان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و مەودای دامەزراوەكانی كاردەكەن. خەڵك سەیری ئیدارەی نوێی واشینگتن و گفتوگۆكانی پرسی ئەتۆمی دەكەن و وای دادەنێن كە ئەوە دەرفەتێكە بۆ ئاساییكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەرجەستەكردنی سەقامگیری لە عێراقدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارەکانی ناحكومی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان لێ دەكرێ.
پێشنازی پۆڵەسی
لە مێزگردەكەدا كۆمەڵێك پێشنیازی پۆڵەسی بۆ هەردوو لایەن خرانە ڕوو، كە ئەوانەن:
- پێویستە عێراق ستراتیژێكی درێژخایەن بۆ چارەسەری كێشە بنەڕەتیەكانی ناسەقامگیری لەخۆ بگرێ. ئاستەنگە ئەمنی و ئابووری و سیاسیەكانی بەردەم وڵاتەكە زۆر ئاڵۆزن. پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە دوای 2003 بەولاوە تووشی بەربەست بووە بەهۆی نەبوونی ستراتیژێكی درێژخایەن.
- عێراق پێویستی بە سیستەمێكی لێپێچینەوە و بەدواداچوون هەیە. پێویستە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێزە چەكدارەكان و لایەنە سیاسیە كاریگەرەكان بۆ هەر كار و رەفتارێكی كە دەیكەن ملكەچی لێپێچینەوە بن. لە كاتی پرۆتێستەكان خەڵكانێك كوژران، بەڵام هەتا ئێستا لێپێچینەوە لە كەس نەكراوە. نەبوونی ئەو لێپێچینەوە متمانەی خەڵك بە حكومەت كەمتریش دەكات، بەتایبەتی لەنێو توێژی لاوانەوە.
- هۆكارێکی ریشەیی دیكە بۆ كێشەكانی عێراق ئەوەیە كە مۆدێلە ئابووریەكەی كە لەدوای 2003 لەخۆگیراوە كارا نیە. عێراق پێویستی بە بچووككردنەوەی رێژەی كارمەندانی حكومەت و كەمكردنەوەی بودجەی بەكارخستنە، لەگەڵ هاندانی كەرتی تایبەت و راكێشانی وەبەرهێنان. ئەوەش وەڵامە بۆ ناڕەزایەتیە بەردەوامەكەی لاوان.
- پێویستە ئەکتەرە سیاسیە كاراكانی عێراق بەرپرسیارێتی تەواو بۆ رزگاركردنی وڵاتەكە لە كێشەكانی ئێستا بگرنە ئەستۆ. لایەن و هاوپەیمانە دەرەكیەكان دەتوانن هاوكار بن بەڵام ناتوانن لەجیاتی عێراقیەكان كێشەی وڵاتەكە چارەسەر بكەن.
- بەردەوامبوونی هێرشە مووشەكیەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لەسەر هەولێر، كە كاردانەوەیەكی بەهێز و هەستپێكراوی لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتیەكانەوە بەدوادانەهات، حاڵەتێكی ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو خەڵك و حیزبەكانی كوردستان دروستكردووە. هاوكاری زیاتر لەنێوان بەغدا و هەولێر و بە پاڵپشتیەكی گەورەتری نێودەوڵەتی پێویستە. هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان هەڕەشەی گروپە چەكدارە ناحكومیەكان بە جیددی وەردەگرن و هەوڵی چارەسەری گشتگیر دەدەن لە ئاستی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی. لە هەمان كاتدا دەبێ ئەو هەوڵانە لە هەموو ئاستەكانەوە بێت.
- لایەنە خۆماڵیەكان هانی بەریتانیا و هێزە كاریگەرە نێودەوڵەتیەكان دەدەن بۆ ئەوەی پشگیری زیاتر لە هەوڵەكانی ئاشتی بكەن كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان دەیدەن، بەتایبەتی لە شەنگاڵ. دەكرێ چاودێریەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان كاریگەر بێ لە لە جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی شەنگاڵ لەنێوان هەولێر و بەغدا و پاڵپشتی سەقامگیری و گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدیەكان بكەن. خەڵك چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان بە كارێكی میحوەری دەبینن بۆ فشار خستنە سەر لایەنەكان و لێپێچینەوەیان. لەو میانەدا، چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان كارێكی گرنگە بۆ پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكانی ناوچەی دەشتی نەینەوا و شەنگاڵ و كەركوك.
- ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان پەیوەستن بە عێراقێكی پڕ لە ئاسایش و سەقامگیر، هەروەك لە رووداوەكانی ئەو دواییە دەركەوتن. پێوسیتە حیزبە كوردیەكان هەوڵدەن كێشە ناوەكیەكانی نێوخۆیان و ئەوانی لەگەڵ حكومەتی عێراقی چارەسەر بكەن.
بەشداربووان:
- تانیا گلی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەركردە لە كۆمەڵگای مەدەنی
- چارلی سایكس هەماهەنگی سەربازی، كونسوڵگەری بەریتانی لەهەولێر
- خانزاد ئەحمد سەرۆكی ئەنجومەنی خانمان لە هەرێمی كوردستان
- دارا خەیلانی راوێژكاری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم
- دلاوەر عەلائەدین سەرۆكی ئینستیتیوتی مێری
- ڕۆمیۆ هەکاری ئەندامی پەرلەمانی کوردسان
- سەعدی پیرە سەركردە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
- ساموێل نیكۆلز ئەندام، كونسوڵگەری بەریتانی لەهەولێر
- عەبدولسەتار مەجید سەركردە، كۆمەڵی دادگەری كوردستان
- عیماد فەرهادی بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتیمانی/ هەولێر
- فەلاح مستەفا راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
- فەوزی حەریری سەرۆكی دیوان، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
- فوئاد سمایل بەڕێوەبەری کارگێڕی ئینستیتیوتی مێری
- كامەران پاڵانی توێژەر لە ئینستیتیوتی مێری
- مێلەنی سمارت كونسوڵی بەریتانی لەهەولێر بەوەكالەت
- نەهرۆ زاگرۆسی پرۆفیسۆری زانكۆ
- نەشئەت مەحموود راوێژكار، پەرلەمانی كوردستان
- هیوا عوسمان ڕۆژنامەوان