Back

بۆ ساڵی شەشەم: مێری یەکەمی عێراق و لە لوتكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

ئینستیتیوتی ئینستیتیوتی مێری لە پێشەنگی ڕیزبەندی دامەزراوەکانی توێژینەوەدایە لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، وە بۆ شەشەم ساڵ لەسەر یەک لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیەکە دێت لە نێو دامەزراوەکانی توێژینەوە‌ لە عێراق؛ ئەوەش بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵی 2020 ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی (Think Tanks and Civil Societies Program) کە ئینستیتیوتی (لاودەر) لە زانکۆی پێنسێلڤانیا ی ئەمەریكی دەریدەکات.

لە ڕیزبەندییەکەدا، بە بەراورد لەگەڵ پارساڵ، ئینستیتیوتی مێری 7 پلە سەركەوت بۆ پلەی 27 لە كۆی 599 دانە سەنتەری توێژینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا (واتە لە 5% ی لوتكە). ئەو دەستکەوتانە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی تەندروستی و دارایی لە عێراق و زیادبوونی ئاستی ڕکابەری دامەزراوەکانی توێژینەوە و ثینک تانکەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، جێگەی بایەخە.

لە ئیندێکسەکەدا، ئینستیتیوتی لاودەر هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی دامەزراوەکانی توێژینەوە لە داڕشتنی پۆڵه‌سی (سياسات) لە حکومەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی لەسەرتاسەری جیهان دەکات؛ سیستەمێکی زانیاری فراوانی بۆ بيرتانك (ثینک تانکە)کان، دروستکەرانی بڕیار و گرووپەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە گرنگی بە داڕشتنی پۆلەسی دەدەن، دروست کردووە. وە ساڵانە ڕیزبەندی بيرتانکە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر چەند پێوەر و بوارێکی پۆلەسی دەکات.

ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ دەستنیشانکردن و ناساندنی ناوەندە پێشکەوتووەکان لە هەموو بوارە سەرەکییەکانی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی لە هەموو بەشەکانی جیهاندا داڕێژڕاوە. ئەم ساڵ پازدەمین ساڵە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئینستیتیوتی لاودەر بۆ بۆ ناساندن و خستنەڕووی کاریگەری و پێگەی تینک تانکەکان لە ئاستی جیهاندا. وەکو بەشێک لە پڕۆسەکەدا، 11,175 ثینك تانک لە لایەن 44,992 ڕۆژنامەنووس، دروستکەرانی بڕیار، دۆنەرە حکومەتی و ناحکومییەکان، هەروەها پسپۆری جێبەجێکاری و بوارە هەرێمایەتییەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. ئەو کەسانە داواکرابوون بۆ دەستنیشانکردن و پۆلێنکردنی ناوەندەکانی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی بۆ ساڵی 2020. شێوازی پۆلێنی ئیندێکسەکە لە لایەن چەند پانێڵێکی تایبەتەوە کە لە سەدەها ئەندام لە بوار و باکگڕاواندی جیاواز پێکهاتبوون، بڕیاری لەسەردرا.

پێوەری پۆلێنکردنەکە چەند بنەمایەکی لە خۆگرتبوو، لەوانە کواڵێتی و پابەندبوونی ستافی دامەزراوەکە، چەندێتی و کواڵێتی و ڕووماڵی بڵاوکراوەکان، وە هەروەها کارامەیی ئەکادیمی و ناوبانگی ئەو دامەزراوەیە و کاریگەری بڵاوکراوەکانی لەسەر داڕێژەرانی سیاسەت.

ئینستیتیوتی مێری دڵخۆشە بەو دەرەنجامە و سوپاسی ستافەکانی ئێستا و ڕابردوو و تۆڕی پشتگیریکەرانی لە ئاستی ناوەخۆ و جیهانی دەکات. تەواوی ڕاپۆرتی ساڵی 2020ی ئیندێکسی جیهانی بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگای مەدەنی لەو لاپەڕەیەدا دانراوە وەیان لە رێگەی ماڵپەڕی زانكۆی پێنسێلڤێنیا لەو لینكەدا دادەست دەکەوێت.

راپۆرتی ریزبەندیەكە لێرە دابەزێنە.

Comments are closed.